مردن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-20-11:54:00 - کۆدی بابەت: 6638
مردن

ناوه‌ڕۆك

مردن چییە؟

مردن بریتییە لە وەستانی هەمیشەیی بەرهەڵست نەکراوی هەموو ئەو کردارە بایۆلۆجییانەی لەشی زیندەوەر کە پێویستن بۆ زیندوو مانەوە و بەردەوامی، مردنی مێشک زۆربەی جار بەکاردێت بۆ پێناسەی یاسایی مردنی زیندەوەرێک، دوای ماوەیەکی کەم لە مردن ئەو ئەندامانەی لەشی زیندەوەر کە ماونەتەوە شی دەبنەوە و تێکدەچن، مردن پرۆسەیەکی مسۆگەرە و ڕووداوێکە دەبێت بەسەر هەموو زیندەوەرێکدا بێت، بەڵام ئەم پرۆسەی مردنە هەندێک زیندەوەری مایکرۆسکۆبی وەک ڤایرۆس ناگرێتەوە چونکە ڤایرۆس بە شێوەیەکی فیزیایی تێکدەشکێت و پێی ناوترێت مردوو، لە کۆتاییەکانی سەدەی ٢١ ڕۆژانە زیاتر لە ١٥٠,٠٠٠ مرۆڤ دەمرن، زۆربەی کلتور و ئاینەکان بڕوایان بە زیندوو بوونەوەی دوای مردن هەیە، هەروەها بڕوایان بە دادگایی کردنی پەروەردگار و پاداشت و سزای دوای مردن و بەهەشت و دۆزەخ هەیە.

نیشانەکانی مردن

  • وەستانی کاری کۆئەندامی هەناسە (وەستانی هەناسەدان).
  • لە کارکەوتنی دڵ (وەستانی لێدانی دڵ).
  • وەستانی مێشک (نەمانی چالاکی دەمارە کۆئەندام).

قۆناغەکانی دوای مردن

  1. زەردبوونی ڕەنگ و ڕووخسار، ١٥ بۆ ١٢٠ خولەک دوای مردن.
  2. ساردبوونی لەش، دوای مردن ڕاستەوخۆ پلەی گەرمی لەش دادەبەزێت تاکوو دەگاتەوە بە پلەی گەرمی ئەو شوێنەی تێیدایە.
  3. وشکبوونەوەی لەش، دەست و قاچی کەسی مردوو ڕەق دەبێت و جوڵاندن و نوشتاندنەوەی قورس دەبێت.
  4. جێگیربوون و نەجووڵانی خوێن لە لەشدا کە دەبێتە هۆی شین و مۆر بوونەوەی لەشی کەسی مردوو.
  5. بۆگەنبوونی لەش، دەرکەوتنی نیشانەکانی شیبوونەوە.
  6. شیبوونەوە، بەیەکداچوونی لەش و کەم بوونەوەی قەبارەی ئەندامەکانی و دروستبوونی بۆنێکی بەهێزی ناخۆش.
  7. ئێسکە شیبوونەوە، بریتییە لە قۆناغی کۆتایی شیبوونەوە کە تێیدا خانە نەرمەکانی لەش هەمووی شی بووەتەوە و تەنها ئێسکەکان دەمێننەوە.
  8. بە بەردبوون، بەشێوەیەکی سروشتی تەنها ئێسکەپەیکەر دەمێنێتەوە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر.

زیندوو بوونەوە

چەندین چیرۆک و بەسەرهاتی سەرچاوەدار هەن کە باس لە کەسانێک دەکەن کە بە مردوو لە قەڵەم دراون و دواتر زیندوو بوونەتەوە، هەندێک جار ڕۆژی دوای مردنیان لەناو دارەمەیتدا هەستاونەتەوە یان سەرەتای دەستکردن بە مەڕاسیمی ناشتنیان، لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەمدا ترسێکی زۆر لەناو خەڵکدا باو بوو لەوەی کە بە زیندووی بسوتێنرێن و وابزانرێت مردوون، هەروەها گفتوگۆی زۆر هەبوو دەبارەی نیشانەکانە نا دڵنیاکانی مردن، چەند پێشنیارێکی جیاواز کرا بۆ تاقیکردنەوەی کەسی مردوو و دڵنیابوونەوە لە مردنی، یەکێک لەوانە ڕژاندنی سرکە و بیبەر بوو بۆ ناو دەمی کەسی مردوو، یان تێپەڕکردنی کردنی مەقاشێکی گەرمی سووربووەوە بە ناو پێی کەسی مردوودا، نوسراوێک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٩٥ی زایینی، ئاماژەی بەوە کردووە کە ساڵانە نزیکەی ٨٠٠ کەس لە ئینگلتەرا پێش ئەوەی بمرن دەنێژرێن، لە سەردەمی داهێنانی شۆکی کارەبایی و ئامێری بوژاندنەوەی دڵدا بۆ ماوەی کاتژمێرێک یان زیاتر دەتوانرێت دەمارە سڕبووەکان بخرێنەوە کار و وا لە کەسێکی تازە مردوو بکرێت کە بگەڕێتەوە بۆ ژیان، نەمانی چالاکی مێشک نیشانەی دڵنیاکەرەوەی مردن نییە لە ڕووی زانستییەوە، لەبەر ئەم هۆیە چەندین چەمک و زانیاری بیردۆزی پێشنیار کراون بۆ پێدانی مانایەکی باشتر بە پێناسەی مردنی ڕاستەقینە، لە ئێستا و لە ڕابردووشدا چەند هەوڵێکی زانستی هەبووە بۆ زیندووکردنەوەی زیندەوەرێکی مردوو، بەڵام سەرکەوتنێکی بەرچاویان بە خۆیانەوە نەدیوە، لە چیرۆکە زانستییە خەیاڵییەکاندا چەند تەکنەلۆجیایەک بوونیان هەیە بۆ جیاکردنەوەی مردنی ڕاستی لە مردنی کاتی.

کەلتورە جیاوازەکانی لەناوبردنی لاشەی مردوو

بە پشت بەستن بە جیاوازی ئایین و بیروباوەڕەکان، چەندین ڕێگا و ڕێوڕەسمی جیاواز بوونی هەیە بۆ لەناوبردنی لاشەی کەسی مردوو:

  • سوتاندنی لاشەی مردوو یەکێکە لە ڕێگا زۆر کۆن و باوەکان، ئەم بیروباوەڕی سوتاندنە دەرخەری ئەو باوەڕەی مەسیحییەکانە کە دەڵێن (خۆڵەمێش بۆ خۆڵەمێش).
  • لە هیندستان سوتاندنی لاشەی مردوو و فڕێدانی ئێسکەکانی بۆ ڕووباری گانجیز کارێکی باو و پیرۆزە.
  • ڕێگایەکی دیکە بریتییە لە ناشتنی ئاسمانی، کە تێیدا لاشەی کەسی مردوو لە شوێنێکی بەرزی وەک چیایەک جێدەهێڵرێت تاکوو ببێت بە نێچیری باڵندەکان و لەناوبچێت، هەروەها بڕوایان وایە کە باڵندەکان ڕۆحەکان هەڵدەگرن و دەیانبەن بۆ بەهەشت، لە تیبیت ئەم شێوازی ناشتنە باوە بەهۆی لێکەوتەی ژینگەکەیەوە، چونکە خاکەکەی بەردینە و هەڵکەندنی قورسە هەروەها داری کەمە بۆ سوتاندنی تەرمی کەسی مردوو.
  • لە ئایینی بوزیدا هەروەک تیبیت بڕوایان بەوە هەیە کە لەشی مرۆڤ دوای مردن شتێکی بەتاڵە، هەروەها پێیان وایە کە جگە لە ناشتن ڕێگای دیکە زۆرە بۆ ڕزگاربوون لە لاشەیەکی مردوو، وەک جێهێشتنی بۆ ئاژەڵەکان تاکوو بەکاریبهێنن.
  • لە هەندێک کۆمەڵگای نزیک دەریا و دەریاواندا، لاشەی کەسی مردوو دەخرێتە ناو ئاوەوە کە بە ناشتن لە دەریادا ناسراوە.
  • هەندێک گوندی شاخاوی کەلتوری هەڵگرتنی دارەمەیت لەناو دارستاندا تیایاندا باوە.
  • لە زۆربەی ناوچەدا کەلتوری گۆڕستان باوە، کە لە پارچەیەک زەویدا چەندین گۆڕ پێکەوە هەڵدەکەندرێن، سەرەتا لاشەکە لەلایەن مردووخانە، کۆگای تایبەت بە لاشەی مردوو، مردوونێژ یان پیاوانی ئاییینیەوە ڕێکدەخرێت، پاشان لاشەکە دەخرێتە نا گۆڕەوە.


سەرچاوەکان



3855 بینین