تورکیا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-01-16:16:00 - کۆدی بابەت: 5698
تورکیا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی تورکیا

ناوی فەرمیی وڵاتەکە بریتیە لە (کۆماری تورکیا)، بە وڵاتێکی فرە کیشوەر دادەنرێت، زۆربەی خاکەکەی لە نیمچە دورگەی ئەنادۆڵدایە لە خۆرئاوای ئاسیا بەشێکی بچووکیشی لە نیمچە دورگەی بەڵقانە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

ئیستەنبووڵ کە گەورەترین شاری وڵاتەکەیە دەکەوێتە هەردوو کیشوەرەکەوە، ئەنقەرەش پایتەختی وڵاتە. تورکیا لە باکووری ڕۆژئاواوە یۆنان و بولگاریا دراوسێین، لە باکوورەوە دراوسێی دەریای ڕەشە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە جۆرجیا هەیە، لە ڕۆژهەڵاتیشدا ئەرمینیا، و بەشێکی ئەرمینیا و ئێرانیش، هەروەها لە باشووری ڕۆژهەلاتەوە عێراق هەیە، لە باشووریشەوە سوریا و دەریای سپی ناوەڕاست، لە بەشی خۆرئاوای تورکیاشدا دەریای ئیجە هەیە.

نزیکەی ٧٠ بۆ ٨٠ لە سەدی دانیشتوانی وڵاتەکە خۆیان بە تورک دەناسێنن، پاش تورک کوردەکان گەورەترین کەمینەی وڵاتەکەن، کورد 15 - 20%ـی دانیشتوانی تورکیا پێکدەهێنێت.

کەش و هەوای تورکیا

کەش و هەوای تورکیا بە هەمەڕەنگ دادەنریت لەبەر ئەوەی کە کاریگەرە بە هەبوونی دەریا لە چەند ئاڕاستەیەکەوە، لە باکوور و باشوور و خۆرئاواوە، هەروەها شاخ و چیاکانیش زۆربەی وڵاتەکەیان تەنیوە، ئەم شێوەیەش هەریەکە لە دەریا و چیاکان بوونەتە هۆی هەبوونی جیاوازیی لە نێوان ناوچە کەناریی و ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵاتەوە، هەروەها جیاوازیی گەورەش هەیە لە پلەکانی گەرمادا لە وەرزەکانی زستاندا کە زۆر ساردە و هاوینیش کە وشکە.

پلەکانی گەرما لە مانگی کانونی دووەمدا دەگاتە ئاستی بەستن لە ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵاتدا، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتیشدا دەگاتە -5 پلەی سەدی، لە خۆرئاواشدا دەگاتە -20، لەگەڵ ئەم دابەزینە بەرچاوەی پلەی گەرمیشدا بەفر بارینێکی زۆر هەیە کە بۆ ماوەی دوو هەفتە تا چوار مانگ ئەو ناوچانە دادەپۆشن، لە هاوینیشدا پلەی گەرما بەرزە و لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەگاتە 20 پلەی سەدی و لە ناوچەکانی کەناری ئینجەدا و دەریای سپی ناوەڕاست دەگەنە 25 پلە، لە ناوچەکانی باشووری خۆرهەڵاتیشدا بەرز دەبێتەوە بۆ 30 پلە.

ژمارەی دانیشتوانی تورکیا

بەپێی سیستمی تۆمارکردنی دانیشتوان کە لە تورکیادا هەیە، ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە لە ساڵی٢٠٢٠ـدا دەگەیشتە ٨٤ ملیۆن کەس، نزیکەی سێ چارەکی ئەم ژمارەیە لە شار و شارۆچکەکاندا دەژین، هەر بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەی زیادبوونی دانیشتوانی وڵاتەکە دەگاتە ١،٠٩ لەسەد لە ساڵێکدا، ناوەندی چڕیی دانیشتوانی تورکیا بەپێی زەوی جوگرافی نزیکەی 97 کەسە بۆ هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەک.

ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە نێوان 15-64 ساڵدایە نزیکەی 67.4٪ـی کۆی دانیشتوان پێکدێنن، تەمەنی سفر بۆ 14 ساڵانیش نزیکەی 25.3٪ لەسەد پێکدێنن، بەتەمەنەکانیش کە تەمەنیان لە 65 بەرەو سەرە 7.3٪ـی دانیشتوانن.

نزیکەی 2.5٪ـی دانیشتوانی تورکیا پەنابەری نێودەوڵەتین، ساڵانە تورکیا زۆرترین ژمارەی پەنابەر وەردەگرێت لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، تەنها لە سوریاوە 2.8٪ ئاوارەی سووری ڕوویان کردۆتە وڵاتەکە و لەوێ دەمێننەوە.

زمان لە تورکیادا

زمانی فەرمی وڵات بریتییە لە تورکی، نزیکەی 85.54٪ـی دانیشتوانی وڵاتەکە وەک زمانی دایک تورکی بەکاردێنن، هەروەها 11.97٪ـی زاراوەی کرمانجیی کوردی بەکاردێنن وەک زمانی دایک.

زمانی زازا و عەرەبی بریتین لە زمانی دایکی نزیکەی 2.39٪ـی دانیشتوان، هەروەها چەندین زمانی دیکە هەن لە وڵاتەکەدا بەڵام کەمینەی بچووکن لە تورکیادا.

ئاینی تورکیا

لە ساڵی 1924ـەوە دەستووری عەلمانی سەپێنراوە بەسەر تورکیادا و دەوڵەت هیچ ئاینێکی فەرمیی نییە، لە دەقەکانی دەستووری تورکیادا وا بانگەشە دەکرا کە ئاین و ویژدان ئازادە، بەڵام بابەتی ئاین بۆ ماوەی چەندین ساڵ مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو، پۆشینی حیجاب بۆ ماوەی چەندین دەیە لە قوتابخانە و بینا حکومییەکاندا قەدەغە کرابوو لەبەر ئەوەی مەترسیی ئەوەی لێدەکرا کە ئاماژەیەک بێت بۆ ئیسلامی سیاسی، لەوەتەی دەسەڵاتی نوێی تورکیا دەستی بە حکومەتداری کردووە، ئەم بابەتە باشتر بووە و ئازادییەکانی تاکی تورکی فراوانتر بوون و یاساکان کەمێک نزیکتر بوونەتەوە لەگەڵ ناسنامەی موسڵمانی گەلی تورکیادا، لە ساڵی 2011ـدا قەدەغەی حیجاب لە زانکۆکاندا نەماوە، لە بینا حکومییەکانیشدا لە ساڵی 2013 قەدەغە لابرا، لە ساڵی 2014ـشدا لە قوتابخانەکاندا ئەم قەدەغەیە هەڵگیرا.

ئاڵای تورکیا

ڕەنگی ئاڵای تورکیا

رەنگی سوور لە ئاڵای تورکیادا ئاماژەیە بۆ دامەزراوە سیاسییەکان و دەزگاکانی دەوڵەتی عوسمانی و سوپای تورکی.

شێوە ئەندازەییەکانی ئاڵای تورکیا

لە ئاڵای تورکیادا دوو شێوەی ئەندازەیی بە زەقی دیارن کە بریتین لە مانگ و ئەستێرەیەک، کە هەردووکیان ئاماژەن بۆ ناسنامەی ئیسلامیی تورکیا.


سەرچاوەکان



4828 بینین