فەڕەنسا

فەڕەنسا

له‌لایه‌ن: ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-15-04:18:00 - کۆدی بابەت: 5340
فەڕەنسا

ناوه‌ڕۆك

کۆماری فەڕەنسا

وڵاتێکە دەکەوێتە ئەوروپای ڕۆژئاواوە، لە باکووری خۆرهەڵاتەوە هەریەکە لە وڵاتەکانی بەلجیکا و ئەڵمانیا دەوریان داوە، لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵاتەوە سویسرا و ئیتاڵیا، لە باشووریشەوە ئەندۆرا و ئیسپانیا دەوریان داوە. فەڕەنسا سیستەمێکی کۆماریی نیمچە سەرۆکایەتی هەیە، پایتەختەکەی پاریسە کە یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی وڵاتەکە، هەروەها ناوەندی ڕۆشنبیری و بازرگانیی سەرەکی لە فەڕەنسادا هەر پاریسە، ئەو زەوییانەی دەرەوەی فەڕەنساش کە سەر بە فەڕەنسا دادەنرێن بریتین لە هەرێمی غیانای فەڕەنسی، کە دەکەوێتە ئەمریکای باشوور، هەروەها زۆر دورگەی زەریای ئەتڵەسی و زەریای هێمن و زەریای هیندی هەر سەر بەو وڵاتەن، ڕووبەرگی گشتیی وڵاتەکە دەگاتە نزیکەی 643هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، هەروەها دانیشتوانەکەشی دەگاتە نزیکەی 67.02 ملیۆن کەس بەپێی سەرژمێرییەکی ساڵی 2019.

کەشوهەوای کۆماری فەڕەنسا

کۆماری فەڕەنسا سێ جۆری سەرەکیی کەشی تێدایە، کە بریتین لە کەشی زەریایی و کەشی کیشوەری و کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاست، بە جۆرێک لە ناوچەکانی خۆرئاوای وڵاتدا کەشوهەوای زەریایی هەیە و کەشوهەوایەکی سارد و بارانێکی زۆر و زستانی سارد لەوێ باوە، بەڵام کەشوهەوای کیشوەری لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی وڵاتەکەدا هەیە و هاوینێکی گەرمتر بەڵام زستانێکی ساردتری هەیە، هەروەها ئەم ناوچەیە بارانیشی زۆرە و زستانان زیاتر لە سەهۆڵبەندان دەچێت بە تایبەت لە ناوچە بەرزەکاندا، دەربارەی کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاستیش کە هەموو ناوچەکانی باشووری فەڕەنسادا هەیە، وەرزی زستان تیایدا ساردە و هاوینیش گەرم، ڕێژەی باران سنووردارە، هەروەها ناوەندی پلەی گەرمی لە پاریسی پایتەخت دەگاتە نزیکەی 11پلەی سەدی.

ئابووری کۆماری فەڕەنسا

ئابووری کۆماری فەڕەنسا لە پلەی دەیەمدایە لە نێوان وڵاتانی جیهاندا و دووهەمی نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپایە لە ڕووی هاوسەنگیی توانای کڕینەوە، هەروەها فەڕەنسا خاوەن ئابورییەکی تێکەڵە، هەریەکە لە پڕۆژە فراوانەکانی کەرتی تایبەت و پڕۆژە گەورەکانی کەرتی گشتیی تێدایە، بە جۆرێک هێشتا حکومەتی فەڕەنسی کۆنترۆڵی زۆرێک لە بەشەکانی ئابووری وڵاتی بەدەستە، هەروەها خاوەنی زۆرینەی هێڵە ئاسنین و کەرتەکانی کارەبا و وزەی ئەتۆمییە، هەروەها کەرتی پەیوەندییە زەمینی و بێتەلەکان هەر لە دەست حکومەتدایە، فەڕەنسا لە ساڵی 2009ـدا بە شەشەم گەورەترین وڵاتی هەناردەکەر و چوارەم دەوڵەتی هاوردەکار پۆلێن کرا، هەروەها بە سێهەم ڕاکێشەرترین وڵاتی جیهان دانراوە بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی لە کەرتی ئابووری بە بڕی زیاتر لە 118 ملیار دۆلار.

گەشتوگوزار لە فەڕەنسادا

کاتێک باس لە گەشتوگوزاری فەڕەنسا دەکرێت، دەکرێت بڵێین فەڕەنسا قیبلەی هەموو گەشتیارانی جیهانە، لەبەر ئەوەی ساڵانە زیاتر لە 80 ملیۆن گەشتیار ڕووی تێدەکەن، ئەمەش لەبەر ئەو شوێنە جوگرافییە تایبەتەی کە هەیەتی و ئەو کەناراوانەی بە چواردەوری وڵاتەکەدا هەن، هەروەها ئەو ناوچە سەوزایی و سروشتە سەرنجڕاکێشەی کە هەیەتی، هەروەها لە فەڕەنسادا زۆر هۆتێل و ڕێستۆرانت و بەرهەمی گرانبەها و خۆشی تێدایە، هەروەها دروستکراوی بیناسازیی زۆر جوان و شاری مێژوویی و مۆزەخانەی دەوڵەمەند بە ئاسەواری کۆن کە لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە تۆمار کراون دابەش بووە بەسەر هەموو بەشەکانی فەڕەنسا و لە هەر شوێنێکی فەڕەنسادا دەیانبینیت، هەروەها فەڕەنسا هەمیشە جێگەی سەرنجی خەڵکی بووە لە بواری مۆدێل و دیزاینکردنی جلوبەرگ و بۆن و عەترە بەناوبانگە فەڕەنسییەکان، ئەوەی لە فەڕەنسادا زۆرە و گەشتیاران هەستی پێناكەن ڕەگەز و بنەچەكانی فەڕەنسان، كە هەمەڕەنگییەكی ڕۆشنبیری و شارستانی جوانی بە وڵاتەكە بەخشیوە، بەم شێوەیە فەڕەنسا ڕووگەیەكی گەشتوگوزاری جیهانە و گەشتیاران بە شێوەیەكی بەردەوام ڕووی تێدەكەن.

ئاڵای فەڕەنسا

گەلی فەڕەنسا دەستیان گرتووە بەو ئاڵایەی هەیانە، لەبەر ئەوەی ئاڵاکەیان بە نیشانەی هێز و بڵاوبوونەوە سیاسی و سەربازییەکەیان دادەنێن لە جیهاندا، تەنانەت هەندێکیان هەوڵیداوە ئاڵای فەڕەنسا بکات بە ئاڵایەکی کۆمۆنیستی، بەڵام شەپۆلێکی توڕەیی و جووڵانەوەی بەهێزی ڕوبەڕوو بۆتەوە، ڕەنگەکانی ئاڵای فەڕەنسا مانا و هێماگەلێکی تێدایە:

ڕەنگی ئاڵای فەڕەنسا

دەربارەی ئاڵای فەڕەنسا وتراوە لە ڕەنگە کلاسیکییە کۆنەکانی شآری پاریس وەرگیراوە، ڕەنگەکان بە شێوەیەک بوون کە قەشە مارتن ڕەنگی شینی هەبووە، هەروەها قەشە دینیس ڕەنگی سووری هەبووە، ڕەنگی سپیش ڕەنگێکی کۆنە لە ئاڵا فەڕەنسییەکاندا بەکار دەهات، هەندێکی دیکەش دەڵێن لە جلی ئەو شۆڕشگێڕانەوە وەرگیراوە کە کڵاوی سوور و شینیان لەسەر کردووە کاتێک چوونەتە نێو زیندانی پاستێلەوە.

مانای ڕەنگەکانی ئاڵای فەڕەنسا

ڕاستە کە ئاڵای فەڕەنسی لەو ڕەنگە کلاسیکییە کۆنانەوە وەرگیراون، بەڵام هەر ڕەنگێک هێما و مانایەکی هەیە و لە لایەن ناوەندەکانی گەلی فەڕەنسییەوە دانی پێدانراوە، هەندێک لەو لێکدانەوە بەناوبانگانە بریتییە لە:

  • لێکدانەوەی: یەکەم هەندێک ئەم ڕەنگانەیان بە باوەڕە ئاینییەکانەوە بەستۆتەوە، دەڵێن ڕەنگی سوور و شین پەیوەستن بە حەزرەتی مەریەم، بانگەشەی ئەوە دەکەن حەزرەتی مەریەم ئاگاداری فەڕەنسا دەکات و دەیپارێزێت.
  • لێکدانەوەی دووەم: هەندێک ئەم ڕەنگانە دەبەستنەوە بە چینەکانی کۆمەڵگە, دەڵێن ڕەنگی شین ئاماژەیە بۆ چینی بۆرجوازییەکان، هەروەها سپی هێمایە بۆ پیاوە ئاینییە مەسیحییەکان، ڕەنگی سووریش بۆ خانەدانەکانەوە کە لە کۆتاییدا دێن.
  • لێكدانەوەی سێهەم: دەڵێن ئەم ڕەنگانە ئاماژەن بۆ دادپەروەری و پاکێتی، هەروەها ڕەنگە سپییەکەش بە ڕەنگێکی شاهانە دادەنێن، ڕەنگی سوور و شینیش تایبەتن بە یەکسانی و نیشتیمانپەروەری لەبەر ئەوەی دوو ڕەنگی نیشتیمانین.

سیستەمی حوکمڕانی لە فەڕەنسا

فەڕەنسا کۆمارێکی دیموکراتی نیمچە سەرۆکایەتییە کە خاوەن نەریتی دیموکراتیی بەهێزە، دەستووری فەڕەنسی پێنجەم کە لە ساڵی 1958 دەنگی لەسەردراوە دەسەڵاتی جێبەجێکاریی تەواو خاوەن هێز کردووە، هەروەها بەپێی دەستووری فەڕەنسی دوو سەرۆک هەن بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکار، کە بریتین لە سەرۆک کۆمار کە سەرۆکایەتی وڵات دەکات و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت، هەروەها پەرلەمانی فەڕەنسا لایەنێکی یاسادانەرە کە لە دوو ئەنجومەن پێکدێت، کە بریتیین لە کۆمەڵەی نیشتیمانی و ئەنجومەنی پیران، بە جۆرێک نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتیمانی نوێنەرایەتی بازنەی هەڵبژاردنەکەیان دەکەن و هەر ئەوانیش قسەی یەکلاییکەرەوەیان هەیە لە خاڵی جیاوازییەکاندا.


سەرچاوەکان

385 بینین