سەوز

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-03-25-22:31:00 - کۆدی بابەت: 8044
سەوز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەنگی سەوز (بە ئینگلیزی: Green) (بە عەرەبی: أخضر) ڕەنگێکە کە لە شەبەنگی بینراودا دەکەوێتە نێوان شینی تۆخ و زەردەوە، دەرکەوتنی ئەم ڕەنگە بەهۆی ڕووناکییەکەوەیە کە دەکەوێتە نێوان درێژی شەپۆلی ٤٩٥-٥٧٠ نانۆمەتر، لە سیستمی کەم‌کردنەوەیی ڕەنگەکان کە بەکاردێت بۆ کێشان و چاپکردنی ڕەنگ، ڕەنگی سەوز بەهۆی تێکەڵکردنی ڕەنگی زەرد و شینی تۆخەوە دروست دەبێت.
لە تیۆری پێشکەوتووی ڕەنگەکاندا کە بە مۆدێلی ڕەنگی سوور و شین و سەوز (بە ئینگلیزی: RGB color model) ناسراوە، ڕووناکی سوور و شین و سەوز پێکەوە کۆدەکرێنەوە بۆ دروستکردنی ڕەنگی سپی، هەروەها ئەم سێ ڕەنگە بە شێوەی جیاواز تێکەڵ دەکرێن بۆ دروستکردنی هەر ڕەنگێکی تر، ئەم ڕێسایە بەکاردێت بۆ دروستکردنی هەموو ڕەنگەکانی شاشەی کۆمپیوتەر و تەلەفزیۆن.
گەورەترین پەیوەستی لە سروشتدا دەگەڕێتەوە بۆ کلۆرۆفیل، کە ئەو ماددە کیمیاییەیە هۆکاری ڕۆشنەپێکهاتنە لە ڕووەکەکاندا و تیشکی خۆر دەگۆڕێت بۆ وزەی کیمیایی، چەندین ماددەی خاو هەن کە ڕەنگی سەوزیان هەیە وەک زمروت کە بەهۆی بوونی کرۆمیۆم تیایدا ڕەنگی سەوزی هەیە.

مێژوو

ئەشکەوتەکانی چاخی بەردین هیچ ڕەنگێکی بۆیەی سەوزیان تێدا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام خەڵکی چاخی بەردین لە باکووری ئەورووپا بۆیەی سەوزیان دروست دەکرد بۆ جلوبەرگ، کە لە گەڵای درەختی بێتولە (درەختێکە لە چنار دەچێت) دروستیان دەکرد، ڕەنگەکەی زۆر بێ کوالیتی بوو کە زیاتر لە قاوەیی دەچوو نەک سەوز، سیرامیکەکانی میزۆپۆتامیای کۆن دەرخەری ئەوە بوون کە خەڵکی جلی سەوزی ڕوونیان لەبەر کردووە، بەڵام نەزانراوە کە چۆن ئەو ڕەنگەیان بەرهەم هێناوە.

لە زانستدا

لە زانستی بینیندا تێبینی کردنی ڕەنگی سەوز بەهۆی دانەوەی ئەو ڕووناکییەیە کە وزەی درێژی شەپۆلەکەی لەنێوان ٤٩٥-٥٧٠ نانۆمەتردایە، بینینی سەوزیی (بە پێچەوانەی پێکهاتەی سوورییەوە لە میکانیزمی بەرانبەری بینینی ڕەنگ لەلایەن مرۆڤەوە) بە ڕووناکییەک کە خانە قووچەکییەکانی چاوی مرۆڤ بە درێژی شەپۆلێکی مامناوەند هان بدات دەردەکەوێت، میکانیزمی بەرامبەر بریتییە لەو میکانیزمەی کە پێشنیازی ئەوە دەکات تێبینی کردنی ڕەنگ لەلایەن چاوی مرۆڤەوە بە چالاکی دوو سیستمی بەرانبەر یەکتر کۆنترۆڵکراوە کە بریتیین لە: میکانیزمی شین-زەرد و میکانیزمی سوور-سەوز، ئەو ڕووناکییەی کە کاردانەوەی سەوزیی زیاتر لە کاردانەوەی زەردیی و شینیی ڕەنگەکانی تر هان دەدات پێی دەوترێت سەوز.
چاوی مرۆڤ خانەی وەرگری هەیە کە پێیان دەوترێت خانەی قووچەکی کە سێ جۆری هەیە، لە هەندێک حاڵەتدا یەکێک لەو سێ جۆرە کێشەی تێدایە یان بوونی نییە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە ڕەنگ کوێری، واتە نەمانی توانا بۆ جیاکردنەوەی ڕەنگەکانی وەک سوور و زەرد لە سەوز، کە ئەم جۆرەی ڕەنگ کوێری بە ڕەنگ کوێری سوور-سەوز ناسراوە.
ڕەنگی سەوز ئارامبەخشە بۆ چاوەکان، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە ژینگەی سەوز دەتوانێت ماندوویەتی کەم بکاتەوە.

هێما و پەیوەستی

سەلامەتی و ڕێگەپێدان

ڕەنگی سەوز دەتوانێت لە گەیاندنی سەلامەتیدا بۆ بەرەوپێشچوون بەکاربێت، وەک بەکارهێنانی لە هێمای هاتوچۆدا، لە ساڵی ١٨٦٨ بەرانبەر کۆشکی پەڕلەمانی لەندەن یەکەمین هێمای هاتوچۆ کە گڵۆپی گازیی ڕەنگی سوور و سەوزی تێدابوو بەکارهات، بەڵام ساڵی دواتر تەقییەوە و بوو بەهۆی برینداربوونی ئەو پۆلیسەی کە ڕێکی دەخست.
لە ساڵی ١٩١٢ یەکەمین هێمای هاتوچۆی کارەبایی پێشکەوتوو لە ساڵی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دانرا، ڕەنگی سوور لەبەر ئەوەی خێرا لەلایەن چاوەوە تێبینی دەکرێت و پەیوەستە بە مەترسییەوە هەڵبژێردرا، لە کاتێکدا ڕەنگی سەوز لەبەر ئەوەی چاو لەگەڵ ڕەنگی سووردا تێکەڵی ناکات هەڵبژێردرا، لە سەردەمی پێشکەوتوودا ڕەنگی سەوز لە جیهاندا وەک هێمای داگیرسانی سیستمەکان و کارکردنیان دادەنرێت، لە زۆربەی یارییە ڤیدیۆییەکانیشدا ڕەنگی سەوز وەک نیشاندەری تەندروستی و تەواوکردنی کاری داواکراو دادەنرێت و سووریش وەک دەرخەری پێچەوانەکەی بەکاردێت.

سروشت و زیندووبوونەوە و ژیان

ڕەنگی سەوز بەشێوەیەکی باو پەیوەستکراوە بە سروشت و زیندووێتی و ژیانەوە، چەندین ڕێکخراوی تایبەت بە ژینگە ڕەنگی سەوزیان وەک پێناسەی خۆیان بەکارهێناوە، یەکتربڕی سەوز بەشێوەیەکی باو لە ئەورووپا وەک هێمای دەرمانسازی بەکاردێت.
لە وڵاتی چین ڕەنگی سەوز پەیوەستە بە خۆرهەڵاتن و ژیان و گەشەکردنەوە.

کاتی بەهار و نوێبوونەوە و هیوا

ڕەنگی سەوز زیاتر بە کاتی بەهار و نوێبوونەوە و هیواوە پەیوەستە، هیوا دەرخەری باوەڕ و نیشاندەری باشبوونەوەی شتەکانە دوای سەختییەکی زۆر، وەک نوێبوونەوەی گوڵەکان و ڕووەک لەدوای وەرزی زستان.
ڕەنگی سەوز زۆرجار وەک هێما بۆ تازەگەری دووبارە دروست بوونەوە و نەمری بەکاردێت.

گەنجی و ئەزموون

ڕەنگی سەوز پەیوەستە بە گەنجێتییەوە، هەروەها بەکاردێت بۆ پێناسەی کەسێکی گەنج و بە ئەزموون، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە میوەی پێنەگەیشتوو ڕەنگی سەوزە.

ئارامی و خۆڕاگری و قایلبوون

پێوەرەکان ڕەنگی سەوز وەک ڕەنگێکی پەیوەستیش بە ئارامی و ڕازیبوون و پەسەندکردنی خودی مرۆڤ و خۆڕاگری دادەنێن، سوور پەیوەستە بە گەرمی و شین پەیوەستە بە ساردییەوە و سەوز وەک دەرخەری پلەی گەرمییەکی مامناوەند دادەنرێت، سوور پەیوەستە بە وشکی و شین بە تەڕی و سەوزیش لە ئاستێکی مامناوەنددایە و پەیوەستە بە شێدارییەوە، ڕەنگی سوور چالاکترین ڕەنگ و ڕەنگی شین سسترین ڕەنگ و سەوز بەشێوەیەکی مامناوەند ڕەنگی بێلایەنی و ئارامییە، زۆرجاریش لە هونەری بیناسازی و دیزایندا بۆ ئەم مەبەستە بەکاردێت.
شین و سەوز بەیەکەوە دەرخەری گونجان و هاوسەنگین.


سەرچاوەکان



2827 بینین