پیسبوونی ژینگە و پیشەسازی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-26-00:33:00 - کۆدی بابەت: 3729
پیسبوونی ژینگە و پیشەسازی

ناوه‌ڕۆك

پیسبوونی ژینگە

پێناسەی باو بۆ پیسبوون بریتییە لە فڕێدانی پاشماوە کە دەبێتە هۆی تێکدانی جوانی و پاکی ژینگە و دەوروبەر. بەڵام پیسبوون لە چەمکی زانستیدا بریتییە لە گۆڕان و ناتەواوی سیستەمی ژینگە (ئیکۆلۆجی) لە پێکەوەژیانی نێوان زیندەوەراندا بە ڕووەک و گیانەوەرانەوە لە ژینگەیەکی دیاریکراودا، وەک ئەوەی زیندەوەرە وردەکان بفەوتێنێ کە ماسی لە ژینگەی ئاویدا لەسەر دەژین، یان ئەو پاشماوە و گەردیلانەی دەچنە هەواوە و ناتەواوی لە پێکهێنەکانی هەوا پەیدا دەکەن، بۆ نموونە ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن زۆر دەکەن. ئەوەش دەبێتە هۆی چەند نەخۆشییەکی دیاریکراو بۆ مرۆڤ و گیانەوەر و ڕووەک. جگە لەوەش ژاوەژاو و دەنگە دەنگ کاردەکەنە سەر مێشکی مرۆڤ، بە تایبەتی لە شارە چڕەکان و ناوچە پیشەسازییەکاندا. پیسبوونیش دیاردەکی سروشتییە و لە کۆنەوە هەیە، چونکە گڕکانەکان لە کاتی هەڵچوونیاندا گازی هەمەجۆر و هەڵم دەردەدەن، یان گەرداو و تەپ و تۆز بۆ هەندێ ژینگەی دراوسێی ناوچە بیابانەکان دەهێنن. بەڵام دوای شۆڕشی پیشەسازی و جێگیربوونی کارگەکان لە ڕووبەرێکی بەرفراواندا لە ناویان لە نزیک ئەو شآرانەی دانیشتوان زۆرن و چڕن، پیسبوون بوو بە گیر و گرفتێکی دژوار، چونکە ڕێژەی گازی ژەهراوی دووکەڵ و بۆنی ناخۆش زۆر بووە و هەوای ئەو شارانەش بەوە پیس بووە، جگە لەوەی کە هۆیەکانی گواستنەوە، بە تایبەتی ئۆتۆمبێل، دووکەڵیان لێ دێتە دەر کە بە زۆری بریتییە لە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و گەردیلەی قوڕقوشم، جگە لەوەی کارگەکان شلە و ماددە و پاشماوەی ئەندامی و کیمیاوی فڕێدەدەن کە لەوانەیە شیتەڵ بێت بۆ ماددەی ژەهراوی لە ئاوی ڕووبارەکان یان دەریاکان و ئاوەکە پیس بکات. هەروەها ئەو وێرانکردنەی کانزاکاریی چینەکانی خەڵووز و کانزاکان و ئەو مێروو لەناوبەرانەی بەسەر زەویدا بڵاو دەکرێنەوە پەیدایان کردووە، دەبنە هۆی پیس بوونی زەوی.

چارەسەر بۆ عێراق

لێرەدا پەنجە بۆ گرنگترین ئەو ئامۆژگاریانە ڕادەکێشین کە دەبێت لە وڵاتێکی وەک عێراق ـدا ڕەچاو بکرێن ئەگەر بویسترێت لە کاتی پیسبوونی پیشەسازی ڕزگار بین بەتایبەتی:

  • دەستنیشان کردنی شوێنی پیشەسازی لەو ناوچانەی کە دوورن لە جێگیربوونی دانیشتوانی شآرەکان و بەدیکردنی هەڵ بژاردنی شوێنی ئەو پیشەسازییانەی دووکەڵ دەردەدەن لە ناوچەکانی باشووری خۆرهەڵاتی شارەکاندا، بۆ نموونە وەک بەغداد.
  • ناچارکردنی کارگە تازە و کۆنەکان بە دانانی پاڵێوگەی پاککەرەوەی گاز یان کاربۆن یان ماددەی تر کە بەرز دەبێتەوە و کۆکردنەوەیان تا هەوا پیس نەکەن. ئەمەش سەبارەت بە هۆیەکانی گواستنەوە بە تایبەتی ئۆتۆمبێل جێبەجێ دەکرێت.
  • دامەزراندنی دووکەڵکێشی بەرز کە لە ٥٠م کەمتر نەبێت و بگاتە ٧٥م بۆ ئەوەی دووکەڵەکە دوور بکەوێتەوە لەو ناوچانەی نزیک خۆیدا کۆنەبێتەوە.
  • گواستنەوەی ئەو کارگانەی دەکەونە ناو شآرەکانەوە یان شوێنی نیشتەنییەوە بۆ ناوچەی تازە دوورتر. بۆ نموونە شآری موسڵ چەند کارگەیەکی قیری تێدایە. 
  • پێویستە ناوچە پیشەسازییەکان بە پشتێنەیەکی سەوز وەک جیاکەرەوە و پاڵاوتەیەکی گاز داببڕرێن و جیابکرێنەوە.
  • پێویستە ئەو کاگانە دوور بخرێنەوە کە گەردیلەی پیسکەر دەردەدەنە سەر ناوچەکانی حەسانەوە و گەشتکردندا، نموونەش بۆ ئەمە گارکەی چیمەنتۆی سلێمانییە کە دەکەوێتە نزیک سەرچنار کە شوێنی گەشتکردنە.
  • ڕێکخستنی زێرابی ئاوی پیس بۆ ناوچە پیشەسازییەکان و نەهێلرێت بچێتە ناو ئاوی ڕووبارەکانەوە. نموونەش بۆ ئەوە کارگەکانی پێستە و کارگەکانی ڕۆنی ڕووەکییە کە پاشماوەکانیان ڕآستەوخۆ دەچنە ناو ڕووبارەوە.
  • پێویستە پاشماوە و جێماوە ژەهراوییەکان سازبکرێن و سوودیان لێ وەربگیرێت بە گۆڕینیان بۆ ماددەی تر وەک گۆڕینی پاشماوەی کارگەی شوشە لە ڕەمادی بۆ خشتی شوشە.
  • کەمکردنەوەی دیاردەی ژاوەژاو کە کاردەکاتە سەر مێشکی مرۆڤ و تووشی ماندوبوونی بەردەوامی دەکات.


سەرچاوەکان



3686 بینین