ناوهڕۆك
ناساندن
ستینگرەی (بە ئینگلیزی: Stingray)، جۆرێکە لە ئەو ماسییانەی کە توانای پێوەدانیان هەیە، نشینگەکەی بە گشتی هەموو زەریاکان دەگرێتەوە و دەکرێت لە ئاوی سازگار و ڕووبارەکانیشدا بژی، بەڵام دەبێت لە قوڵایی ئاوەکەدابێ چونکە جێگەی خۆڵ و لماوی بۆ پەسەندە، ئەم جۆرە ماسییە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەرییدا ناژی واتە کۆمەڵە و ڕەوەیان نییە هەر تاکێک بە تەنها و سەربەخۆ دەژی، تەنها لە کاتی یەکگرتن یاخود کۆچکردندا نەبێت کە دەبنە دووان و زیاتر، ژمارەی جۆرە جیاوازەکانی دەگاتە نزیکەی ٢٠٠ دانە، ستینگرەی تاڕادەیەک ماسییەکی خێرایە و دەتوانێت لە ماوەی کاتژمێرێکدا زیاتر لە ٤٨ کیلۆمەتر ببڕێت، ئەم گیانەوەر ئاوییە بە تەواوەتی مەترسی لەناوچوونی لەسەر نییە، بەڵام هەڕەشەکان بەردەوامن و بۆی و ئەگەری هەیە کە بچێتە لیستی ئەو گیانەوەرانەی کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، چونکە ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان خواستیان بۆ گۆشتەکەی هەیە و بە بەردەوامی ڕاودەکرێن لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا.
شێوەی دەرەوەی
دیارترین تایبەتمەندی ئەم جۆرە ماسییە ئەوەیە کە لە کۆتایی کلکییەوە دەرپەڕیوێکی هاوشێوەی دڕکی هەیە، لە ڕێگەی دڕکەکەوە ژەهر دەردەدات و دەیچەقێنێت بە جەستەی دڕندە و ڕاوچییەکانیدا، ژەهرەکە بۆ مرۆڤەکان بکوژ نییە بەڵام دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار، جەستەی ستینگرەی بە پوولەکە داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی دەکرێت قاوەیی یاخود خۆڵەمێشی بێت هەروەها بە گوێرەی جۆرەکان دەکرێت نیشانە و خاڵی ڕەنگ جیاوازی تێدابێت، بەڵام لە ناوچەی سکی هەموویاندا ڕەنگێکی کاڵ هەیە، قەبارەی بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت و جیاوازە، درێژییەکەی لە نێوان ٥٠-٢٠٠ سانتیمەتر دەبێت و کێشیشی دەگاتە نزیکەی ٢٥-٩٧ کیلۆگرام، لەبەر ئەوەی جەستەیان شێوەیەکی بازنەیی و پانبووەوەی هەیە بۆیە بەئاسانی دەناسرێتەوە و جیادەکرێتەوە لە ماسییەکانی تر، هەروەها جیاوازییەکی تریشی هەیە بە بەراورد بە زۆرینەی ماسییەکانی تر، ئەویش ئەوەیە کە تەواوی جەستەی کڕکڕاگەیە و هیچ ئێسکێکی پتەوی نییە، بە درێژایی لایەکانی پەڕەکەی هەیە و بۆ جووڵەکردن بەکاریان دەهێنێت دەکرێت لە ژێرەوە وەک باڵ دەربکەوێت کە هاوکاری فڕینی دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا پەڕەکەکانی زۆر سافن و تەنها جووڵەیەکی نەرمی دەدەنێ.
خۆراک
ئەم گیانەوەرە جۆرێکی گۆشتخۆرە و تەنها ئەو گیانەوەر قەبارە بچووکانە دەکات بە ژەمی خۆراکی کە لە نێو ئاودا دەژین، وەک هێلکە شەیتانۆکە و کرمی ئاوی یاخود مرەکەبەکان، جگە لە ئەمانەش هەریەک لە ماسییە بچووکەکان و ڕۆبیانەکانیش دەخوات، لە هەمان کاتدا ماسی ستینگرەی خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری ئاوی تر، گەورەترین هەڕەشە و مەترسییەکانیشی بریتین لە قرش و ماسییە گەورەکان یاخود سەگی دەریا و ئەندامە جیاوازەکانی تری خێزانەکەی.
یەکگرتن و زۆربوون
شێوازی زۆربوونی ستینگرەییەکان بە دووگیان بوون دەبێت، واتە نێرینەکە دەبێتە هۆی پیتاندنی هێلکەی مێینەکە، پێش یەکگرتنەکەش ماوەیەکی درێژ دڵدارییان دەبێت کە لە هەندێک لە جۆرەکاندا دەگاتە نزیکەی نیوەی ساڵێک، پاشان بێچووەکان لە جەستەی مێینەکەدا گەشە دەکەن، دەکرێت گەشەی هەر یەکەیان جیاوازبێت لە بێچوویەکی تریان، ماوەی سکپڕی ٣ مانگ دەخایەنێت، پاشان دایکەکە ٥-١٥ بێچووی دەبێت، ناوەندە ژمارەی ئەو بێچوانەی کە لە جارێکدا لەدایکدەبن بەگشتی هەشت دانەیە، دوای لەدایکبوونیان بێچووەکان لەگەڵ دایکیاندا نامێننەوە بەڵکو هەریەکەیان دوور دەکەوێتەوە و پشت بەخۆی دەبەستێت، هەروەها ناوەندە ڕێژەی هەر تاکێک لە ماسی ستینگرەی لە سروشتدا لە نێوان ١٥-٢٥ ساڵ دەبێت، بەڵام ئەگەر دیلبکرێت و لە نشینگەکەی دووربخرێتەوە ئەوا تەمەنی کەمدەبێتەوە.
جۆرە سەرەکییەکان
- شەمشەمەکوێرە ڕەی
- پەپوولە رەی
- ستینگرەی قوڵایی ئاوەکان
- هەڵۆ ڕەی
- رەی کارەبایی
- عەبا رەی
- خڕە رەی
- سینگرەی نموونەیی
- ستینگرەی کلک قامچی