گەدە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-28-17:39:00 - کۆدی بابەت: 8421
گەدە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەدە (بە ئینگلیزی: Stomach) ئەندامێکی لەشە کە خواردن هەرس دەکات. ئەنزیمەکان و ترشەکان بەرهەم دەهێنێت، ئەم تێکەڵەیە لە ئەنزیم و ترشەکان خواردن تێکدەشکێنێت بەشێوەیەک کە بە ئاسانی بەناو ڕیخۆڵە باریکەدا تێپەڕ ببێت. گەدە ئەندامێکە لە ئەندامەکانی کۆئەندامی هەرس. ئەندامەکانی کۆئەندامی هەرس لە دەمەوە بە بۆرییەکی درێژ دەست پێدەکات و لە کۆمدا کۆتایی دێت.

شوێنی گەدە لە لەشدا

گەدە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی سک لەلای چەپی لەشەوە، بەشی سەرەوەی گەدە پەیوەستە بە دەرچەیەکی ماسولکەییەوە کە کۆتایی سوورێنچک و سەرەتای گەدە بە یەک دەگەیەنێت. بەشی خوارەوەی گەدەش پەیوەستە بە ڕیخۆڵە باریکەوە.

فەرمانی سەرەکی

ئامانجی گەدە هەرسکردنی خۆراک و ناردنییەتی بۆ ڕیخۆڵە باریکە، فەرمانە سەرەکییەکانی بریتیین لە:

هەرسکردن

ئەو خواردنەی کە لە دەمدا دەهاڕدرێت، لە ڕێگای سوورێنچکەوە دەچێتە گەدەوە، گەدە پڕۆتیەیزەکان (ئەنزیمی پڕۆتینی هەرسکەری وەک پێپسین) و ترشی هایدرۆکلۆریک بەرهەم دەهێنێت، ترشی هایدرۆکلۆریک بەکتریاکان دەکوژێت یان ڕێگریان لێدەکات و ناوەندێکی ترش بە ڕێژەی ترشێتیی (Ph) ٢ دابین دەکات بۆ کارکردنی پڕۆتیەیزەکان. خواردن لەناو گەدەدا لە ڕێگەی گرژبوون و خاوبوونەوەی گەدەوە تێکدەشکێت بۆ خواردنێکی نیمچە هەرسبوو، پاشان ئەم خواردنە نیمچە هەرسبووە بەناو دەرچەی خوارەوەدا بەهێواشی تێپەڕ دەبێت بۆ ڕیخۆڵە باریکە. لە ڕیخۆڵە باریکەدا مژینی ماددە خۆراکییەکان دەست پێدەکات. 

مژین

لە کاتێکدا کە مژین لە سیستمی هەرسکردندا فەرمانی سەرەکی ڕیخۆڵە باریکەیە، بەڵام مژینی هەندێک لە گەردە بچووکەکان لەلایەن گەدەوە دەبێت، وەک:

  • ئاو، ئەگەر لەش وشکبووبێتەوە
  • دەرمانی وەک ئەسپرین
  • ترشە ئەمینییەکان
  • ١٠ – ٢٠٪ ئیسانۆڵ 
  • کافایین
  • بڕێکی زۆر کەم لە ڤیتامینە لە ئاودا تواوەکان

کارکردنی لەگەڵ ئەندامەکانی تری کۆئەندامی هەرس

هەر بەشێک لە ئەندامەکانی کۆئەندامی هەرس بە شێوەیەک خواردن و شلەمەنی تێکدەشکێنێت و بە لەشدا دایگوازێتەوە. لەماوەی کرداری هەرسکردندا، لەش ماددە خۆراکییەکان و ئاو لە خواردن و شلەمەنییەوە دەمژێت. دواتر لە ڕێگەی ڕیخۆڵە ئەستوورەوە بەرهەمی پاشماوەی هەرسکردن ڕەوانەی دەرەوەی لەش دەکرێت. خواردن لەماوەی هەرسکردندا بەم قۆناغانەدا تێدەپەڕێت:

  1. دەم: کاتێک خوارد دەجوویت یان قوتی دەدەیت، زمانت پاڵ بە خواردنەکەوە دەنێت بۆ ناو قوڕگ. پارچەیەک شانەی بچووک کە پێی دەوترێت زمانە بچکۆلە بۆری هەوا دەگرێت تاکوو ڕێگری لە خنکانت بکات.
  2. سوورێنچک: لە ڕێگەی قوڕگەوە خواردن دەچێتە بۆرییەکەوە کە پێی دەوترێت سوورێنچک. لە بەشی خوارەوەی سوورێنچکدا دەرچەیەکی ماسولکەیی هەیە کە خاو دەبێتەوە و ڕێگەدادەت خواردن بچێتە گەدەوە. دەرچەی ماسولکەیی ماسولکەیەکی شێوە ئەڵقەییە کە توانای گرژبوون و خاوبوونەوەی هەیە.
  3. گەدە: گەدە شلەی هەرسکەر بەرهەم دەهێنیت و خۆراک تێکدەشکێنێت، هەروەها خواردن هەڵدەگرێت تا ئەو کاتەی کە ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی گەدە جێبهێڵێت و بچێتە ڕیخۆڵە باریکەوە.
  4. ڕیخۆڵە باریکە: خۆراک تێکەڵ دەبێت لەگەڵ شلە هەرسکەرەکانی کە لە ڕیخۆڵە و جگەر و پەنکریاسەوە بەرهەم دێن. دیوارەکانی ڕیخۆڵە ماددەی خۆراکی و ئاو لە خواردنەوە دەمژن و پاشماوەکەی دەنێرن بۆ ڕیخۆلە ئەستوورە.
  5. ڕیخۆڵە ئەستوورە: ڕیخۆڵە ئەستوورە بەرهەمە پاشماوەکانی هەرسکردنی خواردن دەکات بە پیسایی، هەروەها پاڵ بە پیساییەوە دەنێت بۆ کۆم.
  6. کۆم: کۆم بەشی خوارەوەی ڕیخۆڵە ئەستوورەیە. پیسایی تیایدا هەڵدەگیرێت تاکوو ریخۆڵە دەست دەکات بە جووڵە.

قەبارە

قەبارەی گەدە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، کاتێک تێر دەبیت لە خواردن گەدەت دەکشێت و کاتێک گەدەشت خاڵی دەبێت دەچێتەوە یەک. هەر لەبەر ئەم هۆیە قەبارەی گەدە پشت دەبەستێت بەوەی کە کەی و چەندێک خواردنت خواردووە.

بەشەکان

گەدە لە پێنج بەشی جیاواز پێکدێت کە ئەمانەن:

  1. سەرەتای گەدە - cardia: بەشی سەرەوەی گەدە پێکدەهێنێت، دەرچەی ماسولکەیی لەخۆ دەگرێت، کە ئەم دەرچەیە ڕێگری دەکات لە گەڕانەوەی خواردن بۆ سوورێنچک.
  2. بەشی سەرەوەی گەدە - Fundus: بەشێکە کە دەکەوێتە تەنیشت کاردیا، شێوەی لە گومەز دەچێت، لە پاڵ بەشی چەپی نێوپەنچکدایە، ئەو گازەی تێدا کۆدەبێتەوە کە لە ئەنجامی هەرسکردن لە گەدەدا لە خواردنەوە دەردەچێت.
  3. پەیکەری گەدە – corpus: گەورەترین بەشی گەدە پێکدەهێنێت، لەم بەشەدا دەست دەکرێت بە تێکەڵکردنی خواردن.
  4. بەشی خوارەوەی گەدە – antrum: دەکەوێتە خوارەوەی پەیکەری گەدە، خۆراکی تێدا هەڵدەگیرێت تاکوو گەدە ئامادە دەبێت بۆ ناردنی ئەو خۆراکە بۆ ڕیخۆلە باریکە.
  5. دەرچەی خوارەوە – pylorus: بەشی خوارەوەی گەدە پێکدەهێنێت. دەرچەی ماسولکەیی لەخۆ دەگرێت، کە دەرچەیەکی شێوە بازنەییە و کۆنترۆڵی کات و چۆنییەتی پەیوەندی جووڵەی گەدە لەگەڵ ڕیخۆڵە باریکەدا دەکات.

پێکهاتە

چەندین چین لە ماسولکە و شانە گەدە پێکدەهێنن، کە بریتیین لە:

  1. لینجە پەردە – Mucosa: چینی ناوەوەی گەدەیە. کاتێک گەدە بەتاڵە لینجە پەردە چرچی تێدەکەوێت. لە کاتی پڕبوونی گەدەدا لینجە پەردە دەکشێت و بەهۆیەوە چرچەکان تەخت دەبن.
  2. ژێر لینجە پەردە  - Submucosa: لە شانە و دەماری خوێن و لیمفە دەمار و دەمارە خانە پێکدێت، کاری داپۆشین و پاراستنی لینجە پەردەیە.
  3. چینی دەرەکی ماسولکەیی - Muscularis externa: ماسولکەی بنچینەیی گەدەیە. لە سێ چین پێکدێت کە گرژ دەبن و دەچنەوە یەک بۆ تێکشکاندنی خواردن.
  4. پەردەی دەرەوە – Serosa: چینێکی پەردەیە کە گەدە دادەپۆشێت.

چۆنییەتی بە تەندروست هێشتنەوەی گەدە

بە گۆڕینی شێوازی ژیان دەتوانیت گەدە و کۆئەندامی هەرست بە تەندروستی بهێڵیتەوە:

  • نەخواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان.
  • بە پشت بەستن بە ئاست و جۆری چالاکییەکەت، ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە یەک لیتر و نیو ئاو بخۆرەوە.
  • بە پشت بەستن بە تەمەن و ڕەگەزەکەت ڕۆژانە ٢٥ بۆ ٣٥ گرام لە ڕیشاڵ بخۆ.
  • وەرزشکردنی ڕێکوپێک
  • خواردنی ڕۆژانەت سنووردار بکە
  • دووربە لە پەستانی دەروونی
  • دووربە لە کێشانی جگەرە و هەر بەرهەمێکی تری تووتن


سەرچاوەکان



3075 بینین