سەردەمی بەردین

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-22-22:01:00 - کۆدی بابەت: 3094
سەردەمی بەردین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەردەمی بەردی (بە ئینگلیزی: Stone Age، بە عەرەبی: العصر الحجري) قۆناغێکی فراوان و کولتووری پێش مێژوو، یان ئاستی گەشەسەندنی مرۆڤ بوو، کە بە بەکارهێنانی بەرد تایبەتمەندە، هاوکاتە لەگەڵ دۆزینەوەی کۆنترین ئامێری بەردین، مێژووەکەی بۆ پێش ٢,٦ بۆ ٣,٤ ملیۆن ساڵ دەگەڕێتەوە، بۆ ماوەی ٢,٥ ملیۆن ساڵ بەردەوام بوو، بەگشتی بەسەر سێ قۆناغی جیاوازدا دابەشکراوە کە سەردەمی بەردینی کۆن، سەردەمی بەردینی ناوەڕاست و سەردەمی بەردینی نوێیە. نزیکەی پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر کۆتایی هات کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی نزیک مرۆڤەکان دەستیان بە کارکردن بە کانزا و دروستکردنی ئامێر و چەک لە برۆنز کرد، پاشان سەردەمی برۆنز سەری هەڵدا.

کەی سەردەمی بەردین دەستی پێکرد؟

کاتی دەستپێکردنی سەردەمی بەردین بە ڕوونی دیار نییە، چەندین بەڵگە لە چەندین شوێنی جیاوازی جیهاندا دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ کاتی جیاواز دەگەڕێتەوە، نزیکەی ٢,٦ بۆ ٣,٤ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد، کاتێک توێژەران سەرەتاییترین بەڵگەیان دۆزییەوە کە مرۆڤ ئامێری بەردینی بەکارهێنابێت، تا نزیکەی ٣٣٠٠ ساڵی پێش زایینی بەردەوام بوو دواتر سەردەمی برۆنز سەری هەڵدا. شوێنەوارە بەردینییەکان زۆر شت لەبارەی مرۆڤە سەرەتاییەکانەوە بە مرۆڤناسان دەڵێن، لەوانە چۆنیەتی دروستکردنی شتەکان، چۆنیەتی ژیانیان، پەرەسەندنی ڕەفتارەکانی مرۆڤ بە تێپەڕبوونی کات. کۆنترین بەڵگەی ناڕاستەوخۆ کە دۆزرابێتەوە ئێسکی ئاژەڵە بەبەردبووەکان بووە کە نیشانەی ئامرازی بەردینیان لەسەرە، تەمەنیان بۆ ٣,٤ ملیۆن ساڵ دەگەڕێتەوە.

دەربارەی سەردەمی بەردین

لە سەرەتای سەردەمی بەردیندا مرۆڤەکان بە گرووپی بچووک و کۆچەری دەژیان. لە زۆربەی قۆناغەکانی سەردەمی بەردیندا زەوی لە سەردەمی سەهۆڵبەنداندا بوو، کە قۆناغێک بوو پلەی گەرمی جیهان ساردتر و سەهۆڵبەندان بوو.

مرۆڤەکانی سەردەمی بەردین ئاژەڵی شیردەری گەورەیان ڕاو دەکرد، لەوانە مامۆس، بیزۆن (گا)ـی زەبەلاح و ئاسک. ئامێری بەردینیان بۆ بڕین و لێدان و وردکردن بەکارهێناوە، ئەمەش وایکردووە لە پوختەکردنی گۆشت و ماددە خۆراکییەکانی تر لە ئاژەڵ و ڕووەکەکان لە باوباپیرانیان باشتر بن.

نزیکەی ١٤,٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر زەوی چووە قۆناغی گەرمبوونەوە، زۆرێک لە ئاژەڵە گەورەکانی سەردەمی سەهۆڵبەندان لەناوچوون. 

لە هیلالی بەپیت (ناوچەیەکی شێوە هیلالە) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە چەندین ناوچەی دەگرتەوە وەکوو، عێراقی ئێستا، سووریا، لوبنان، ئیسرائیل، فەڵەستین و ئوردن دەگرێتەوە، هەروەها ناوچەی باکووری کوەیت، ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و بەشی ڕۆژاوای ئێرانیش دەگرێتەوە، نووسەرانیش پێیان وایە قوبرس و باکووری میسڕیش دەگرێتەوە، لەگەڵ گەرمبوونی زەوی گەنم و جۆی کێوی زۆر بوون.

بەشێک لە مرۆڤەکان دەستیان بە دروستکردنی خانووی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا کرد، بۆ ئەوەی دەست بە کشتوکاڵ بکەن وازیان لە ژیانی کۆچەری باوباپیرانیان لە سەردەمی سەهۆڵبەنداندا هێنا.

شوێنەواری مرۆڤەکانی ئەمریکاش لە دەوروبەری هەمان کاتدا دەستیان بە دەرکەوتن کرد، شارەزایان بەتەواوی دڵنیا نین کە یەکەم ئەمریکییەکان کێن و لە کوێوە هاتوون، هەرچەندە هەندێک بەڵگە هەیە کە کەسانی سەردەمی بەردین بەسەر پردێکی پێ لەنێوان ئاسیا و ئەمریکای باکووردا ڕۆشتبن، کە لە کۆتایی سەردەمی سەهۆڵبەندان و دوای تواندنەوەی سەهۆڵبەندانەکە پردەکە ژێر ئاو کەوت.

ئامرازەکانی سەردەمی بەردین 

زۆربەی ئەوەی دەربارەی سەردەمی بەردین و مرۆڤەکانی سەردەمی بەردین دەیزانین، لەو ئامرازانەوە دێن کە لە دوای خۆیان بەجێیان هێشتووە. 

چەکوشی بەردینیان بۆ شکاندنی گوێز، تۆو، ئێسک و هاڕینی گڵ بۆ ڕەنگکردن بەکارهێناوە. شوێنەوارناسان ئەم ئامرازە بەردینە سەرەتاییانە بە ئۆلدۆوان ناودەبەن، کە مێژووەکەی بۆ ٢,٦ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بۆ یەکەمجار لە تانزانیا لە ساڵی ١٩٣٠ لەلایەن شوێنەوارناس لویس لیکی دۆزرایەوە. 

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنیکزانی مرۆڤەکان ئامێری بەردینی ئاڵۆزتریان دروست دەکرد، لەوانە تەوری دەستی، سەری تیژی ڕم بۆ ڕاوکردنی ئاژەڵی گەورە، ڕنە کە دەتوانرا بۆ لێکردنەوەی پێست بەکاربهێنرێت، گازە ئامێری بچووکی نووکدار بوون بۆ کونکردنی چەرم و دار، پارچەکردنی ڕیشاڵی ڕووەک و دروستکردنی جلوبەرگ بەکاردەهێنران. هەموو ئامێرەکانی سەردەمی بەردین لە بەرد دروستنەکراون بەڵکوو هەندێکیان لە ماددە خاوەکانی تری وەکوو ئێسک، کەڵبەی فیل و شاخی ئاژەڵان دروستکراون، هەروەها ئامرازەکانی دواتری سەردەمی بەردین هەمەچەشنتر بوون.

هەندێک لە نموونەکانی ئامرازەکانی کۆتایی سەردەمی بەردین ڕمی ڕاوکردنی گیانداری ئاوی گەورە، ئێسک، دەرزی لە کەڵبەی فیل و ئێسک، شمشاڵ لە ئێسک بۆ بۆ ژەنینی مۆسیقا، چەقۆی تیژی بەردی بۆ نەخشاندنی دار، شاخ و ئێسک بەکاردەهێندران.

خواردنی سەردەمی بەردین

لە سەردەمی بەردیندا مرۆڤەکان بۆ یەکەم جار بۆ لێنانی خواردن و هەڵگرتنی شتەکان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی مەنجەڵی گڵ. کۆنترین گڵکاری لە شوێنێکی شوێنەواری لە ژاپۆن دۆزرایەوە. پارچەی ئەو دەفرە گڵێنانەی کە بۆ ئامادەکردنی خواردن دۆزراونەتەوە لەوانەیە تەمەنیان ١٦٥٠٠ ساڵ بێت.

خۆراکی سەردەمی بەردین بە تێپەڕبوونی کات و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاواز بوو، بەڵام ئەو خۆراکانەی لەخۆگرتبوو کە کۆکەرەوەی ڕاوچییەکان بوون وەکوو گۆشت، ماسی، هێلکە، گژوگیا، ڕووەکە ڕەگدارەکانی ژێرخاک، میوە، سەوزە، تۆو و میوەی کاکڵدار وەکوو گوێز.

جەنگەکانی سەردەمی بەردین

لە کاتێکدا مرۆڤ تەکنیکی دروستکردنی ڕم و ئامرازی تریان دەزانی بۆ ئەوەی وەکوو چەک بەکاری بهێنن، بەڵام بەڵگەیەکی کەم هەیە دەربارەی جەنگەکانی سەردەمی بەردین. زۆربەی توێژەران پێیان وایە چڕی دانیشتووان ئەوەندە زۆر نەبووە کە توندوتیژییەکی زۆر لە نێوان هۆزەکاندا ڕووبدات. لەوانەیە شەڕ و ململانێکانی سەردەمی بەردین ئەو کاتە دەستی پێکردبێت کە مرۆڤ دەستی بە نیشتەجێبوون کردبێت.

پەناگە و شوێنی نیشتەجێبوون 

پێدەچێت نزیکەی دوو ملیۆن ساڵ لەمەوبەر هۆمۆ هابیلیس (جۆرێک مرۆڤ کە دەیتوانی کەلوپەل بەکاربهێنێت) یەکەم پێکهاتەی دروستکراوی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دروستکردبێت، پێکهاتووە لە ڕێکخستنی سادەی لقەکانی دارەکان لە شوێنی خۆیان. هەروەها پێکهاتەی وەکوو چادر لە ناو ئەشکەوتەکاندا دۆزراوەتەوە، یان پێکهاتەیەک کە سەقفەکەی دار بووە، زۆرێک لە کوخەکان لە ئێسکی ماموس دروستکراون، کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و سیبیریا دۆزراونەتەوە، ئەو کەسانەی ئەم کوخانەیان دروستکردبوو ڕاوچی ماموس بوون، چادرێکی پێستی ئاژەڵان کە مێژووەکەی بۆ دەوروبەری ١٠,٠٠٠ بۆ ١٥,٠٠٠ ساڵی پێش زایینی دەگەڕێتەوە دۆزراوەتەوە. 

ڕێوڕەسم و بیروباوەڕەکانی سەردەمی بەردین

توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بە هەندێک ڕێوڕەسم و بیروباوەڕی خەڵک لە سەردەمی بەردین دەدەن، پێیان وایە چالاکییەکانی مرۆڤەکانی سەردەمی بەردین لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەکوو خواردن و داپۆشینی جەستە و شوێنی نیشتەجێبوون تێپەڕیوە، ڕێوڕەسمی تایبەت کە پەیوەندی بە مردن و ناشتنەوە هەبوو ئەنجامدراوە، هەروەها شێوازی لەسێدارەدان لەنێوان کولتوورەکاندا جیاواز بووە. گۆڕی تاشەبەرد لەسەردانراو، گۆڕی فرەژوور و تاک ژوور لەو گۆڕانە بوون کە چەند تاشە بەردێک بوون و بەردێکی گەورەتریان لەسەر دادەنا، لە سەرانسەری ئاسیا و ئەورووپا دۆزراونەتەوە، لە سەردەمی بەردین و برۆنزدا دروستکراون. 

هونەر لە سەردەمی بەردین

کۆنترین هونەری سەردەمی بەردین بۆ سەردەمی بەردینی نوێ و ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هونەر لە دەوروبەری ئەم سەردەمەدا لە بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی نزیک، ئاسیا و ئەفریقا دەستی پێکرد و دەرکەوتن.

سەرەتاییترین وێناکردنی مرۆڤ لە هونەری سەردەمی بەردیندا، پەیکەرێکی بچووکی خاتوونێکی بێ پۆشاکە کە لە کەڵبەی فیل دروستکراوە، پەیکەرەکە بە ناوی ئەو ئەشکەتەی لێی دۆزراوەتەوە لە ئەڵمانیا ناوی ڤینۆس لە هۆڵ فێلسی لێنراوە، تەمەنی نزیکەی ٤٠ هەزار ساڵە.

مرۆڤەکان لە سەردەمی بەردیندا دەستیان بە نەخشاندنی هێما و نیشانە بە بەکارهێنانی چەکوشی بەرد و ئەسکەنەی بەرد لەسەر دیواری ئەشکەتەکان کرد.

ئەو دیوارە سەرەتاییانە کە پێیان دەوترێت نەخشی سەربەرد، بەشێکیان دیمەنی ئاژەڵەکان نیشان دەدەن، ڕەنگە هەندێکیان وەک نەخشەی سەرەتایی بەکارهێنرابن، کە ڕێڕەوەکان، ڕووبارەکان، شوێنەکان، ئەستێرەناسی و هێماکان نیشان دەدات.

ڕەنگە جادووگەرەکانیش کاری هونەرییان لە ئەشکەوتەکاندا دروستکردبێت، لە کاتێکدا لە ژێر کاریگەرییە سروشتییەکاندا بوون.

سەرەتاییترین نەخشی سەربەرد بۆ نزیکەی ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە، شوێنەوارناسان لە هەموو کیشوەرەکان نەخشی سەربەردیان دۆزیوەتەوە جگە لە ئەنتارکتیکا.

کۆتایی سەردەمی بەردین

داهێنان لە تەکنیکی تواندنەوەی کانزا وەکوو کۆتایی هێنان بە سەردەمی بەردین و سەرەتای سەردەمی برۆنز دادەنرێت، یەکەمین کانزای گرنگ کە بەرهەمهێنرا برۆنز بوو، کە داڕشتەی مس و تەنەکە و زەرنیخە، کە هەر یەکەیان بە جیا دەتوێنەوە. پاش سەردەمی برۆنزیش سەردەمی ئاسن هاتە ئاراوە. 


سەرچاوەکان

1211 بینین