ئایینی جولەکە

ئایینی جولەکە

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-29-23:43:00 - کۆدی بابەت: 3923
ئایینی جولەکە

ناوه‌ڕۆك

ئاینی جولەکە

ئاینی جولەکە کە لەڕووی مێژووییەوە ئاینی نەوەکانی ئیسرائیل (بنی اسرائیل) بووە، یەکێکە لە سێ ئاینە گەورە ئاسمانیەکە.

نەوەکانی ئیسرائیل

نەوەکانی ئیسرائیل دەگەڕێنەوە سەر ئیبراهیم پێغەمبەر (سەلامی خودای لەسەربێت) کاتێک ئەو زاتە کوڕێکی بوو ناوی نا (اسحاق) ئەویش کوڕێکی بوو ناوی نا (یعقوب) بەڵام (یعقوب)ـی کوڕی اسحاق ناوێکی تریشی هەبوو کە ئەویش (اسرائیل) بوو، بۆیە ناوی بەنی ئیسرائیل یاخود ئیسرائیلیەکان بەسەر کوڕەکانیدا بڕرا. هێندەی نەبرد ژمارەی بەنی ئیسرائیل زۆربوو لە هەوڵیشیاندا بۆ دۆزینەوەی لەوەڕگا و سەچاوەی ئاوی باشتر، ڕوویان کردە میسڕ و لەوێ نیشتەجێ بوو.

میسڕیەکان ئەو کاتە بت پەرست بوون و خواوەندی جۆراوجۆریان دەپەرست ترسیان لە زۆربوونی ژمارەی عیبریەکان و جیاوازی بیروباوەڕ و ئاینەکەیان لێنیشت، فیرعەونی دەسەڵاتداری میسڕ ڕۆژێک پیاوە ئاینی و زەیوانەکانی کۆکردەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیە پیاوە ئاینیەکان پێشنیاریان بۆ فیرعەون کرد بیانکاتە کۆیلە بۆئەوەی وەک میسڕیەکان بیربکەنەوە و بێنە سەر ئاینەکەیان، فیرعەونیش پێشنیارەکەی پەسەنکردن. بەم جۆرە عیبریەکان وردە وردە لە بیروباوەڕی یەکتاپەرستی کە لە حەزرەتی ئیبراهیمەوە وەریان گرتبوو لایاندا و جۆرەها ڕواڵەتی فرەخوایی و بتپەرستیان تێکەڵکرد، بەڵام سەرەڕای ئەوە زۆر تێکەڵی میسڕیەکان نەدەبوون و بەردەوامیش ژمارەیان زیادی دەکرد. بۆیە فیرعەون لەسەر ڕاوێژی پیاوە ئایینیەکان بڕیاریدا هەموو منداڵێکی کوڕیان دوای لەدایکبوون لەناوببرێت و کچەکانیشیان شوو بە میسڕیەکان بکەن و بەم جۆرە لەناو میسڕییەکاندا بتوێنرێنەوە.

لەدایکبوونی موسا

لەم کاتەدا موسا پێغەمبەر (سەلامی خودای لەسەربێت) لەدایکبوو، دایکی توانی سێ مانگ لەچاوی پیاوەکانی فیرعەون بیشارێتەوە دواتر لەلایەن خوداوە سروشتی بۆ کرا منداڵەکەی بکاتە سندوقێکەوە و بیدا بەدەم ڕووباری نیلەوە و کاری بەسەریەوە نەبێت (إِذۡ أَوۡحَيۡنَآ إِلَىٰٓ أُمِّكَ مَا يُوحَىٰٓ (٣٨) أَنِ ٱقۡذِفِيهِ فِي ٱلتَّابُوتِ فَٱقۡذِفِيهِ فِي ٱلۡيَمِّ فَلۡيُلۡقِهِ ٱلۡيَمُّ بِٱلسَّاحِلِ يَأۡخُذۡهُ عَدُوّٞ لِّي وَعَدُوّٞ لَّهُۥۚ وَأَلۡقَيۡتُ عَلَيۡكَ مَحَبَّةٗ مِّنِّي وَلِتُصۡنَعَ عَلَىٰ عَيۡنِيٓ (٣٩)) طه:٣٨-٣٩، موسا پێغەمبەری خوا ڕزگارکەری بەنی ئیسرائیل لەنزیک کۆشک و سەرای فیرعەون گیرسایەوە، هاوسەری فیرعەون بینی و چوو بەدڵیدا و توانی مێردەکەی قایلبکات نەیکوژێت، هیواشی خواست عیبری نەبێت و گەورەی بکات و ببێتە ڕوناکی چاوی، بەم جۆرە ژیانی حەزرەتی موسا (سەلامی خودای لەسەربێت) دەستیپێکرد و لەناو کۆشکی فیرعەوندا گەورەبوو، ڕۆژێک موسا یەکێک لەو میسڕیانەی بینی، کە بۆ چاودێری کۆیلە عیبریەکان دانرابوو، زۆر بە دڵڕەقی لە دوو کۆیلەی عیبری دەدا، ئەویش خۆی پێنەگیرا و لە میسڕیەکەی داو ئەویش لە ئەنجامدا مرد، دواتر کارەکە ئاشکرابوو حەزرەتی موسا (دخ) ئەو ناوچەیەی بەجێهێشت بە مەبەستی دەرچوون لە میسڕ، گەیشتە بیابانی مەدیەن لە دەوروبەری کەنداوی عەقەبە، لەوێ لەماڵی (شوعەیب) پێغەمبەر (دخ) ماوەی ٨ ساڵ مایەوە و یەکێک لە کچەکانی ئەویشی کرد بە هاوسەری خۆی، لە شەوێکی ساردی تەڕ و تۆشدا موسا (دخ) لەلایەن خودای پەروەردگارەوە ئاگادارکرایەوە کە ئەوی بە پێغەمبەر هەڵبژاردووە، بۆ دڵنیابوونیشی هەر ئەو شەوە چەند موعجیزەیەکی نیشاندا.

سەرەتای بانگەشەی موسا

خودای گەورە فەرمانی بە موسا کرد بچێت بۆ لای فیرعەون و بانگی بکات بۆ بیروباوەڕی یەکتاپەرستی، ئەویش داوایکرد (هارون)ـی برای لەگەڵدابێت و پشتی بگرێت. موسا ڕۆیشت بۆلای فیرعەون و داوای ڕزگارکردنی گەلەکەی کرد لە کۆیلایەتی و ئازادکردنیان لە پەرستنی ئەو خودایەی باوەڕیان پێیەتی، فیرعەون گوتی خوداکەت کێیە: (قال فمن ربکما یا موسی) ئەویش وەڵامی دایەوە: (خودای جیهانیانە) (وقال موسی یا فرعون إنی رسول من رب العالمین)، ئەویش گوتی: من ناوی خوداوەندی لەو جۆرەم نەبیستووە، من خوداوەندی هەموو خوداوەندەکانم لەبەر ئەوە ڕێگە بە ڕۆیشتن و ئازادبوونی (بەنی ئیسرائیل) نادەم و دەبێت وەکو کۆیلەی من و گەلەکەم بمێننەوە. حەزرەتی موسا موعجیزەکانی خۆی نیشاندا، بەڵام فیرعەون هەر باوەڕی نەهێنا، فیرعەون سزای سەر بەنی ئیسرائیلی زیاد کرد، موسا فیرعەونی ئاگادارکردەوە لە سەرەنجامی خراپی کردەوەکانی و تۆڵەی پەروەردگار، بەڵام بێسوودبوو، بەڵام دوای چەندین موعجیزە و گۆڕانکاری سەرەنجام فیرعەون ڕازیبوو ڕێگە بە بەنی ئیسرائیل بدات بچنە دەرەوە، کاتێک کۆچیان کرد بە فیرعەون ڕاگەیەنرا کە خشڵ و زێڕێکی زۆری میسڕیەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە. فیرعەون بەخۆی و سوپاکەیەوە شوێنیان کەوت و لەبەردەم دەریای سوور پێیان گەیشت، لوێدا خودا بەهانای بەنی ئیسرائیلە لێقەماوەکانەوە هاتوو دەریاکەی بۆ کردنە وشکانی و موسا و قەومەکەی پەڕینەوە و فیرعەون و سەربازەکانیشی لە ئاوەکەدا خنکان. لاشەی مۆمیاکراوی فیرعەونە خنکاوەکەش تاوەکو ئێستا لە مۆزەخانە پارێزراوە.

دە ئامۆژگاریەکەی حەزرەتی موسا (بە پێی تەورات)

حەزرەتی موسا (دخ) پێش ئەوەی بمرێت دە ئامۆژگاری جووەکانی کرد بۆ ئەوەی ببێتە ڕێبازی ژیانیان، کە ئەوانیش بریتیبوون لەم خاڵانەی خوارەوە:
١- جگە لە خودا (یەهوا) هیچ شتێکی دیکە بە خوداوەند مەزانن.
٢- هیچ بت و پەیکەرێک مەپەرستن.
٣- ناوی (یەهوا) مەکەنە مایەی گاڵتە و گەپ (بەناوی یەهوای پەروەردگارتانەوە بە ناشرینی مەدوێن).
٤- ڕۆژی حەوتەمی هەموو هەفتەیەک پشوو بدەن و بە پیرۆزی بزانن ( کە ڕۆژی شەممەیە ڕۆژی دەستبەتاکی و پەرستنی خودایە).
٥- ڕێز لە دایک و باوکتان بگرن.
٦- خەڵکی مەکوژن.
٧- لە ڕێبازی ڕاستەقینە لامەدەن (زینا مەکەن).
٨- دزی مەکەن.
٩- سوێندی درۆ مەخۆن و گەواهی درۆ مەدەن.
١٠- ئیرەیی (حەسودی) بە خەڵ مەبەن و خۆزگەش بۆ ئەوە مەخوازن کە هەیانە.

کتێبی پیرۆزی جولەکەکان

(تەورات) کتێبی پیرۆزی جولەکەکانە کە بەگوێرەی باوەڕی ئێمەی مسوڵمانان لە بنەڕەتدا پەیامی خودایە و لە ئاسمانەوە بۆ موسا پێغەمبەری خوا نێردراوە. بەڵام پیاوانی ئاینی جولەکە کتێبە پیرۆزەکانیان بەم جۆرە دابەش کردووە:

پەیمانی کۆن (العهد القدیم)

کە لای جولەکە و مەسیحیەکان پیرۆزە و بریتیە لە کۆمەڵێک شیعر و پەخشان و حیکمەت و پەند و چیرۆک و ئەفسانە و فەلسەفە و تەشریع و لاوانەوە، ئەمەش دابەش دەکرێت بە دوو بەشەوە.

١- تەورات: کە (٥) ئەسفار لەخۆ دەگرێت: بەدیهاتن (التکوین) چوونەدەر (الخروج) (اللاوین) هەوڵەکان (الاخبار) ژمارە (العدد) ستایشکردن (التثنیة) کە پێیان دەوترێت ئەسفاری موسا. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەو تەوراتەی بۆ موسا ڕەوانەکرابوو لەکاتی وێرانکردنی پەیکەرەکەدا لە سەردەمی هێرشی پادشای بابلی (بەختی نەسردا) ونبوو و سەرلەنوێ نوسرایەوە و بەوەش وەکو خۆی نەما و شتی دیکەی تێکەڵبوو.

٢- ئەسفاری پێغەمبەران، کە دوو جۆرە:

ئـ- ئەسفاری پێغەمبەرە پێشینەکان: یەشوع، یەشوعی کوڕی نون، قازیەکان، موتلی یەکەم، سامۆئیلی دووەم، پادشاکانی یەکەم، پادشاکانی دووەم.

ب- ئەسفاری پێغەمبەرە پاشینەکان: ئەشیقا، إرمیا، حەزقیال، هوشەع، یوئیل، عاموس، عوبدیا، یونس، میخا، تاحوم، حەبەقەوق، سەفەنیا، حەججی، زەکەریا، مەلاخی، هەندێک کتێبی دیکەشیان هەیە کە بریتین لە:
١- نوسراوە مەزنەکان: مەزامیر، زەبور، پەندەکان، پەندەکانی سلیمان، ئەیوب.
٢- پێنج بەرگەکە: (نشید الانشاد) ڕاعوون، مەراسی، مەراسی ارمیا (الجامعة)، (استیر).
٣- کتێبەکان: عەزرا، نەحەمیا، هەواڵی ڕۆژەکانی یەکەم، (اخبار الایام الاول)، هەواڵەکانی ڕۆژگاران دووەم (اخبار الایام الثاني).

هەندێک بیروباوەڕی دیکەیان

١- پێیان وایە ئەو منداڵەی کە خودا داوای لە ئیبراهیم کرد سەری ببڕێت ئیسماعیل نییە و بەڵکو ئیسحاقی کوڕی سارایە.
٢- شتێکی وا دەربارەی زیندووبوونەوە و ڕۆژی دوایی و پاداش و سزای ئەو ڕۆژە لە ئاینەکەدا نەهاتووە تەنها ئاماژەیەکی کەم نەبێت کە بەشێک لەوەش لەژێر کاریگەری ئاینی زەردەشتیدا وەریانگرتووە.
٣- پاداشت و سزادانەوە لەم دنیایەدا دەبێت، پاداشت بریتیە لە پشتیوانی و سەرکەوتن، سزاش بریتیە لە دۆڕان و سەرشۆڕی بە کۆیلەبوون.
٤- پێویستە هەموو جولەکەیەک لە ساڵێکدا سێ جار حەج بکات بۆ (قدس) لە جەژنەکانی (فصح) و (الاسابیع) و (المظال) یەکێک لە سروشتەکانی حەجەکانیش بریتیە لە پێشکەشکردنی قوربانیەکی برژێنراو بۆ پەیکەر (الهیکل).
٥- تابوت: بریتیە لەو سندوقەی کە بەبەهاترین سەروەت و سامان و بەڵگەنامە و کتێبەکانی تێدا دەپاریزن.
٦- کۆشتارگە (المذبح): شوێنێکە تایبەت بۆ داگیرساندنی بوخور لەپێش ئەو پەردەیە دانرێت کە لە بەردەم تابوتەکەدایە.
٧- پەیکەر (الهیکل): بریتیە لەو باڵەخانەی (داود) فەرمانی پێ کردو حەزرەتی (سولەیمان) دروستی کرد، لە ناوەوەیدا میحرابی دروستکرد (واتە پیرۆزی پیرۆزیەکان) (قدس الاقداس) هەروەها شوێنێکی لەناودا ساز و ئامادە کرد بۆ دانانی (تابوت)ـی پەیمانی پەروەردگار.
٨- کەهانە (کهانة): تایبەتە بە کوڕەکانی لیڤی (یەکێک لە کوڕەکانی یعقوب) تەنها ئەوان مافی لێکدانەوەی دەقە پیرۆزەکان و پێشکەشکردنی قوربانیان هەیە، لە باج بەخشراون و کەسێتیەکانیان ئامڕازن بۆ نزیکبوونەوە لە خودا، بەم جۆرەش وایان لی هات لە پادشاکان بەهێزتربن.
٩- قوربانیەکان (القرابین): قوربانی مرۆیی لەبەرامبەر گیانلەبەر و بەروبوم دەگرێتەوە، دواتر خوداوەند بەبەشێک لە مرۆڤ وازی هێنا ئەویش ئەو بەشەیە کە لەکاتی خەتەنەکردندا لە لەشی مرۆڤ دەبڕدرێت و جولەکەکان تا ئەمڕۆش لەپاڵ بەروبوم و ئاژەڵ دەستیان پێوە گرتووە.
١٠- بیرۆکەی (دوناندۆن)ـیش کە لە تلمودا هەیە لە هیندییەکانەوە دزەی کردۆتە ناو ئاینەکە و حاخامەکانی بابل تێکەڵ بە بیروباوەڕەکەیان کردووە.
١١- ئاینەکەیان بەسەر خۆیاندا داخراوە و بۆ کەس نییە ببێتە جولەکە.
١٢- منداڵی گەورە و یەکەم میرات دەگرێت و بەشی دوو لە براکانیشی هەیە، لە میراتیشدا جیاوازی لەنێوان منداڵی شەرعی و ناشەرعی نییە.
١٣- دوای ژن هێنان ئافرەت دەبێت بە بەشێک لە موڵک و ماڵی پیاو، ماڵەکەشی دەبێت بەماڵی ئەو، بەڵام بەهۆی زۆر کێشە و ململانێ لەم ڕووەوە دانیان بەوە نا کە ژنەکە خاوەنی ماڵەکەی بێت بەڵام سوود و بەرومبوومەکەی بۆ پیاوەکەبێت.
١٤- هەرکەسێک تەمەنی بگاتە ٢٠ ساڵ و ژنی نەهێنابێت شایستەی نەفرینی خودایە، فرەژنیش بە ڕەهایی ڕێگەی پێدراوە، ڕەبانیەکان بە چوار ژنیان دیاریکردووە، بەڵام (القراون)ـەکان ڕەهایان کردووە و سنوریان بۆ دانەناوە.


سەرچاوەکان

727 بینین