هەڵپاچینی دار

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-06-01-17:30:00 - کۆدی بابەت: 13090
هەڵپاچینی دار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەڵپاچینی دار (بە ئینگلیزی: Pruning trees، بە عەرەبی: تقلیم الاشجار)، کاتێک لە پاییزدا گەڵای درەختەکان دەوەرێت ئەوا لق و چڵەکانیش دەردەکەون، کە پێشووتر بە ژمارەیەکی زۆری گەڵاکان داپۆشرابوون، لەم وەرزەدا باخەوانەکان دەتوانن بە ئاشکرا ببینن کە کام لق و چڵی دارەکانیان پێویستی بە لێکردنەوە و لابردن هەیە.

هەرچەندە دار و درەختەکان بە شێوەیەکی سروشتی و بەبێ هەڵپاچینیش گەشەیەکی گونجاو دەکەن، بەڵام هەڵپاچین دەبێتە هۆی بەهێزکردن و زیادکردنی ماوەی ژیانکردنیان، باشترین داریش بۆ مەشقکردن لەسەر شێوازی هەڵپاچین، داری میوەکانە چونکە بە ئامێری سادە هەڵدەپاچرێن، لەهەمان کاتدا بە ئاسانی شێوازی هەڵپاچین وەردەگرن و چرۆدەکەنەوە.

گرنگی هەڵپاچین

  • باشکردنی تەندروستی دار: کاتێک ڕووەکێک هەڵدەپاچرێت بەمەبەستی باشکردنی تەندروستی، ئەوا سەرنج دەخرێتە سەر لێکردنەوەی ئەو لق و چڵانەی کە مردوو و ڕزیون یاخود نەخۆشن، دوای لابردنیان ئاڵۆگۆڕی هەوا و گەشتنی تیشکی خۆر بە جێگەکانیان زیاد دەکات و ئاسان دەبێت، ئەمەش ڕێگریدەکات لە تووشبوونی بە هەندێک جۆری نەخۆشی.
  • هەڵپاچینی قەدەکەی بۆ پارێزگاری لە هەموو چڵەکان: کاتێک لە بنەوە دارێک چەند لقێکی بچووکی لێدەبێتەوە، ئەوا پێویستە زیادەکان لاببرێن چونکە ئەوانە ئاو و ماددەی خۆراکی خاکەکە بەکاردەهێنن، دواتر گواستنەوەی ئەو ماددانە بۆ چڵەکانی سەرەوە ناڕێك و نایەکسان دەبێت، پێویستە باخەوانەکە دارەکەی بە جۆرێک هەڵبپاچێت کە تەنها یەک قەدی ئەستوور بمێنێتەوە. قەدە ئەستوورەکە دەبێتە سەرکردە و بەشی سەرەکی، لە ڕێگەیەوە ماددە خۆراکییەکان بۆ هەموو بەشەکانی دارەکە دەگوازرێتەوە، بەو شێوەیە تەواوی درەختەکە گەشەی باش دەکات.  
  • پێدانی شێوەیەکی جوان: کاتێک کەسێک بە ئارەزووی خۆی دارێک هەڵدەپاچێت، ئەگەر لێهاتووبێت ئەوا دەتوانێت شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش بدات بە دارەکە، دوای هەڵپاچینیش ئەگەر جۆرە دارێکی بەرداربێت ئەوا هانی گوڵگرتن و بەرگرتنێکی ڕێکخراو دەدات.
  • پاراستنی ئارامی جێگەکە: کاتێک دارێک لق و چڵی زۆر دروستدەکات، ئەوا دەبێتە هۆی مەترسی بۆ منداڵ و کەسانی جێگەکە، چونکە ئەگەر درێژبێتەوە بۆ خوارەوە لەوانەیە بەرکەوتنی هەبێت لەگەڵ خەڵکیدا، یان لە کاتی هەبوونی با و ڕەشەبای بەهێزدا، کە ئەگەر دارەکان هەڵنەپاچرێن ئەوا بەشی سەرەوەیان قورسدەبێت و ئەگەری شکانەوەیان هەیە، شکانەوەی ئەو دارانەش لەکاتی با و ڕەشەبادا لەوانەیە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ماڵ و خانوەکان، یان ئەگەر ڕووەکی بچووکتری لەتەنیشتبێت ئەوا زیانیان پێدەگەیەنێت.

هەنگاوەکانی هەڵپاچین

  • کاتێک چڵێک لێدەکرێتەوە سەرەتا پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە ئەو لێکردنەوە دەبێتە هۆی گەشەکردنی لقی نوێ، لەبەر ئەمەش دەبێت لە شوێنێکدا لێبکرێتەوە کە کاتێک چڵی نوێ دروستبوو بەهەمان ئاڕاستە و بەرەو دەرەوەی دارەکە گەشەبکات.
  • لێکردنەوە و بڕینەکە کەمێک لە دووری خاڵی گەشەکردنی لقەکە بێت.
  • بڕینەکە بە گۆشەی ٤٥ پلەبێت بۆ ئەوەی ڕێگریبکات لەوەی کە ئاو زیانی پێبگەیەنێت و تووشی نەخۆشی بکات.
  • ئەگەر دارەکە تەنکبکرێتەوە ئەوا پێویستە تەنها ١٠-٢٠% ی کۆتایی چڵەکان لێبکرێنەوە.

کاتی گونجاو بۆ هەڵپاچین

زۆرینەی دارەکان هەر لەسەرەتای چاندنەوە پێویستیان بە لابردنی هەموو گەڵا و لق و چڵێکە کە نەخۆش و لاوازبێت، دواتر باشترە ساڵانە دارەکان هەڵبپاچرێن، ئەمە وادەکات لەکاتی هەڵپاچینیدا کارەکە ئاسانبێت و دارەکەش فشاری گەورەی لەسەر نابێت بۆ گەشەکردن، بەڵام هەڵپاچین بە مەبەستی پێدانی شێوەیەکی جوان نابێت لە سەرەتای چاندنەوە ئەنجامبدرێت، بەڵکو پێویستە ساڵێک بەسەر تەمەنیدا تێبپەڕێت دواتر بخرێتە سەر شێوەی دڵخوازی باخەوانەکەی.

لابردنی لقە بچووکەکان لە هەموو وەرزەکاندا ئاساییە، بەڵام هەڵپاچینی تەواوی دارێک باشتر وایە لە ناوەڕاست یاخود کۆتایی زستاندا ئەنجام بدرێت، چونکە ئەو جێگانە کاتێک پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و کەشوهەوا گەرم دەبێت چەکەرەدەکەن و سوود دەگەیەنن بە دارەکە، بەڵام ئەگەر لە پاییزدا هەڵپاچین ئەنجامبدرێت و پلەی گەرما نزم نەبێت، واتە کەشوهەواکەی گەرمبێت ئەوا لقەکان چرۆدەکەن، دواتر ئاسانکاریدەکەن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی و لە هاتنی زستانیشدا زیانیان پێدەگات، چونکە چرۆ بچووکەکان بەرگەی سەرمای زستان ناگرن.

جگە لە ئەمانەش هەڵپاچینی دارێک کە گوڵبگرێت بە گوێرەی کاتی خونچەکردنی دەگۆڕێت، ئەو دارە گوڵدارانەی کە خونچەکردنیان لە سەرەتاوەیە، نابێت هەڵبپاچرێت هەتاکوو هەموو خونچەکانی نەکرێتەوە، چونکە ئەو جۆرە دارانە لەسەر لقە نوێیەکان گوڵ دەگرن کە ساڵی پێشوو گەشەیکردووە، بۆ نموونە داری قەیسی، واتە پێویستە باخەوانەکە چاوەڕوانبێت هەتاکوو هەموو خونچەکان دەردەکەون دواتر دارەکە هەڵبپاچێت، بەڵام ئەو دارە گوڵدارانەی کە خونچەکردنیان درەنگترە و لە بەهاردایە، دەکرێت لە زستاندا هەڵبپاچرێت، چونکە ئەم جۆرانە لەسەر چڵە نوێیەکان گوڵدەگرن و پەیوەندی نییە بە چڵەکانی ساڵی رابردووی، نموونەی ئەو جۆرە دارانەش وەک داری گۆیژ.


سەرچاوەکان



63 بینین