پەنسلین

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-03-24-16:17:00 - کۆدی بابەت: 12291
پەنسلین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەنسلین (بە ئینگلیزی: penicillin) یەکەم دژەزیندەیی و تاکوو ئێستاش باوترین جۆری دژەزیندەییە کە دۆزرابێتەوە. بۆ چارەسەرکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە هەوکردنەکان بەکاردێت، لە کەڕووی پەنسیلیۆم وەرگیراوە. بەتایبەتی لەو هەوکردنانەدا کە بەهۆی بەکتریای گرام پۆزەتیڤ cocci، بەکتریای گرام پۆزەتیڤی شێوە چیلکەیی، بەشێکی زۆری ئەو بەکتریایانەی بەبێ ئۆکسجین دەژین (anerobic bacteria) و بەکتریای گرام نێگەتیڤ cocci بەکاردێت.

لە ساڵی ١٩٢٨ زانای سکۆتلەندی ئەلێکساندەر فێڵمیگ تێبینی کرد بەکتریای staphylococcus aureus لەو جێگەیەدا گەشەی نەکردووە کە کەڕووی پەنسیلیۆم گەشەی تێدا کردووە، واتە بەجۆرێک کەڕووی پەنسیلیۆم ڕێگری لە گەشەی بەکتریاکە کردووە. کەڕووەکانی جیاکردۆتەوە و دووبارە لە ناوەندێکی شلدا چاندنی بۆ کردوون. تێبینی کردووە کە ئەم بەکتریایە جۆرە ماددەیەک دروست دەکات کە دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر لەو بەکتریایانە کە لە مرۆڤدا دەبنە هۆی هەوکردن بکوژێت. نەخۆشیزانی ئوستڕاڵی هاۆرد فڵۆری  و زانای کیمیای زیندەیی بەریتانی ئێرنست بۆرس چەین  لە ساڵی ١٩٣٠ زیاتر لێکۆڵینەوەیان لەسەر پەنسلین کردووە. لە ساڵی ١٩٤١ بەشێوەی دەرمان بۆ چارەسەرکردن بەکارهاتووە. پێش دۆزینەوەی پەنسلین لە ساڵی ١٩٢٨ ڕووشانێکی سادەی پێست دەبووە هۆی هەوکردن و هەندێک کاتیش مردن. بەکارهێنانی دژەزیندەی پەنسلین ژیانی سەدان کەسی لە مردن ڕزگار کردووە. چەند جۆرێکی دەرمانی پەنسلین لەلایەن جۆرە جیاوازەکانی کەڕووی پەنسیلیۆم بەرهەم دێت و بۆ دووپۆل دابەش دەبن. بەهۆی توانای گۆڕینی تایبەتمەندییەکانی دژەزیندەیی، جۆری جیاوازی پەنسلین بۆ مەبەستی چارەسەری جیاواز بەرهەم دەهێنرێت. دووجۆری پەنسلینی سروشتی کە بریتین لە پەسیلین V و پەنسلین G بەشێوەیەکی پزیشکی بەکاردەهێنرێت. بەهۆی لاوازی جێگیری لە ترشێتیدا، بەشێکی زۆری پەنسلین G لەماوەی تێپەڕینی بە گەدەدا تێک دەشکێت. بەهۆی ئەم هۆکارەوە پێویستە پەنسلینی جۆری G بەشێوەی ژێر پێست بەکاربهێنرێت. بەڵام پەنسلینی جۆری V بەهۆی زیاتر جێگیری بۆ ترشێتی گەدە، بەزۆری لەڕێگەی دەمەوە بەکاردەهێنرێت.

چۆنیەتی ئیشکردنی دەرمانەکە لە جەستەدا

هەموو جۆرەکانی پەنسلین بەهەمان شێوە بەکاردەهێنرێت ئەم دەرمانە ڕێگری لە فرمانی ئەنزیمی تایبەت بە دروستکردنی دیواری خانەی بەکتریا دەکات، هەروەها لە ڕێگەی چالاککردنی ئەنزیمێکی تر کە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی دیواری خانەی بەکتریاکە. بەهۆی ئەم هۆکارانەش ئەم دەرمانە تەنها لەسەر ئەو بەکتریایانە کاریگەری دەبێت، کە بەشێوەیەکی چالاک دووهێندە دەبن و دیواری خانەیان هەیە. زیان بە خانەکانی لەشی مرۆڤ ناگەیەنێت ئەمەش بەهۆی ئەوەی خانەکانی جەستەی مرۆڤ دیواری خانەیان نییە و بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە ڤایرۆسیەکانیش بەکار نایات.

ئەم دەرمانە بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی قورگ، هەوکردنی پەردەی مێشک، سفلیس، هەوکردنی ددان، هەوکردنی گوێ، هەوکردنی ڕێڕەوی میز و چەندین جۆری تری هەوکردنەکان بەکاردێت.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکە بریتین لە:

  • ئازاری گەدە
  • دڵتێکەڵهاتن
  • سووربوونەوەی پێست
  • لیری پێست
  • هەڵئاوسان

ئەو کاریگەرییە لاوەکیانەی کەمتر باون:

  • هەناسە تەنگی و هەناسەدانی ناڕێک
  • ئازاری سک
  • خورانی کۆئەندامی زاوزێ

ئەم کاریگەرییانەی دژەزیندەیی پەسلین بە دەگمەن ڕوو دەدەن:

  • فێ
  • هەستیاری زۆر
  • شۆکی هەستیاری

هەستیاری زۆر کە لەماوەی چەند خولەکێکدا دروست دەبێت، دەکرێت بە پێدانی دەرمانی ئیپینفرین چارەسەر بکرێت.

نزیکەی یەک لە ١٠٠ کەس هەستیاری بە دژەزیندەیی پەنسلین هەیە. هەروەها نزیکەی یەک لە ٣٠٠٠ کەس بەهۆی کاردانەوەی خراپی جەستە بۆ ئەم دژەزیندەییە، ڕەنگە ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە. ئەگەر کەسێک هەستیاری بەجۆرێکی ئەم دەرمانە هەبێت ئەوا دەکرێت هەستیاری بەهەموو جۆرەکانی هەبێت. ئەگەر کەسێک سووربوونەوەی پێست، لیر و کێشەی هەناسەی لە دوای وەرگرتنی دژەزیندەیی پەنسلین بۆ دروستبوو ئەوا هەستیاری بەم جۆرە دەرمانە هەیە. لە کاتی دروستبوونی هەر یەک لە نیشانەکانی هەستیاری پێویستە پزیشک ئاگادار بکرێتەوە و ئەویش لە ڕێگەی چەند پشکنینێکەوە ڕادەی هەستیاریەکە لە نەخۆشەکەدا دەستنیشان دەکات.


سەرچاوەکان



464 بینین