ئازارشكێنەکان

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-03-24-22:23:00 - کۆدی بابەت: 12302
ئازارشكێنەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئازارشكێنەکان (بە عەرەبی: مسکن الألم، بە ئینگلیزی: Painkillers) ئەو دەرمانانەن کە بۆ چارەسەرکردنی ئازار بە کار دەهێنرێن. سێ جۆری سەرەکی ئازارشکێنەکان هەن کە بریتین لە: دەرمانی دژەهەوکردنی ناستیرۆیدی (NSAID)، پاراسیتامۆڵ و ئۆپیۆیدەکان (ئەفیون یاخوود سڕکەرەکان). هەر یەکێکیان بە شێوازێکی جیاواز کار دەکات. لەوانەیە بۆ هەندێک کەس وا پێویست بکات بۆ ماوەی چەند ڕۆژ یان چەند هەفتەیەک دەرمانە ئازارشكێنەکان بە کار بهێنن؛ بەڵام هەندێک کەس پێویستە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بن لە بە کار هێنانیان.

ئازارشكێنەکان و دەرمانە دژەهەوکردنە ناستیرۆیدییەکان پێیان دەوترێت سڕکەرەکان (ئازار کوژەکان) و، چارەسەری ئازار دەکەن. جیاوازیی گەورەی نێوانیان بریتییە لەوەی کە ئازارشكێنەکان ئاستی ئەو ئازارە دەکەن بە ئامانج کە کەسەکە هەستی پێ دەکات، بە پچڕاندنی ئاماژەکانی ئازار پێش ئەوەی بگەن بە مێشك. دەرمانە دژەهەوکردنە ناستیرۆیدییەکان بە زۆری بە کەمکردنەوەی هەوکردن یارمەتی چارەسەرکردنی ئازار و تا دەدەن.

ئازارشكێنەکان چین؟

ئازارشكێنەکان ئەو دەرمانانەن کە بۆ چارەسەرکردنی ئازار بە کار دەهێنرێن. ژمارەیەکی زۆر ئازارشكێن لە بەردەستدا هەن و لەژێر چەندین ناوی براندی جیا جیادا مامەڵەیان پێوە دەکرێت. دەکرێت لە ڕێگەی: دەم بە شێوەی کاپسول، حەپ یان شلە، دەرزی یان لە ڕێگەی کۆمەوە وەربگیرێت و هەندێک ئازارشكێن دەکرێت بە شێوەی کرێم، ئۆینتمێنت یاخوود جێڵیش وەربگیرێت.

جۆرەکانی ئازارشكێنەکان

سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر ئازارشكێن بەردەستن، بەڵام تەنها سێ جۆری سەرەکی هەیە، کە بریتین لە:

  • دەرمانە دژەهەوکردنە ناستیرۆیدییەکان: نموونە بۆ ئەم جۆرە وەکوو: ئیبوپرۆفین، دایکڵۆفیناک و ناپرۆکسین. ئەسپرینیش هەر سەر بەم جۆرەیە؛ هەرچەندە بە زۆری (بە ژەمی کەم) دەنووسرێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە خوێن مەیین بگرێت (بۆ نموونە لە حاڵەتی نەخۆشییەکانی دڵدا).
  • پاراسیتامۆڵ
  • ئۆپیۆیدی لاواز و بەهێز: نموونە بۆ ئۆپیۆیدی لاواز وەکوو کۆدین و دیهایدرۆکۆدین. هەرچەندە وەکوو "ئۆپیۆیدی لاواز" دەنووسرێن، بەڵام دەرمانی سڕکەری زۆر بەهێزن و زۆربەی کات بۆ چارەسەری ئازاری بەهێز بەکاردەهێنرێت؛ هەرچەندە دەکرێت ببنە هۆی ئالوودەبوون و کاریگەری لاوەکیی تووندیان هەبێت. بۆیە نابێت بە کەم سەیر بکرێن. نموونە بۆ ئۆپیۆیدی بەهێزیش وەکوو مۆرفین، بوپرینۆرفین، ئۆکسیکۆدۆن، پێثیدین و ترامادۆڵ.

جۆرە جیاوازەکانی ئازارشکێنەکان هەندێک جار لە حەپێکدا دەکرێن بە یەک، بۆ نموونە: پاراسیتامۆڵ و کۆدین (کۆ-کۆدامۆڵ).

 ئازارشكێنەکان چۆن کار دەکەن؟

دەرمانە دژەهەوکردنە ناستیرۆیدییەکان بە ڕێگە گرتن لە کاریگەریی ئەنزایمەکانی سایکلۆ ئۆکسیجینەیز (ئەنزیمەکانی کۆکس) کار دەکەن. ئەنزیمەکانی کۆکس یارمەتی دروستکردنی مادە کیمیایییەکانی تر و پرۆستاگلاندینەکان دەدەن. هەندێک لە پرۆستاگلاندینەکان بەشدارن لە دروستبوونی ئازار و هەوکردن لە شوێنی ئازار یان پێکەوتنەکە. کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی پرۆستاگلاندین هەردوو ئازار و هەوکردن کەم دەکاتەوە. هەموو دەرمانە دژەهەوکردنە ناستیرۆیدییەکان هاوشێوەی یەکتر نین و، هەندێکیان بە شێوازێکی کەمێک جیاوازتر لەوانی تر کار دەکەن.

کەس بە دیاریکراوی نازانێت پاراسیتامۆڵ چۆن کار دەکات. بەڵام وا گریمانە کراوە کە ئەویش بە ڕێگە گرتن لە ئەنزیمەکانی کۆکس لە مێشک و دڕکە پەتکدا کار بکات. پاراسیتامۆڵ بۆ چارەسەر کردنی ئازار و دابەزاندنی تای بەرز بە کار دەهێنرێت. هەرچەندە یارمەتیی کەمکردنەوەی هەوکردن نادات.

ئۆپیۆیدەکان دەنووسێن بە وەرگری دیاریکراوەوە لەناو ناوەندە کۆئەندامی دەمار، ڕیخۆڵە و بەشە جیاوازەکانی تری جەستەدا. ئەمەش دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی هەستکردن بە ئازار و کاردانەوەت بۆ ئازار؛ هەروەها بەرگەگریی جەستە بۆ ئازار زیاد دەکات.

ئەو ئازارشكێنە کامەیە کە بە زۆری بۆ نەخۆش دەنووسرێت؟

جۆری ئەو ئازارشکێنەی کە پزیشک دەینووسێت پشت دەبەستێت بە:

  • جۆری ئازار
  • هەر کێشەیەکی تەندروستیی تر
  • ڕێژەی تووندیی ئازارەکە
  • کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکە

پاراسیتامۆڵ بە ئاسایی بۆ کەسێک دەنووسرێت کە ئازارەکەی زۆر تووند نەبێت و هەوکردنیشی نەبێت.

دەرمانە دژەهەوکردنە ناستیرۆیدییەکان بۆ ئەو کەسانە دەنووسرێت کە ئازار و هەوکردنیان هەیە؛ بۆ نموونە هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی و ئازاری پشت. ئەمەش لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بێت کە کەسەکە هەوکردنی هەبێت و دەرمانە دژەهەوکردنە ناستیرۆیدییەکانیش لە پاڵ چارەسەرکردنی ئازارەکەدا زۆر بە باشی هەوکردنەکەش چارەسەر دەکەن. هاوپێچ، ئەم دەرمانانە کۆمەڵە کاریگەرییەکی لاوەکیشیان هەیە و بۆ هەموو کەسێک ناگونجێت. بۆ نموونە، بۆ ئەو کەسانە نابێت کە برینی گەدەیان هەیە.

ئۆپیۆیدە لاوازەکان بۆ ئازاری تووند دەنووسرێن، یاخوود کاتێک کە پاراسیتامۆڵ و ئایبوپرۆفین بە کار هێنرابێت و سوودی نەبووبێت. ئۆپیۆیدە بەهێزەکانیش بۆ چارەسەری ئازاری تووند بە کار دەهێنرێن؛ بۆ نموونە ئەو ئازارانەی پەیوەندیدارن بە شێرپەنجەوە، ئازاری دوای نەشتەرکاری یاخوود برینێکی قورس.

دەرمانە دژەهەوکردنەکان کە بە شێوەی کرێم هەن، بە زۆری بۆ چارەسەری ئازاری ماسولکە و نەرمە شانەکان بە کار دەهێنرێن.

ماوەی چارەسەر چەندە؟

ئازارشکێنەکان دەبێت تا دەکرێت بۆ ماوەی کەم و بە ژەمی کەم بە کار بهێنرێت بۆ جڵەوکردنی ئازار. ئەمە بۆ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی لێ نەکەوێتەوە. هەندێک کەس تەنها پێویستیان بەوەیە بۆ ماوەیەکی کەم ئازارشكێن بە کار بهێنن، واتە بۆ چەند ڕۆژێکی کەم (بۆ نموونە، بۆ ددان ئێشە) یانیش بۆ چەند هەفتەیەک (لە کاتی ئازار گەیشتن بە ماسولکەکان). هەرچەندە، کەسانێک هەن حاڵەتی ئازاربەخشیان هەیە و ناچارن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ئازارشکێنەکان بە کار بهێنن. بۆ نموونە، هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی، سەوەفان و پشت ئێشەی درێژخایەن.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئازارشکێنەکان

وەکوو هەموو دەرمانێکی تر، کۆمەڵە کاریگەرییەکی لاوەکی هەن کە بۆ هەر جۆرێکی جیاوازی ئازارشکێنەکان، ڕاپۆرتیان (هەواڵیان) لەبارەوە دراوە.

دەرمانە دژەهەوکردنە ناستیرۆیدییەکان

زۆربەی ئەو کەسانەی دەرمانی دژەهەوکردن وەردەگرن، بۆ ماوەیەکی کەم، هیچ کاریگەرییەکی لاوەکییان نییە، ئەگەر هەشبێت زۆر سادەیە. کاتێک بە شێوەیەکی دروست بە کار بهێنرێت، سوودەکەی لە زیانەکەی زۆر زیادترە. کاریگەرییە لاوەکییە تووندەکانیش کە ئەگەری ڕوودانیان هەیە بریتین لە، خوێنبەربوونی گەدە و ڕیخۆڵە و کێشەی کۆئەندامی سوڕی خوێن.

پاراسیتامۆڵ

ئەمەیان دەرمانێکی سەلامەتە و کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەگمەنە بە مەرجێک، ئەگەر لە ژەمە پێشنیارکراوەکەی خۆی زیادتر بە کار نەهێنرێت. هەرچەندە لە حاڵەتی ژەهراویبوون (زیاد لە ئاستی خۆی بەکارهێنان)دا مەترسی زۆرە. کێشەی سەرەکیی ژەهراویبوون بە پاراسیتامۆڵ ئەوەیە کە دەتوانێت زیانی هەمیشەیی بە جگەر بگەیەنێت و بە هۆی ئەمەوە کەسەکە بمرێت.

 ئۆپیۆیدەکان

باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکان بریتین لە:

ئۆپیۆیدەکان دەکرێت ببنە هۆکاری سەرلێشێوان. هەندێک کەس بەرگەگری بۆ ئازارشکێنە ئۆپیۆیدییەکان پەیدا دەکەن (پێویستیان بەوەیە بڕێکی زیادتر وەربگرن بۆ ئەوەی هەمان کاریگەری هەبێت) و دەبنە پشتبەستوو بەو دەرمانە (ئالوودەبوو).

هەندێک ئۆپیۆید لەوانەیە لەگەڵ دەرمانی تردا کارلێک بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی کاردانەوە، یان کەم کردنەوەی کاریگەری یەکێک لە چارەسەرەکان. بۆیە، کاتێک دەرمانێکی ئازارشکێنت بۆ دەنووسرێت، دەبێت دکتۆرەکەت لەوە ئاگادار بکەیتەوە کە دەرمانی تریش بە کار دەهێنیت.

کێ ناتوانێت ئازارشکێنەکان بە کار بهێنێت؟

ئەم حاڵەتە تایبەتانەی خوارەوە دەبێت چاودێرە تەندروستی یان دکتۆرە دەرمانسازەکە ئاگادار بکاتەوە لە کاتی بە کار هێنانی دەرمانە ئازارشكێنەکاندا:

  • ئەو کەسانەی کێشیان لە ئاستی ئاسایی کەمترە
  • ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ١٦ ساڵ کەمتر و لە ٦٥ ساڵ زیادترە
  • کەسانی دووگیان و شیردەر
  • ئەو کەسانەی سییەکانیان تەواو نییە وەکوو ڕەبۆ
  • ئەو کەسانەی نۆرەفێ لێ دێت
  • ئەو کەسانەی هەستیارییان هەیە
  • ئەو کەسانەی سەرئێشەی بەردەوامیان هەیە
  • ئەو کەسانەی کێشەی جگەر و گورچیلەیان هەیە
  • ئەو کەسانەی خوێنبەربوون و برینی گەدەیان هەیە
  • ئەو کەسانەی کێشەی دڵ، جگەر، گورچیلە، فشاری خوێن و سوڕی خوێنیان هەیە
  • ئەو کەسانەی دەرمان بۆ نەخۆشی تر بە کار دەهێنن
  • ئەو کەسانەی جەڵتەی مێشک لێیانی داوە
  • ئەو کەسانەی لە هەفتەیەکدا زیادتر لە ٣،٤ لیتر کحول دەخۆنەوە
  • ئەو کەسانەی حاڵەتێکیان هەیە کە کار بکاتە سەر بەستەرە شانەکان، وەکوو نەخۆشیی گورگەسوورە.

ئەو منداڵانەی تەمەنیان خوار ١٦ ساڵە، نابێت ئەسپرین بە کار بهێنن، چونکە ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە کە منداڵە تووشی "کۆنیشانەی ڕای" ببێت، کە دەکرێت زیان بە مێشک و جگەر بگەیەنێت و بکوژ بێت.


سەرچاوەکان



543 بینین