پاکستان

پاکستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-13-23:58:00 - کۆدی بابەت: 6293
پاکستان

ناوه‌ڕۆك

پاکیستان

پاکستان کە ناوە فەرمییەکەی دەبێتە کۆماری ئیسلامی پاکستان (بە ئینگلیزی: Pakistan)، یەکێکە لە وڵاتەکانی جیهان و وڵاتێکی ئیسلامییە و دەکەوێتە ناوەڕاستی کیشوەری ئاسیا، ناوەکەی بە واتای "زەوی پاک" دێت، ژمارەی دانیشتوانی لە ساڵی ٢٠٢١ دەگاتە زیاتر لە ٢٢٥ ملیۆن و ٦٥٠ کەس.

زانیاری گشتی

ڕووبەر ٨٨١,٩١٣ کیلۆمەتری دووجا
پایتەخت ئیسلام ئاباد
زمانی فەرمی ئینگلیزی، ئوردو، عەرەبی
ڕێژەی دانیشتوان ٢٢٥,٦٥٠,٠٠٠ 
جۆری حووکم کۆماری فیدراڵی
سەرۆکی وڵات عارف عەلەوی
سەرۆک وەزیران عیمران خان
بەرواری دروستبوون ١٤/٨/١٩٤٧
ڕێژەی بێکاری %٥ (٢٠١٤)
تەمەنی خانەنشینبوون ٦٠ ساڵ
دراو ڕوپیەی پاکستان
ژمارەی تەلەفۆن

١١٢٢ - فریاکەوتنی تەندروستی

١٥ - پۆلیس

١٦ - ئاسایش

ڕێڕەوی لێخوڕین چەپ
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی ٩٢+

١٠٤٦ کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئاودا هەیە و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ هیندستان و لە ڕۆژئاواش لەگەڵ ئەفغانستان و ئێرانیش لە باشووری ڕۆژئاواوە هاوسنوورە، سنوورێکی کەمی لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ وڵاتی چین هەیە و بە سنووری ئاویش لەگەڵ عومان دراوسێیە.

وڵاتێکی مێژووییە و چەندین شارستانیەت و ئیمپڕاتۆریەتی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە، خاوەنی مێژوویەکی چەند هەزار ساڵەیە و هەریەک لە هیندۆس و ئەغریقی و موسوڵمانەکان و مەغۆل و ئەفغانی و سیخەکان تێیدا حوکمیان کردووە، ماوریەکانی ئیمپڕاتۆریەتی هیند و ئەخمینی فارسی و ئەسکەندەری مەکدۆنی و خەلافەتی ئومەوی و مەغۆل و بەریتانییەکان لەو وڵاتەدا دەسەڵاتیان هەبووە، ساڵی ١٩٤٧ بەهۆی هەستانەوەی خەڵکی و سەرکردایەتی کردنی لەلایەن محەمەد عەلی جەناح سەربەخۆیی خۆی وەرگرت و لەگەڵ هیندستان جیابوونەوە و زەوییەکی نوێ بەناوی پاکستان دامەزرا کە زۆرینەی خەڵکەکەی موسوڵمان بوون، ساڵی ١٩٥٦ دەستووری وڵات داڕێژرا و بووە کۆمارێکی ئیسلامی، ساڵی ١٩٧١ بەهۆی جەنگی ناوخۆوە بەشی ڕۆژهەڵات جیابوویەوە و ناوی لێنرا کۆماری بەنگلادیش.

پاکستان کۆمارێکی پەرلەمانی فیدراڵییە و لە چوار هەرێم پێکدێت، چەندین نەتەوە و هۆزی تێدایە و خاوەنی یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی جیهانە و زۆرجاریش دەزگای هەواڵگری پاکستان بە یەکەمی جیهان هەڵبژێردراوە کە بە (ISI) دەناسرێت، خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و خاوەنی ئابووریەکی بەهێزە و زۆرتر پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت و لە پلەی ٢٦ـەمی جیهان دێت.

چەندین جار تووشی کێشەی سیاسی و سەربازی بووە لە ناوخۆدا و لەگەڵ وڵاتی هیندستانیش کێشەی سنووری هەیە لەسەر هەرێمی کشمیر، هەروەها کێشەی ماددەی هۆشبەر و هەژاری و نەخوێندەواری و تیرۆر و گەندەڵی هەیە، ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەی نەتەوەکان و کۆمەڵە ئابووریەکانی UDC و D8 و ECO و پڕۆتۆکۆڵ کیۆتۆ و کۆمەڵەی یانزە وڵات و کۆمەڵەی ٢٤ و G20ـە.

هەرێمەکانی پاکستان

  • پونجاب: نیشتمانی پونجابی و پۆتۆهاری و سرائکینییەکانە، زۆرینەی خەڵکەکەی بە پونجابی و سرائکی قسەدەکەن و پایتەختەکەی لاهورە.
  • سیند: زۆرینەی دانیشتوانەکەی پەنابەری هیندین و لە پاکستان دەژین و زۆرینەیان بە زمانی ئوردو قسەدەکەن، پایتەختەکەی شاری کەراشییە.
  • بەلوچستان: ناوچەی بەلوچییەکانە و پایتەختەکەی کویتایە.
  • خەیبەر پەختونخوا: نیشتمانی پەشتونییەکان و فارسیە دوریەکان و پایتەختەکەی شاری پیشاوەرە.
  • پایتەختی فیدراڵی- ئیسلام ئاباد: زۆرینەی خەڵکەکەی بە زمانی ئوردو قسەدەکەن و چەندین جۆر نەتەوەی جیاوازی تێدایە و پایتەختی وڵاتەکەیە.
  • ناوچەی قەبیلەی فیدراڵ: ناوچەیەکە لە شەش هۆزی ئەفغانی و بەختونی پێکهاتووە و لەسەر سنووری ئەفغانستانە.
  • ئازاد کشمیر: ناوچەیەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و ئەم هەرێمە جێی ناکۆکی هیندستان و پاکستانە و چەندین جار جەنگ لە نێوانیان هەڵگیرساوە بەهۆیەوە و بۆیە ئێستا دوو بەشە و ناوچەی هیندستان بە جامو کشمیر دەناسرێت.

مێژوو

پاکستان پێشتر بەشێک بووە لە وڵاتی هیندستان و لەژێر دەسەڵاتی بەریتانییەکان بووە، ساڵی ١٩٠٦ پارتی ئیسلامی دامەزرا و لە ماوەی جەنگی جیھانیی دووەم پشتیوانی بەریتانییەکان بوون، ئەمەش کاریگەریی ھەبوو لەوەی پشتیوانی بەریتانیا بەدەست بھێنن بۆ خۆیان، ساڵی ١٩٤٧ پاکستان سەربەخۆیی خۆی بە جیابوونەوە لە ھیندستان ڕاگەیاند. ساڵی ١٩٥٦ ئەسکەندەر میرزا دەبێتە یەکەمین سەرۆک کۆماری پاکستان، دواتر لە ساڵی ١٩٥٦ سەربەخۆی تەواوەتی ڕاگەیاند و سیستەمی وڵاتیان کرد بە کۆماری، ساڵی ١٩٥٨ ژەنەڕاڵ محەمەد ئەیوب خان دەسەڵاتی سەربازی لەسەر پاکستان ڕاگەیاند و ساڵی ١٩٦٠ بە سەرۆک کۆمار ھەڵبژێردرا، پاشان لە ساڵی ١٩٦٥ دووبارە ھەڵبژێردرایەوە بەڵام لە ھەمان ساڵ شەڕی نێوان ھیندستان و پاکستان لەسەر سنوور دەستی پێکرد لە کشمیر، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی دەست بکێشێتەوە، ژەنەڕاڵ یەحیا خان دەسەڵاتی گرتە دەست و حکوومەتی سەربازی ڕاگەیاند؛ ئەمەش بووە ھۆی ئاژاوە و خۆپیشاندان و ڕێپێوان لە وڵات.

دوای ئەمەش چەندین جار گۆڕانکاری بە هێز ڕوویدا و سەرۆکایەتی وڵات دەستاودەستی پێکرا، جەنگی کارگیلی نێوان هیندستان و پاکستان لە ١٩٩٩ بووە هۆی کودەتایەکی سەربازی و پەرویز مشرف بووە بەڕێوبەری وڵات و ساڵی ٢٠٠١ـیش بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی رەفیق ترار بوو بە سەرۆک کۆمار.

سوپا و دەزگای هەواڵگری

بەپێی داتای ساڵی ٢٠٢١ لە ماڵپەڕی globalfirepower پاکستان لە ڕیزی دەیەم بەهێزترین سوپای جیهان دێت، خاوەنی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار سەرباز و ٥١٥ هەزار کەسی یەدەگیشی هەیە، لەگەڵ هەریەک لە سعودیە و ئەمریکا و ڕووسیا و چین و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و تورکیا پەیوەندی سەربازی هەیە، خاوەنی زیاتر لە ٣١٠٠ تانک و ٣١٨٧ گوێزەرەوەی زرێپۆش و سەربازییە و ژمارەی چەکە ئاسمانیەکانیشی ٨٤٧ فڕۆکە و هەلیکۆپتەرن.

هەروەها هەشت ژێردەریایی و ١١ کەشتی جەنگی هەیە، و خاوەنی سێ مین پاککەرەوەیە.

خاوەنی دەزگای هەواڵگری سوپایە و بە ISI کورتدەکرێتەوە، لە زۆر ساڵدا بووە بە یەکەمین دەزگای هەواڵگری جیهانی لە ڕووی بەهێزییەوە.

جوگرافیا و ژینگە

وڵاتەکە ١٠٢٤ کیلۆمەتر لەگەڵ دەریا سنووری هەیە، هەروەها ٢٤٣٠ کم لەگەڵ ئەفغانستان و ٥٢٣ کم لەگەڵ چین و ٢٩١٢ کم لەگەڵ هیندستان و ٩٠٩ کیلۆمەتریش لەگەڵ ئێران سنووری هەیە.

خاوەنی چەندین کێو و دەشت و زۆنگاو و ڕووەکی جۆراوجۆرە، خاوەنی ڕووباری سیندە و ساڵانە زۆرێک لە شاخڕەوە بەناوبانگەکانی جیهان سەردانی ئەوێ دەکەن بۆ بینینی بەرزاییەکانی وڵاتەکە، لە ڕۆژئاواوە خاوەنی بیابانێکی وشکە و بە بەلوچستان بەناوبانگە، ناوچەکانی پونجاب و سیندیش ناوچەی کشتوکاڵین و سوودێکی زۆریان لێ وەردەگیرێت.

بەهۆی جیاوازی کەشوهەواوە خاوەنی چەندین گیانەوەر و ڕووەکە و بزنی کێوی (مارخۆر) نیشانەی میلـلی پاکستانە، هەروەها پڵنگ و ورچی ڕەشی ئاسیایی و کەمتیار و گورگ و ورچی قاوەیی هیمالایی و پڵنگی سپی و پشیلەی کێوی تیمساح و بەراز و ئاسکی هەیە.

هەروەها خاوەنی دۆلفینە و لە شوێنێکدا چاودێری دەکرێن بۆ پارێزگاری لێیان.

وەرزش

وەرزشی فەرمی پاکستان هۆکی سەر چیمەنە، هەریەک لە کریکت و سکواشیش دوو وەرزشی دڵخوازی پاکستانییەکانن، ساڵی ١٩٩٢ بووە بە براوەی جامی جیهانی کریکیت و جارێکیش لە ١٩٩٩ پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.

مافی مرۆڤ

دیوانی باڵای پاکستان ساڵی ٢٠١٢ ترانسجێندەری وەک سێیەمین ڕەگەزی وڵات دانا.

بەپێی داتای نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٢٠٠٥، زیاتر لە ١,٢ بۆ ١,٥ ملیۆن منداڵ لە شەقامەکان دەمێننەوە و زیاتر لە ١٢ ملیۆن منداڵ لە شوێنەکان کاردەکەن بۆ دابینکردنی بژێوی.

یەکێکی دیکە لە کێشەکانی وڵات کێشەی بەلوچەکانە، بەلوچەکانی پاکستانیش وەک ئەوانەی ئێران خاوەنی ماف نین و ناهەقییەکانی زۆریان بەرامبەر دەکرێت، دەوڵەتی پاکستان گرنگییان پێنادات و لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢١ زیاتر لە ١٣ هەزار منداڵ و گەنجی بەلوچی ڕفێندراون و هیچکەسێک لێکۆڵینەوە ناکات.

بەردەگرتن و بێگاری یەکێکە دیکەیە لە دیاردەکانی پاکستان و هەندێک کەس بەبێ ئەوەی مافیان پێبدرێت کار دەکەن.

کشتوکاڵ

وڵاتەکە خاوەنی کشتوکاڵێکی بەهێزە و هەریەک لەم بەرهەمانە بەرهەمدەهێنێت ساڵانە.

خواردنە بەناوبانگەکان

  • پاکوره (Pakoras)
  • گل گاپا (Gol Gappa)
  • بریانی (Biryani)
  • حلیم (Haleem)
  • پایا (Paya)
  • نِهاری (Nihari)
  • تارکا دال (Tarka daal)


سەرچاوەکان

410 بینین