قرژاڵی دەریا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-09-26-20:54:00 - کۆدی بابەت: 11375
قرژاڵی دەریا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قرژاڵی دەریا (بە ئینگلیزی: Lobster، بە عەرەبی: سرطان البحر)، ئەم بوونەوەرە ئاوییە لە کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکاندا پۆلێن کراوە و جۆرێکی توێکڵدارە، نشینگەکەی دەکەوێتە زەریاکانەوە و لە قووڵاییەکەیدا دەژی لەناو بەردەڵانەکان یاخود لەناو سەوزاییەکان، خێراییەکی ئاسایی هەیە و لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ١٩ کیلۆمەتر ببڕێت، ژمارەی تاکەکانی بە دیاریکراوی زانراو نییە بەڵام بە نزیکەیی ژمارەیان زۆرە و مەترسی لەناوچوونیان لەسەر نییە.

هەندێکیان لە ئاوی سارددا دەژین بەڵام هەندێکی تریان لە ئاوی گەرم و فێنکی ناوچە خولگەییەکاندا دەژین، ئەمەش بە گوێرەی جۆرەکان و ناوچەکانیان دیاری دەکرێت، هەروەها قرژاڵی دەریا بۆ دروستکردنی ماڵێک بۆ خۆی و پارێزگاری کردن لە خۆی بە بەکارهێنانی چنگەکانی شوێنێک هەڵدەکۆڵێت و خۆی تێدا حەشاردەدات، بە گوێرەی وەرزەکانیش هەندێکیان جێگەکانیان دەگۆڕن و دەیگوازنەوە بۆ قوڵایی و ناوچەی گەرمتر.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی بە بەرگێکی ڕەق داپۆشراوە و چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک پرتەقاڵی، سوور، قاوەیی لەگەڵ شین، بەزۆری قاوەییە ڕەنگیان و ڕەنگەکانی زەرد و شین زۆر بە دەگمەن هەن و دەبینرێن، دوای کوڵاندنیشی ڕەنگی دەبێتە سوور، ڕەنگە قاوەییەکە زۆر باوە هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی خۆی حەشاربدات لە نێچیرەکانی، چونکە ڕەنگەکەی لەگەڵ بەردەکانی بنکی ئاوەکە لەیەکترییەوە نزیکن و دەیشارنەوە، یاخود ئەگەر بوونەوەرێک قرژاڵی دەریای کردە ئامانج و هەوڵی ڕاوکردنیدا، ئەوا دەتوانێت بەهۆی کلکیەوە و بە جووڵەیەکی پێچەوانە خۆی بخاتە درزی بەردەکانەوە و ڕزگاری ببێت.

جەستەیەکی شێوە درێژکۆلەیی هەیە لەگەڵ کلکێکی ماسولکەیی، پێنج جووت قاچی هەیە و سیانیان چنگدارن، ئەگەر قاچ یان چنگێکی لەدەست بدات ئەوا دەتوانێت دووبارە دروستیان بکاتەوە، چاوەکانی تەنها ڕووناکی و سێبەر لێک جیادەکاتەوە واتە هەستی بینینی بەهێز نییە و وێنە بەباشی ناگوازێتەوە، تەنها وێنەیەکی تەڵخ دەبینێت، قەبارەی بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت و ناوەندەکەی لە نێوان ١-٧ کیلۆگرامە، بەڵام جۆرە گەورەکان دەکرێت لەوەش زیاتربن.  

توێکاری و وردەکاری ناوەوەی جەستەی قرژاڵی دەریا بەیەکێک لە سەیرترینەکانی هەموو شانشینی ئاژەڵان دادەنرێت، چونکە مێشکی دەکەوێتە قوڕگییەوە و ددانەکانیشی لەناو گەدەیدان، دڵ و ناوەندە کۆئەندامی دەماری دەکەونە سکییەوە، توانای تامکردنیشی لە ڕێگەی قاچەکانییەوە ئەنجام دەدات، هەستی بیستنی لە ڕێگەی زنجیرە موویەکەوە بەدەست دەهێنێت کە لکاون بە قاچەکانییەوە، پەردەی ژێر سکیشی بەڕادەیەکی زۆر بەهێزە چونکە دەیپارێزێت لە بەردەڵانەکانی قوڵایی زەریا کاتێک بەسەریاندا دەڕوات.

خۆراک

قرژاڵی دەریا بوونەوەرێکی هەمووشتخۆرە و نێچیرە سەرەکییەکانی بریتین لە ئەستێرەی دەریا لەگەڵ سەدەفی دووتوێی و گوێچکە ماسی، لەناویشیاندا خواردنی دڵخواز و پەسەندی سەدەفە دووتوێیەکانە، بۆ ڕاوکردن ناتوانێت پشت بە هەستی بینینی ببەستێت چونکە لاوازە، لەبری ئەوە تامکردن و بۆنکردن بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوەی ژەمە خۆراکییەکانی، لەبەر ئەوەی خۆی هێواشە بۆیە پێویستە بوونەوەرێکی هێواش ڕاوبکات.

 دوای ڕاوکردنیان بوونەوەرەکان بە چنگەکانی دەگرێت و دەیانگوشێت دواتر دەیانخوات، لەکاتی نەبوونی ئەو بوونەوەرانەشدا ڕووەک و قەوزە دەخوات، بەڵام خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری تری وەک ماسییە گەورەکان و مار ماسی، هەروەها لەلایەن مرۆڤەکانیشەوە ڕاودەکرێت، کە مرۆڤەکان گەورەترین مەترسین و ملیۆنان دانەیان دەگرن بەمەبەستی بازاڕکردن و فرۆشتنیان، دواتر دەکرێنە ژەمی خۆراکی.

یەکگرتن و زۆربوون

ئەم بوونەوەرە ئاوییە شێوازی ژیانکردنی بەتەنهایە واتە لەگەڵ تاکەکانی تردا و پێکەوە کۆمەڵەی گەورە دروست ناکەن، هەرچەندە شەرمنە و کۆمەڵایەتی نییە بەڵام ئەگەر قرژاڵێکی دەریایی تر بێتە ناوچەکەیەوە، ئەوا بە توندی پاڵی پێوە دەنێت و دووریدەخاتەوە، تەنها لە وەرزی یەکگرتندا پێکەوە دەبینرێن، شێوازی یەکگرتنەکەش بەجۆرێکە کە تەنها یەک نێرینە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر مێینەدا جووت دەبێت.

بۆ یەکگرتن مێینەکان ناچاردەبن کە بەرگە ڕەقەکەیان لاببەن، ئەمە دەیانخاتە مەترسییەوە بەئاسانی دەبنە نێچیر و ڕاو دەکرێن، بۆیە مێینەکان دەچنە قووڵایی و ئەشکەوتەوە و نێرینەکانیش پارێزگارییان لێدەکەن، دوای دوو هەفتە مێینەکە بەرگە پارێزەرەکەی دروست دەبێتەوە، لەم کاتەدا ئەشکەوتەکە جێدەهێڵێت و مێینەیەکی تر دەچێتە جێگەکەی، بەمشێوەیە بەردەوام دەبن و نێرینەیەک لەگەڵ چەندین مێینە یەکدەگرن.

پاشان مێینەکە هێلکە نەپیتراوەکانی خۆی و تۆوەکانی نێرینەکە لە جەستەی خۆیدا هەڵدەگرێت هەتاکوو نزیکی پاییز، ئەوکاتە هێلکەکان دەپیتێنێت و پاش چەندین مانگ دەیانخاتە دەرەوەی جەستەی بە شێوەی کرمۆکەی بچووک، هەر مێینەیەک دەتوانێت دوو ساڵ جارێک بێچووی ببێت، ژمارەی هێلکەکان زۆرە و لە سەدانەوە بۆ هەزاران دەگرێتەوە، دواتر کرمۆکەکان دەخاتە ناو ڕووەکە هەڵواسراوەکانی زەریاوە بۆ ئەوەی گەشەکەیان تەواوبکەن.

لە ماوەی ٤-٦ هەفتەدا کرمۆکەکە خواردن دەخوات و گەورە دەبێت و چوار جار بەرگەکەی لادەبات و دووبارە دروست دەبێتەوە، دوای چوارەم جار قەبارەکەی بەڕادەیەک گەورە دەبێت کە بتوانێت بێتە قوڵایی زەریاکە و ژیانی خۆی بکات، بەڵام ڕێژەیەکی کەمی ئەو کرمۆکانە کە دەگاتە ١٠% دەربازیان دەبێت و گەورەدەبن، ئەوەکانی تر لەلایەن ماسی و بوونەوەرە ئاوییەکانی ترەوە دەخورێن، سوڕی ژیانی قرژاڵی دەریا دەگاتە نزیکەی ٥٠ ساڵ، بەڵام هەیانبووە کە زیاتر لە ١٠٠ ساڵیش ژیاوە کاتێک زاناکان دۆزیویانەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لێکردووە، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٩ قرژاڵێکی دەریایی گەورە دۆزرایەوە، لە دوای لێکۆڵینەوەکان زاناکان ڕایانگەیاند کە تەمەنی نزیکەی ١٤٠ ساڵە.

جۆرە سەرەکییەکان

قرژاڵە دەریاییەکان دابەشبوون بۆ دوو کۆمەڵەی سەرەکی، کە بریتین لە قرژاڵی دەریایی دڕکاوی لەگەڵ قرژاڵی دەریایی چنگدار، یەکەمیان هەتاکوو ئێستە ٣٠ جۆری ناسراوی هەیە، دووەمیشیان واتە قرژاڵی دەریایی چنگدار هەتاکوو ئێستا ٤٥ جۆری ناسراوی هەیە، گەورەترین دانەیان لە جیهاندا قرژاڵی دەریایی ئەمریکایە، کە ئەم جۆرە بە درێژایی ژیانی لە گەشەکردن بەردەوام دەبێت.


سەرچاوەکان



248 بینین