ئەستێرەی دەریا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-05-09-01:22:00 - کۆدی بابەت: 8572
ئەستێرەی دەریا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەستێرەی دەریا (بە ئینگلیزی: starfish)، یەکێکە لە گیانەوەرە بێ بڕبڕە ئاوییە ناسراوەکان و لە لقی گیانەوەر پێست دڕکاوییەکاندا پۆلێنکراوە، نشینگەکەی دەکەوێتە هەردوو قوڵایی دەریاکان و کەنارەکانەوە و زیاتر لەسەر بەردەکان دەبینرێن، بەڵام جێگەی ژیانکردنیان لە ئاوی سازگاردا نییە چونکە کیمیای جەستەیان بۆ ئاوە سازگارەکان شیاو نییە، واتە تەنها لە ئاوی سوێردا دەژی و ئەگەر بخرێتە ئاوی سازگارەوە ئەوا توانای ژیانکردنی نابێت و دەمرێت، چەندین جۆری جیاواز لە ئەستێرە هەیە کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ٢٠٠٠ جۆر، هەموویان لە شێوەی دەرەوەیاندا هاوبەشن بەڵام لە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانیاندا جیاوازن.

شێوەی دەرەوەی

هەروەک ئەوەی کە لەناوەکەیدا دەردەکەوێت ئەم گیانەوەرە ئاوییە شێوەی وەک ئەستێرەیە، ئەستێرەی دەریا چەندین پەلی هەیە کە هەردانەیەکی ژمارەیەکی زۆر بۆری تێدایە، ئەم بۆرییانە سوودیان هەیە بۆ نووسان بە جێگەی مانەوەی و لەهەمان کاتدا جووڵە کردنیشی ئاسان دەکات، سەرەڕای ئەوەی کاتێک بە چاو سەیردەکرێت وا هەستدەکریت کە ئەستێرە دەریاییەکان بەرکەوتەیەکی نەرمیان هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا بەشی سەرەوەی و ژێرەوەی هەموو ئەستێرە دەریاییەکان بە دڕک داپۆشراوە، هەروەها پێستی لە چەندین چین دروستبووە و پێکاهاتەکەشی ماددەی ڕەقە، ڕەنگی جەستەی بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازە و دەگۆڕێت، مەرج نییە شێوەی هەموویان وەک ئەستێرە بێت هەندێک جۆری هەیە وەک تۆپێکی خڕە و پەلی درێژبووەوەیان نییە، ئەستێرەی دەریا مێشکی نییە بەڵام کۆئەندامێکی دەرماری سەربەخۆ و چەسپیوی هەیە، چاوی هەیە بەڵام ناکەوێتە سەر جەستەی بەڵکو لە کۆتایی پەلەکانیەتی، توانای بینینیشی پەرەسەندوو نییە و تەنها دەتوانێت هەست بە جیاوازی نێوان ڕووناکی و تاریکی بکات، کە ئەمەش بە گوێرەی نشینگەکەی بۆ ئەستێرە دەریاییەکە گونجاوە و پێویستی بە توانای بینینی زیاتر نییە. 

خۆراک

ئەم گیانەوەر ئاوییە گۆشتخۆرە و نێچیرەکانی دەناسێتەوە لە ڕێگەی پەلەکانییەوە، ژەمە خۆراکییەکانی ئەستێرەی دەریا چەندین زیندەوەری بچووکی ئاوی دەگرێتەوە، وەک کرمی ئاوی، هێلکە شەیتانۆکە، گوێچکە ماسی و نەرمۆکەکان، شێوازی ڕاوکردنی ئەم گیانەوەرانەش بە سوود وەرگرتن لە پەلەکانی دەبێت، کە لە نێچیرەکەی دەئاڵێنێت و پاشان دەیبات بۆ دەمی کە دەکەوێتە بەشی ژێرەوەی جەستەی، گەدەی ئەستێرە دەریاییەکە دەجووڵێت و دەڕواتە نزیک دەمی بۆ هەرسکردنی خواردنەکە، پاشان گەدەی بە خۆراکە هەرسکراوەکەوە دەگەڕێتەوە جێگە ئاساییەکەی خۆی، بەڵام خواردنی ئەستێرەی دەریا بۆ مرۆڤەکان گونجاو نییە چونکە بۆ جەستەی مرۆڤ ژەهراوییە، لەبەر ئەوە ڕاوکردن و خواردنی ڕێگەپێدراو نییە. 

یەکگرتن و زۆربوون

زۆربوونی ژمارەی ئەستێرە دەریاییەکان بە دوو ڕێگەی جیاوازە، یەکێکیان لە ڕێگەی یەکگرتنی نێرینە و مێینەوە دەبێت، نێرینەکە سپێرمەکانی دەهاوێژێت و هێلکەکانی مێینەکە دەپیتێنێت، کە دواتر مێینەکان ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری هێلکە دەکەن، ڕێگەی دووەم ناتوخمانەیە و زۆربوونەکە لە ڕێگەی نوێبوونەوەوە دەبێت، بۆ نموونە کاتێک ئەستێرەیەکی دەریا یەکێک لە پەلەکانی لەدەستدەدات ئەوا سەرلەنوێ دروستدەبێتەوە، کە ئەگەر ئەستێرە دەریاییەکە تەنها یەک پارچەی بچووکی مابێت ئەوا دەتوانێت لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا هەموو بەشەکانی بەتەواوەتی دروستببێتەوە، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەستیرە دەریاییەکان دەگاتە نزیکەی ٣٥ ساڵ.

جۆرە سەرەکییەکان

  • ئەستێرەی دەریای شین
  • ئەستێرەی دەریای بەندەی خۆر
  • ئەستێرەی دەریای پێست
  • ئەستێرەی دەریای پەمەیی
  • ئەستێرەی دەریای ژاپۆنی
  • ئەستێرەی دەریای شەمشەمەکوێرە
  • ئەستێرەی دەریای میسڕی
  • ئەستێرەی دەریای نۆ پەل
  • ئەستێرەی دەریای خوێناوی
  • ئەستێرەی دەریای تاج دڕکاوی 


سەرچاوەکان



2039 بینین