زمانی ئینگلیزی

له‌لایه‌ن: - دڵگەش حەسەن دڵگەش حەسەن - به‌روار: 2022-01-05-22:29:00 - کۆدی بابەت: 7509
زمانی ئینگلیزی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زمانی ئینگلیزی (بە ئینگلیزی : English Language)، سەر بە زمانە جێرمەنییەکان و بەشێکە لە زمانە هیندۆ ئەوروپییەکان کە زۆر بەنزیکی پەیوەندی بە زمانی فریزی، ئەڵمانی و هۆڵەندییەوە هەیە. لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهانە و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی زەوی بەکاری دەهێنن و لە زمانەکە دەزانن.

بەکارهێنەران

زمانی ئینگلیزی ڕەسەنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی ئینگلتەرا و زمانی سەرەکی هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئێرلەندا، نیوزلەندا، و کۆمەڵێک دەوڵەتی دورگەیی لە دەریای کاریبی و زەریای ئەتڵەسییە. هەروەها، زمانی فەرمی هیندستان، فلیپین و سەنگافورە و کۆمەڵێک لە وڵاتانی بیابانی باشووری ئەفریقایە، بۆ نموونە وڵاتی ئەفریقای باشوور. ئینگلیزی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا یەکەم زمانە کە هەڵبژاردەی کەسێک دەبێت کە بیانییە لەو وڵاتەدا، ئەم پێگەیەی وای لێکردووە کە ببێتە زمانێکی هاوبەشی جیهانی. نزیکەی دوو ملیار کەس کە وا خەمڵێندراوە سێ بەشی دانیشتووانی زەوی بێت، لە ئێستادا زمانی ئینگلیزی بەکاردەهێنن.

بنەڕەت و تایبەتمەندییە بنچینەییەکان

زمانی ئینگلیزی دەچێتەوە سەر خێزانی زمانی هیندۆ ئەوروپییەکان و پەیوەندی بە زۆرێک لە زمانە قسەپێکراوەکانی ئەورووپا و ڕۆژئاوای ئاسیا لە ئایسلەنداوە بۆ هیندستان هەیە.

دایکانە زمان بە پرۆتۆ هیندۆ ئەوروپی (بە ئینگلیزی : Proto-Indo-Europe) ناسراوە کە مەبەست لێی ئەو زمانەیە کە زمانی ئینگلیزی لێوە هاتووە، ئەو زمانە بۆ ماوەی نزیکەی پێنج هەزار ساڵ لەمەوپێش لەلایەن ئەو دەشتەکییانەوە قسەی پێدەکرا کە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا گەڕابوون.

جەرمانی، یەکێکە لە گرووپی زمانەکان کە لە خوار ئەم قسەکردنەی باوباپیرانەوە بووە، هەندێک جار لەلایەن زانایانەوە بۆ سێ گرووپی هەرێمی دابەشدەکرێت: ڕۆژهەڵات (بورگەندی، ڤاندالی، گۆتی و هەموو لەناوچووەکان)، باکوور (ئایسلەندی، فارۆیی، نەرویجی، سویدی، و دانمارکی)، و ڕۆژئاوا (ئەڵمانی، هۆڵەندی و فەلەمەنگی، فریزی و ئینگلیزی).

فریزی، ئەو زمانەیە کە زیاتر پەیوەندی بە ئینگلیزی هاوچەرخەوە هەیە کە لەلایەن دانیشتوانی پارێزگای فریسلاندی هۆڵەندی و دوورگەکانی کەناری رۆژئاوای شلیسویگەوە قسەی پێکراوە. ئایسلەندی کە لە ماوەی هەزار ساڵی ڕابردوودا کەمێک گۆڕاوە، زمانێکی زیندووە کە بە نزیکەیی لە پێکهاتەی ڕێزمانیدا لە ئینگلیزی کۆن دەچێت.
ئینگلیزی هاوچەرخ شیکەرەوەیە (بە واتایەکی دیکە، ڕێژەییانە لە لێکۆڵینەوە و گۆڕاندایە)، لە کاتێکدا کە زمانی پرۆتۆ هیندۆ ئەوروپی زمانی باوباپیرانی زۆربەی زمانە هاوچەرخەکانی ئەوروپایی (بۆ نموونە؛ زمانی ئەڵمانی، فەڕەنسی، ڕووسی، و یۆنانی) دەستکرد یان هەڵقوڵاوە. لە ماوەی هەزاران ساڵدا، وشەی ئینگلیزی بە هێواشی ئاسان و سادە کراوە لەو فۆرمە گۆڕاوانەی کە لە سانسکریت، یۆنانی، لاتینی، ڕووسی، و ئەڵمانیدا دۆزراونەتەوە بەرەو فۆرمە نەگۆڕەکان، وەک لە چینی و ڤێتنامیدا بەدی دەکرێت. لە ئینگلیزیدا تەنیا ناو، جێناو وەک ئەو (he)، خۆی (him)، و هی ئەو (his)، هاوەڵناو (وەک گەورە، گەورەتر، و گەورەترین)، و کردار وتەسازی بۆ کراوە.

ئەو وشانەی پێشتر وەک ناو یان فرمان جیادەکرانەوە بە جیاوازی لە شێوەکانیاندا ئێستا زۆرجار وەک هەردوو ناو و فرمان بەکار دەهێنرێن. لە زمانەکانی دیکەی هیندۆ ئەورووپیدا، جگە لە جیاکاری دەگمەن لە زمانەکانی سکەندەناڤی، هیچ کات ناوەکان و کردارەکان یەک نین بەهۆی پێویستی کۆتاییە جیاوازەکانی ناو و فرمانەکان.

لە ئینگلیزیدا، شێوە و سیمای جێناو، هاوەڵناو، و هاوەڵکارەکان دەتوانرێت وەک ناو کار بکەن، هاوەڵناو و هاوەڵکارەکان وەک کردار، و ناو، جێناو، و هاوەڵکارەکان وەک هاوەڵناو.

ئینگلیزی هەر شەیەک هەڵدەگرێت (بەبێ گۆڕان) یان دەیگونجێنێت (لەگەڵ گۆڕینی کەم) کە بەڕاستی پێویست بێت بۆ ناونانی هەندێک کەلوپەل و پرۆسەی نوێ. وشەکان لە زیاتر لە ٣٥٠ زمانەوە بەم شێوەیە چوونەتە ناو زمانی ئینگلیزیەوە، وەک فەڕەنسی و ئیسپانی و ڕووسی. ئینگلیزی زۆر جار زاراوەی زانستی لە یۆنانی کلاسیکییەوە وەردەگرێت و پێکیدێنێت.

وشەکاری

وشەکاری ئینگلیزی هاوچەرخ لە نزیکەی چارەکێکی جەرمانییەوە (ئینگلیزی کۆن، سکەندەناڤی، هۆڵەندی، ئەڵمانی) و دوو لەسەر سێی ئیتاڵی یان ڕۆمانییەوە هاتووە (بەتایبەتی لاتینی، فەڕەنسی، ئیسپانی، ئیتاڵی)، لەگەڵ زۆربوون و زیادبوونی هاوردەی چەمکی یۆنانی بۆ بوارەکانی زانست و تەکنەۆلۆجیا کە زۆرتر لە یۆنانی کلاسیکەوە هاتووە بە ڕاستەوخۆ یاخود لە ڕێگەی زمانی فەڕەنسییەوە، و لە نزیکەی ٣٠٠ زمانی دیکەشەوە وشە و دەستەواژە هاوردەی ناو زمانی ئینگلیزی هاوچەرخ کراوە. ناوی چەندین چەمک و شتی بنەڕەتی لە ئینگلیزی کۆن یان ئەنگلۆساکسۆنەوە هاتووە، وەک: ئاسمان و زەوی، خۆشەویستی و ڕق، ژیان و مردن، سەرەتا و کۆتایی، ڕۆژ و شەو، مانگ و ساڵ، گەرما و سەرما، ڕێگا و ڕێباز، مێرگ و جۆگە.
هەر لە سەدەی ١٢ـەوە، کاتێک بازرگانانی هۆڵەندا ماڵیان لە ڕۆژهەڵاتی ئەنگلیا دروست کرد، وشەی هۆڵەندی چووە ناو وتاری میدلاند، بۆ چەندین سەدە فۆرمێک لە ئەڵمانییە نزمەکان بەکار دەهێنرا لەلایەن پیاوانی دەریایی لە بەندەرەکانی دەریای باکوور. هەروەها، بەشداری ئەڵمانی باڵا لە ئاستێکی جیاوازدا بووە، لەسەدەکانی ١٨ و ١٩ دا تەکنیکەکانی جیۆلۆجی، کانزایی، و واتاکانی پەیوەست بە ئەدەب، فەلسەفە، و دەروونناسی داناوە، و لە سەدەی ٢٠ـەمدا ئەم بەشداریە هەندێک جار ناڕاستەوخۆ بوو.
لەگەڵ هەموو جیهانی ڕۆژئاوادا، ئینگلیزی وەک زمانی مۆسیقا ئیتاڵیی پەسەند کردووە، ناوی دەنگەکان، بەشەکان، نمایشکەرەکان، ئامێرەکان، شێوەکانی پێکهاتن، و ئاراستەی تەکنیکی هەموویان ئیتاڵین.

لە عەرەبییەوە لە ڕێگەی ئیسپانی ئەوروپییەوە، لە ڕێگەی فەڕەنسییەوە لە زمانی ئیسپانییەوە، لە ڕێگەی لاتینییەوە یان جاروبار لە ڕێگەی یۆنانییەوە، ئینگلیزی زاراوەکانی وەک :(کیمیا، کحول، ئەلیمبیک، جەبر، و هەتا دوایی) وەرگرتووە.

ڕێنووس

ئەلفوبێی لاتینی لە بنەڕەتدا ٢٠ پیتی هەبوو، واتە ئەلفوبێی ئینگلیزی ئێستا و بەڵام ( J، K،V، W، Y، و Z)ی لێ لاببرێت. ڕۆمانییەکان خۆیان Kیان زیاد کرد بۆ بەکارهێنان بە کورتکراوەیی و Y و Z بەو وشانەی لە یۆنانییەوە نووسراوە، حونجەکردنی پیتەکانی ئینگلیزی بەشی هەرە زۆری بۆ سەدەی ١٥یەم دەگەڕێتەوە، بەڵام لەو کاتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەتایبەتی دەنگی بزوێنە درێژەکان و جووت بزوێنەکان گۆڕاوە، گۆڕانە فراوانەکە لە دەربڕینی دەنگی بزوێنەکان، بە شیفتی دەنگی بزوێنی گەورە ناودەبرێت، کاریگەری لەسەر حەوت دەنگە درێژەکەی جیۆفری چاوسەر هەبوو، بۆ چەندین سەدە ڕێنووس بەبێ دەنگی مایەوە.
سەدەی ٢٠ـەم چەندین ڕیفۆرمخوازی بەرهەمهێنا. سێ سیستم کە تەواوکەری ڕێنووس بوون بۆ مەبەستی جیاواز پێشنیار کران:

  • فێرکردنی سەرەتایی ئەلفوبێ (ITA) لە ٤٤ پیت پێکهاتبوو کە لەلایەن هەندێک لە فێرخوازانەوە لە ساڵانی ١٩٧٠ و ٨٠ـەکان لە فێرکردنی منداڵانی خوار حەوت ساڵ بەکار دەهێنرا.
  • ئەلفوبێی (شاو) کە ٤٨ پیتە، لە دەرئەنجامی جێبەجێکردنی ویستەکانی جۆرج بێرنارد شاو دیزاینکرا.
  • ئەلفوبێی دەنگی نێودەوڵەتی (IPA) کە لەسەر بنەمای یەک هێما بۆ یەک دەنگی تاک دروستکراوە و لەلایەن زۆرێک لە زمانەوانانی ڕاهێنراوەوە بەکارهاتووە.

چاکسازییە توندەکان ناجێگیر، نەخوازراو و ناتەواو دەمێنێتەوە، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە چیتر هیچ پێوەرێک لە دەربڕینی ڕاستدا نییە، بەڵکو لە هەموو جیهاندا چەندین ڕێسای ستاندارد هەیە، ستانداردە هەرێمییەکان خۆیان جێگیر نین، بەڵکو لەگەڵ هەر نەوەیەکی نوێدا دەگۆڕێن و ئەگەر ڕێنووسەکە بگۆڕدرایە، بەزۆری هەموو کتێبەکان بە زمانی ئینگلیزی لە کتێبخانە گشتی و تایبەتەکانی جیهان بۆ خوێنەران بەبێ لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت ناپێویست دەبوون.

جۆرەکانی ئینگلیزی

ئینگلیزی بەریتانی

کورتکراوەی ئاڕ پی (بە ئینگلیزی: RP) (زمانی وەرگیراو) ئەوەی بە شێوەیەکی نەریتی بە زاراوەی ستانداردی ئەو کەسانەی لە لەندەن و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا دەژین و کەسانی تر کە بەو شێوەیە قسە دەکەن دادەنێن. ئاڕ پی تاکە زاراوەی بەریتانییە کە هیچ پەیوەندییەکی جوگرافی دیاریکراوی نییە، لەگەڵ ئەوەی چەندین شێوەزاری لێبووەتەوە بەڵام بیستنی کەسێک کە بە ئاڕ پی قسە دەکات، ناکرێت بزانرێت لە کام بەشی شانشینی یەکگرتووەوە هاتووە.

ئینگلیزی ئەمریکی و کەنەدی

بە سێ شێوەزار دەتوانرێت پێناسە بکرێت: باکوور، میدلاند، و باشووری کە هەریەکەیان شێوەزاری دیکەی لاوەکی هەیە. لە هیچ شوێنێکدا لەگەڵ هیچ سنوورێک لە نێوان دیالێکتەکان سنوور لەگەڵ کەنەدا ناگونجێت، و کاریگەری ئینگلیزی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش لەسەری بەهێزترە.

ئینگلیزی ئوستڕالی و نیوزلەندی

بە پێچەوانەی کەنەدا، ئوستڕالیا هیچ چڕکردنەوەیەکی نییە بۆ زمانێکی ئەورووپی جگە لە ئینگلیزی، لە سنوورەکانیدا هێشتا زۆر زمانی ئەبۆریجینی هەیە، هەرچەندە هەریەکەیان بە ژمارەی کەم قسەیان لەگەڵ دەکرێت و بەردەوامی بوونیان هەڕەشەی لێ دەکرێت.

هەرچەندە نیوزلەندا زیاتر لە ١٠٠٠ میل دوورە، بەڵام زۆربەی ئەو ئینگلیزیەی کە قسەی پێ دەکرێت هاوشێوەی ئوستڕالیایە.

ئینگلیزی ئاسیای باشوور

مەبەست لێی ئەو زمانە ئینگلیزیە فەرمیەیە کە هەر یەک لە دانیشتووانی هیندستان، پاکستان، سری لانکا، و نیپاڵ قسەی پێدەکەن.

ئینگلیزی ئەفریقی

لە ئەفریقا، ئینگلیزی یارمەتیدەرە بۆ وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی پەیوەندیەکی فراوانتر، وەک: زمانێکی فەرمی بەرێوەبردن لە کار بەکار دەهێنرێت و زمانێکی فەرمییە لە چەندین وڵات کە هەموویان فرەزمانیان تێدایە.

پیتەکان

پیتی بچووک پیتی گەورە خوێندنەوە
a A ئەی
b B بی
c C سی
d D دی
e E ئی
f F ئێف
g G جی
h H ئەیچ
i I ئای
j J جەی
k K کەی
l L ئێڵ
m M ئێم
n N ئێن
o O ئۆ
p P پی
q Q کیوو
r R ئاڕ
s S ئێس
t T تی
u U یوو
v V ڤی
w W دەبڵیوو
x X ئێکس
y Y وای
z Z زێد، زی

 


سەرچاوەکان

1684 بینین