خاوەندارێتی کشتوکاڵ و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-19-00:26:00 - کۆدی بابەت: 3432
خاوەندارێتی کشتوکاڵ و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکان

ناوه‌ڕۆك

خاوەندارێتی کشتوکاڵ واتای چییە؟

مەبەست لەو ڕاستیانەیە کە چۆنێتی پەیوەندی بەرهەمهێن ڕوون دەکاتەوە بە زەوی و پەیوەندییەکانی ئەوانەی کار دەکەن بۆ وەبەرهێنانی، قەبارەی کێڵگە و خاوەندارێتییەکەی ئەو جۆرە پەیوەندییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. لەبەر ئەوە ناساندنی، یارمەتی دەرخستنی زۆر لەو ڕاستییانە دەدات کە پەیوەندییان هەیە بە چالاکی کشتوکاڵەوە، ئەم ڕاستییەش لە پێناسە کردنی کێڵگەوە هەست پێ دەکرێت.

ڕێکخراوی خواردن و کشتوکڵ دەوڵەتان بەو چاوە سەیری کێڵگە دەکات کە خاوەندارێتی پارچە زەوییەکی کشتوکاڵییە و بەم جۆرە پێناسەی دەکات، خاوەندارێتی زەوی یان کێڵگە ڕووبەرێکە لە زەوی کە سەراپا یان بەشێکی بەکاردەهێنرێت بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ و کاروباری هونەری و بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوە دەچێت وەک یەکەیەکی کشتوکاڵی لە لایەن تاکە کەسێکەوە یان چەند کەسانێکی کە بەکاردەهێنرێت بێ ئەوەی بایەخ بدرێتە خاوەندارێتی کشتوکاڵ یان قەوارەی یاسا یان فراوانی یاخود شوێنەکەی، هەروەها خاوەندارێتی کشتوکاڵ بەو دامەزراوە بەرهەمداریانەش دەوترێت کە ئاژەڵی تێدا بەخێو دەکرێت یان بەروبوونی ئاژەڵی تێدا بەرهەم دەهێنرێت، ئەم پێناسەیە گرنگی کێڵگە نیشان دەدات وەک یەکەیەکی بەرهەمداری، هەروەها نیشانەیەکی کۆمەڵایەتیشە.

کێڵگە بچووکەکان زۆر بە ئاسانی لە کێڵە گەورەکا جیادەکرێنەوە لە ڕووی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە، لە یەکەمیاندا پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خێزانی، سروشتی بچووکی کێڵگەکە دەیسەپێنێت کە بواری ئەندامانی خێزانەکە دەدات بۆ بەجێهێنانی پێویستییەکانی کاری کێڵگەکە، لە کاتێکدا لە جۆری دوومدا ئەم پەیوەندیانە لەسەر بنچینەی جیاواز پێشدەکەون کە بنەماکەی پەیوەندی کرێکارە بە خاوەن کارەوە، و لەم یەکە کشتوکاڵییانەشدا کرێکاری زۆر دەبێت بۆ بەجێهێنانی پێویستییەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ، لەگەڵ بەکارهێنانی مەکینەدا بە شێوەیەکی فراوان لەم جۆرە کێڵگانەدا زۆر لە گوندنشینەکان بێ بەشن لەوە زەوی کشتوکاڵیان هەبێت بە تایبەتی لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا کار دەکاتە سەر باری کۆمەڵایەتییان لە لایەن شوێن و پەیوەندی کۆمەڵایەتییانەوە، بەلام لە لایەن خاوەندارێتی کشتوکاڵییەوە ئەو خاسییەتە کۆمەڵایەتییانە دەردەخات کە بەگوێرەی جۆرەکانی جیاوازن و چەند شێوەیەکی جیاوازیش وەردەگرێت، وەک ئەوەی کە بۆ هەموو ئەندامانی خێڵەکە بشێت و ئەو ناوچانەش دیاردەی دورکەوتنی کشتوکاڵیان پێوە دیارە. هەندێک جار شێوەی خاوەندارێتتی تاکە کەسێک یان کیڵگەی هاوبەشی وەردەگرێت، ئەم دوو جۆرەش لە هەموو جۆرەکانی تری خاوەندارێتی باوترە، هەریەکەشیان خاسییەتی کۆمەڵایەتی دەردەخەن کە جیاوازییان ئاشکرایە. خاوەندارێتی تاکە کەسێک بە تایبەتی لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا ئەوە نیشان دەدات کە باری کۆمەڵایەتییان دواکەوتووە.

کشتوکاڵ گرفتاری ئەنجامی ئەو نەریت و بیر و باوەڕانەیە کە دەبنە کۆسپ لە ڕێی بەرەو پێشچووندا. لە جۆری فراواندا سیستمی (بەشکاری) باوە کە سیفەتێک لە سیفەتەکانی باری دواکەوتوویی کشتوکاڵ دەگەیەنێت، کشتیار هاندەری نییە پاڵی ثیوە بنێت بەرهەمی کشتوکاڵ بەرەو پێش بەرێت و بایەخ بداتە ئاو و زەوی کە سەرچآوەی کشتوکاڵن. لە کاتێکدا شێوەی هاوبەشی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە دەردەخات کە بەپێی شێوەیەکی کۆمەڵایەتی نوێ دەڕوات و بەندە بە توانا و دادپەروەری کۆمەڵایەتییەوە، ئەو گیر و گرفتە کۆمەڵایتییانەش تووڕ دەدات کە کۆسپ بوون لە ڕێی بەرەو پێشچوونی کشتوکاڵەکەدا، بەڵام کێڵگە هاوبەشەکان یەک شێوە نین، دەتوانین بڵێین گرنگترین شێوەکانی بریتییە لە کێڵگە هەرەوەزییەکان و کێڵگە کۆمەڵییەکان و کێڵگە میرییەکان.

لەم کێڵگە جیاوازانەدا بە هەموو جۆرەکانیەوە کارگەران وەک یەک کار دەکەن لە ڕەنجی بەرهەمهێنان و خاوەندارێتی بەرهەم. لەبەر ئەوە لەم جۆرە کێڵگانەدا پەیوەندی کۆمەڵایەتی جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەوەی کە باوە لە کێڵگە تاکە کەسییەکاندا کە تاڕادییەکی زۆر گیانی هەرەوەزی و سیفەتی کۆمەڵکاری تێدا نییە.


سەرچاوەکان



1375 بینین