عێراق

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-11-15:21:00 - کۆدی بابەت: 78
عێراق

ناوه‌ڕۆك

عێراق

ناوی فەرمی سەرزەوی عێراق کۆماری عێراقە و بە کۆماری پەرلەمانیی فیدراڵی دەناسرێت بەپێی دەستووری عێراق (بە ئینگلیزی: Iraq)، لە نۆزدە پارێزگا پێکدێت و هەرێمی کوردستان دەکەوێتە باکووریەوە و بەشێکە لە وڵاتەکە و خاوەن دەسەڵاتی تایبەتی خۆیەتی، پایتەختی وڵاتەکە بەغدادە.

ئەم وڵاتە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئاسیا و ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە باشوورەوە بە کوەیت و سعودیە کۆتایی دێت و لەلای ڕاستی دراوسێی وڵاتی ئێرانە و لە باکوورەوە تورکیا و لە ڕۆژئاوا دراوسێی سوریا و ئوردونە، ئەم وڵاتە ئەندامی کۆمەڵگای وڵاتە عەرەبییەکان و ڕێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامی و ڕێکخراوی ئۆپیکە، وڵاتەکە خاوەن مێژوویەکی یەکجار کۆنە و چەندین شارستانی و ڕووداوی مێژوویی لێرەدا ڕوویداوە، پێشتر بە وڵاتی دوو ڕووبار دەناسرا، ئەو شارستانیەتیانەی کە تێیدا بووە: "بابلییەکان، ئاشووریەکان، "میدەکان" لە بەشی باکووری ئێستایدا بوون بەڵام دەکەونە مێژووی کوردەوە، سلووکیەکان،بارثیەکان، ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی، ساسانییەکان، خەلیفەکانی ڕاشیدین، دەوڵەتی ئومەوی، دەوڵەتی عەباسی، مەغۆلەکان، دەوڵەتی سەفەوی، دواتریش عوسمانییەکان و دوای ئەوانیش داگیرکاری بەریتانی، دوای حووکمی بەریتانییەکان شانشینی عێراق دامەزرا، دواتریش کرا بە کۆماری و دوای ئەویش حیزبی بەعس کۆمارییەکی تایبەت بەخۆی دامەزراند، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـشەوە جۆرێکی نوێ لە عێراق پەیدابووە.

نیشانەی وڵات الله اکبر
ڕووبەر 438,317 کم دووجا
ڕێژەی ئاو ٠,٢٩
پایتەخت بەغداد
زمانی فەرمی عەرەبی - کوردی
دانیشتوان ٤٠,١٢٣,٠٠٠
جۆری دەسەڵات کۆماری فیدراڵی دیموکراتی
سەرۆکی وڵات بەرهەم ساڵح
سەرۆک وەزیران موستەفا کازمی
سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی
دەسەڵاتی یاسادانان پەرلەمانی
بەرواری سەربەخۆیی ٣/١٠/١٩٣٢
دراو دیناری عێراقی
ژمارەی تەلەفۆنی فریاکەوتن

١٠٤ (پۆلیس)

١١٥ (بەرگری شارستانی)

١٢٢ (تەندروستی و ئەمبۆڵانس)

سایدی لێخوڕین ڕاست
ژمارەی تەلەفۆن +٩٦٤

دانیشتوان

لە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی دانیشتوانی عێراق ٤٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاند و %٥٠,٥ پیاو و %٤٩,٥ ئافرەتن، لە %٧٥ بۆ %٨٠ـی وڵاتەکەش بە ڕەگەز عەرەبن، %١٥ و زیاتر کوردەکانن و ئەوەی دەمێنێتەوە ئاشوری و کلدەکان و تورکمانەکانن، هەروەها سابیئەی مەندائینی و ئەرمەن و شەبەک و یەزیدی و کاولی تێدایە، زۆرینەی دانیشتوانەکە پەیڕەوی ئایینی ئیسلام دەکەن و ڕێژەی سوننە زیاترە، بەڵام لەبەرئەوەی لە دوای ٢٠٠٣ دەسەڵات بە زۆری لەلای شیعەکانە خۆیان بە زیاتر پیشان دەدەن و حووکمی وڵاتەکە دەکەن، ئەو ڕێژە کەمەی دەمێنێتەوە مەسیحی و یارسانی و یەزیدی و جولەکە و بەهائین.

جوگرافیا

جوگرافیای عێراق بە گشتی وڵاتێکی دەشتاییە، بەڵام لەگەڵ کوردستان پێکەوە دەبێتە خاوەن چەندین جۆری جوگرافیای کوێستانی و گەرم و شێدار و باراناوی و چەندین زنجیرەچیا و دەریاچە و ڕووبار و سەیرانگا.

لەنێو گردەکان گردی حەمرین بەناوبانگترینیانە کە سنووری هەرێم و عێراق لەیەکتری جیادەکاتەوە، هەروەها خاوەنی دەشتی رسوبییە لە نێوان دیجلە و فوڕات، هەروەها بیابانی عەرەبی و بیابانی سەماوە یاخود شام، هەریەک لە ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات بە عێراقدا تێدەپەڕن و لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە یەکدەگرن و سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ عێراق، ئەمە جگە لەوەی خاوەنی چەندین گۆماوی سروشتییە، لەگەڵ دەریاچەکانی ثەرثار و رزازە و دەریاچەی ساوە.

کەنداوی فارس تاکە دەرچەی ئاوی عێراقە بۆ جیهان، کە درێژی کەناراوی ئاوەکەی دەگاتە ٥٨ کیلۆمەتر، بەندەری ئوم قەسر لە بەسڕە گرنگترین بەندەرە بۆ عێراق لە کەنداوی فارس.

سەرچاوەی ئاوی عێراق

دەشتی نیشتەنی عێراق

بەنداوی موسڵ

مێژوو

وڵاتەکە مێژوویەکی چەندین هەزار ساڵەی پێش و پاش زایینی هەیە و خاوەن دەیان شارستانی گەورەیە، لەبەر بوونی دوو ڕووبارە مەزنەکەی کە لە باکوورەوە بۆ باشوور درێژ دەبنەوە پێی وتراوە "وڵاتی دوو ڕووبار".

یەکەمین دەسەڵاتیش خاوەنی یاسا بووبێت لێرە بووە کە حاموڕابی پادشای بابلیەکان دایمەزراند و نووسیەوە، هەروەها خاوەنی یەکەمین مۆزەخانەی جیهان بووە لە سەردەمی خۆی کە ناوی "ئەنگاندی ئانا" بووە و بەهۆی کچەکەی نبونابیدی بابلیەوە ناونراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥٣٠ ساڵ پێش زایین.

لە ساڵی ١٩٢٠ شێوەی سنووری ئێستای عێراق (بەزۆری) لەلایەن کۆمەڵەی نەتەوەکانەوە کێشرا و دیاری کرا دوای ئەوەی بە پەیماننامەی سیڤەر دەوڵەتی عوسمانییان دابەشکرد، عێراقیش کەوتە نێو دەسەڵاتی حکوومەتی بەریتانیا.

لە ساڵی ١٩٢١ دەسەڵاتی پادشایەتی دامەزرا و لە ساڵی ١٩٣٢ـیش سەربەخۆیی خۆی وەرگرت لە دەست شانشینی یەکگرتوو، لە ساڵی ١٩٥٨ بەهۆی شۆڕشی چواردەی تەمموزی ئەو ساڵەوە ڕژێمی پادشایەتی هەڵوەشایەوە و ڕژێمی کۆماری دامەزرا، لە ساڵی ١٩٦٨ حیزبی بەعسی سۆسیالیستی دەسەڵاتی عێراقی گرتە دەست هەتاوەکو ساڵی ٢٠٠٣، دوای ئەوە ئەمریکا و هاوپەیمانان بە بیانووی لەناوبردنی حیزبەکە هێرشیان کردە سەر عێراق و داگیریان کرد و چەند ساڵێک بە کوشتن و شەڕ و جەنگ بەردەوامبوو، لە ساڵی ٢٠٠٥ دەسەڵاتی نوێی عێراق دامەزرا و لە ساڵی ٢٠١١ ئەمریکییەکان لە وڵاتەکە چوونە دەرەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دەستی گرت بەسەر چەند شارێکی گەورەی عێراق و بەهۆیەوە دووبارە ئەمریکییەکان گەڕانەوە لە ساڵی ٢٠١٥ بە ٤٥٠ سەربازەوە بۆ ئەو جەنگە و ماوەی چوار ساڵی خایاند.

لەو کاتەشەوە چەندین خۆپیشاندان بۆ باشتر بەڕێوەبردنی وڵات و داواکردنی خزمەتگوزاری بەڕێوەچووە و لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی خۆپیشاندانێکی جەماوەرییەوە دژی حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، ناچاریان کرد دەست لەکاربکێشێتەوە و لە ٧ـی ئایاری ٢٠٢٠ دەسەڵاتی نوێی عێراق بە سەرکردایەتی موستەفا کازمی دامەزرا.

عێراق و سەدام حوسێن

سەدام کە چوارەمین سەرۆک کۆماری عێراق بوو لە حیزبی بەعس لە ساڵی ١٩٧٩ دەستبەکاربوو، لە پێش ئەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ جێگری سەرۆک کۆمار بوو بەڵام توانیبووی هێز و دەسەڵاتێکی زۆر گەورە لە خۆی کۆبکاتەوە،

لە دوای ئەوەی هاتە سەر حووکمی عێراق، سەرانی بەعسی کۆکردەوە و لە هۆڵی خولد لە بەغداد و پێی وتن کە چەند کەسێکی خیانەتکاری دۆزیوەتەوە لە حیزبدا، ئەویش ئەو کەسانەبوون کە بە نهێنی پەیوەندییان لەگەڵ حافظ ئەسەدی سەرۆکی سوریا هەبوو، دوای خوێندنەوەی ناوەکانیش تەواوی ئەو کەسانەی لە لیستەکەدا هاتن کوژران.

لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ وڵاتی ئێران جەنگی ڕاگەیاند و لە ساڵی ١٩٩٠ کوەیتی داگیرکرد و دوای ئەوەش وڵاتانی جیهان بە تووڕەییەوە دژی وەستانەوە و بە جەنگی کەنداوی دووەم تووشی قەرزاری و قاتوقڕییان کردەوە.

ئەمە جگە لەو ڕقەی بەرامبەر کوردەکان هەیبوو و هەزاران کوردی ئاوارە و شەهید کرد لەسەر مافەکانی خۆیان، هەروەها بەعەرەبکردن و کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە.

كه‌ش و هه‌وا

لە عێراقدا، پلەی گەرمی لە وەرزی هاویندا بەرزدەبێتەوە پاشان نزم دەبێتەوە لە وەرزی زستاندا، بەرزی پلەی گەرمی دەگەڕێتەوە بۆ چەند ھۆیەک، وەک: دووری شوێنەکەی لە ڕووبەرە ئاویەکان و نزیکی لە ھێڵی یەکسانی و درێژی کاتژمێرەکانی ڕۆژ کە لە ھەندێک ڕۆژەکانی مانگی تەممووز (14٫4) کاتژمێر و چوار خولەک دەبێت و ھەروەھا کەمی ڕێژەی شێ و ئاسمانی ساماڵ، بەڵام نزمی لە زستاندا دەگەڕێتەوە بۆ بەرزونزمی ڕووی خاکەکەی و سەرەڕای کاریگەری پاڵەپەستۆ و پەستانی کەش کە کار لە ئاووھەواکەی دەکەن لەم وەرزەدا، بەڵام لە ڕووی باران بارینەوە کە جۆری بارانی گەردەلولە و ڕێژەکەش جیاوازە ئەویش بەپێی ئەندازەی ھاتنی ئەو.
جیاوازی بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریاوە کە ڕێژەکەی لە نێوان (10 – 100 سم) دەبێت ھەر چەندە بەرەو باکوور و باکووری ڕۆژھەڵات بڕۆین بایەکەی لە جۆری باکووری ڕۆژئاوایە خێراییەکەی مام ناوەندییە بە درێژایی ڕۆژەکانی ساڵ، بەڵام لە باشووردا جۆری بایەکە دەگۆڕێت بۆ بای باشووری ڕۆژهەڵات و عێراق بە زۆری لە ژێر پاڵەپەستۆی بەرزی نیمچە خولگەییە کە زاڵە بەسەر بیابانی گەورەی عەرەبی.

ئاسایش

وڵاتی عێراق چەندین سەدەیە بەردەوام جەنگی ناوخۆ و دەرەکی ڕووی تێدەکات و بەردەوام لە ململانێدا بووە بۆ دەستکەوتنی ئاشتی و ئارامی، حکوومەت خاوەنی وەزارەتی ناوخۆیە کە بەرپرسی ئاسایش و گیانی خەڵکییە و پێکهاتووە لە:

  • پۆلیس
  • پۆلیسی فیدراڵی
  • پۆلیسی کۆمەڵایەتی
  • بەڕێوبەرایەتی پاراستنی شوێن و کەسایەتییەکان
  • بەڕێوبەرایەتی بەگژداچوونەوەی تاوانی پارێزگای بەغداد
  • هێزی کۆماندۆی عێراقی
  • بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆ
  • بەڕێوبەرایەتی فریاکەوتنی گشتی
  • بەڕێوبەرایەتی کاروباری ئاسایشی فیدراڵی (هێزەکانی پاراستنی سنوور و بەڕێوبردنی هێزەکانی پۆلیسی سوتەمەنی و بەرگری مەدەنی).
  • بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی
  • بەڕێوبەرایەتی گشتی هەواڵگری
  • بەڕێوبەرایەتی پلاندانان و بەدواداچوون

سووپا

سووپای عێراق دابەش دەبێت بەسەر ١٤ بەشدا، ئەوانیش دابەش دەبن بەسەر ٥٤ تیپ (لیوا) و ١٨٥ کەرتدا (کەتیبە)، لە ساڵی ٢٠١٠ ژمارەی کەرتەکان گەیشتە ١٩٧ کەرتی جەنگی.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی حکوومەت زۆرینەی کەلوپەلە سەربازییەکان لەلایەن ئەمریکی و بەریتانییەکانەوە لەناوبران و هەندێکیشیان کە چەکی سووک بوون لەلایەن خەڵک و شۆڕشگێڕانەوە بەتاڵان بران.

لە ساڵی ٢٠١٥ هەنگاریا و عێراق ڕێککەوتن لەسەر فرۆشتنی تانکی تی-٧٢ بە عێراق.

هەریەک لە ئیماڕات و ئوردون و پاکستانیش زرێپۆشی بێنهاردس و سپارتان M113Sـیان پێ فرۆشت، لەگەڵ چەندین ڕێککەوتنی دیکە لە ساڵانی داهاتوو.

تانکە سەرەکییەکان

  • تی-٥٥
  • تی-٧٢
  • ئێم -١ ئەبڕامز
  • تایپ ٥٩
  • تی-٩٠
  • Lion of Babylon
  • M-88 Hercules
  • VT-55A
  • BREM-1

زرێپۆش

  • BRDM-2
  • Otokar Akrep
  • HMMWV
  • BMP-1
  • ATF Dingo
  • Mohafiz
  • Ain Jaria
  • Shorland APV
  • Cougar
  • Panhard
  • Talha
  • BTR-80
  • BTR-94
  • Caiman

تۆپهاوێژ

  • M109
  • M198

دژە فڕۆکە

  • Pantsir-S1
  • TWQ-1 Avenger

فڕۆکەی بارهەڵگر و گوێزەرەوە

  • Antonov An-178

هەلیکۆپتەر

  • Bell 407
  • Bell UH-1
  • Bell OH-58
  • Mil Mi-17
  • Mil Mi-24
  • Mil Mi-28
  • Eurocopter EC635

هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان هەرێمێکە لە باکووری وڵاتی عێراق و بە حووکمی زلهێزەکانی جیهان لکێنراوە بە وڵاتی عێراقەوە و کراوە بە بەشێک لەو، لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر پێکهاتووە، ٤٠ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانی زیاترە لە ٦ ملیۆن کەس، پایتەختەکەی شاری هەولێرە.

لە ساڵی ١٩٧٠ سەرانی کورد و عێراق ڕێککەوتن لەسەر درووستکردنی حوکمێکی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی عێراق دوای چەندین ساڵ لە جەنگی نێوانیان، بەڵام لە ١٩٧٥ هەڵوەشایەوە بە تەواوی و دووبارە جەنگ دەستی پێکردەوە، دواتریش لە هەشتاکان شاڵاوی ئەنفال بۆ کوردستان و بۆمبارانی کیمیایی بۆ شاری هەڵەبجەی شەهید ڕوویدا، ئەمە جگە لە چەندین کوشتن و جەنگی بەردەوام لە نێوانیان.

دوای ڕاپەڕین و جەنگی دووەمی خەلیج ناوچەی دژەفڕین لەسەر کوردستان درووستکرا و بوو بە هەرێمێکی جیا و خاوەن حکوومەتی کوردی، لە ئۆکتۆبەری ١٩٩١ حکوومەتی عێراق لە هەرێم کشایەوە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ کوردستان وەک هەرێمێک لە دەستووری عێراق دانرا و هەریەک لە کوردی و عەرەبی بوونە زمانی فەرمی وڵات.

شوێنە گەشتیارییەکان

  • قەڵای کەرکووک
  • قەڵای ئەور لە زیقار
  • دەرچەکانی شاری حضر
  • قوتابخانەی موستەنسەڕیە
  • دیوارەکانی بابل
  • پەرستگای عەشتار لە بابل

فڕۆکەخانەکان

  • فڕۆکەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی
  • فڕۆکەخانەی بەسڕەی نێودەوڵەتی
  • فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی
  • فڕۆکەخانەی موسڵی نێودەوڵەتی
  • فڕۆکەخانەی سلێمانیی نێودەوڵەتی
  • فڕۆکەخانەی نەجەفی نێودەوڵەتی
  • فڕۆکەخانەی ناسڕیەی نێودەوڵەتی

هونەر و ئەدەب

مێژووی هونەر بەتایبەت مۆسیقا و گۆرانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی زۆر کۆن لە مێژووی وڵاتەکە، چونکە کۆنترین قیثارەی جیهان بریتییە لە قیثارەی سۆمەری، هەروەها درووستکردنی عود و بونیادنانی چەندین جۆر ئاواز و شێوازی گۆرانی تایبەتی عێراقی، لە سەدەی بیستەم گۆرانی عێراقی شێوازێکی نوێی وەرگرت لەسەر دەستی هەردوو برا ساڵح کوەیتی و داود کوەیتی، لە ساڵانی چلەکان ژمارەی لۆتییە بەناوبانگەکانی عێراق دەگەیشتە ٤٠ کەس.

کەسە بەناوبانگەکان

  • نازم غەزالی
  • داخل حەسەن
  • زهور حسێن
  • فوئاد سالم
  • حسێن نەعمە
  • ریاز ئەحمەد
  • قەتحان عەتار
  • مائدە نەزهەت
  • ئەنوار عەبدولوەهاب
  • ستار جەبار
  • کازم ساهر
  • حسام رەسام

هەروەها عێراق بە وڵاتی شاعیرانیش بەناوبانگە لەبەر بوونی ئەو ژمارە زۆرەی شاعیران بە درێژایی مێژوو لە عێراق، وەک:

  • ئەبوتەیب موتەنەبی
  • فەرزدق
  • عەبدولوەهاب بەیاتی
  • محەمەد مەهدی جەواهری
  • نازک مەلائیکە
  • ئەحمەد مەتەڕ
  • بەدر شاکر سیاب
  • جەمیل سدقی زەهاوی
  • مەعروف ڕەسافی
  • عەبدولڕەزاق عەبدولواحید

ڕۆمان و داستان

  • گەلگامش
  • هەزار و یەک شەوە
  • سندیباد
  • عەلائەدین
  • عەلی بابا

وەرزش

تۆپی پێ خاوەنی زۆرترین هەوادارە لە وڵاتەکە لەلایەن هەموو چین و توێژێکەوە و لە ساڵی ١٩٤٨ یەکێتی تۆپی پێی عێراقی دامەزراوە، و لە ١٩٥٠ بووە بە ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی و لە ١٩٧١ بووە بە ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا.

هەڵبژاردەی عێراق چوار جار بووە بە خاوەنی جامی عەرەب و ٣ جار بووەتە خاوەنی جامی کەنداوی فارس.

لە وڵاتەکە ١١٠ یانەی وەرزشی هەن و قوەی جەویە و نادی مینا کۆنترینیانن کە ١٩٣١ دامەزراون.

لایەنی کۆمەڵایەتی

خەڵکی عێراقی کەسانێکی تێکەڵ و کۆمەڵایەتین و زۆرێک لە پیاوانیان خاوەنی چەند خێزانێکن لەجێی یەک خێزان و حەزیان بە خواردن و گەشتکردنە و خاوەن منداڵی زۆرن.

هەروەها لەنێو خواردنەکاندا گۆشت و مریشک و برنج خۆراکی سەرەکین لەگەڵ خۆراکی دیکەی وەک:

  • دۆڵمە
  • بریانی
  • پاچە
  • تشریب
  • قۆزی
  • لەبلەبی
  • پاقلە و هێلکە

ئابووری وڵات

بابەتی تایبەت: ئابووری عێراق

بە ڕێژەیەکی تەواو ئابووری وڵاتەکە لەسەر نەوتە، لە جەنگی یەکەمی کەنداو بە ڕێژەی ١٠٠ ملیار دۆلار زیان لە وڵاتەکە کەوت و دواتریش بە دەستپێکی جەنگی دووەمی کەنداو زیانەکان بەرزتربوونەوە و قەرزارتر بوو کاتێک لە ٦/٨/١٩٩٠ گەمارۆی ئابووری خرایە سەری هەتاوەکو ٢١/٤/٢٠٠٣.

لەگەڵ هاتنی پۆل بریمەر و دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتی عێراق، هەردووکیان پێکەوە کاریان کرد بۆ درووستبوونی هەلی کاری تایبەت لە وڵاتەکە بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی ڕوو نەکەنە هەلی کاری حکوومی، بەتایبەت لە بابەتی نەوت و پۆل بریمەر بووە هۆکار بۆ هاتنی چەندین کۆمپانیای بیانی بۆ بازرگانی نەوت لە عێراق، و دەبێت بە ڕێژەی %١٥ باج بدەن، بەڵام ئەم بڕیارانە لە دوای دەسەڵاتی کاتیەوە پەیڕەو نەکرا.

لە ١٥ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣ـوە دراوی عێراقی نوێ دەرچووە و تا ئێستا کاری پێدەکرێت.

کێڵگە نەوتییەکان

  • رەمیلە لە بەسڕە
  • زوبەیر
  • القرنة الغربي
  • مجنون
  • أبو زرقان
  • الدجيلة
  • جبل فوقي
  • الناصرية
  • نهر عمر
  • الأحدب
  • لهيث
  • بزركان

بۆنە و ڕۆژە پشووەکان

  • ١ـی کانوونی دووەم سەری ساڵی زایینی
  • ٦ـی کانوونی دووەم ڕۆژی سووپا
  • ٢١ـی مارس نەورۆز
  • ١ـی ئایار ڕۆژی کرێکاران
  • ١٤ـی تەمموز یادی شۆڕشی چواردەی تەمموز
  • ٣ـی ئۆکتۆبەر ڕۆژی نیشتمانی و سەربەخۆیی
  • لەگەڵ هەریەک لە ڕۆژەکانی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام و ڕۆژی عاشورا و سەری ساڵی کۆچی و جەژنی ڕەمەزان و قوربان.

دابەش بوونی کارگێڕی

عێراق دابەش دەبێت بۆ 19 ناوچەی کارگێڕی کە بە پارێزگا ناودەبرێن، چوار لەم شارانە (سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و ھەڵەبجە) دەکەونە ھەرێمی کوردستان.

  • بەغداد
  • سەڵاحەددین
  • دیالە
  • واسیت
  • میسان
  • بەسڕە
  • زی قاڕ
  • موسەنا
  • دیوانیە
  • بابل
  • کەربەلا
  • نەجەف
 


سەرچاوەکان



12521 بینین