هۆرمۆنی ئەدرینالین

له‌لایه‌ن: - دکتۆرە ڤانە دکتۆرە ڤانە - به‌روار: 2024-09-12-19:10:00 - کۆدی بابەت: 14603
هۆرمۆنی ئەدرینالین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هۆڕمۆنی ئەدرینالین ناسراو بە ئەپینفرین هۆرمۆن و گواستنەوەی دەمارییە، ڕاستەوخۆ دوای بەرکەوتنی مرۆڤ بە حاڵەتێکی توڕەیی، ترس، یان مەترسییەکی کتوپڕ، لەلایەن ڕژێنی ئەدرنال لە سەرووی گورچیلەکانەوە دەردرێت، هۆرمۆنەکە ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە خێراکردنی لێدانی دڵ و تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان بۆ ئامادەکردنی جەستە بۆ شەڕ یان هەڵوێست وەرگرتن، بەم شێوەیە هۆرمۆنی ئەدرینالین یەکێکە لە گرنگترین و بەهێزترین ئامرازەکانی بەرگری لە نیشاندانی کاردانەوەکان بۆ مانەوە لە دۆخە کتوپڕەکاندا کە مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ دروست دەکات.

سەرەڕای ئەم گرنگییە گەورەیەی کە ئەدرینالین هەیەتی بەڵام ئەگەر دەردانی زیادەڕۆیی بێت یان کەم بووبێتەوە لە جەستەدا، کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت، بۆیە دەبێت ئاستەکەی لە سنووری ئاساییدا ڕابگیرێت بۆ ئەوەی مرۆڤ تووشی کێشەی تەندروستی نەبێت.

گرنگی هۆرمۆنی ئەدرینالین

۱. کاردەکات بۆ گۆڕینی گلایکۆجینی جگەر بۆ گلوکۆزی خوێن لە ئەگەری دابەزینی ئاستی شەکر لە خوێندا.
٢. توانای خوێنبەرەکانی ناو پێست و ماسولکەکان زیاد دەکات بۆ دابینکردنی خوێنی پێویست بۆیان.
۳. ئۆکسجین بۆ ماسولکەکان دابین دەکات بۆ ئەوەی بەشداربێت لە زیادکردنی لێدانی دڵ.
٤. جەستەی مرۆڤ هاندەدات بۆ ئەوەی کاردانەوەی گونجاو پیشان بدات بەرامبەر هەر فشارێک یان بارودۆخێک کە بەرکەوتەی دەبێت. بە تایبەتی لە فشارەکانی پەیوەست بە پڕۆتینەکان کە بە وەرگری ئەدرنەرژیک ناسراون.

دەردانی زیادەی ئەدرینالین

پرسی زیادەڕۆیی لە دەردانی ئەدرینالین بە ناتەندروست دادەنرێت، بەو پێیەی ئەمە دەبێتە هۆی ماندووبوونی ماسولکەکانی دڵ لە ئەنجامی لێشاوی بڕێکی زۆر خوێنی بارگاویکراو بە هۆرمۆنەکە، بەم شێوەیە لێدانی دڵ ڕاستەوخۆ دوای وروژاندن زیاد دەکات، و ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی لێکەوتەی جددی لەسەر ژیانی مرۆڤ. 
لەم حاڵەتەدا ئەگەری تووشبوون بە خوێنبەربوونی مێشک، جەڵتەی مێشک، یان مردنی لەناکاو دوور نییە، دەردانی زیادەی هۆرمۆنی ئەدرینالین بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، گرنگترینیان بەرکەوتنە بە فشارە دەروونییە گەورە و لەناکاوەکان و هەستە مەترسیدارەکان و تێکچوونی کارکردنی ڕژێنی ئەدرینال یان دروستبوونی وەرەم.

زانیاری گرنگ دەربارەی ئەدرینالین

بۆ چارەسەری چەند حاڵەتێکی پزیشکی بەکاردێت؛ گرنگترینیان بریتین لە: هەستیاری توند، هێرشی توندی تەنگەنەفەسی، کەمکردنەوەی پەستانی بەرزی چاو، فراوانکردنی خوێنبەرەکانی دڵ بۆ هاندانی بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی بە تەواوی، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی خوێنبەربوونی لووت و گیرانی لووت زۆر پێویستە.
ئەدرینالین ڕەنگێکی سپی هەیە، بەو پێیەی لە شێوەی پاودەرێکی سپیدایە کە کاریگەری ڕووناکی و هەوای لەسەرە و وردە وردە ڕەنگەکەی دەگۆڕێت بۆ قاوەیی.
فۆرمولەیەکی کیمیایی هەیە کە بە (C9H13NO3) نیشان دەدرێت، بە پەیوەندییەکی هاوپەیوەندی بەستراوەتەوە.
دەتوانرێت ئاستەکەی لە ڕێگەی خۆدکۆنتڕۆڵەوە جڵەو بکرێت، دوورکەوتنەوە لە هۆکارەکانی فشار و سۆز، هەناسەدان بە هێواشی، ئارامگرتن، خەوتن بۆ ماوەی پێویست، وەرزشکردن بە بەردەوامی، هاوکات دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی لە خواردنی ماددە هاندەرەکان، ئەمە جگە لە پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی تەندروست، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی ئەدرینالین.


سەرچاوەکان



64 بینین