ماسی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-04-21:09:00 - کۆدی بابەت: 758
ماسی

ناوه‌ڕۆك

ماسییەکان

ماسی (بە ئینگلیزی: fish)، ماسییەکان یەکێکن لە پێنج گیانەوەرە سەرەکییەکەی کۆمەڵەی بڕبڕەدارەکان، چوارەکەی دیکە بریتین لە مەمکدارەکان و خشۆک و وشکاوەکی و باڵندەکان، ماسییەکان لە جۆری گیانەوەرە ساردەکانن، واتە لە ئەو جۆرە زیندەوەرانەن کە توانای ڕێکخستنی پلەی گەرمی جەستەیان نییە لە بەشەکانی ناوەوەیدا، ماسییەکان پێکهاتوون لە زیاتر لە ٣٠ هەزار جۆر، کە ژمارەی جۆری کۆمەڵەکانی ماسییەکان زیاترە لە هەموو کۆمەڵەکانی زیندەوەرەکانی دیکە، نشینگەکانیان هەموو ناوچە ئاوییەکانی زەوی دەگرێتەوە، هەندێکیان لە ئاوە بەستووەکانی جەمسەرەکاندا دەژین هەندێکی دیکە لە ئاوە گەرمەکانی ناوچەکانی هێڵی کەمەرەین کە پلەی گەرمییەکی نزیکی پلەی کوڵان دەبێتەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەک جۆری کەمی هەیە کە زۆرینەی ژیانیان بە نوقم بووی لە نێو قوڕ و لمی بن ئاوی نشینگەکانیاندا بەسەردەبەن.

سودەکانی ماسی

ماسییەکان گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ مرۆڤەکان، سەرچاوەیەکی ئابووری باشە بۆ ڕاوچییەکان و وەرزشوانەکانیش بەمەبەستی وەرزشکردن ڕاویان دەکەن، هەندێک کەسیش بۆ چێژ بینین و ئارامبوونەوە ڕاویان دەکەن و کاتیان لەگەڵ بەسەردەبەن، بەڵام لەگەڵ سوودەکانی ماسییەکان چەند جۆرێکیان هەیە کە دەبنە هۆی دروستبوونی مەترسی بۆ مرۆڤەکان وەک قرشەکان و ماسییە گەورە دڕندەکانی دیکە کە توانای خواردنی مرۆڤیان هەیە، و هەندێک جۆریان ژەهراوین و بە گەستن دەبنە هۆی ژەهراویبوونی جەستە و بەدوایدا مردن، هەروەها ماسی لە ڕیزبەندی ئاژەڵە ماڵیکراوەکانیشە کە خەڵک ئارەزوی ڕاگرتنی دەکەن بە هۆی جوانییەکەیەوە، وە لەبەر زۆری بەها خۆراکییە گرنگەکان کە لە پێکهاتەی جەستەیدا هەیە وەک پڕۆتین و کانزا و چەوری و ڤیتامینەکان ئەوا ماسییەکان بوون بە چارەسەری نەخۆشەکانیش، بەڵام پێویستە بە خێرایی هەڵبگیرێت و ئامادە بکرێت، چونکە لە ناوچەی وڵاتە گەرمەکانی هێڵی کەمەرەیی ماسییەکان لە دوای ١٢ کاتژمێر خراپ دەبن و بەها خۆراکییە گرنگەکانیان نامێنێت یاخود کەمدەبێتەوە، یان دەکرێت ببێتە هۆی ژەهراویبوون و زیان گەیاندن بە تەندروستی.

شێوەی دەرەوەی

ماسییەکان ژمارەیەکی بێشومار ڕەنگ و قەبارە و شێوازی جیاوازیان هەیە بە گوێرەی جۆرە تایبەتەکانی، بە گشتی کەوانەی ڕیشەداریان هەیە و بە هۆیەوە لە ژێر ئاودا هەناسە دەدەن، و پەڕەکەیان هەیە کە بۆ مەلەکردن بەکاردێت، شێوەیان دەکرێت تەخت بێت یاخود پان یان هاوشێوەی بەرد بێت و زۆر جۆری دیکەشی هەیە، درێژی بچووکترین ماسی ١.٥ سم تێپەڕ ناکات بەڵام گەورەترین ماسی کە قرشە درێژییەکەی دەگاتە ١٢ م، هەستی بینین بە گوێرەی ناوچەی ژیانکردن دەگۆڕیت، ئەگەر ماسییەکە نشینگەکەی لە نزیک ڕووی ئاوبێت چاوی بچووکە، و مەودای هەستی بینی کەمە بە بەروارد بە ئەو ماسییانەی کە لە قوڵاییدا دەژین و چاویان گەورە و فراوانە، واتە ئەم جۆرانە مەودای بینینیان زیاترە، هەندێک جۆریشیان هەستی بۆنکردنی بەهێزیان هەیە، وەک قرشەکان کە بە خێرایی بۆنی خوێن دەناسنەوە و شوێنی دەکەون، بەڵام ماسییەکان پەڕەی گوێیان نییە و دەنگیش دەرناکەن تەنها بە جوڵاندنی ماسولکەکانیان نەبێت.

میکانیزمی هەناسەدانی ماسییەکان

دیارترین تایبەتمەندی ماسییەکان هەبوونی کەوانە ڕیشەدارەکانە، بە هۆیەوە لە ژێر ئاودا توانای هەناسەدانی هەیە و ئۆکسجین هەڵدەمژێت و دواتر دوانە ئۆکسیدی کاربۆن دەداتەوە، شێوازی هەناسەدانەکەی پەیوەستە بە چوونە ناوەوەی ئاو بۆ نێو کەوانە ڕیشەدارەکانی، بۆیە دەبینرێت کە ماسییەکان بە بەردەوامی دەمیان دەکەنەوە و دایدەخەن بۆ جوڵاندنی شەویلگەیان و دواتر ڕۆچوونی ئاو بۆ نێو کەوانە ڕیشەدارەکانی، لەبەر ئەوەی ماسییەکان هاوشێوەی نەهەنگ و دۆلفینەکان توانای هەڵمژینی ئۆکسجینیان لە هەوای پاکەوە نییە، واتە لەسەر ڕووی ئاو، بۆیە بە ڕۆشتنە دەرەوەیان لە ئاو توانای ژیانکردنیان نامێنێت و دەمرن.

ڕێکخستنی خوێ

ماسی ئەندامی تایبەتی بە ڕێکخستنی ڕێژەی خوێ هەیە، لە جەستەی ماسییەکاندا ئەو ئەندامانە بە گوێرەی نشینگەکانیان لە ئاوە زۆر سوێرەکانەوە بۆ ئاوە سازگارەکان، بە شێوەی جیاواز کاردەکەن بۆ ڕێکخستنی خوێی جەستەیان، هەروەها پاراستنیان لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی ڕێژەی خوێ کە زیان دەگەیەنێت بە هەموو ئەندامەکانی لە هەردوو باری تێکچوونی ڕێژەکە.

چەند جۆرێکی باو لە ماسییەکان

ماسییەکان ژمارەیەکی زۆر جۆر و توخم و نەوەی جیاوازیان هەیە و بە ٤٢ پۆلێنی جیاواز پۆلێنکراون، ئەمە لە کاتێکدا کە بە بەردەوامی جۆری نوێ دەدۆزرێتەوە و پۆلێنەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بۆیە باسکردن و ناساندنی هەموو جۆرەکانی کارێکی ئەستەمە.

  • ماسییەکانی پێرسیفۆرم: ئەم کۆمەڵەیە ماسی تونە و ماسی شمشێر و ماسی باشووری دەگرێتەوە، کە لە ئاوە سازگارەکاندا دەژین.
  • ماسییەکانی نوێن: ئەم جۆرانە تایبەتمەندن و لە نێو گژوگیا و بەرد و شیلانەکاندا دەژین، ڕەنگیان کراوە و کاڵ و سەرنجڕاکێشە، و توانایەکی گەورەیان هەیە بۆ خۆشاردنەوە بەهۆی ئەو هێڵە ڕەشانەی کە لەسەر پشتی هەیە، هەروەها ئەم ماسییانە لە کۆتایی جەستەیان خاڵێکی بازنەیی قاوەییان هەیە کە هاوشێوەی چاوە، کاتێک ماسییە دڕندەکان دەیانەوێت ڕاویانبکەن چاوەڕوانن کە بە ئاڕاستەی ئەو خاڵە بجووڵێن بەڵام بە پێچەوانەوە دەجووڵێن و بەرامبەرەکەیان دەشڵەژێنن و دەرباز دەبن.
  • ماسی پشیلەی دەریا: ئەم جۆرەی ماسی زۆر تایبەتمەند و جیاوازە لە جۆرەکانی دیکە بەهۆی ئەو شێوازە ناوازەی کە بۆ زۆربوون هەیەتی، دوای ئەوەی مێینەکە هێلکەکان دادەنێت باوکەکە دەیانخاتە دەمییەوە و هەتا یەک مانگ لە دەمیدا دەمێننەوە پاشان هێلکەکان هەڵدێن و دواتریش بێچووە ماسییەکان بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ هەتا کەمێک گەشە دەکەن لە دەمی نێرینەکەدا دەمێننەوە پاشان بەرەڵا دەبن بۆ نشینگەکەیان، بەدرێژایی ماوەکەش نێرینەکە هیچ ناخوات و بەڕۆژو دەبێت.
  • ماسییەکانی مێگ: شێوازی پێکهاتەی جەستەیان جیاوازە، کە سەریان هاوشێوەی کەللەی سەری مرۆڤە و جەستەیان لووسە و ڕەنگاوڕەنگە، هەروەها دوو جۆری جیاواز پەڕەکەیان هەیە.
  • ماسی قوڵنگی دەریا: جۆرێکە لە ماسییە دڕندەکان کە درێژییەکەی دەگاتە ٢ م، لە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی دەژی، خۆراکەکەشی ماسی بچووکترە، شەویلەگەی گەورەی هەیە کە ددانی بەهێزی تێدایە هاوشێوەی قرشەکان بەڵام قەبارەکەی بچووکترە.
  • ماسی پەپوولەی بلینی: ماسییەکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشە کە زۆرینەی خەڵکی بۆ جوانکاری بەکاریدەهێنن و ماڵی دەکەن، کە شێوەی دەرەوەیان زۆر جوانە، پەڕەکانی بە ناوچە جیاوازەکانی جەستەیدا بڵاوبوونەتەوە، هەروەها ئەم جۆرە لە ناوچەی نزیک لە کەنارەکان دەژی.
  • ماسی شێر: ئەم ماسییە لە جۆرە مەترسیدار و ژەهراوییەکانە، پولەکەکانی جەستەی ژمارەیەکی زۆر دڕکی پێوەیە کە ژەهر دەردات لە ڕێگەیانەوە، بەمەش زۆرینەی جارەکان خۆی دەپارێزێت و بە ئاسانی لەناوناچێت، هەروەها ئەم جۆرە لە ناوچە گەرمەکاندا دەژی.
  • ماسی سەلمۆن: ئەم جۆرە ماسییە خواستێکی زۆری لەسەرە لە لایەن ڕاوچییەکانەوە و لە ئاوە سوێرەکاندا دەژی، هەروەها ڕێژەیەکی زۆر ماددەی خۆراکی گرنگی تێدایە بۆ جەستەی مرۆڤ.
  • ماسی پانە: یاخود ماسی شانە، بەناوبانگترین جۆری ماسییە لە وڵاتە عەرەبییەکاندا، کە تامێکی تایبەتی هەیە و چوار جۆری سەرەکی هەیە و دەکرێت کێشی یەک دانەی بگاتە کیلۆیەک.
  • ماسییەکانی بوری: ئەم کۆمەڵەیە نزیکەی ٨٠ جۆری جیاواز لەخۆ دەگرێت، کە هەندێکیان لە ئاوە سازگارەکاندا دەژین.
  • ماسی سین سەخت: لە زەریای ئەتڵەسی و دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەشدا دەژی، ڕەنگێکی زیوی جوانی هەیە بەڵام درەوشاوە نییە و کێشی یەک دانەی بە تەنها دەکرێت بگاتە ٩-١٥ کگم.


سەرچاوەکان



6249 بینین