ناوهڕۆك
ناساندن
بنەما مرۆییەکانی دەوڵەت (بە عەرەبی: المبادئ الإنسانية للدولة، بە ئینگلیزی: Humanitarian principles of the state). دەرامەتە مرۆییەکانی دەوڵەت گرنگی زۆریان ھەیە لە دیاریکردنی سەنگی سیاسی دەوڵەت، بنەما مرۆییەکانی دەوڵەت گرنگی و بایەخیان لە بنەما سروشتییەکانی دەوڵەت کەمتر نییە، چونکە ھەر دانیشتوانن نیشتەجێبووی سەر زەوین و بەرھەمھێن و بەکارھێنن، دەوڵەتیش لە بنەڕەتدا بۆ خزمەتکردنی دانیشتوان بەبێ جیاوازی دامەزراوە.
گرنگترین بنەما مرۆییەکانی دەوڵەت
دەوڵەت بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر سێ بنەمای مرۆیی سەرچاوەی گرتووە کە بریتین لە (وەچە و زمان و نەتەوە) ھەریەکێك لەم بنەمایانەش گرنگی و بایەخی زۆریان ھەیە بۆ دەوڵەت، ئەگەرچی ئەم بنەمایانە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی تر جیاوازن، بەڵام بە سێکوچکەی بنیات نانی دەوڵەت دادەنرێن.
١- وەچە (السلالة): ”وەچە بریتییە لەو کۆمەڵە خەڵکەی لە بنەڕەتدا دەگەڕێنەوە سەر یەك بنچینە، بەم جۆرەش لەیەك نزیکییەك لە ڕووی جەستەییەوە تێبینی دەکرێت“. هەرکاتێك باسی وەچە دەکرێت ئەوا مرۆڤ بیری بۆ ڕەنگی پێست دەچێت بەبێ گوێدانە سیفات و تایبەتمەندییەکانی تر، چونکە ڕەنگی پێست لە مرۆڤدا بە بنچینەی کێشەی ڕەگەز پەرستی دادەنرێت کە لە جیهاندا بووە بە بنچینەی جیاکردنەوەی ڕەگەزەکان.
بیرۆکەی وەچەی جیاواز (ڕەگەزی جیاواز) بە ئەندازەی مرۆڤ کۆنە، بۆ نموونە گریکییە کۆنەکان خۆیان بە باشترین و گەورەترین گەل دەزانن، فارسەکان و ڕۆمانییەکانیش بە ھەمان شێوە. لە میژووی ھاوچەرخیشدا بیرۆکەی خۆ بەزل زانی لای (ئەڵمانییاکان) سەریھەڵداوە، ڕاگەیاندنەکانی نازییەکان باسیان لە سەرداری و گەورەیی ڕەگەزی جەرمانی (نوردیان) کردووە، ھەربۆیە ھیتلەر بۆچوونی وابووە کە گەلانی ڕۆژھەڵات شایستای ژیان نین....! ئەگەر ژیاشن دەبێت وەکوو ئاژەڵ بژین. لە ئێستادا جیھان دابەشبووە بۆ سەر پێنچ کۆمەڵە کە بریتین لە:
- وەچەی ئوستڕالی لە ئۆقیانوسیا
- وەچەی کاپ لە باشووری ئەفریقا
- وەچەی قەوقاز لە ئەورووپا و باشووری ڕۆژاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقا و ناوەڕاستی ئەمریکای باکوور.
- وەچەی زنجی لە کیشوەری ئەفریقا و باشووری ڕۆژھەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوبوونەتەوە.
- وەچەی مەنغۆل لە کیشوەری ئاسیا بە تایبەتی لە باکووری ڕۆژھەڵات و باشووری ڕۆژھەڵات و ناوەڕاستی ئاسیا بڵاوبوونەتەوە.
کەواتە ھەر گەلێك لە گەلەکان لە ئەنجامی یەکگرتن و تێکەڵاوی چەند وەچەیەك دروستبوونە و لە ڕووی سیفات و تایبەتمەندییەکانیان تێکهەڵ بوونە، بۆیە زۆر دەگمەنە ئەمڕۆ وەچەیەکی پاك بدۆزرێتەوە، مەگەر لە نێوان گەلە زۆر دواکەوتووەکان و دابراوەکان نەبێت.
٢- نەتەوە: نەتەوە بە کۆمەڵە خەڵکێك دەگوترێت کە پەیوەندییەکی توند و تۆڵ بە یەکتریان ببەستێتەوە کە بەشێك لەو پەیوەندیانە بەرجەستە و بینراون وەکوو (زمان، فەرھەنگ، ئاین و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و زەوی ھاوبەش و مێژووی ھاوبەش)، بەڵام بەشێکی تر لەم پەیوەندیانە بەرجەستەنەکراون و نەبینراون وەکوو (ھەستی ھاوبەش و ھەستی نەتەوایەتی) بۆیە ئەگەر ئەم خەڵکانە لە ژێر فەرمان ڕەوایی حکوومەتێك بن و بەڕێوەبردنی زەوی بەدەستی ئەوان بێت، ئەوا دەوڵەتێکی نەتەوەیی دروست دەبێت. پێویستە چەمکی (نەتەوە) لە چەمکی (گەل) جیابکرێتەوە، بەم شێوەیە:
- نەتەوە نیشانەیەکی کۆمەڵایەتی ھاوبەشیان ھەیە کە مەبەست لێی کۆمەڵە خەڵکێکن چەندین بنەمای ھاوبەشیان ھەیە لە چوارچێوەی یەك نەتەوە، بەڵام (گەل)ێك چەند نەتەوەیەك لە خۆدەگرێت، کەواتە چەمکی نەتەوە پەیوەندی بە ڕەگەزەوە نییە.
- گەل بریتییە لەو کۆمەڵە خەڵکەی لە نێو سنووری سیاسی دەوڵەتێکدا دەژین و لە ڕووی یاساییەوە ھەڵگری ڕەگەز نامەی ئەو وڵاتەن، نموونە وەکوو گەلی عێراق و گەلی فەڕەنسا و گەلی ئەمریکا.
ھەستی نەتەوایەتی لە نێوان تاکەکاندا ھەستێکی قوڵە ڕەنگە سەردەمانێك دەوڵەت بگۆڕێت یان نەمێنێت، بەڵام نەتەوە ھەر وەکوو خۆی دەمێنێتەوە ھەستی نەتەوایەتی لە دەرونیاندا دەبوژێتەوە، ھەربۆیە دەوڵەتە نەتەوایەتییەکان پێکەوە گونجاو بەھێزترن بە بەراورد بە دەوڵەتانی تر.
٣- زمان: ھۆکارێکە بۆ لەیەك تێگەیشتن و پێکەوە بەستنەوەی نەتەوەیەك، بە ڕەگەزێکی گرنگی یەکێتی نەتەوایەتی دادەنرێت. ئەوەی گەلانی جیھان لەیەکتر جیادەکاتەوە بریتییە لە (زمان) کە ھەر گەلێك زمان و لەھجەیەکی تایبەت بەخۆی ھەیە بۆ ئاخاوتن. زمان گرنگترین ھۆکارە لە نێوان دانیشتوانی وڵاتان زۆر جار جیاوازی زمان لە دەوڵەتێك و نەتەوەیەك دەبێتە ھۆی دروستبوونی ناکۆکی جیاوازی نێوان دانیشتوان، لە ئێستادا دانیشتوانی جیھان بە نزیکەیی (٣٠٠٠) زمان قسە دەکەن، ھەندێك لەم زمانانە بە سەدان ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن وەکوو نەتەوەی ئینگلیزەکان و چینییەکان.
پۆلێنکردنی زمانە جیھانییەکان لە ڕووی قسەکردنەوە
زمانەکانی جیھان لە ڕووی قسەکردنەوە پۆلێندەکرێن بۆ چوار کۆمەڵەی جیاواز کە بریتین لە:
١- ھەندێك زمان ھەن کە چەند دەوڵەتێك قسەی پێدەکەن وەکوو زمانی (ئینگلیزی، ئیسپانی، فەڕەنسی، پورتوگالی و ئەڵمانی و عەرەبی).
٢- ھەندێك زمان ھەن کە تەنھا یەك دەوڵەت بەکاریان دێنێت، وەکوو زمانی (پۆڵەندی و ژاپۆنی و ئایسلەندی).
٣- ھەندێك دەوڵەت ھەن کە بە چەند زمانێك قسەدەکەن، وەکوو (ھیندستان و ڕووسیا و بەلجیکا).
٤- ھەندێك زمان لە دوو دەوڵەت یان زیاتر بەکاردێن، وەکوو زمانە کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە گرنگترین ئەو زمانانەش (زمانی کوردی لە باکووری عێراق واتە کوردستانی باشوور، باکوور و ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوای کوردستان).
لە ڕووی قسە کردنەوە زمانی چینی بە یەکەمین زمان دادەنرێت کە زۆرترین کەس لەو وڵاتە و ھەندێك لە وڵاتانی دەورووبەری قسەی پێدەکەن و لە دوای زمانی چینی زمانی ئینگلیزی لە ڕیزبەندی پلەی دووەم دێت کە زۆرترین کەس لە جیھان قسەی پێدەکەن و لە زۆبەی وڵاتان بووە بە زمانی فەرمی، دواتر ھەریەك لە زمانەکانی عەرەبی و ڕووسی لە ڕیزبەندی پلەی سێیەم و چوارەم دێن لە ڕووی قسەپێکردنەوە.
پێکھاتەکانی دانیشتوان
لێکۆڵینەوە لە پێکھاتەی دانیشتوانی دەوڵەت لە ھەموو بارودۆخێکدا گونجاو نییە بۆ دەستنیشانکردنی ھێز و تواناکانی دانیشتوان، ھەربۆیە لێکۆڵینەوە لە پێکھاتەی دانیشتوان گرنگی و بایەخی زانستی خۆی ھەیە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ ئەم مەبەستەش پێکھاتەی دانیشتوان پۆلێندەکرێت بۆ دوو جۆر کە بریتین لە:
١- پێکھاتەی دیمۆگرافی (دیمۆگرافیای دانیشتوان): لە بنەڕەتدا وشەیەکی لێکدراوی یۆنانییە لە دوو بڕگە پێکھاتووە (دیمۆس) بە واتای دانیشتوان دێت (گرافیا) بە واتای وەسفکردن دێت.
کەواتە پێکھاتەی دیمۆگرافی یان (دیمۆگرافیای دانیشتوان) ”بریتییە لە زانستی وەسفکردنی دانیشتوان کە بایەخدەدات بە لێکۆڵینەوە لە لایەنی ژمارەی گەشەکردنی دانیشتوان و جوڵەی دانیشتوان و کۆچکردنی ناوخۆیی و دەرەکی و جۆری ڕەگەز و پێکھاتەی تەمەن“.
٢- پێکھاتەی تەمەن: مەبەست لە پێکھاتەی تەمەن پۆلێنکردنی دانیشتوانی دەوڵەتە بە گوێرەی تەمەن کە پۆلێندەکرێت بۆ سێ کۆمەڵەی سەرەکی کە بریتین لە:
- کۆمەڵەی یەکەم ئەم کۆمەڵەیە لە تەمەنی (یەك ساڵی دەستپێدەکات تاکوو دەگاتە تەمەنی خوار ١٥ ساڵی) ئەم کۆمەڵەیە لە نێو کۆمەڵگادا بە چینی (مشەخۆر) دادەنرێت، بەھۆکاری بچووکی تەمەن و لاوازیان ناتوانن کاربکەن و بژێوی ژیان بۆخۆیان دابین بکەن، بۆیە دەبێت خێزانەکانیان بەخێویان بکەن.
- کۆمەڵەی دووەم لە تەمەنی (سەروو ١٥ ساڵی دەستپێدەکات تاکوو دەگاتە تەمەنی ٦٤ ساڵی) ئەم کۆمەڵەیە بە ھێزی کار بۆ دەوڵەت دادەنرێن، چونکە زۆرینەیان گەنج و توانای کارکردن و خۆبژێویان ھەیە.
- کۆمەڵەی سێیەم (سەروو تەمەنی ٦٥ ساڵی دەگرێتەوە) ئەم کۆمەڵەیە ھاوشێوەی کۆمەڵەی یەکەم بە چینی مشەخۆر دادەنرێت، چونکە مرۆڤ لەم تەمەندا دووچاری چەندین نەخۆشی دەبێتەوە و توانای کارکردن و خۆبژێویان نامێنێت، بۆیە دەبێت خێزانەکانیان ئەرکی بەخێوکردنیان بگرنە ئەستۆ.
ئەگەر لە کۆمەڵەی یەکەم ڕێژەی لە دایکبوون بەرز بوو مانای بەرزی ڕێژەی منداڵ دەنوێنێت، کەواتە کاریگەری دەبێت لە داھاتوودا بۆ دابینکردنی دەستی کار و سوپا، بەڵام ئەگەر لە کۆمەڵەی دووەم ڕێژەی گەنج و لاو زۆر بوو ئەوا بە بنەمای ھێزی دەوڵەت دادەنرێت، چونکە ئەم کۆمەڵەیە بۆ دەوڵەت دەستی کار و سوپا پێکدێنێت لە ھەمان کاتدا ئەرکی بەخێوکردن و بەڕێوەبردنی (کۆمەڵەی یەکەم و کۆمەڵەی سێیەم) زۆربەی کات دەکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵەی دووەم.
سەبارەت بە کۆمەڵەی سێیەم کە کۆمەڵەی بەساڵاچووان و بەتەمەنەکان دەگرێتەوە، ئەگەر چی ڕێژەی ئەم کۆمەڵەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بۆ نموونە ڕێژەی بەساڵاچوان لە ئەورووپا زیاترە بە تایبەتی لە بەشی باکووری ڕۆژاوا، بەم جۆرەش کاریگەری لەسەر ئەنجامدانی چالاکییە ئابوورییەکان و خستنەوەی وەچە دروستکردووە، کەچی ڕێژەی گەشەسەندنی دانیشتوان لە ھەندێك وڵاتی وەکوو دانیماڕک لە (٠,٠٣٪) تێپەڕناکات.
٣- پێکھاتەی جۆری: مەبەست لە پێکھاتەی جۆری دابەشبوونی دانیشتوانە بە گوێرەی ھەردوو ڕەگەزی (نێر و مێ)، ئەگەر چی پێکھاتەی جۆری لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا لە دۆخی سروشتی ڕێژەی لە دایکبوونی ڕەگەزی نێر زیاترە لە ڕەگەزی مێ ئەم ڕێژەیەش ھەڵبەز و دابەزی زۆری تیایە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، بە جۆرێك لە ھەندێك شوێن ڕێژەکەی (١٠٧) نێر بەرامبەر (١٠٠) مێیە، لە ھەندێك کۆمەڵگا نزم دەبێتەوە بۆ (١٠٣ بۆ ١٠٥) نێر بەرامبەر بە (١٠٠) مێ.
لە ھەندێك ھۆکاری وەکوو (فیسۆلۆجی) کە توانای ڕەگەزی مێینە لە بەرگەگرتن ڕێژەکە یەکسان یان نزیك یەك دەبنەوە جگە لەمەش ھەندێك ھۆکاری تر وەکوو ھۆکارە (ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی و جەنگییەکان) کاریگەری زۆریان لەسەر ئەم ڕێژەیە دروستکردووە، بە جۆرێك لە ھەندێك کۆمەڵگادا بە ھۆکاری بوونی جەنگ ڕێژەی ڕەگەزی نێرینە (٦٠٪ بۆ ٧٠٪) کەم دەبێتەوە، بەرامبەر بە (١٠٠٪) ڕەگەزی مێینە. ھەریەك لە ڕەگەزی نێر و مێ گرنگی زۆریان ھەیە بۆ دەوڵەت، بە تایبەتی لە ڕووی سەربازی و ئابووری و سیاسییەوە.
گرنگی پێکھاتەی جۆری
١- گرنگی پێکھاتەی جۆری لە ڕووی سەربازییەوە:
زۆربەی دەوڵەتانی جیھان لەگەڵ ھەموو ئەو پێشکەوتنانەی لە بوارە جیاجیاکانی چەك و تەقەمەنی بە خۆیانەوە بینیووە، بەڵام بۆ دروستکردنی سوپا و ھێزی سەربازی پێویستیان بە ڕەگەزی نێر ھەیە کە زۆررینەی ھێزە تایبەتییەکانی جیھان و سوپا تایبەتەکانی جیھان بەشی زۆری سەربازەکانیان لە ڕەگەزی نێرینەن، ئەگەر چی لە ئێستادا ڕەگەزی مێینەش لە نێو ھەندێك لە سوپا و ھێزە سەربازییەکانی جیھان بوونیان ھەیە وەکوو ھێزەکانی (ئیسڕائیل و ئەمریکا و ڕووسیا)، بەڵام ژمارەیان کەمترە بە بەراورد بە ڕەگەزی نێرینە. ئەگەر چی ڕۆڵی ڕەگەزی مێینەش کەم نییە لە کۆمەڵگا، بە تایبەتی بۆ وەچە نانەوە، کەواتە ھەردوو ڕەگەز تەواوکەری یەکترن.
٢- گرنگی پێکھاتەی جۆری لە ڕووی ئابوورییەوە:
لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ ژنان بە بەراورد بە سەدەکانی ڕابردوو لە بوارە جیاجیاکانی ژیان کار دەکەن شان بە شانی پیاوان، بەڵام تاکوو ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەم بەژداریکردنە بە ڕێژەی (١٠٠٪) نییە، چونکە ھەندێك کار و پیشە هەن کە قوڕسە ژنان لە ڕووی جەستەییەوە بتوانن ئەنجامی بدەن، وەکوو چالاکییە پیشەسازییەکان (ئاسن و پۆڵا) و چالاکییە کشتوکاڵییەکان جگە لەو کارانە نەبێت کە پشت بە ھێزی بازوو دەبەستن.
٣- گرنگی پێکھاتەی جۆری لە ڕووی سیاسییەوە:
ئەگەر چی جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لە ڕووی بیرکردنەوە لە نێوان پیاوان و ژنان، بەڵام ھەندێك لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی لە وڵاتانی (ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) بەژداریکردنی ژنان تا ئەمڕۆ لە کاروبارە سیاسییەکان وەکوو پێویست نییە، بەڵام دەتوانرێت لەم وڵاتانە لە ڕێگای ھۆشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی سوود لە تواناکانی ژنان وەربگیردرێت.
٤- پێکھاتەی ئەسنۆگرافی (ئەسنۆگرافیای دانیشتوان): وشەی ئەسنۆگرافی لە بنەڕەتدا وشەیەکی یۆنانی لێکدراوە لە دوو بڕگە پێکھاتووە (ئەسنۆ) بە واتای گەل دێت (گرافیا) بە واتای وەسفکردن دێت، کەواتە ئەسنۆگرافی دانیشتوان یان (پێکھاتەی ئەسنۆگرافی) ”بریتییە لەو زانستەی وەسفی گەلان دەکات و بایەخ دەدات بە لێکۆڵینەوە لە ڕەگەزە سەرەکی و لاوەکییەکانی ئادەمیزاد و باری نەتەوایەتییان و زمان و زاراوەکانیان و باری ئاینی و ئاینزانەکانی دانیشتوان“.
٥- پێکھاتەی نەتەوەیی: نەتەوە بە کۆمەڵە خەڵکێك دەگووترێت کە بوونی چەند پەیوەندییەکی ھاوبەش بە یەکتریان دەبەستێتەوە، وەکوو (زمان و ئاین و مێژوو و زەوی) لە ئەمڕۆدا کەم دەوڵەت ھەن کە لەیەک نەتەوە پێك بێن. ھۆکاری سەرەکی بۆ بوونی چەند نەتەوەیەکی جیاواز لە یەك دەوڵەتدا دەگەڕێتەوە بۆ:
- دەستنیشانکردنی سنووری نێوان دەوڵەتان بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە داگیر کراون لەکاتی دابەشکردنیان ڕەچاوی بارودۆخی نەتەوە ناکرێت، بۆیە بەشێك لە نەتەوەیەك بەر خاکی وڵاتێکی تر دەکەوێت کە لە ڕووی نەتەوەوە جیاوازە.
- ھەندێك لە وڵاتانی جیھان لە قۆناغێك لە قۆناغەکانی مێژوودا داگیر کراون، لەم کاتەشدا وڵاتی داگیرکەر بۆ ڕاپەڕاندنی کار و بارەکانی خۆیان و بڵاوە پێکردنی زمان و داب و نەریت و کلتوورەکەیان کۆمەڵێك خەڵك ڕەوانەی ئەو وڵاتە داگیرکراوانە دەکەن. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئەم ژمارەیە ڕوو لە زیادبوون دەکات و دواتر لەگەڵ نەمانی قۆناغی داگیرکاری ئەم خەڵکانە لە دوای خۆیان جێدەھێڵن، بەم جۆرەش ئەم دەوڵەتە دەبێت بە پێکھاتەی نەتەوەیی جیاواز.
- بە ھۆکاری بوونی کۆچکردنەوە بە تاك بێت یان بە کۆمەڵ، بە تایبەتی ئەو کۆچکردنە گەورانەی لە سەدەکانی ڕابردوودا بە ھۆکاری سیاسی و جەنگ و داگیرکاری ئەنجام دراون، بووە بە جیاوازی لە پێکھاتەی نەتەوەیی بۆ ئەو شوێنەی کە کۆچیان بۆ کردووە.
بوونی جیاوازی لە پێکھاتەی نەتەوەیی لەجەستەی دەوڵەتدا زۆر جار دەبێتە ھۆی دروستبوونی کێشە، بە تایبەتی ئەگەر نەتەوەیەکی بچووك لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا ھەستیکرد مافەکانی لێزەوتکراوە و زۆرداری لەگەڵ دەکرێت و دەچەوسێنرێتەوە، ئەوا لەم حاڵەتەدا ئەو نەتەوەیە کاردەکات بۆ تۆڵەکردنەوەی خۆی بەپێی تێپەڕبوونی کات لە ڕێگای ھەڵگیرساندنی دەنگی ناڕازی و خەبات و شۆڕش و بە گژ نەتەوەکانی تر دادەچنەوە.
دروستبوونی ئەم بارودۆخەش دەبێتە مایەی ناسەقامگیری ئارامی و ئاسایشی دەوڵەت و کاریگەر لەسەر کەرتەکانی تریش دروستدەکات. نموونە وەکوو وڵاتی عێراق کە چەندین نەتەوەی جیاوازی تیادا دەژین (عەرەب، کورد، تورکمان و کلد و ئاشوور) ئەمەش بوتە نائارامی سیاسی و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە عێراق، کەچی وڵاتانی وەکوو (ئوردن و سعودیە) تەنھا لەیەك نەتەوە پێکھاتوون، بۆیە زیاتر ئەمن و ئاسایش لە نێو ئەو وڵاتانەدا بەرقرارە. لەم ڕوانگەیەوە نەتەوە لە ڕووی پێکھاتەوە پۆلێندەکرێت بۆ سێ جۆر کە بریتین لە:
١- جۆری ساکار
ئەم جۆرە نەتەوەیە زۆر بەربڵاوە، مەبەستیش لە ساکاری ڕێژەیە نەك ڕەھایی، لەم جۆرە پڕۆسەیەدا سەرەڕای تێکەڵاوی چەند نەتەوەیەك لەگەڵ یەکتر، بەڵام نەتەوەکان بە تەواوەتی ئاوێتەی یەکتر بوونە و ماوەیەکی دوور و درێژ بەسەریاندا تێپەڕیووە، بۆ نموونە (نەتەوەی فەڕەنسییەکان) ئاوێتەیەکن لەگەڵ (کلیتی و ئوردی و دەریای ناوەڕاست)، بەڵام لە ئێستادا ھیچ جیاوازییەك و ناکۆییەك لە نێوانیان بوونی نییە.
٢- جۆری سارێژ بوو
لەم جۆرە نەتەوەیەدا ھێشتا کۆمەڵە مرۆییەکان تێکەڵی یەکتر نەبوونە و پڕۆسەی ئاوێتەبوون نەھاتۆتە کایەوە، نەتەوەکانی جیھانی نوێ نموونەیەکن بۆ ئەم جۆرە.
٣- جۆری ئاوێتە
ئەم جۆرە نەتەوانە لە نێو ئەو دەوڵەتانە دەبینرێن کە ھێشتا لە ڕووی نەتەوایەتییەوە پێنەگەیشتوون، واتە ڕەگەزەکان تێکەڵی یەکتر نەبوونە بەم جۆرەش ھەر نەتەوەیەك پارێزگاری لە کەسایەتی نەتەوایەتی خۆی دەکات بوونی ئەم جۆرە بارودۆخە بۆ دەوڵەت مەترسیدارە، چونکە دەبێتە مایەی لاوازی و بێھێزبوونی دەوڵەت، نموونە وەکوو بارودۆخی دەوڵەتی ڕابردووی یۆگۆسلافیای جاران.
٦- پێکھاتەی ئاینی: جۆراوجۆربوونی ئایین و ئاینزانەکان لە دەوڵەتێکدا زۆربەی کات دەبێتە مایەی ناسەقامگیری و ئەمن و ئاسایشی دەوڵەت، ئەگەرچی (ئایین) مایەی ئاسوودەی و ئارامی ڕۆحە، بەڵام زۆر جاریش دەبێتە ھۆکاری کێشە و قەیرانە ئابوورییەکان شەڕی ناوخۆیی ئەمەش وادەکات کێشەکان زیاتر گەشە بکەن لە نێوخۆی دەوڵەتدا، بەتایبەتی ئەگەر دەستی دەرەکی و لایەنی دەرەکی ھاندەری گروپێك و تاقمێکی ئاینی بێت. ھۆکاری سەرەکی بۆ جیاوازی ئاینی و جۆراوجۆربوونی ئایین لە ناو یەك دەوڵەت دەگەڕێتەوە بۆ:
- ھۆکاری داگیرکاری کاتێك سوپای ئاینێکی جیاواز وڵاتێك یان بەشێك لە وڵاتێك داگیر دەکات، ئەمەش دەبێتە مایەی جیاوازی ئاینی.
- کۆچکردن بە تاکوو بە کۆمەڵ، بە تایبەتیش کۆچی دەرەکی.
- بانگەشەکردن بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی ئایین، کە ھەندێك لە شوێن کەوتووانی ئاینەکان پەیڕەوی دەکەن.
- دیاریکردنی سنووری سیاسی نێوان دەوڵەتان، بەجۆرێك کە بەشێك لە ئاینێك بەر دەوڵەتێکی تر دەکەوێت کە لە ڕووی ئاینەوە جیاوازە.
لە ڕۆژگاری ئیمڕۆماندا ئەگەر چی تووند ڕەوی ئاینی و دەمارگیری بە ئەندازەی ساڵانی ڕابردوو نییە، بەڵام لە ھەمان کاتدا کاریگەری لەسەر زۆربەی وڵاتان ماوەتەوە بووە بە مایەی گرفت و سەر ئێشە بۆ دەوڵەتەکان زۆربەی کاتیش داوڵەت پیلکێش دەکات بۆ جەنگی ناوخۆیی و گروپە ئاینییە توند ڕەوەکان، بەم جۆرەش کاریگەر ڕاستەوخۆی لەسەر ئەمن و ئاسایشی وڵات جێدێڵێت و کاریگەری گەورەشی دەبێت لەسەر کەرتی ئابووری و بە تایبەتی کەرتی (پیشەسازی و گەشت و گوزار کشتوکاڵ و خزمەتگوزاری). نموونەی ئەو وڵاتانەی کێشەی ئاینیان ھەیە وەکوو:
- وڵاتی (لوبنان) کێشەی ئاینی نێوان مەسیحی و شیعە و سونەکان
- وڵاتی عێراق کێشەی ئاینی نێوان مەزھەبەکان وەکوو (شیعە و سونە)
- وڵاتی فەڵەستین کێشەی ئاینی نێوان موسڵمانان و جولەکەکان
- وڵاتی ئیرلەندا کێشەی ئاینی نێوان خودی مەسیحییەکان (کاسۆلیك و پرۆستاتەکان)
- وڵاتی کشمیر کێشەی ئاینی نێوان موسڵمان و ھیندۆسەکان
- قوبرس کێشەی ئاینی نێوان موسڵمان و مەسیحییەکان