یۆنان

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-23-14:25:00 - کۆدی بابەت: 6392
یۆنان

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی یۆنان

وڵاتی یۆنان کە بە گریک یاخود گریس ناودەهێنرێت، بە شێوەیەکی فەرمی پێی دەوترێت کۆماری هێڵینیک، وڵاتێکی هەڵکەوتەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپایە، ژمارەی دانیشتووانی بە نزیکەیی ١٠.٧ میلیۆن کەسە بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٨، ئەسینا گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتەکەیە، دوای ئەویش شاری ساڵۆنیکا دێت.

کەوتۆتە باشووری هەرێمی بەڵکانەوە (هەرێمێکە لە چەندین وڵات پێکدێت و لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپادا هەڵکەوتوون) ، یۆنان کەوتۆتە سەر هێڵی پیاداڕۆشتنی هەر سێ کیشوەری ئەورووپا و ئاسیا و ئەفریقاوە.

لە باکووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ ئەلبانیادا هاوسنوورە، مەکدۆنیای باکوور و بولگاریا دەکەونە باکووری وڵاتەکەوە، هەرچی وڵاتی تورکیاشە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی یۆنانەوە، دەریای ئیجە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە و دەریای لۆنیانیش دەکەوێتە ڕۆژئاوایەوە، دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای کریتان دەکەونە باشووری یۆنانەوە، بە شێوەیەکی گشتی سێ لای وڵاتەکە بە ئاو دەورەدراوە کە ئەوەش سوودێکی بازرگانی و گەشتیاری یەکجار گرنگی هەیە بۆ وڵاتەکە و بووەتە ڕێگای پیاداڕۆشتنی هەریەکە لە ئاسیایی و ئەفریقایی و ئەوروپییەکانیش.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات یۆنان
پایتەخت ئەسینا
زمانی فەرمی یۆنانی
ئایین
  • مەسیحی ٩٣٪ 
  • بێ ئایین ٤٪
  • ئیسلام ٢٪
  • ئایینەکانی تر ١٪ 
ڕۆژی سەربەخۆیی ١٥ ی کانوونی دووەمی ١٨٢٢
ڕووبەری خاکەکەی ١٣١,٩٥٧ کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان ١٠.٧ میلیۆن کەس (٢٠١٨)
داهاتی ساڵانە ١٩٤.٣٧٦ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی ١٨,١٦٣ دۆلار
دراو یۆرۆ
کات UTC +2 
کاتی هاوینە UTC +3
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست 
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٠

مێژوو

وڵاتی یۆنان بە یەکێک لە وڵاتە دێرین و خاوەن شارستانێتییە کۆنەکان هەژماردەکرێت لە تەواوی جیهاندا، زۆرترین دەستنووس و هەڵکۆڵینی سەردەمی پێشوو لە وڵاتەکەدا ماوە و بۆتە مۆرکی وڵاتە و سەلماندنی مێژوویان، کۆنترین بەڵگە بۆ بوونی باوباپیرانی مرۆڤ لە باشووری بەڵکان دەگەڕێتەوە بۆ ٢٧٠ هەزار ساڵ پێش زایین لە ئەشکەوتی پێترالۆنا کە ئەوکات یۆنان پارێزگایەک بووە سەر بە مەکدۆنیا، لە ئێستادا ئەم شوێنەوارە دەکەوێتە شاری ساڵۆنیکای یۆنانەوە.

ئەشکەوتی ئەپیدیما لە نیمچە دوورگەی مانی کە دەکەوێتە باشووری یۆنانەوە، کۆنترین توێکاری مرۆڤی مۆدێرنی تیا دۆزراوەتەوە بەم شێوەیەی ئێستای مرۆڤ کە هەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢١٠ هەزار ساڵی پێش زایین. 

شوێنەواری هەر سێ قۆناغی چاخی بەردین (بە ئینگلیزی: Stone Age) لە وڵاتی یۆناندا دۆزراوەتەوە کە کۆنترین مێژووشە بۆ تەواوی ئەوروپا، لەم وڵاتەدا کشتوکاڵیش مێژووییەکی کۆنی هەیە و لە ناوچەکەوە بەرەو تەواوی وڵاتانی ئەوروپا بڵاوبۆتەوە، یۆنان وڵاتی لەدایکبوونی شارستانێتییە لە ئەوروپادا و وڵاتانی ئەوروپاش چاویان لە شارستانییەتی یۆنان کردووە دواتر پەیڕەویان کردووە.

یەکەم ئۆڵۆمپیادی دێرین لەم وڵاتەوە سەری هەڵداوە لە دوای سەدە تاریکەکان و لە ساڵی ٧٧٦ پێش زاییندا بووە، لە نووسین و ئەدەبیاتدا دەستێکی باڵایان هەبووە داهێنەری نووسینن لە ئەوروپادا، هەردوو شاکاری ئەلیادە و ئۆدیسەی نووسەری بەناوبانگ (هۆمیرۆس) بەرهەمی ئەم وڵاتەیە کە لە سەدەی ٧-٨ پێش زاییندا نووسراون.

وڵاتی یۆنان دووچاری چەندین داگیرکاری بۆتەوە لە مێژوودا لە ناویاندا داگیرکاری ئیمپڕاتۆریەتی فارس و ڕۆمەکان کە بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ سەدە دەستیان بەسەر وڵاتەکەدا گرتووە، دواتریش ناوچەکە لە سەدەی ١٦ دا دەکەوێتە دەستی دەوڵەتی عوسمانی هەتاکو سەربەخۆیی وڵات لە ساڵی ١٨٢٢ دا، کۆتا داگیرکاریش لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا بووە لەسەر دەستی نازیەکانی هیتلەر لە ساڵی ١٩٤١ دا.

جوگرافیا

یۆنان کەوتۆتە باشووری ڕۆژئاوای ئەوروپاوە و لەوپەڕی خوارووی ناوچەی بەلکانەوە، کە لە ناوچەکانی باشووری وڵاتدا چەندین نیمچە دوورگە هەڵکەوتوون لەسەر دەریاکان کە کۆتا دانەیان نیمچە دورگەی پیلۆپۆنێسە کە لە وڵاتەکە جیابۆتەوە بەهۆی نۆکەند و ئاوەکانەوە.

درێژترین سنووری کەنار ئاویی لەگەڵ دەریای ناوەڕاستدا هەیە و یانزەیەم درێژترین سنووری دەریاییشە لە تەواوی جیهاندا کە درێژییەکەی بە ١٣ هەزار و ٦٧٦ کیلۆمەتر خەمڵێندراوە، نزیکەی ٢٢٧ دوورگەی هەیە و لە ٨٠٪ـی خاکەکەشی شاخاوییە و بەرزترین لوتکەش لە چیای ئۆڵۆمپیکە بە بەرزی ٢,٩١٨ مەتر.

زۆرترین ڕووبەری چیایە کە بە نزیکەیی ٪٨٠ وڵاتەکەیە و یەکێکە لەو وڵاتە ئەورووپییانەی کە زۆرترین ناوچەی بەرز و گرد و چیای تێدایە لە تەواوی ئەوروپادا، ڕۆژئاوای یۆنان کۆمەڵێک دەریاچەی لێیە، باکووری وڵاتەکە زنجیرە چیاکانی ڕۆدۆپی لێ هەڵکەوتووە و ئەم وڵاتە بەوە ناسراوە کە ژمارەیەکی زۆر دوورگەی لێیە کە ٢٢٧ دوورگەی گەورە و نزیکەی ٦ هەزار دوورگەی بچووکن.

وڵاتی یۆنان بە شێوەیەکی گشتی خاوەنی ٦٥ شار و شارۆچکەیە و لە نێویاندا گەورەترین و پایتەختی وڵات هەیە کە شاری ئەسینایە و نزیکەی ٣ میلیۆن کەس لەو شارەدا دەژین.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی یۆنان بە شێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستێت بە ئاووهەوای دەریای ناوەڕاست، زستانێکی باراناویی و هاوینێکی وشک و گەرمی هەیە کە تەواوی شار و ناوچەکانی وڵاتەکە دەگرێتەوە، زنجیرە چیاکانی پیندوس کە دەکەونە باکووری وڵاتەوە کاریگەریەکی گرنگیان لەسەر کەشوهەوای یۆنان هەیە، بەشی ڕۆژئاوای وڵاتەکە بە شێوەیەکی گشتی تەڕ و شێدارە بەهۆی کاریگەری دەریای ناوەڕاست و ناوچە ئاوییەکانی ترەوە.

ئابووری

بە پشتبەستن بە ئاماری ساڵی ٢٠١٣ وڵاتی یۆنان لە پلەی ٤٣ هاتووە لە داهاتی ساڵانەدا کە ڕێژەکەی ٢٤٢ میلیار دۆلار بووە، یۆنان لە پلەی پازدەیەمین دێت لە کۆی ٢٧ وڵاتی ناو یەکێتی ئەوروپادا بۆ لە بواری ئابووریدا، لە داهاتی ساڵانەی تاکدا، تاکی  یۆنانی پلەی ٤١ مینی هەیە لەناو وڵاتانی جیهاندا.

یۆنان وڵاتێکی خێرا گەشەکردووە و ئاستێکی بەرزی هەیە بۆ ژیانکردن بەپێی داتای گەشەپێدانی مرۆیی جیهانی،  داهاتی ئابووری لەسەر کەرتی خزمەتە کە بوارەکانی (گەشتیاری و فەرمانبەری و فێرکردن و پزیشکی و زۆر بواری تر) وە بەشێکی گرنگیشی لەسەر کەرتی پیشەسازییە و ئەو ڕێژەیەی کە دەمێنێتەوە لەسەر کەرتی کشتوکاڵی وڵاتەکەیە کە دەکاتە لە سەدا سێی ئابووری یۆنان.

کەرتی گەشتیاری یۆنان بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکان دادەنرێت بۆ دەستکەوتنی داهات بۆ وڵاتەکە، بەپێی داتای ساڵی ٢٠٠٩ وڵاتی یۆنان لەناو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا پلەی حەوتەمی گرتووە بۆ سەردانیکردنی گەشتیاران و پلەی چواردەیەمین گرتووە لەناو تەواوی وڵاتانی جیهاندا کە ڕێژەی گەشتیاران لەو ساڵەدا بە نزیکەیی ١٥ میلیۆن کەس بووە.

کەرتی کشتوکاڵی وڵاتەکە بەشی خۆی داهات بۆ وڵات دەگێڕێتەوە کە وڵاتانی ناو یەکێتی ئەوروپا سوود لە بەرهەمی یۆنان دەبینن و ئاڵوگۆڕێکی باش هەیە، گرنگترین خاڵ کە دەبێت باسکرێت بەپێی داتای ڕێکخراوی گەشتوگوزاری جیهان و بازرگانی ئەم وڵاتە پلەی یەکەمی گرتووە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئاویدا لە سەرانسەری دونیادا ئەمەش بەهۆی ئەوەی زۆرینەی جوگرافیای وڵاتەکە سنووری ئاوی هەیە و سێ لای وڵاتەکە بە ئاو دەورەدراوە ئەمەش کردوویەتی بە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی لەنێوان وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا لە لایەک و ئەوروپا و ڕۆژهەڵات بەتایبەتی ئاسیا لەلایەکی دیکەوە.


سەرچاوەکان



4083 بینین