پۆلیس

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-02-23:53:00 - کۆدی بابەت: 7476
پۆلیس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دارۆغە (بە ئینگلیزی: Police, بە عەرەبی: شرطة) یان هێزەکانی پۆلیس، کۆمەڵێک کەسن کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەسەڵاتیان هەیە بۆ پاراستنی موڵک و کەمکردنەوەی نائارامی مەدەنی و مسۆگەرکردنی سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتیان و ڕێگری لە تاوان. زۆرینەی کات هێزەکانی پۆلیس جیاوازن لە سوپای وڵات و ئەرکی پاراستنی ناوخۆیان هەیە، بەڵام لە هەندێک دەوڵەت جەندرمە و دێرک هەیە کە یەکەی سەربازین و لەجێی پۆلیسن.

دەسەڵاتی یاسایی پۆلیس بریتییە لە گرتن و بەکارهێنانی ئەو هێزەی کە دەوڵەت پێی بەخشیون بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تاوان و سەرەڕۆیی.

جێبەجێ کردنی یاسا بەشێکە لە ئەرکەکانی پۆلیس، لەگەڵ ئەوەی پۆلیس لە بارودۆخە جیاوازەکاندا ئەرکەکانی دەگۆڕێن، بەڵام بە گشتی هەموو ئەرکەکانی پاراستنی جێگیریی ناوخۆی دەوڵەتە لە هەر کێشەیەک. لە هەندێک لە کۆمەڵگاکان لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ و سەرەتای سەدەی ١٩، کاری سەرەکی پۆلیس لە پاراستنی هەموو ناوخۆ گۆڕا بۆ پاراستنی چینی دەسەڵاتدار و پادشاکان.

ئەوەی جێی سەرنجە هێزەکانی پۆلیس لە زۆرینەی وڵاتان کە ڕێژەی گەندەڵی تێیاندا کەمە، مۆڵگەی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی هێز و تواناکانیانن.

ئەندامانی هێزەکانی ناوخۆ دەکرێت ببنە ئەفسەری پۆلیس، سەرباز، قایمقام، پاسەوان، ئەفسەری ئاشتی یان پاسەوانی مەدەنی.

واتای وشەی پۆلیس

وشەی پۆلیس کورتکراوەی ڕستەی (Public Officer for Legal Investigation and Criminal Emergencies)، کە بە واتای (ئەفسەری گشتی بۆ لێکۆڵینەوە یاساییەکان و فریاکەوتنی تاوانەکان) دێت.

وشەی پۆلیس لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان شێوەیەکی جێگیری هەیە و لەگەڵ زمانی وڵاتەکەشدا دەنووسرێت، لە هەرێمی کوردستان هەر وشەی پۆلیس بەکاردێت و بە زمانی کوردی و ئینگلیزیش ئاماژەی پێ دەکرێت، لە وڵاتانی عەرەبیش هێزەکانی پۆلیس بە (شرطة) و تاکی پۆلیس بە (شرطي) ناودەبرێت.

وڵاتی ئێرلەندا جیاواز لە زۆرینەی وڵاتانی ئەورووپا، وشەی (Garda) بۆ پۆلیس بەکاردەهێنێت. لە زمانی کوردیشدا وشەی دارۆغەی لە بەرانبەردا بۆ بەکاردەهێنرێت، بەڵام لە زمانی گشتیدا ئەم واژەیە بەکارناهێنرێت.

یەکەی کارگێڕیی پۆلیس

وڵاتان شێوازی جیاوازیان هەیە بۆ رێکخستنی پۆلیسەکانیان، هەندێک وڵات وەک ئەفریقای باشوور، ئیرلەندا و نیوزلەندا تەنیا یەک هێزی پۆلیسیان هەیە، بەڵام زۆرینەی وڵاتان چەند هێزێکیان هەیە، فەڕەنسا دوو هێزی پۆلیسی هەیە، یەکێکیان بۆ شارەکان و ئەوی تریان بۆ ناوچە لادێییەکان، هەروەها وڵاتی چیلی دوو یەکەی پۆلیسی هەیە، یەکێکیان بۆ ئێشکگری و ئەوی تریان بۆ لێکۆڵینەوە.

هەندێک وڵات دوو ئاست یان زیاتریان هەیە لە هێزەکانی پۆلیس، بۆ نموونە، لە ئوستڕالیا و ئەڵمانیا هەر ویلایەتێک پۆلیسی تایبەتی هەیە، بەڵام یەکەیەکی دیکە هەیە کە پۆلیسی فیدراڵییە و چاودێری تەواوی ویلایەتەکان دەکات. لە کەنەدا، حکوومەتە خۆجێییەکان دەتوانن خۆیان پۆلیس بۆ خۆیان دابین بکەن، یان کارەکە بدەنە دەسەڵاتێکی گەورەتر. 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە ١٧,٠٠٠ دەزگای جێبەجێکردنی یاسای هەیە، زۆرێک لە ناوچەکان چوار ئاستی دەزگای جێبەجێکردنی یاسایان هەیە. بۆ نموونە، لۆس ئەنجلس بەشی پۆلیسی لۆس ئەنجلسی هەیە، بەڵام چەندین دەزگای تر هەن کە دەتوانن لە شارەکە کار بکەن.

ڕێژەی پۆلیس لە وڵات

لە جیهاندا، پۆلیس ڕێژەیەکی کەمن لەو کەسانەی لە وڵاتەکەدا دەژین، بە تێکڕایی لە هەر ١٠٠ هەزار کەسێک، ٣٠٣,٣ کەس پۆلیسن.

هێز

پۆلیس دەسەڵاتی جیاوازی هەیە لە ئەنجامدانی کارەکەیان، ئەم هێزانە بەپێی وڵاتەکان دەگۆڕێن، زۆربەی ئەفسەرانی پۆلیس توانای گرتنی کەسەکە و گەڕانیان هەیە لە ماڵەکەی یان لە کەلوپەلەکانیدا. زۆرینەی کات چەکەکەیان لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن، هەندێک کاتیش کەلوپەلی زیادەی وەک (چەک، باتۆن، چەکی کارەبایی یان سپرای بیبەر) هەڵدەگرن بۆ پاراستنی خۆیان و بەکارهێنانیان لەکاتی مەترسیدا. ئەو ناوچەیەی کە ئەفسەرانی پۆلیس دەتوانن ئەم دەسەڵاتانە بەکاربهێنن تێیدا پێی دەوترێت (دەسەڵاتی دادوەری). ئەگەر ئەفسەرەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری خۆیان بن، هێزێکی تری پۆلیس کە دەسەڵاتی دادوەری هەیە لە ناوچەکە دەتوانێت دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت.

لە هەندێک وڵاتی وەک بەریتانیا، نیوزلەندا، ئیرلەندا و چەند وڵاتێکی دیکە، زۆربەی ئەفسەرانی پۆلیس چەک هەڵناگرن. ئەفسەرەکان بە بەکارهێنانی ڕادیۆ پەیوەندی دەکەن کە یان لە ئۆتۆمبێل و بە جلوبەرگەکانیانەوە هەیە. 

ئەرکەکان

  • نەهێشتنی تاوان و پاراستنی هاوڵاتیان، ئەم کارە لەڕێی ئێشکگرتن بە جلوبەرگی فەرمی و ئۆتۆمبێلی فەرمی پۆلیسەوە دەکەن، بۆ ئەوەی خەڵکی لەکاتی بینینیان سڵ بکەنەوە و ئەگەر ویستێکی خراپیشیان هەبێت ئەنجامی نەدەن.
  • وەڵامدانەوەی تەلەفۆنی فریاکەوتن: پۆلیسەکان وەڵامی پەیوەندییەکان دەدەنەوە و هاوکاری ئەو کەسە دەکەن کە هانایان بۆ دەهێنێت، کاتێک کەسێک پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکات بۆ ئەوەی پێیان بڵێت تاوانێک ڕوویداوە، دەبێت زۆر بە خێرایی چەند ئەفسەرێکی پۆلیس بنێرن بۆ ئەوەی بگەنە شوێنی ڕووداوەکە و هەوڵ بدەن تاوانەکە بوەستێنن و ئەو کەسە دەستگیر بکەن کە ئەنجامی دەدات.
  • لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە: ئەمەش واتای ئەوەیە کە پۆلیس هەوڵ دەدات بزانێت کێ تاوانەکەی ئەنجامداوە و پشکنین بۆ شوێنی ڕووداو کەسایەتییەکان و کەسە نزیکەکانی ڕووداوەکە دەکات و دەگاتە ئەنجام.
  • گرتن و دەستبەسەرکردنی گومانلێکراوەکان: کاتێک پۆلیس پێی وایە کەسێک تاوانێکی کردووە پۆلیس دەستگیری دەکات و دەیباتە بنکەی پۆلیس و پرسیاری لێ دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی دیاری دەکات تاوانبار کێیە کەسی سکاڵاکەرە نەک پۆلیس، پۆلیس ناتوانێت کەسێک بەبێ تاوان لە زیندان بهێڵێتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی گومانی لەسەرە.
  • یارمەتیدان لە حاڵەتی فریاکەوتن: هێزەکانی پۆلیس لەو کێشانەی کە بە تاوان ناژمێردرێن بەشدارن، وەک ڕووداوی هاتوچۆ، ئاگرکەوتنەوە، یان برینداربوون و ونبوونی کەسێک. پۆلیس کار لەگەڵ بنکەی ئاگرکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی تەندروستی و ڕزگارکەرەکان دەکات و دەبێت یارمەتییان بدات لە چارەسەری ڕووداوە مرۆییەکە.


سەرچاوەکان



2394 بینین