ناوهڕۆك
سەرەتا
جوگرافیای دابەشبوونی پیشەسازی لە عێراق (بە عەرەبی: التوزيع الجغرافي للصناعة في العراق، بە ئینگلیزی: Geography of Industrial Distribution in Iraq). پیشەسازی بریتییە لە گۆڕینی کەرەستەی خاو یان ماددە لە بارێکەوە بۆ بارێکی تر کە شێوەی بەکارهێنان و بەهاکەی دەگۆڕێت، یان مەبەست لە پیشەسازی ئەو چالاکییانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات بەهۆی بەکارهێنانی جۆرێك لە ئامێر و مەکینە، بەپشت بەستن بە چەند جۆرێك لە وزە و سوتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەیەکی نوێ (تازە).
هەر بۆیە چالاکی پیشەسازی بە یەکێك لە گرنگترین چالاکییە ئابووریەکان دادەنرێت کە وڵاتان پشتی پێ دەبەستن بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی کەرتی خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی و ئاوەدانی. گەشەپێدانی پیشەسازی دەبێتە مایەیی دەوڵەمەندبوونی هەر وڵاتێك، چونکە لەلایەك هەلی کاری زۆر دابین دەکات و لەلایەکی ترەوە نرخ و بەهای کاڵا پیشەسازییەکان زۆر زیاترە لە کەرەستەی خاو، ئەمەش جگە لەوەی گەشەپێدانی پیشەسازی ئامرازێکی گرنگە بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی سیاسی (ڕامیاری)، چونکە لە لایەك ڕزگاریان دەکات لە فشاری دەوڵەتانی ناحەز و لە لایەکی ترەوە جۆراوجۆری ئابووری دابین دەکات و ئاستی دابینکردنی خۆبژێویان بەرز دەکاتەوە.
مێژووی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی پیشەسازی
پیشەسازی هەر لەگەڵ دروستبوون و جێگیربوونی مرۆڤ لەسەر زەوی سەریهەڵداوە، باشترین نموونەش سەردەمی چاخی بەردینە کە مرۆڤ بەشی زۆرینەی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی لە بەرد دروستکردووە، وەك: دروستکردنی (چەقۆ، قاپ، تەنانەت ئاگریشی بە بەرد هەڵکردووە) هەربۆیە ئەم سەردەمە ناونراوە سەردەمی چاخی بەردین. بەڵام دوابەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی لە ناوەڕاستەکانی سەدەی هەژدەم لە ئەورووپا بە تایبەتی بەریتانیا، دوواتر بە وڵاتانی تری جیهان بڵاوبوویەوە و گەشەی کرد، ئەمەش وایکردووە بوارەکانی پیشەسازی فراوانتربن و چەندین بوار لەخۆ بگرێت وەک: پیشەسازی کانزاکان، پیشەسازی بەرووبوومە ڕووەکییەکان و پیشەسازی بەرووبوومە ئاژەڵییەکان، پیشەسازی میکانیکی و تەکنەلۆجیا.
گرنگترین بنەماکانی دامەزراندنی پیشەسازی
- کەرەستەی خاوی (ئاژەڵی، ڕووەکی، کانزایی)
- دەستی کار
- گواستنەوە بە گشت جۆرەکانیەوە
- بازاڕ
- وزە
- ڕامیاری میری (سیاسەتی دەوڵەت)
- سەرماییە (سەرماییەی نەختینەی و سەرماییەی وەبەرهێنراو)
- تەکنەلۆجیای زانیاری
پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای قەبارەی سەرماییە و جۆری بەرهەم
- پیشەسازییە قورسەکان: ئەو پیشەسازیانە دەگرێتەوە کە پێویستی بە سارماییەیەکی زۆرتر و ئامێر و مەکینەی پێشکەوتوو هەیە، وەك پیشەسازی ئاسن و پۆڵا، پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت، پیشەسازی دروستکردنی ئۆتۆمبێل.
- پیشەسازییە سوکەکان: ئەو پیشەسازیانە دەگرێتەوە کە سەرماییەی کەمتری پێویستە، وەك: پیشەسازی ڕستن و چنین، پیشەسازی جگەرە، پیشەسازی خواردەمەنییەکان، پیشەسازی جلوبەرگ.
پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای خاوەنداریەتی (موڵکایەتی)
- پیشەسازی کەرتی گشتی.
- پیشەسازی کەرتی تایبەت.
- پیشەسازی کەرتی بیانی.
- پیشەسازی کەرتی تێکهەڵاو.
پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای سروشتی بەرهەمهێنان
- پیشەسازی دەرهێنان: هەموو ئەو کەرستە خاوانە دەگرێتەوە کە لە ناخی زەوییەوە دەردەهێنرێن، وەک: خەڵووز، ئاسن، مس، نەوت.
- پیشەسازییە گۆڕاوەکان: بریتییە لە گۆڕینی کەرەستەی خاوی (ڕووەکی، ئاژەڵی، کانزای) بۆ شمەک و کەل و پەلێکی ئامادەکراو.
- پیشەسازی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا: بریتییە لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە ڕێگای سوود وەرگرتن لە چەندین سەرچاوە وەک سەرچاوە ئاوییەکان کە پێی دەوترێ (کارۆئاوی)، بەشێکی تریش لە ڕێگای سەرچاوە سووتەمەنییەکان بەرهەم دێت کە پێی دەگوترێت (کارۆ گەرمی)، دوو بەشی تریش لە ڕێگای وزەی خۆر و با بەرهەم دەهێنرێت.
پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای کەرەستەی خاو
1. ئەو پیشەسازیانە پشت بە کەرەستەی سەرەتایی دروستکردن و بەرهەمهێنانی دار و دارستانەکان دەبەستن، وەک: خەڵووز.
2. ئەو پیشەسازیانەی پشت بە کەرەستەی سەرەتایی کشتوکاڵی دەبەستن وەک: جگەرە.
3. ئەو پیشەسازیانەی پشت بە کەرەستەی سەرەتایی ئاژەڵی دەبەستن، وەک: گۆشت، پێست.
4. ئەو پیشەسازیانە پشت بە کەرەستەی سەرەتایی کانزایی دەبەستن، وەک: ئاسن، پۆڵا.
5. ئەو پیشەسازیانەی پشت بە کەرەستەی سەرەتایی نیوە دروستکراو دەبەستن، وەک: بەرهەمەکانی نەوت.
لە گرنگترین جۆرەکانی پیشەسازی لە عێراق
پیشەسازی (ڕستن و چنین، جلوبەرگ، جگەرە، خواردن و خواردنەوەکان، بیناسازی، پتڕۆکیمیای، ئاسن و پۆڵا، پاڵاوتنی نەوت).
گرنگترین تایبەتمەندییەکانی پیشەسازی لە عێراق
- بەشی هەرە زۆری پیشەسازییەکان بەکاربردنن.
- پیشەسازییە گەورەکان زۆر کەمن و دیاریکراون.
- دەستی کار لە پیشەسازییەکان زۆر کەمە بە بەراورد بە پیشەکانی تر.
- پێشووتر زۆربەی پیشەسازییەکان لە یەك دوو پارێزگا کۆببوونەوە، بەڵام ئێستا لە هەموو پارێزگاکان بوونیان هەیە و پەیوەستە بە بنەماکانی جێگیربوونی پیشەسازی.
جوگرافیای دابەشبوونی پیشەسازییەکان لە عێراق
پیشەسازی ئاسن و پۆڵا لە خۆری زبێر لە بەسڕە هۆکاری کۆبوونەوەی لەو ناوچەیە
- بوونی گازی سروشتی لەو ناوچەیە.
- زیادبوونی خواست لەسەر ئەم بەرهەمە.
- بەرزی نرخی ئەم بەرهەمە بە بەردەوامی.
- بوونی بڕی ئاوێکی زۆر و زەوی فراوان و ڕێگاکانی گواستنەوە و دەستی کار و وزەی کارەبا لەم ناوچەیە.
- دامەزراندی زۆربەی پیشەسازییەکان لە عێراق پشت بە کەرەستەی خاوی ئاسن و پۆڵا دەبەستن.
- هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی کە کەوتۆتە سەر دەریا، ئەمەش وادەکات بە ئاسانی کەرەستەی خاو بگات بە شوێنی مەبەست.
پیشەسازی پەینی کیمیایی لە ئەبو فلوس لە قەزای ئەبە ئەلخەسیب لە شەتی عەرەب و هۆکاری کۆبوونەوەی ئەم پیشەسازییە لەم ناوچەیە:
- هێنانی کەرەستەی خاو وەك: گازی سروشتی لە بەسڕە و هێنانی کبریت لە کەرکوک.
- هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی کە کەوتۆتە سەر ڕووبەری ئاوی، ئەمەش کار ئاسانیە بۆ هەناردەکردنی بۆ دەرەوە.
- بوونی ڕووبەرێکی فراوانی زەوی و دەستی کار و وزەی کارەبا و ڕێگا و بان.
- بوونی بڕێکی زۆری ئاو کە یەك تەن (ئەلەمنیۆم) پێویستی بە 500 هەزار لیتر ئاو هەیە.
پیشەسازی پەینی کیمیایی فۆسفات لە قایم و هۆکاری کۆبوونەوەی ئەم جۆرە پیشەسازییە لەم ناوچەیە
- بوونی کەرەستەی خاو و نزیکی لە سەرچاوە ئاوییەکان.
- نزیکی لە شاری ڕومادی بۆ ئامادەکردنی دەستی کار و خزمەتگوزارییەکانی تر.
- هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی کە کەوتۆتە سەر سنووری سوریا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەناردەکردنی بۆ دەرەوە.
- پیشەسازی پتڕۆکیمیایی لە خۆری زوبێر نزیك لە کارگەی ئاسن و پۆڵا کە پشت دەبەستێت بە مشتەقاتی نەوت و گازی سروشتی کە چەندەها مەواد بەرهەم دێنێت وەك: سمادی نایترۆجین، حەب و دەرمانی لە ناوبردنی زیندەوەر و بۆیە و مەتات.
پیشەسازی پلاستیکی هەمەجۆر و ڤیتامینات و ئالیکی ئاژەڵ و هۆکارەکانی دامەزراندنی:
- بوونی کەرەستەی خاو و دەستی کار.
- هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی کە کەوتۆتە سەر دەریا.
- بوونی وزەی کارەبا و ئاو و هۆکارەکانی هاتووچۆ، بەتایبەتی هێڵی ئاسنی.
- فۆسفات: بە بڕێکی زۆر لە بانی ڕۆژئاوا هەیە، بەتایبەتی لە قەزای (قائم) عکشات نزیك سنووری سوریا بەرهەم دەهێنرێت کە دەگاتە (3.5) ملیۆن تۆن ساڵانە، تێکڕایی یەدەگی دەگاتە (504) ملیۆن تۆن.
- کبریت: بەبڕێکی زۆر لە کانی مشراق لە باشووری شاری موسڵ کۆبۆتەوە درێژی ئەم کانە (8) کیلۆمەتر پانتاییەکەی (3.5) کیلۆمەتر و ئەستووری چینی کبریتەکە دەگاتە (20 بۆ 50) مەتر و بڕی یەدەگی (245) ملیۆن تۆنە.
- گۆگرد: عێراقییەکان هەر لە کۆنەوە گۆگردیان ناسیووە، لە کۆندا بە شێوەی سەرەتایی دەریان هێناوە بۆ سپیکردنەوەی داوی پەمۆ و باڕووت و چارەسەری پزیشکی بەکاریان هێناوە. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر سامانی کانزایی عێراق کراون دەرکەوتووە کە لە (11) شوێن لە عێراق گۆگرد هەیە، لەو شوێنانەش بەبڕێکی کەم لە نزیك شاری موسڵ و ڕومادی و بانی ڕۆژئاوا، گەورەترین کانی گۆگرد لە عێراق کانی (مشراقە)، دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی دیجلە لە دۆڵی سەرسار و ڕۆژئاوای ناوچەی فەتحە لە ساڵی (1979) تێکڕای بەرهەمهێنانی گۆگرد لە کانی مشراق گەیشتۆتە (245) ملیۆن تۆن بڕی یەدەگی (40) ملیۆن تۆن بووە لە فەتحە، جگە لەم ناوچانە لە هەرێمی کوردستانیش نیشتەنییەکی زۆری گۆگرد هەیە کە کەوتۆتە پارێزگای دهۆك لە ئەشکەفتە و ڕۆژئاوای قەزای ئاکرێ (شێرانە)، کانیاوەکانی ناوچەی جەلی باکوری ڕۆژهەڵاتی قەزای کۆیە.