فۆبیای ئیخوان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-07-16-14:08:00 - کۆدی بابەت: 13545
فۆبیای ئیخوان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و واتای دەستەواژەکە

فۆبیای ئیخوان، فۆبیای ئیخوانی بوون، ئیخوانۆفۆبیا (بە عەرەبی: فوبيا اخوان، اخوانوفوبيا، بە ئینگلیزی: Ikhwanophobia) دەستەواژە و زاراوەیەکی نوێی سەردەمیانەیە واتا ترس لەوەی ئیخوانی بیت یان ترس لە ئیخوانییەکان و پەیڕوانی ڕەوت و بیری ئیخوان، نیشاندان و ناساندنیان وەک لایەنێکی ئیسلامی دواکەوتوو یان لایەنێکی نیمچەتوندڕەوی تۆقێنەری دژ بەدەسەڵات یان پشێوی دروستکەر و تێکدەری ئاساییشی وڵات.

ئیخوانۆفۆبیا ئەو لایەنانەن کە دژیاتەی ئەندامان و لایەنگران و هەوادارانی ئیخوان موسلیمین و موسڵمانان بە گشتی دەکەن. وێنای ئیخوانییەکان دەکەن بەجۆرێک کە کۆنەپەرستی ئایینی و  مەیلی توندوتیژیان هەیە، چەمکەکانی وەک یەکسانی و لێبووردەیی و دیموکراسی ڕەتدەکەنەوە. ئەمەش بەو واتایەیە کە هەرکەسێک تەنانەت ئەگەر سەر بە حیزبەکەش نەبوو بەڵام هەوادار یان لایەنگری کارەکانی حەسەن بەننا، سەید قوتب، یان ڕاشید غەنووشی بکات، دەکرێت تۆمەتی ئیخوانچی بخرێتە پاڵ. 

ئەم دەستەواژەیە زیاتر بۆ ئەو نووسەر و لایانەنانەی دەسەڵات بەکاردەهێنرێت کە ترس و تۆقینێکی زۆریان لە ڕەوتە ئیسلامییەکان هەیە نموونەی زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو و میسر و چەند ڕەوتێکی دژەئایین، هەر لایەنێکی ئیسلامی دژی دەسەڵات یان ڕەخنەگر بێت تۆمەتی ئیخوانی بۆ هەڵدەبەستن بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن کە ئەگەر بۆچوون و هزرێکی دیاریکراوت هەبێت تاوانە و دەیکەن بە بیانوو بۆ دوورخستنەوەی نەیارانی دەسەڵاتیان.

دەرکەوتن و مێژووەکەی

ئەم دەستەواژەیە لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیست و یەک سەریهەڵداوە، لە دەرەنجامی دوای ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی ساڵی ٢٠١١ـەوە لە ناوچە و وڵاتە عەرەبییەکان، زۆرێک لە حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان بەشداربوون لە گۆڕینی نەخشەی سیاسی وڵاتەکان نموونەی ڕەوتی ئیخوان موسلیمین لە وڵاتی میسر.

لە دوای ساڵی ٢٠١٧ و دروستبوونی کەشێکی سیاسی نوێ لە وڵاتانی کەنداو و دروستبوونی ناکۆکییەکانی نێوان قەتەڕ و وڵاتانی تر زیاتر ئەم دەستەواژەیە پەرەیسەند، وڵاتانی کەنداو دژی هەر لایەنێکی ڕەخنەگربوون کە لەگەڵیان نەبوون و تۆمەتی ئیخوانیبوونیان بۆ دروست دەکردن، لە میدیاکانیش فۆبیای ئیخوان بڵاوکرایەوە بە جۆرێک که ڕەوت و بۆچوونی ئیخوان وەکوو ڕەوتێکی توندڕەو و تیرۆریستی تۆقێنەری دژ بە دەسەڵات نیشان درا، تۆمەتی تیرۆریستی دەدرایە پاڵ نەیارانی حکوومەت و دەسەڵات و ڕەخنەگران لە دەسەڵات بە تۆمەتی ئیخوانیبوون زیندانی دەکران.

ئیخوانییەکان کێن؟

بنەچەی ناوەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەر حیزبی ئیخوان موسلیمین لە میسر کە لە ساڵی ١٩٢٨ لە دوای ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی لەسەر دەستی حەسەن بەننا لە میسر ڕاگەیاندرا، وەکوو تاکە ڕەوتی ئیسلامی نوێی ئەو کاتە کاری بۆ چاکسازی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکرد لە ژێر یاساکانی ئیسلامدا.

ئیخوانییەکان یان پەیڕەوانی ڕەوتی ئیخوان یان برایانی موسڵمان ناودارترین و بەربڵاوترین ڕێکخراوە ئیسلامییەکانن لە سەردەمی نوێدا، زۆرترین ئەندام و ھەوادار و لایەنگریان ھەیە لە جیھانی عەرەبی و ئیسلامی جیھاندا، بەپێی تێپەڕبوونی کات لایەنگران و حیزب و ڕەوتی تری ئیسلامی لەژێر بنەماکانی ئەوان دامەزران و هەوادارانیان زیادبوون.

لە بەرانبەردا هەر لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە لە سەردەمی دەسەڵاتە جیاوازەکانی میسر نموونەی سەردەمی دەسەڵاتی جەمال عەبدولناسڕ، ئەنوەر سادات، حوسنی موبارەک دژایەتی کراون، دوورخرانەتەوە و ڕاپێچی زیندان کراون و چەندین جار حیزبەکە هەڵوەشێنراوەتەوە، تەنانەت بەشێک لە ئەندامانی لەسێدارەدراون و کتێب و نووسراویان قەدەغە کراوە.

هۆکاری دەرکەوتن و زەقبوونەوەی دەستەواژەکە

  • ڕووداوەکانی دوای ٢٠١١ و بەهاری عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە هەرکەس و لایەنێکی ئیسلامی دژی حکوومەت و دەسەڵات بوەستایەتەوە تۆمەتی ئیخوانییان دەدرایە پاڵ.
  • لاوازی هەڵوێستی ڕەوتە ئیخوانییەکان.
  • دروستبوونی کێشەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و وڵاتی قەتەڕ لە ساڵی ٢٠١٧، هەر لایەن و بانگخوازێکی ئیسلامی لایەنگری وڵاتی قەتەڕ بوایە تۆمەتی ئیخوانی بۆ دروست دەکرا.
  • وەرگرتنی دەسەڵات لە سعودیە لەلایەن موحەمەد بن سەلمان، لەو وڵاتە هەر لایەنێکی ئیسلامی دژی دەسەڵاتی بوایە و ڕەخنەی لێ بگیرایە بە لایەنگری ئیخوان و ئیخوانچی ناوزەد دەکرا و ڕاپێچی زیندان دەکران.
  • دانانی حیزب و ڕەوتی ئیخوان موسلیمین لە چەند وڵاتێک لە لیستی تیرۆر.
  • مێژوو و ڕابردووی ئیخوان موسلیمین لە سەردەمی دەسەڵاتە جیاوازەکانی میسر، کە لە سەردەمی عەبدولناسڕ وەک تێکدەری ئاسایشی وڵات ناسێنران، هەر لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەوەوە تووشی ڕاوەدوونان و دوورخستنەوە و زیندانیکردن و لەسێدارەدان بوونەوە.

تێڕوانینەکان لەسەر دەستەواژەکە

دامەزراوە میدیاییەکانی لایەنگری دەسەڵاتەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و بەشێک لەوانەی ئەورووپاش بە نووسراو و بینراو و بیستراوەوە بە نمایشکردنی سیمایەکی ترسناک و پڕ لە مەترسی و تۆقێنەر لە ئایینی ئیسلام و پەیڕەوانی هزری ئیخوانی، هەوڵیان داوە ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە هاندانی سیاسییەکان و پەرەپێدانی هەستی ڕق و دەمارگیری و جیاکاری لە نێو کەسایەتی و بانگخوازانی ئیسلامی، کۆمەڵگاکانیان دابەشکردوەتە سەر بەرەی "ئێمە" و "ئەوان"، لایەنگرانی ئیخوان وەک ڕەوتێکی نیمچەتوندڕەو و تێکدەر و پشێوی دروستکەری وڵات دەناسێنن، ڕەوتەکە وەک کەسانی دواکەوتوو و سەرچاوەی تیرۆر پێناسەیان بۆ دەکرێت، دەستەواژەکە کێشەی زۆر دروست کردووە چونکە لە ئێستادا لە وڵاتە ئیسلامییەکان بە تایبەت وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتی میسر و تەنانەت ئەورووپا و ڕۆژاواش دەستەواژەی فۆبیای ئیخوان وەک  ئیسلامۆفۆبیا بووە بە دیاردەیەکی زەق، بووە بە چەکی دەستی دەسەڵاتداران ئەوان دژی نەیاران و ڕەخنەگرانیان بەکاری دێنن، هەر کەسایەتییەکی ئیسلامی نووسەر یان بانگخواز ڕەخنە و ناڕەزایی لە دەسەڵات هەبێت بە ئیخوانچی ناوزەدی دەکەن، تۆمەتی تێکدەری دەدرێتەپاڵ و ڕاپێچی زیندان دەکرێت.


سەرچاوەکان



311 بینین