ناوهڕۆك
ئاگر
سووتان شێوازی زۆرە. بەڵام لە زۆربەی جارەکاندا دەبێت شتێکی سادە ڕوو بدات. ئەویش یەکگرتنی ئۆسکجینە لەگەڵ ئەو ماددەیەی کە دەشێت بسوتێت ئەم کارلێکەش گەرما دەهێنێت. ئەگەر کارلێکەکە بە خێرایی ڕوویدا ئەوا کڵپەیەک یان زمانەیەک لە ئاگر دروست دەبێت.
کاتێک دار یان کاغەز لەگەڵ ئۆکسجین دا یەکدەگرن زمانەیەک لە ئاگر دەبینین هەروەها سووتان لە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکانیشدا هەمان شتە. سووتان لە بزوێنەری ئۆتۆمبێلدا هێندە بە خێرایی دروست دەبێت وا دەزانین تەقینەوەیە. بەو دیوەکەشدا بە پێچەوانەوە جۆرێک سووتانی هێندە خاو هەیە ماوەی چەند ساڵێک درێژە دەکێشێت.
بۆ نموونە:
کاتێک ئاسن ژەنگ لێیدەکات کرداری سووتان زۆر خاو ڕوودەدات! کاتێک سووتانی خاو ڕوودەدات، ئەو گەرمایەی لێیەوە دروست دەبێت و دەچێت بۆ هەوا، پلەی گەرمای دەگاتە ئەو ئەندازەیەی کە لە سووتانێکی گورج و گۆڵدا ڕوو دەدات، ئەم سووتانە پێی دەوترێت (سووتانی هەڕەمەیی). دەشێت سووتانی هەڕەمەیی کۆما قوماشێکی نەوتاویشدا ڕوو بدات، کە لە شوێنێکی داخراودا دانرابێت.
نەوتەکە بە کردارێکی ئۆکساندنی زۆر خاودا بەردەوام دەبێت و سووتاندنەکەش دەیبات بۆ گەرما، گەرماکەش لەبەر ئەوەی ناتوانێت بچێتە دەرەوە، بۆیە کۆ دەبێتەوە و لە کۆتاییدا گەرماکە هێندە دەبێت، کە وابکات قوماشەکە گڕ بگرێت.
ئۆکسجین کە یەکێکە لە زۆرترین توخمەکانی سروشت زۆر پێویستە بۆ سووتاندن. هەوای دەوروبەریشمان نزیکەی ٢١٪ـی ئۆکسجینە، ئەم ئۆکسجینەش هەمیشە ئامادەیە بۆ کرداری سووتاندن.
ئەو مەوادانەی زۆر پێویستن بۆ ڕوودانی سوتاندن وەکو ئۆکسجین قابیلی سوتانیش پێیان دەڵێن مەوادە خێرا گڕگرتووەکان، ئەو مەوادانەش کە لە سووتاندندا بەکار دەهێنرێت وەکو دار و خەڵوز و نەوت و غاز پێیان دەوترێت سووتەمەنی.
لە کاتی کرداری سوتاندندا دوو گەردیلە ئۆکسجین و یەک گەردیلە کاربۆن لە سووتەمەنیەکە یەک دەگرن و ماددەیەکی تازە دروست دەکەن پێی دەوترێت دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. ئەو کرداری سووتانەش کە لە لەشماندا ڕوودەدات گەرمی و وزە بەرهەم دەهێنێت. کە دەبێتە هۆی دروست بوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و لە ڕێگەی هەناسە دانەوە دەری دەکەین.