قرش

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-24-01:30:00 - کۆدی بابەت: 6961
قرش

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قرش (بە عەرەبی: قرش، بە ئینگلیزی: shark)، بە یەکێک لە ماسییە کڕکڕاگەییەکان پۆلێندەکرێت، خودی خۆشی یەکێکە لە بەناوبانگترینی پۆلێنەکە، ماسییە کڕکڕاگەییەکان دەکرێن بە دوو بەشەوە، قرشەکان لە بەشێکیدان وە ٨ پلەی جیاوازی پۆلێنکردنیان هەیە، هەر پلەیەکیش تایبەتە بە خاسیەتە فیزیایی و بایۆلۆجی و هەڵسوکەوتە دیاریکراوەکانی قرشەکان، لە ڕابردوودا دەوترا کە هەموو قرشەکان گۆشتی مرۆڤ دەخۆن، بەم هۆیەوە ژمارەیەکی زۆری قرشەکان ڕاوکران، هەندێک جۆریان ئێستا مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، لەگەڵ ئەوەی قرشەکان نزیکەی ٥٠٠ جۆریان هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها ١٠ جۆریان گۆشتی مرۆڤ دەخۆن و دەبنە هۆی دروستکردنی مەترسی، جۆرەکانی دیکە بەهیچ جۆرێک مرۆڤەکان ناکەنە نێچیر تەنها کاتێک نەبێت کە هەست بە هەڕەشە بکەن، لەبەر ئەوە پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، دوور لە هاندان و ترساندن بۆ ڕزگاربوون لە کاردانەوە سامناکەکەیان، کۆنترین قرش کە دۆزراوەتە مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ ٤٢٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، واتە لەگەڵ داینەسۆرەکان و جۆری دیکەی ئاژەڵی لەناوچوودا ژیاون، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستە جۆری زۆریان دۆزراوەتەوە، هێشتا ساڵانە جۆری دیکەی قرشەکان دەدۆزرێتەوە. 

شێوەی دەرەوەی

هاوشێوەی مرۆڤەکان قرشەکان هەر پێنج هەستەکەیان هەیە، بەڵام بەهێزتر و پەرەسەندووترن بە بەراورد بە مرۆڤەکان و قەبارەیان جیاوازە لە یەکتر، گەورەترینیان درێژییەکەی دەگاتە ١٦،٧ م، بچووکترینیشیان لە ٢٠ سم تێناپەڕێت، بەشەکانی ناوەوەی جەستەی قرشەکان لە بری ئێسک لە کڕکڕاگەی نەرم پێکهاتووە، بەمەش ئێسکە پەیکەریان هەمووی لە کڕکڕاگە دروستبووە، لە هەر لایەکی سەرییەوە ٥-٧ درزی تێدایە ئەمیش کەوانە ڕیشەدارەکانی تێدایە، بۆ هەناسەدان و دەستکەوتنی ئۆکسجین لە ئاودا، دەمی قرش لە ناوەوە چەند ڕیزێکی تێدایە هەر یەکەیان ژمارەیەک ددانی پێوەیە، بە گوێرەی کاتێکی ڕێکخراوی دیاریکراو ددانەکان نوێدەبنەوە و دەگۆڕین، هەروەها قەبارە و شێوەی ددانەکان دەگۆڕێن، هەندێکیان هەیە کۆن و تیژن، هەندێکی دیکەیان وەک تیر ئاڕاستەکراون، لە هەردوو تەنیشتی جەستەیەوە هێڵ هەیە، کە ئەرکیان دیاریکردنی ئاڕاستەی ئاوە، هاوکاری دەکات بۆ هەستکردن بە جوڵەی نێچیرەکانی، و دەورەدانیان بە ئاڕاستەکەیان بەتایبەتی لە شەودا کە مەودای بینین کەمدەبێتەوە، ئەم هێڵانە بریتین لە کۆمەڵێک کەناڵی ژێر پێست کە بە چەند شلەیەک پڕکراون، لە کاتی گۆڕانکاری لە ئاوەکە شلەکان دەلەرنەوە و دەمارە ڕاگەیاندنی هەیە دەگوازرێتەوە بۆ مێشکی قرشەکە و وریا دەبێتەوە لە گۆڕانکاری و ئاڕاستە و جووڵەکان. 

نشینگە

نیشتیمان و جێگەی نیشتەجێبوونی قرشەکان بە گوێرەی جۆرەکانیان دەگۆڕیت، هەر جۆرێکی دیاریکراو بە ژینگەی خۆی ڕاهاتووە و پێویستییەکانی دابین دەکات، جێگەکان لە نێوان کەنارە تەنکەکانەوە بۆ قوڵایی زەریاکان دەگۆڕیت، هەندێکیان لە ئاوە گەرمەکانی هێڵی کەمەرەیی دەژین ، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان لە ئاوە ساردەکانی جەمسەرەکاندا دەژین، بۆ نموونە بەم شێوەیە :

خۆراک

قرش چونکە ئاژەڵێکی دڕندە و سامناکە، بۆ بەدەستهێنانی خۆراک پشت بە ڕاوکردن دەبەستێت، نێچیرەکەشی کۆمەڵەیەکی هەمەجۆری ئاژەڵە ئاوییەکان دەگرێتەوە، بەم هۆیەوە لە مەودایەکی زۆری ژینگەکەی دەسوڕێتەوە بە بێ ئەوەی ترسی نەبوونی سەرچاوەی خۆراکی هەبێت، نێچیرەکانی دەکرێت ئەمانە بن (ماسییەکان، کیسەڵ، مەمکداری وەک دۆلفینەکان، سەگی ئاوی و هەموو هاوشێوەکانی لە تیرەکەی و ئەو قرشانەی کە قەبارەی لە خۆی بچووکتر بێت،...هتد).

یەکگرتن و زۆربوون

کرداری زۆربوونی قرشەکان هاوشێوەی مەمکدارەکانە، کە پێویستە نێرینە و مێینەکان یەکگرتن ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی گەمیتی نێرینەکان هێلکەی مێینەکان بپیتێنێت، ئەم کردەوەش جیایە لە ماسییەکانی دیکە کە ئەوان گەمیتەکان بەرەڵا دەکەن بۆ ئەوەی هەڕەمەکی لەگەڵ هێلکەدا پیتاندن بکەن.


سەرچاوەکان



1346 بینین