گەشەی دانیشتوان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-10-15-17:02:00 - کۆدی بابەت: 14834
گەشەی دانیشتوان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەشەی دانیشتوان (بە عەرەبی: النمو السكاني، بە ئینگلیزی: Population growth). مەبەست لە گەشەی دانیشتوان لە زانستی دیمۆگرافیا، واتە زیادبوون یان کەمبوونەوەی دانیشتوان لە شوێنێکدا بە ھۆکاری (لەدایکبوون و مردن و کۆچکردن). لە شوێنی "گەشەی دانیشتوان" زۆر جار جوڵەی دانیشتوان بەکاردێت بۆ ھەمان مەبەست. گەشەی دانیشتوان واتە گۆڕانی ژمارەی دانیشتوان لە ناوچەیەك و لە ماوەیەکی دیاریکراو، کە زۆر جار بە زاراوەی "گۆڕانی دانیشتوان" ناودەبرێت، چونکە گەشەی دانیشتوان وەکوو چەمکێك تەنھا  مانای زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان نییە، بەڵکوو بە مانای کەمبوونەوەی دانیشتوانیش دێت. ژمارەی دانیشتوانی ھەر ناوچەیەك زیاد دەبێت لە ڕێگای لە دایکبوونەوە و کەم دەبێت لە ڕێگای مردنەوە، جیاوازی نێوان لە دایکبوون و مردن بە "زیادبوونی سروشتی دانیشتوان" دەناسرێت.

گەشەی دانیشتوان وەکوو بەشێکی گرنگ لە جوگرافیای دانیشتوان دادەنرێت و گرنگی زۆری ھەیە لە توێژینەوەکانی جوگرافیای دانیشتوان، بە جۆرێك بایەخی تەواو دەدات بە ھۆکارەکانی گەشەی دانیشتوان، وەکوو گەشەی سروشتی دانیشتوان (لە دایکبوون و کۆچکردن) بوونی خزمەتگوزارییەکان و سروشتی جوگرافی گونجاو کە بە فەراھەمبوونی ئەم ھۆکارانە زیادبوون و گەشەی دانیشتوان زیاتر دەڕەخسێنێت، بە پێچەوانەشەوە زیادبوونی ڕێژەی مردن بە ھۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و کەمی و خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و جێگیر نەبوونی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی و بوونی جەنگ دەبێتە کەمبوونەوەی ڕێژەی دانیشتوان.

ھەروەھا "جوڵەی شوێنجێی دانیشتوان" کە خۆی لە دیاردەی (کۆچکردن) دەنوێنێت لە کاتێکدا کۆچی ھاتوو بۆ ناوەوەی وڵات دەبێتە ھۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، بە پێچەوانەشەوە کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات دەبێتە ھۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان. کەواتە دەکرێت ھەموو ئەو گۆڕانکارییانە بزانین کە بەسەر قەبارەی دانیشتوانی ناوچەیەك دادێت لە ڕێگای "زیادبوونی سروشتی دانیشتوان" واتە (لە دایکبوون و مردن)، "جوڵەی شوێنجێی دانیشتوان" (کۆچکردن).

جۆرەکانی زیادبوونی دانیشتوان

١- زیادبوونی ڕەھا: بریتییە لە ژمارەی دانیشتوان لە سەرژمێری دووەمدا کەم ژمارەی دانیشتوان لە سەرژمێری یەکەمدا. بۆ نموونە: ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی عێراق بۆ ساڵی (٢٠٢٢) (٨٠٨١٠٥٢٥) کەس بووە لە ساڵی (٢٠٠٩) (٧٠٥٨٦٢٥) کەس بووە، ئایە زیادەی ڕەھا چەندە؟ ٨٠٨١٠٥٢٥ - ٧٠٥٨٦٢٥ = ١٠٢٢٤٢٦٩ کەس

٢- زیادەی ڕێژەیی: بریتییە لە ژمارەی دانیشتوان لە سەرژمێری دووەمدا دابەش ژمارەی دانیشتوان لە سەرژمێری یەکەمدا × ١٠٠
بۆ نموونە: ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی ئێران لە ساڵی (٢٠٢٠) (٨٠٨١٠٥٢٥) کەس بووە، لە ساڵی (٢٠١٠) (٧٠٥٨٦٢٥٦) کەس بووە، ئایە زیادەی ڕەھای ڕێژەیی چەندە؟ ٨٠٨١٠٥٢٥ ÷ ٧٠٥٨٦٢٥٦ × ١٠٠ = ٧٨,٣٤

٣- زیادەی سروشتی: بریتییە لە ژمارەی لەدایکبووان کەم ژمارەی کەسە مردووەکان
بۆ نموونە: ئەگەر ژمارەی لە دایکبوون لە وڵاتێکی وەکوو سعودیە لە ساڵی (٢٠٢١) (١٢٩١٠٥٥) منداڵ بووبێت، ژمارەی کەسە مردووەکانیش لە ھەمان وڵات (٤١٦٨٨١) کەس بووبێت، ئایە زیادەی سروشتی چەندە؟  ١٢٩١٠٥٥ - ٤١٦٨٨١ = ٨٧٤١٧٤
ئەگەر ژمارەکە بە نیشانەی زیادبوون بوو ئەوە زیادبوونی سروشتی ئەرێنی (موجەب +) دەبێت، بەڵام ئەگەر ژمارەکە بە نیشانەی کەمبوون بوو ئەوە زیادبوونی سروشتی بە نیشانەی (سالب -) دەبێت.

پێوەرەکانی گەشەی دانیشتوان

گەشەی دانیشتوان لە ئەنجامی سێ پڕۆسەی گرنگەوە دێتە ئاراوە کە بریتین لە (لە دایکبوون و مردن و کۆچکردن) بۆیە شێوازی بیرکاری جۆراوجۆر بۆ پێوانەکردن دیاردە دیمۆگرافییەکان بەکاردێن.

تێکڕای گەشەی ساڵانە

بەم شێوەیە ئەنجام دەدرێت: 

  • ژمارەی دانیشتوان لە سەرژمێری یەکەم
  • ژمارەی دانیشتوان لە سەرژمێری دووەم 
  • ژمارەی ساڵەکانی نێوان ھەردوو سەر ژمێرییەکە
  • تێکڕای گەشەی ساڵانە 

ڕێژەی گەشەی دانیشتوان لە ڕێگای ئەم ھاوکێشەیەوە دەدۆزرێتەوە:

  • R = P1/Po - 1 × 100 ÷ T
  • R = گەشەی دانیشتوان
  • P1= کۆتا سەرژمێری دانیشتوان
  • Po = سەرژمێری پێشوو
  • T= ژمارەی ساڵەکان

قۆناغەکانی دیمۆگرافیای دانیشتوان

دیمۆگرافیازانان ئاڕاستەکانی گەشەی دانیشتوان لەسەر بنەمای (تێکڕای لە دایکبوون و مردن) بۆ سێ قۆناغی دیمۆگرافی پۆلێندەکەن کە بریتین لە قۆناغەکانی (خورت و ھێور و کفت) ھەریەکێکیش لەم قۆناغانە تایبەتمەندی تایبەت بەخۆی ھەیە کە لە یەکتریان جیادەکاتەوە، ئەو تایبەتمەندییانەش پەیوەستن بە "بەرزی و نزمی" لە دایکبوون و مردن لە ھەزاردا.

١- قۆناغی یەکەم: دیمۆگرافی سەرەتایی
تێکڕای لە دایکبوون لەم قۆناغەدا لە نێوان (٤٠ بۆ ٥٠) کەسە لە ھەزاردا، تێکڕای مردنیش بە ھەمان شێوە بەرزە لە نێوان (٣٠ بۆ ٣٥) کەسە لە ھەزاردا. کەواتە تێکڕای زیادبوون لە نێوان (١٠ بۆ ١٥) لە ھەزاردا، بەرزی تێکڕای لە دایکبوون بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ "بەرزی پێزی" (زاوزێکردنی ئافرەتان)، بە جۆرێك پێزییەکە ھێشتا لە دۆخی سروشتی خۆی دایە و نەکەوتۆتە ژێر ھۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە دەبنە ھۆکاری سەرەکی بۆ نزمبوونەوەی.

بەرزی تێکڕای مردن دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتووی ئاستی (خزمەتگوزارییە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ھۆکارە سیاسی و ئابوورییەکان) لە کۆمەڵگادا دانیشتوان لەم بارودۆخانەدا بە ھۆکاری کەمی خۆراك یان جەنگ و دووچاری کەم خۆراکی و برسییەتی دەبنەوە و بەھۆی کەمی و خراپی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیش دووچاری چەندین نەخۆشی و پەتای کوشندە دەبنەوە، بە تایبەتی لە نێوا "منداڵانی شیرخۆردا" کە لە ھەندێك شوێندا ژمارەی مردوان بەم ھۆکارە بەرزدەبێتەوە لە نێوان (٢٠٠ بۆ ٤٠٠) کەس لە ھەزاردا.

ھەموو ئەمانەش ھۆکاری سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە کۆمەڵگادا بە تایبەتی لە نێوان چینی (بەساڵاچووان و مندالان). قۆناغی دیمۆگرافی سەرەتایی بەسەر ھەموو گەلانی کۆمەڵگادا تێپەڕیووە تاکوو سەدەی (١٧) بەردەوام بووە، دواتر لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگا و تەکنەلۆجیا ئەو توانایەی جارانی نەما، تەنھا لەو شوێنانە نەبێت کە دوورە دەستن وەکوو (ناوەڕاستی ئەفریقا و ھەندێك دوورگەی باشووری ڕۆژھەڵاتی کیشوەری ئاسیا و چیای ئەندێز و دارستانەکانی ئەمریکای باشوور) کە تێکڕای مردن لەم شوێنانەدا لە سەرووی (٣٠) لە ھەزاردایە.

٢- قۆناغی دووەم - قۆناغی گواستنەوە (پەڕینەوە)
تێکڕای لە دایکبوون لەم قۆناغەدا ھاوشێوەی قۆناغی یەکەم بەرزە، بەڵام تێکڕای مردن لە قۆناغی یەکەم کەمترە بەم جۆرەش تێکڕای لە دایکبوون بەرزە و لە بەرامبەردا تێکڕای مردن نزمە. تێکڕای زیادبوونی سروشتی و ڕێژەی منداڵانی تەمەن (پێنج ساڵ) و بە تایبەتی ئەوانەی ھێشتا تەمەنیان لە ساڵێك کەمترە لەم قۆناغەدا زۆر بەرزە، ئەمەش وایکردووە کە قوچەکی تەمەن پایەکانی ژێرەوەی دوو ئەوەندەی پایەکانی سەرەوە پانتر و فراوانتر بێت، پایەکانی تەمەنیش لە خوارەوە بە ئاڕاستەی سەرەوە تەسك دەبێتەوە تا دەگاتە دەیەکی پایەیی ھەرە ژێری.

٣- قۆناغی سێیەم - قۆناغی ئارام (داکەتن) 
تێکڕای لە دایکبوون و مردن لە قۆناغی ئارام یاخود وەکوو ھەندێك نووسەر ناویان ناوە "قۆناغی کامڵ بوونی دانیشتوان" بە بەراورد بە ھەردوو قۆناغی یەکەم و دووەم زۆر کەمترە، بەم جۆرەش زیادبوونی دانیشتوان لەسەرخۆ دەبێت. لە قۆناغی "ئارام"دا تێکڕای تەمەن کردن لە سەرووی (٧٠) ساڵی و کەمی منداڵانی تەمەن بچووك نەبوونی جیاوازی لە ڕووی درێژی و کورتی پایەکانی تەمەن بەدی دەکرێت. ھۆکاری سەرەکی بۆ بوونی ئەم تایبەتمەندییانە دەگەڕێتەوە بۆ کەمی ڕێژەی لە دایکبوون درێژی تەمەنکردن و ڕوونەدانی دیاردەی دیمۆگرافی وەکوو کۆچکردنی گەورە.

جیاوازی نێوان دیمۆگرافیا و ئەسنۆگرافیا

١- ئەسنۆگرافیای دانیشتوان: ئەسنۆگرافیا لە بنەڕەتدا پێکھاتووە لە دوو وشەی لێکدراوی یۆنانی کە (ئەسنۆ) بە واتای گەل دێت (گرافیا) بە واتای وەسفکردن دێت. کەواتە، ئەسنۆگرافیای دانیشتوان بریتییە لەو زانستەی کە بایەخ بە وەسفی گەلان دەدات و باس لە ڕەگەزە سەرەکی و لاوەکییەکانی ئادەمیزاد دەکات وەکوو (باری نەتەوەییان و زمان و زاراوەکانیان و بارای ئاین و ئاینزانەکانی دانیشتوان).
٢- دیمۆگرافیای دانیشتوان: دیمۆگرافیا لە بنەڕەتدا وشەیەکی لێکدراوی یۆنانییە و لە دوو بڕگە پێکھاتووە (دیمۆس) بە واتای دانیشتوان دێت (گرافیا) بە واتای وەسفکردن دێت. کەواتە، دیمۆگرافیای دانیشتوان بریتییە لە زانستی وەسفکردنی دانیشتوان کە بایەخ دەدات بە لێکۆڵینەوە لە دانیشتوان لە ڕووی (ژمارەی گەشەکردنی دانیشتوان و جوڵەی دانیشتوان و جۆری ڕەگەز (نێر یان مێ)، پێکھاتەی تەمەن و کۆچکردنی ناوخۆیی و دەرەکی).

داھاتووی گەشەی دانیشتوانی جیھان

ژمارەی دانیشتوانی جیھان لە دوای جەنگی دووەمی جیھانی لە ئەنجامی کۆمەڵێك ھۆکار زیادیکردووە لە نێوانیاندا زیادبوونی بەرھەمی کشتوکاڵی و شۆڕشی پیشەسازی و پێشکەوتن لە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی (کۆلێرا و سیل و وەرەم) و باشتربوونی ئاستی گوزەرانی دانیشتوان و بەرەوپێشچوونی خزمەتگوزاری و تەکنەلۆجیا. ئەمانە و چەندین ھۆکاری تر بوونە مایەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، ئەگەرچی ژمارەی دانیشتوان لەسەر ئاستی کیشوەرەکانی جیھان ھەمیشە لە زیادبوون بووە، بەڵام لە ھەموو سەردەمەکان وەکوو یەك نەبووە، بۆ نموونە ژمارەی دانیشتوانی ئەفریقا لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەنجامی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە جیاتی ئەوەی زیاد بکات کەمی کردووە، بە ھەمان شێوەش لە کیشوەری ئەورووپا بە تایبەتی لە ئێرلەندا بە ھۆکاری کۆچکردنی زۆر کەمی کردووە. بە شێوەیەکی گشتی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی جیھان لە ئەنجامی کۆمەڵێك ھۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی بووە. بە گوێرەی زانیارییەکانی ھۆبەی دانیشتوان لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە سی ساڵی داھاتوودا بەم جۆرە دەبێت. (https://www.UN.org)

جوڵەی سروشتی دانیشتوان (لە دایکبوون و مردن)

مەبەست لە جوڵەی سروشتی دانیشتوان دیاردەکانی ژیانە، وەکوو لە دایکبوون و مردن و ھاوسەرگیر و جیابوونەوە، ئەمانە گشتیان بەسەر یەکەوە و ھاوشان لەگەڵ کۆچ دەبنە مایەی دابەشبوونی دانیشتوان لە ھەرناوچەیەکی جوگرافی گۆی زەوی بێت.

ڕەگەزەکانی جوڵەی سروشتی

جوڵەی سروشتی لە دوو ڕەگەزی جیاواز بە تایبەتمەندی "بیۆلۆژیان" پێکھاتووە کە یەکێکیان ئەرێنییە (لە دایکبوون +) ئەوی تریان نەرێنییە (مردن -). لێرەدا ئەرکی سەرەکی پسپۆڕان و ئەو جوگرافیازانانەی لە بواری جوگرافیای دانیشتوان کار دەکەن ھەڵبستن بە شیکردنەوەی جیاوازییە ھەرێمییەکان لە ئاستئ بەرزی و نزمی و مامناوەندی پێزی"دا لەگەڵ ئەو ھۆکارانەی بوونەتە مایەی ئەم جیاوازییانە. پێزی لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر جیاوازە، بۆ نموونە لە کۆمەڵگای سویدی و عێراقی یان ئەورووپا و ڕۆژھەڵات وەکوو یەك نییە.

بۆچی جوگرافیازانان لە ئاستی پێزی دەکۆڵنەوە؟ 

چونکە پێزی بە ھۆکارێکی گرنگ دادەنرێت کە کاردەکاتە سەر (جوڵەی دانیشتوان و تایبەتمەندییە جیاوازەکان و کێشانی نەخشەی داھاتووی بۆ دانیشتوان) بە تایبەتی لە بوارەکانی چاودێریکردنی منداڵان و دایکایەتی و پەروەردە تەندروستی و سیاسەتی دەوڵەت لە بواری پەروەردە و فێرکردن و چارەسەری تەندروستی لە ڕێگای کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان و نەخۆشخانە و ھاوشێوەکانی لە مەیدانی کاری خزمەتگوزاری و کاڵایی'دا.


سەرچاوەکان



72 بینین