ناوهڕۆك
ناساندن
چاندنی زەردەچەوە (بە ئینگلیزی: planting turmeric، بە عەرەبی: زراعة الکرکم)، ڕووەکێکی خولگەییە و لە خێزانی زەنجەفیلدا پۆلێنکراوە، لە خوارەوەیدا چڵێکی ژێرزەوی هەیە کە شیاوی خواردنە و بەکاردێت، هاوشێوەی زەنجەفیل تامێکی توونی هەیە و خاڵێکی تری هاوبەشیان هەبوونی گوڵێکی سەرنجڕاکێشە، کە لە ڕاستیدا گوڵ نییە و تاج گەڵایە، بە واتای ئەو گەڵا بچووکە دێت کە لە ژێر گوڵەوە دروستدەبێت، ئەمەش وایکردووە جگە لە ئەوەی زەردەچەوە بۆ خواردن بەکاردێت بۆ چاندن و بەمەبەستی جوانکاریش لە باخچەکاندا دەچێنرێت.
لە وەرزی هاویندا گوڵ دەگرێت و ڕەنگی گوڵەکەشی دەکرێت هەریەک لە سوور، سپی، سەوز، پەمەیی، زەرد یاخود تێکەڵەی دوو ڕەنگبێت، نشینگە بنەڕەتییەکەی وڵاتەکانی هیندستان و مالیزیایە، دەکرێت زەردەچەوە ڕووبەڕووی کرمە لیقە و هەندێک جۆری مێرووەکان ببێتەوە، کرمەکان بۆ خواردنی گەڵا بچووکەکان دەچن و مێرووەکانیش کاتێک دروستدەبن کە زەوییەکە وشکبێت، بۆ هەردوو دۆخەکە دەبێت دەرمانی تایبەتییان بۆ بەکاربهێنرێت، یاخود هەندێکجار تووشی نەخۆشی جیاوازتردەبێتەوە بۆیە پێویستە چاودێری بکرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ بکرێت.
هەنگاوەکانی چاندن
- لە ناوچە ئاووهەوا مامناوەندەکاندا دەکرێت لە سەرەتای بەهاردا بچێنرێت، دواتر وەرزێکی گەشەکردنی درێژخایەنی دەبێت و لە وەرزی پاییزدا بەرهەمی دەبێت.
- زەردەچەوە بە چاندنی خۆی دروستدەبێت، بەجۆرێک کە هەر پارچەیەکی ببڕدرێت بۆ نزیکەی ٢.٥-٧.٥ سانتیمەتر، لەهەمان کاتدا مەرجە کە گۆپکەی پێوەبێت.
- دواتر زەردەچەوەکە لە قوڵایی ٥-١٠ سانتیمەتردا دەچێنرێت، دەبێت بە جۆرێک دابنرێت کە ئاڕاستەی گۆپکەکەی بۆ سەرەوەبێت.
- مەودای نێوان چاندنەکان بگاتە نزیکەی مەترێک، چونکە دواتر کاتێک گەشەدەکات هەر بنجێک پێویستی بە مەودایەکی زۆرە.
شێوازی گرنگیپێدان
جێگەیەکی پێویستە کە بە درێژایی ڕۆژ ڕووناکی خۆری بەربکەوێت یاخود دەکرێت بەشێک لە کاتەکانیشی سێبەربێت، خاکەکەی بەپیتبێت و بە بەردەوامی بە شێداری بهێڵرێتەوە، باشترە پلەی ترشێتی خاکەکەی هاوکێشبێت واتە لە نێوان کەمێک ترش بۆ کەمێک تفت گونجاوە، لەهەمان کاتدا دەبێت جێگەکەی بە تەواوەتی ئاوی پێدابڕوات و وشکببێتەوە.
هەموو مانگێک لەوانەیە پێویست بکات کە خاکەکەی بۆ بەپیتبکرێت، ئەمەش ئەنجام دەدرێت بە زیادکردنی پەیینی گژوگیایی و پەینی کۆنی ئاژەڵی، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێت ئەو خاکە تەڕ و شێداربێت، چونکە پێویستی زەردەچەوە بۆ ئاو لە سەروو ناوەندەوەیە، بۆ نموونە کاتێک ڕەنگی گەڵاکانی دەبنە قاوەیی ئەوا واتە پێویستی بە ئاوی زیاترە، هەرکاتێک گەڵایی قاوەییش دەرکەوت دەبێت ببڕدرێت بە بەکارهێنانی ئامێرێکی تیژ و خاوێن، بەڵام زەردبوونی گەڵاکانی لە کەشی سارددا ئاساییە و بەهۆی سەرماوە ڕوودەدات.