پیشەسازی شەکر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-26-00:21:00 - کۆدی بابەت: 3727
پیشەسازی شەکر

ناوه‌ڕۆك

پیشەسازی شەکر چۆنە؟

ماددەی شەکر بە ڕێژەیەکی جیاواز لە ژمارەیەکی زۆر ڕووەکدا هەیە. بەڵام سەرجەمی بەرهەمهێنانی جیهانی شەکر لە کاتی ئێستادا لە دوو سەرچاوەوە دێت کە بریتین لە قامیشی شەکر و چەوەندەر، ئەو شەکرەی لە قامیش بەرهەم دەهێنرێت بە ڕێژەیەکی بەرز لە بازرگانی دەوڵەتە خاوەن شەکرەکاندا بەشداری دەکات، بەڵام شەکری چەوەندەر بە شێوەیەکی کەم نەبێت لە سەرجەمی بازرگانی دەوڵەتان بەشداری ناکات، چونکە زۆربەی وڵاتە بەرهەمهێنەکان خۆیان ئەم جۆرە شەکرە بەکاردەبەن.
ژمارەی وڵاتە شەکر بەرهەمهێنەکان بەردەوام لە زۆربووندایە، ئینجا ئەو بەرهەمە لە قامیشی شەکر یان چەوەندەر یان هەردوو سەرچاوەکەوە بێت و لە ئەنجامدا بەرهەمهێنانی جیهان لە شەکر بەردەوام بەرز دەبێتەوە، چونکە لە ٢١ ملیۆن تۆنەوە لە ساڵی ١٩٣٥، گەیشتە نزیکەی ١١٦،٩ ملیۆن تۆن لە ساڵی ١٩٩٥ـدا و واش چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمهێنان و بەکاربردنی جیهانی لە شەکر بەردەوام بەرزبێتەوە. ئەم پێشکەوتنەش لە بەرهەم‌هێنانی شەکردا دەگەڕێتەوە بۆ زۆری داواکاری لەسەر ئەم بەرهەمە، چونکە وای لێهاتووە کە ماددەیەکی خۆراکی گرنگی مرۆڤ پێکدەهێنێ. هەوەها بووەتە ماددەیەکی سەرەتایی بۆ چەند پیشەسازییەک کە پشتی پێدەبەستن.

ماددە سەرەتاییەکان

پەنجەمان بۆ ئەوە ڕاکێشا کە دوو ماددە سەرەکییەکەی بەرهەمهێنانی شەکر بریتین لە قامیشی شەکر و چەوەندەر، بەڵام قامیشی شەکر لە بەروبوومی هەرێمە خولگەییەکانە و باوەڕیش وایە کە نیشتیمانە ڕەسەنەکەی دۆڵی (گەنج) بێت و لە هیندستان و ئێرانەوە گواستراوەتەوە بۆ وڵاتەکانی دەریای ناوەڕاست. قامیشی شەکر بووە لە جیهاندا کاتێک مرۆڤ لە ئەوروپادا سەرچآوەی تری شەکر دەرهێنانی دۆزییەوە، واتە چەوەندەری شەکر، ئەمەش لە کاتی ئابڵوقەی قاڕیدا.
قامیشی شەکر ڕووەکێکی درێژە و دەگاتە نێوان ٣-٤ مەتر و پێش ئەوەی گوڵ بکات دەبڕێت و ڕەگەکەی لە زەویدا دەمێنێتەوە بۆ ماوەی ٣-٦ ساڵ، ساڵ لە دوای ساڵ بەرهەم دەدات، ئەمەش مانای ئەوەیە قامیشی شەکر بەروبوومێکی هەمیشەییە و یەکەم بەری لە ماوەی ٩-٢٢ مانگ دەدات، بەڵام بەروبوومی یەک لە دوای یەک بە زۆری لە دوای ١٣ مانگ دەست دەکەوێت. قامیشی شەکر پێویستی بە ئاو و هەوایەکی ەگرم هەیە کە پلەی گەرمی لە ٢٠س کەمتر نەبێت لە کاتی گەشەکردنیدا چونکە ئەگەر پلەی گەرمی لە ١٨س کەمتر بێت، لە گەشەکردن دەوەستێت. هەروەها ڕووەکەکە پێویستی بە ١٥٠٠-٢٠٠٠ ملم باران هەیە یان ئاوێک کە هاوتای ئەو بارانە بێت و پێویستی بە خاکێکی بەپیتیشە.
بەڵام چەوەندەر لە بەروبوومی هەرێمە فێنکەکانی جیهانە و ڕووەکێکی وەرزییە و پێویستە وەرزی سەوزبوون لە ماوەی ٤-٦ مانگ بێ زوقم و بێ بەستەڵەک بێت و ئاو و هەواکەی شێدار و هەتاو و بارانیشی مامناوەندی بێت و ساڵی لە ١١٠٠ ملم تێپەڕ نەکات یان ئەوەندەی ئەو بڕی بارانەی ئاوی هەبێت. باشترین جۆری گونجاویش بۆ چاندنی چەوەندەر بریتییە لە خاکێکی لیتەیی سووکی تێکەڵ بە لم و دەوڵەمەند بە قسڵ. ئەگەر شەکر سەبارەت بە قامیشی شەکر لە لاسکەکەیەوە وەربگیرێت، ئەوا گوشراوی شەکر لە ڕەگی چەوەندەرەوە وەردەگیرێت، و ئەو پارەیەی دەچێتە بەرهەمهێنانی شەکر لە قامیشی شەکر زۆر کەمترە لەوەی کە دەچێتە بەرهەمهێنانی شەکری چەوەندەر لەبەر چەند هۆیەک:

  • قامیشی شەرک بەروبوومێکی هەمیشەییە بە شێوەیەکی ئاسایی هەر سێ ساڵ جارێک دەڕوێنرێت، بەڵام بەروبوومی چەوەندەر وەرزییە.
  • بەرهەمی یەکەی ڕووبەر لە بەروبوومی قامیشدا دەگاتە ٤-٥ ئەوەندەی بەرهەمی هەمان ڕووبەر لە بەروبوومی چەوەندەردا.
  • ئاستی کرێ لە هەرێمەکانی بەرهەمهێنانی قامیش زۆر کەمترە لە ئاستی کرێی هەرێمەکانی بەرهەمهێنانی چەوەندەر. گرنگترین ناوچەی بەرهەمهێنانی قامیشی شەکر لە جیهاندا بریتین لە هیندستان و بەرازیل و کوبا و چین و مەکسیک و کۆڵۆمبیا و پاکستان و فلیپین و تایلەند و ئوستورالیا.

ئەوەی شآیەنی باسیش بێت ئەوەیە کە عێراق لەو وڵاتانەی جیهانە کە لە ڕیزی دواوەیە لە چاندنی چەوەندەر و قامیش، یەکەمیان لە ناوچەی باکوور و هەرێمی کوردستاندا لە پارێزگای نەینەوا و سلێمانیدا، لە کاتێکدا قامیش لە باشوور لە پارێزگای میساندا دەڕوێت.

بنەماکانی پیشەسازی شەکر

  • لە پێناو پەیدابوونی پیشەسازیی شەکردا پیویستە یەکێک لەو دوو سەرچآوەیە بڕوێنرێت کە باسمانکردن.
  • بەرهەمهێنانی شەکر پێویستی بە سەرمایەیەکی زۆر هەیە کە لە دامەزراندنی کارگەی گوشین و پاڵاوتن و خانوبەرە و گەنجینە و هۆی گواستنەوە و پێویستییەکانی تری ئەو پیشەسازییە بەکاردەهێنرێت.

پیشەسازیی شەکری سپی بەوە جیادەکرێتەوە کە پێویستی بە خێراییەکی زۆرە لە کارکردندا و پەیوەندییەکی بەتین لە نێوان کێڵگەکانی قامیش و چەوەندەر و کارگەکانی گوشیندا هەیە. ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەبێ هۆی گواستنەوەی قامیش و چەوەندەر لە کێڵگەوە بۆ کارگە خێرا و ڕێکوپێک بێت چونکە ڕووەکی شەکر ماددەیەکە زوو تێک دەچێت. لەوانەشە ماددەی شەکرۆزی تێدا بگۆڕێت بۆ ماددەیەکی شەکری ئەوتۆ ئەگەر ئاووهەوا گەرم و شێدار بێت لە دوای بڕینی بە ڕۆژێک، لەوانەیە توانای بوونی کریستاڵی نەبێت. لەبەر ئەوە پێویستە هەر قامیشەکە پێگەیشت ببڕێت و دەبێ لە ماوەی بیست و چوار كاتژمێر دوای بڕینی گوشینی تەواو بێت. ئەم کردارانەش بە خێراییەکی پێیوست تەواو نابێت ئەگەر کرێکاری زۆری بۆ بڕینی قامیش و پاککردنی ئامادە نەکرێن، بۆیە گواستنەوەی لە کێڵگەکانەوە بۆ کارگەی گوشین زۆر ئاسانکراوە.
قامیش پێویستی بە کرێکاری زۆر هەیە بە تایبەتی لە وەرزی درەوکردنیدا و ئەم ڕەگەزەش (واتە کرێکار) لە ناوچەکانی بەرهمهێناندا وەک هیندستان و بەرازیل و کوبا و فلیپین و ئەندەنوسیادا زۆرە.
هەروەها ڕووەکی چەوەندەر پێویستی بە کرێکاری زۆر هەیە، زیاتر لەوەی کە قامیشی شەکر پێویستی پێیەتی. بەڵام دەبینین کە کرێکاری هەرزان لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی چەوەندەر لە ئەوروپا یان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زۆر نییە لەبەر ئەوەی کە ئاستی ژیان لەو وڵاتانەدا بەرزە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئامێر و مەکینە لە کێڵگەکانی چەوەندەردا بخرێتە کار و لە ئەنجامدا بەرهەمهێنانی شەکر لە چەوەندەر پارەیەکی زۆری تێدەچێ لە چاو بەرهەمهێنانی شەکر لە قامیش. ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەبێ کارگەکانی گوشینی شەکر لە کێڵگەکانەوە نزیک بێت، چونکە شەکر ڕێژەیەکی کەم پێک دەهێنێ لە نێوان ١٤-٢٠٪ـی کێشی ماددە سەرەتاییەکاندا.

شوێنی پیشەسازی شەکر

بە زۆری کارگەکانی بەرهەمهێنانی شەکری خاو و کارگەکانی پاڵاوتنی شەکری خاو دەبێ لە ناوچەی چاندنی قامیش یان چەوەندەردا بن. لەم بارەشدا کارگەکانی پاڵاوتن بە زۆری تەنیا بە شەکری خاوی بەرهەمهێنراوی ناوخۆوە نابەسترێتەوە، بەڵکو پشت بە شەکری خاوی لە دەرەوە هێنراویشت دەبەستیت بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی بازاڕی ناوخۆی بۆ مەبەستی ناردنە دەرەوەی زیادەی شەکری پاڵاوتەکراو. بەڵام پێویست نییە کە کارگەکانی پاڵاوتن لە ناوچەکانی قامیش یان چەوەندەردا جێگیر بن، بەلکو زۆربەی وڵاتە شەکرهێنەکان سەبارەت بە دامەزراندنی پیشەسازی پاڵاوتن وا بە باش دەزانن کە لەو بەندەرانە بێت کە شەکری خاویان بۆ دێت، بە مەبەستی سوککردنی هەندێک قورسایی لەسەر تەرازووی پارەدانیان و هاندانی پەیدابوونی پیشەسازی ناوخۆی تێیاندا. لە پاشدا ئەم کارە شتێکی سروشتییە چونکە بەندەرەکان دەتوانن شەکری خاو لە سەرچاوەی جیاوازەوە و بە درێژایی ساڵ بهێنن. لەبەر ئەوە دەتوانرێت وزەی بەرهەمداری کارگەی پاڵاوتن بە درێژایی ساڵ یان لەبەشێکی زۆری ساڵدا بخرێتە کار.

گرنگترین وڵاتە بەرهەمهێنەکانی شەکر

بریتین لە هیند، بەڕازیل، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چین و کوبا و جامایکا و فلیپین و ئەندەنوسیا ...هتد.


سەرچاوەکان



2189 بینین