ناوهڕۆك
ناساندن
شیکاری شوێنی (بە عەرەبی: التحليل المكاني، بە ئینگلیزی: Spatial Analysis). بریتییە لەو شێوازەی کە بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی پەیوەندییە شوێنییەکانی نێوان دیاردەکان لە نێوانیشیاندا شیکردنەوەی پەیوەندییە شوێنییەکان و سوود وەرگرتن لێیان، ھەروەھا تێگەیشتن لە ھۆکارەکانی بوون و دابەشبوونی دیاردەکان لەسەر ڕووی زەوی و پێشبینیکردنی ڕەفتاری ئەم دیاردانە لە داھاتوودا یاخود شیکاری شوێنی بریتییە لە ئەو شێوازەی کە شوێنەکان و تایبەتمەندییەکانی پێ ڕێکدەخرێت، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە پڕۆسەی شیکردنەوەکە وێنەیەکی ڕوون بەدەستەوە دەدات، لە بارەی پێکھاتە سروشتییەکان لەسەر ڕووی زەوی و ئەو تایبەتمەندییانەی کە بەلای مرۆڤەوە گرنگن و ھەروەھا کردارە جۆراوجۆرەکانی وەکوو گردەکان و کردارە جیۆلۆجی و جیۆمۆرفۆلۆجییەکان لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی بەرد و خاك و ئاو و ڕووەکی سروشتی، ھەموو ئەمانەش بە خشتەیەکی تایبەت وێنا دەکرێن بۆ پۆلێنکردنی زەوی بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی زەوی و و زارە دێھاتییەکان و پاشان بەکارھێنانە گونجا و نموونەییەکانی بۆ ھەر جۆرێک لە جۆرەکانی زەوی.
چەمکی شیکاری شوێنی
چەمکی شیکاری شوێنی لە توێژینەوە جوگرافییەکاندا گرنگی زۆری پێدراوە، چونکە چەمکێکی فراوانە ھەربۆیە، توێژەران و پسپۆڕان لە بواری زانستی جوگرافیا چەندین پێناسەی جۆراوجۆریان بۆ کردووە و ناساندوویانە بەوەی کە بریتییە لە چارەسەرکردنی زانیارییە شوێنییەکان لە چوارچێوەی ئەو پڕۆگرامانەی کە داتا و زانیارییەکانی جوگرافی پێ ڕێکدەخرێت، یان بریتییە لە پرۆگرامێکی شیکاری بۆ دیارخستن و نەخشە کێشانی توخمە بنچینەیی و پێکھێنەرەکانی شوێنی دیاریکراو و مەودای گونجاویەتی بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی دیاریکراو دەستنیشانکردنی چەمکی شیکاری شوێنی کارێکی ئاسان نییە، بەھۆی پەیوەندی بە سیستەمی زانیارییە جوگرافییەکان و زانستەکانی تر، یاخود ڕێبازێکی شیکارییە بەکاردێت بۆ دیزانکردنی توانستی شوێنێکی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی جۆرە چالاکییەك، وێرای ئەوەی کار دەکات لەسەر ناساندنی پەیوەندییەکانی نێوان تایبەتمەندییە جوگرافییەکان بۆ توێژینەوە سروشتی و مرۆییەکانی بۆ شوێنێکی دیاریکراو، بە ئامانجی دەرخستنی تایبەتمەندییە شاراوەکان.
کەواتە، شیکاری شوێنی بەوە دەناسرێت کە چارەسەری داتا شوێنییەکان دەکات لە چوارچێوەی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان GIS کە پەیوەندییەکی بەھێزی ھەیە لەگەڵ سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان، ئامانجی ھاوبەش لە نێوانیاندا باشترکردنی تواناکانە بۆ تێگەیشتن لە دیاردە جوگرافییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی، یەکێك لەو گرفتانەی ڕووبەڕووی تێگەیشتنی پەیوەندی نێوان شیکاری شوێنی و سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان دەبێتەوە بریتییە لە سەختی دەستنیشانکردنی چەمکی شیکاری شوێنی لەلایەك و تێکەڵاوی و پەیوەندی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان و زانستەکانی تر لەلایەکی ترەوە، بۆیە ناکرێت دەستنیشانی چەمکی شیکاری شوێنی بکەین لەوەی زیاتر توانایەکی گشتییە بۆ چارەسەرکردنی داتا شوێنییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر بۆ دەستکەوتنی ئەنجامی زیاتر و باشتر.
مێژووی سەرھەڵدان و گەشەکردنی شیکاری شوێنی
لە ساڵی ١٨٥٤ لەندەن لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدابوو، بەھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا کە بووە ھۆی مردنی ٦١٦ کەس نەبوونی زانیاری تەواو دروست لەو کاتەدا لەسەر نەخۆشی کۆلێرا و جۆرەکانی، نە دەزانرا کە ھۆکاری بڵاوبوونەوەی چییە و چۆن بتوانرێت ڕێگری لێبکرێت، سەرەتا خەڵکی وایان دەزانی ھۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی ھەوای پیسە، بەڵام دکتۆر (جۆن سنۆو) داتای مردووانی بە کۆلێرا خستە سەر نەخشەی ئەو داتایە و توانی شیکردنەوە بۆ دیاردەکە بکات، لە دەرئەنجامی ئەم شیکردنەوەی بۆی دەرکەوت بەپێی نەخشەکە زۆینەی ئەو کەسانەی کە مردوون شوێنەکەیان زۆر نزیک بووە لە بۆڕی ئاوی خواردنەوە، سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرای دیاریکرد کە ھۆکاری سەرەکی بریتییە لە پیسبوونی ڕێڕەوی ئاوی خواردنەوە.
ئەم کردارە لە شیکاری شوێنی بە یەکەمین ھەنگاو دادەنرێت بە بەکارھێنانی نەخشە و بە پشت بەستن بە داتای مردووان لەگەڵ شوێنی نیشتەجێبوونیان، دواتر پەیوەندی شوێنی مردنیان دروستکرد و شیکردەوە کە بۆچی لەو شوێنەدا مردن بوونی ھەیە و لە شوێنێکی تردا نییە، بەم جۆرەش توانی داتای سادە بگۆڕێت بۆ زانیاری و پاشان ئەم زانیاریانەی کردە بڕیار و توانی کێشەکە بدۆزێتەوە و چارەسەری بکات. لە ڕۆژگاری ئێستادا و دوای ٢٠٠٠ ساڵ بەسەر کارە مەزنەکەی دکتۆر جۆندا، بەکارھێنەرانی GIS لە ڕێگای چەندین ئامرازی کۆمپیوتەرییەوە داتا دەخەنە نێو سیستمەکە نەخشەی پێ دروستدەکەن، بەم جۆرەش داتا سادەکان دەگۆڕن بۆ زانیاری و بەھۆیەوە کێشەکە دەسنیشان دەکرێت و دواتر چارەسەر و پێشنیار دەخرێتەڕوو بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان.
گرنگترین ئەو بوارانەی پشت بە شیکاری شوێنی دەبەستن
شیکاری شوێنی چەمکێکی فراوانە و کەم بوار ھەیە لە ئێستادا پشتی پێ نەبەستێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بە کەمترین کات و تێچوو، بۆ ئەم مەبەستەش سوود وەردەگیردرێت لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان، گرنگترین ئەو بوارانەش بریتین لە:
١- دابەشبوونی بنکە تەندروستییەکان
٢- بڵاوبوونەوەی جۆری نەخۆشییەکان
٣- دابەشبوونی قوتابخانەکان و مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان
٤- دابەشبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و ھێڵەکانی ئینتەرنێت و کارەبا
٥- دابەشبوونی تۆڕەکانی ڕێگا و بان
٦- دابەشبوونی کێڵگەکانی گازی سروشتی و نەوت و کارگە پیشەسازییەکان
٧- دابەشبوونی خزمەتگوزاری ئاگر گوژێنەوە و بەرگری شارستانی
٨- دابەشبوونی شوێنە گەشت و گوزارییەکان و دابەشبوونی خانووی دێھاتی
ھەموو ئەو بوارانەو چەندین بواری تر دەتوانرێت لە ڕێگای شیکاری شوێنی کێشەکانیان بزانرێت بە ئامانجی گەیشتنی چارەسەریەکی گونجاو بۆ کێشەکان.
دیارترین ئامرازەکانی شیکاری شوێنی
ئەنجامدانی شیکردنەوە بۆ دیاردەکان پشت دەبەستێت بەوەی کە چ جۆرە داتایەک بەکاردەھێنرێت و شیکردنەوەی بۆ دەکرێت، ئایە ئەم داتایە شیدەکرێنەوە (Vector Data) یان (Raster Data) بەم جۆرەش دوو جۆری شیکردنەوە ھەن کە بریتین لە:
Vector - Based Geoprocessing Operations
زۆربەی کردارەکان لەسەر (Vector Data) ئەنجام دەدرێن، واتە جۆری داتاکە (ھێڵ یان خاڵ یان ڕووبەر) بێت داخڵی توڵێکی شیکردنەوە دەکرێت لە بەرامبەردا داتایەکی نوێ دەدات بە دەستەوە (Output/ Input). دیارترین ئامرازەکانی شیکردنەوەی داتای ھێڵ و خاڵ و ڕووبەر بریتین لە:
- Buffer: بریتییە لەو کردارەی کە چوارچێوە بە دەوری خاڵ و ھێڵ و شێوەیەکدا دەکێشێت بە دووریەکی دیاریکراو، بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت بازنەیەک بە دەوری ھەموو بورجەکانی ھێڵی ئینتەرنێت بکێشین بە دووری ١٠٠٠ مەتر.
- Clip: ئامرازێکە بەکاردەھێنرێت بۆ بڕینی فیچەرێک و دروستکردنی فیچەرێکی نوێ، بەڵام کاتێک فیچەرێکی نوێمان دەستدەکەوێت تەنھا نەخشەیەکی نوێمان دەست ناکەوێت، بەڵکوو ھەموو داتاکانی نێو ئەو نەخشەیەش لە شێوەی خشتە Table بە ھەموو شێوەکان داخڵی فیچەرە نوێیەکە دەبن (Attribution Table). Clip: Input + Clip Feature = Output
- Intersect: بەکاردێت بۆ دروستکردنی فیچەرێکی نوێ کە پێکھاتووە لە ھاوبەشی ھەردوو فیچەرەکە، جیاوازیەکەی لەگەڵ Clip ئەوەیە کە لە Clip بڕین ھەیە و تەنھا فیچەری سەرەکی دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بەشی فیچەری دووەم تێکەڵی یەکەم بێت، بەڵام لە ئینتەرسێتێکدا ھەردوو فیچەرەکە بەشە ھاوبەشەکانیان تێکەڵ بە یەکتری دەبن. Intersect: Input + Intersect Feature = Output
- Dissolve: بەکاردێت بۆ ئەوەی چەند لقێک کە لە یەک تیبەتمەندی ھاوبەشن ببن بە یەک بەش. Dissolve: inpu + Output = Output
- Merg: بەکاردێت بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی چەند داتا سێتێک و دەیانکات بە یەک دانەی نوێ لە نزیک یەکتر، دەتوانێت (خاڵ و ھێڵ و ڕووبەر و خشتە) بەیەکەوە گرێبدات.
- Union: بەکاردێت بۆ لەسەر یەک دانانی چەند فیچەرێکی جیاواز و دەیانکات بە یەک دانە، لە Merg دوو Feature لە تەنیشت یەکتر دادەنرێن و گرێدەدرێن بە یەکەوە، بەڵام لە Union دوو Feature لەسەر یەک دادەنرێن و بە یەکەوە گرێدەدرێن. Union: Input + Union Feature = Output
- Erase: بەکاردێت بۆ سڕینەوەی فێچەرێک بە بەکارھێنانی (ڕووبەر Polygon)، واتە ئەو بەشەی دەکەوێتە ناو ڕووبەرەکە دەیسڕێتەوە. Erase: Input + Erase Feature = Output
Raster - Based Spatial Analysis
ھەموو کردارە پڕاکتیکییەکانی لە (Raster Data) ئەنجام دەدات، Raster Data بریتییە لە خشتە و خانەی چوارگۆشەیی بچووک (Pixels/Cell) کە ھەرخانەیەک واتە ھەر پیکسڵێک خاوەن داتای تایبەت بە خۆیەتی، لەم بەشەدا Raster Data ھەڵدەستێت بە حیسابکردنی نرخی خانەکان Raster Grid Cell alues. دیارترین ئامرازەکانی شیکردنەوەی Raster Data بریتین لە:
- Slope
- Aspect
- Hill Shade
- Contours
- Hill Shade Elevation Tined
- Euclidean Distance
بریتییە لە کردارەی کە چوارچێوەیەکی بە دەوری (خاڵ و ھێڵ و ڕووبەر Vector Data) دەکێشێت بە دووری دیاریکراو، جیاوازی لەگەڵ Buffer ئەوەیە کە Euclidean بە شێوەی دوو دووری حیساب دەکات، بەڵام Buffer حیساباتی سێ دووری دەکات.
شیکردنەوەی تەرزەکان (Spatial Statistics Tools)
ئامرازەکانی شیکاری شوێنی لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان GIS بە ئامرازێکی نموونەی دادەنرێت لە پڕۆسەی شیکاری شوێنی بۆ دیاردە جوگرافییەکان و بە ستنەوەی نێوانیان بە یاسا بۆ دەرخستنی پەیوەندییە دوولایەنەکان و گەیشتن بە بنیاتنانی نموونەی شوێنی Spatial Models بۆ دیاردە جوگرافییەکان لە ڕێگای بەکارھێنانی ئامرازە ئامارییە شوێنییەکان کە توانای ھەڵسوکەوتیان ھەیە لەگەڵ داتا بەیسە جوگرافییەکان.
توێژینەوە جوگرافییەکان لە پڕۆسەی شیکاری شوێنیدا پشت دەبەستێت بە دابەشبوونی جوگرافی دیاردەکان لە چوارچێوەی پانتایەکی دیاریکراودا، بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی ھەر دیاردەیەک لە بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی دەبێت شێوەیەکی تایبەت بەخۆی ھەبێت کە پێی دەگوترێت تەرزی دابەشبوون (Pattern) کە شێوەیەک لە شێوەکانی بیرکاری شوێن دەنوێنێت، کە لە ئەنجامی ھۆکارێک بەرھەمدێت کە بە شیکردنەوەی تەرزەکان ناو دەبرێت (Pattern Analysis) کە بریتییە لە ئەنجامی کۆکردنەوەی شوێنی دیاردە جوگرافییەکان لە ناوچەیەکدا. نموونەی دابەشبوونە جوگرافییەکان لە نێوان (کەڵەکەبووی تەواو بەھێز) دایە لەلایەک و (پەرشووبڵاوی پەرتەوازەیی) لەلایەکی تر، ئەو نموونەی دەکەوێتە نێوان ئەم دوو نموونەیە بە (نموونەی ھەڕەمەکی) ناودەبرێت.
شیکردنەوەی نزیکی ھاوسێیەتی (Nearest Neighbor Analysis)
سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان GIS کۆمەڵێک ئامرازی ئاماری شوێنی لە خۆگرتووە، نموونەی یەکێک لەم ئامرازانە بریتییە لە شیکردنەوەی نزیکی ھاوسێیەتی کە ئامانجی سەرەکی لێی دەرخستنی دابەشبوونی دیاردە جوگرافییەکان و تەرزی دابەشبوونیانە. سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان GIS لە شیکردنەوەی نزیکی ھاوسێیەتیدا ھەڵدەستێت بە پێوانەکردنی ماوەی نێوان خاڵەکان لەگەڵ ئەو خاڵەی کە ھاوسێیەتی.
دواتر ھەڵدەستێت بە ھەژمارکردنی مامناوەندی ماوەکان لە نێوان سەرجەم ئەو خاڵانەدا، دواتر پڕۆسەی دابەشکردنی مامناوەندی ھەژمارکراو لەسەر مامناوەندی پێشبینیکراوی نێوان سەرجەم خاڵەکان ئەنجام دەدات، ئەگەر (مامناوەندی ماوەی پێوانەکراو) کەمتر بوو لە (مامناوەندی ماوە پێشبینیکراو) ئەوا تەرزی دابەشبوونەکە (کەڵەکەبووە Clustered)، بەڵام ئەگەر (مامناوەندی ماوەی ھەژمارکراو) زیاتر بوو لە (مامناوەندی ماوەی پێشبینیکراو) ئەوا تەرزیدابەشبوونەکە (پەڕشووبڵاوە Dispersed) لە نێوان ئەم دوو جۆرە تەرزی دابەشبوونی (ھەڕەمەکی Random) بە دیاردەکەوێت.
بەھای ڕێبەری تەرزەکانی دابەشبوون
١- ئەگەر بەھای ھاوکۆڵکە ئامارییەکە لە نێوان (٠.٠٠ بۆ ٠.٠٩) بوو، ئەوا تەرزی دابەشبوونی دیاردە جوگرافییەکە (کۆبووەوەیە - مجتمع).
٢- ئەگەر بەھای ھاوکۆڵکە ئامارییەکە لە نێوان (٠.١ بۆ ٠.٤٩) بوو، ئەوا تەرزی دابەشبوونی دیاردە جوگرافییەکە (لەیەک نزیکی کۆکراوەیە - متقارب عنقودي).
٣- ئەگەر بەھای ھاوکۆڵکە ئامارییەکە لە نێوان (٠.٥٠ بۆ ٠.٩٩) بوو، ئەوا تەرزی دابەشبوونی دیاردە جوگرافییەکە (لەیەک نزیکی ھەڕەمەکییە - متقارب عشوائي).
٤- ئەگەر بەھای ھاوکۆڵکە ئامارییەکە لە نێوان (١.٠٠ بۆ ١.١٩) بوو، ئەوا تەرزی دابەشبوونی دیاردە جوگرافییەکە (ھەڕەمەکییە - عشوائي).
٥- ئەگەر بەھای ھاوکۆڵکە ئامارییەکە لە نێوان (١.٢٠ بۆ ٢.١٥) بوو، ئەوا تەرزی دابەشبوونی دیاردە جوگرافییەکە (لەیەک دوورە - متباعد).
ئەوەی شێوازی دابەشبوونەکە دیاری دەکات کە بەھایەکی ئاماری ھەیە یان نا بریتییە لە بەھای (Z - Score) کە بەستراوەتەوە بە بڕی لادانی پێوانەیی لە ناوەندەوە، بە جۆرێک کە لادانی پێوانەی گەورە لە ناوەندەوە بە شێوەیەکی (پۆزەتیڤ + یان نێگەتیڤ -) ئاماژە بۆ دابەشبوونی نا ھەڕەمەکی دیاردە جوگرافییەکە دەکات، بەم شێوەیەش ئەگەر بەھۆی پێوەری (Z - Score) کەوتبووە نێوان (٢.٥٨ - بۆ ٢.٥٨+) ئەوا کەوتۆتە ناوچەی پەسندکراو.
بەڵام ئەگەر نەکەوتە نێوان ئەم دوو ژمارەییە، ئەوا بەھای پێوەری (Z - Score) دەکەوێتە دەرەوەی پشتێنەی ناچاری، واتە ناوچەی پەسندنەکراو. ئەگەر بەھاکەی لە دەرەوەی ناوچەی شلەقاو بوو (Critical Values) ئەوا گریمانەی جێگرەوە پەسند دەکەین، بە جۆرێک کە دابەشبوونی خاڵەکان کە گوزارشت لە دیاردەکە دەکەن تەرزێکی نا ھەڕەمەکی وەرگرتووە.
بۆ زانینی ئاستی بڕواداری پەسند گریمانەکە پشت بە ئاستی ئاماژەی ئاماری (Significance Level) دەبەستێت، بە جۆرێک لە توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکاندا نابێت لە ٩٥٪ کەمتر بێت، بۆ دەرخستنی بەھای شیکردنەوەی نزیکی ھاوسێیەتی پشت بەم ھاوکێشەیە دەبەستێت: R = 2d (N/A)
- بەھای نزیکی ھاوسێیەتی = R
- ژمارەی خاڵەکان = N
- ڕووبەری ناوچەکە = A
- مامناوەندی ماوەی جیاکەرەوەی نێوان خاڵەکان (ماوەی ڕاستەقینە) = d