تۆکردنی ھەورەکان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-07-10-16:49:00 - کۆدی بابەت: 13498
تۆکردنی ھەورەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تۆکردنی ھەورەکان یان چاندنی ھەورەکان (بە عەرەبی: زرع السحاب، بە ئینگلیزی: Cloud Seeding). بریتییە لەو پڕۆسەیەی کە مرۆڤ بەژداری دەکات لە چالاکردنی کرداری گەشەکردن و چڕکردنەوەی ئەو دڵۆپە ئاوانەی کە لە ھەورە نەباریوەکاندا کۆبوونەتەوە، بە ئامانجی باراندنی باران بە تایبەتی لە ناوچە وشک و کەم بارانەکان، کە دەبێت ھۆی زیادکردنی باران بە ڕێژەی (١٠٪ بۆ ٢٠٪).

مێژووی سەرھەڵدان و گەشەکردنی ئەم پڕۆسەیە

مێژووی تۆکردنی ھەورەکان بە شێوەیەکی زانستی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتی (١٣ تشرینی دووەمی ١٩٤٦) لەلایەن دوو توێژەری ئەمریکی بەناوی (Evering Laninger و Venst J. Shaver). لە کارێکی تاقیگەیدا سەرکەوتووبوون لە دروستکردنی بارانی دەستکرد، دواتر بە چەندین قۆناغ ئەم بابەتە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی و لە چەندین وڵاتی وەکوو (ئەمریکا و دوبەی و ئیماڕات) تاقیکرایەوە.

پێکھاتەی تۆکردنی ھەورەکان

تۆکردنی ھەورەکان بە چەندین قۆناغی جیاواز تێدەپەڕێت، ھەر قۆناغێکیش بۆ مەبەستێکی دیاریکراو ئەنجامدەدرێت، لە گرنگترین ئەو قۆناغانەش بریتین لە: 

  • قۆناغی یەکەم - گەورەکردنی قەبارەی گەردیلەکانی دڵۆپە ئاوکان لە بەرگەھەوادا.
  • قۆناغی دووەم - چڕکردنەوەی گەردیلەکانی ئاو بۆ دروستکردنی ھەور و باراندنی باران.

تەکنیکە بەکارھێنراوەکان بۆ تۆکردنی ھەورەکان

١- جێگیر (Static) ئەم تەکنیکە ئەنجامدەدرێت بۆ کەش و ھەوایەکی سارد، کە ئامانج لێی چڕکردنەوەی گەردیلەکانی ئاوە، زۆربەی کات شێوەی گەردیلەی کرستاڵی بەستوو وەردەگرێت و دەبێتە ھۆی بەفر بارین، پێکھاتەی (Silver Iodide یان Aluminum Oxide) دەخرێتە نێو بەرگە ھەواوە بۆ دروستکردنی بارانی دەستکرد یان بەفری دەستکرد لە ناوچە ساردەکان.

٢- داینامیک - Dynamic ئەم تەکنیکە لە کەش و ھەوایەکی گەرم ئەنجامدەدرێت، ئامانج لێی ئەو تەوژمە ھەوایە ستوونیانەی لە نێو ھەورەکاندا دروست دەبن کە گەردیلەکانی ئاوی پێ چڕ دەکرێتەوە و قەبارەی گەردیلە ئاوەکانی پێ گەورە دەکرێت، لەم پڕۆسەیەدا پێکھاتەی (کلۆردیدی سۆدیۆم) بەکاردێت. 

٣- ھایگرۆسکۆپیک - Hygroscopic لەم تەکنیکەدا تەنھا چڕکردنەوەی دڵۆپە ئاوەکان ئەنجامدەدرێت، لە ڕێگای بەکارھێنانی پێکھاتەی (کلۆریدی کالیسیۆم)، چونکە لەم قۆناغەدا گەردیلە ئاوەکان قەبارەیان گەورەیە و تەنھا پێویستی بە چڕکردنەوەیان ھەیە لە کەش و ھەوایەکی گەرمدا بۆ دروستبوونی ھەرو و دابارین.

تۆکردنی ھەورەکان پێویستی بە چەند ھەل و مەرجێک ھەیە بۆ جێبەجێکردنی

١- ئەستووری ھەورکە: ئەو ھەورەی ماددە کیمیاییەکانی پیدا دەرپڕژێنرێت نابێت ئەستووریەکەی لە (٥٠٠) مەتر کەمتر بێت.
٢- پلەی گەرمی ھەرەکە: واباشتر پلەی گەرمی ئەو ھەورەی ماددە کیمیاییەکانی پیدا دەپڕژێنرێت لە (-٥)° سیلیزی کەمتر نەبێت.
٣- بوونی ھەڵمی ئاو لە ھەوادا: ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی دەبێت لە بارانی دەستکردا، چونکە بوونی ھەڵمی ئاو لە ھەوادا یەکێکە لە گرنگترین مەرجەکان بۆ گەشەکردنی قەبارەی دڵۆپە ئاوەکان.
٤- جۆری ئەو ماددە کیمیاییانەی بەکاردێن: دەبێت ماددە کیمیاییە بەکارھاتووەکان بە بڕێکی دیاریکراو و گونجاو بخرێنە نێو بەرگە ھەواوە، بە جۆرێک ئەو بڕە کەم و زیاد نەبێت، لە گرنگترین ئەو ماددە کیمیاییانەی بەکاردێن بۆ ئەم پڕۆسەیە بریتین لە (کلۆردیدی سۆدیۆم، کلۆریدی کالیسیۆم، کلۆریدی پۆتاسیۆم، سلڤر ئایۆدایت).

ڕێگاکانی تۆکردنی ھەورەکان

ھەورەکان بە سێ ڕێگای جیاواز تۆ دەکرێن گرنگترینیان بریتین لە:
١- لە ڕێگای فڕۆکەوە 
٢- لە ڕێگای وێستگەی جێگیر لەسەر زەوی 
٣- لە ڕێگای موشەک، کە ئەم ڕێگایە بەکاردێت بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی.

بوارەکانی بەکارھێنانی تۆکردنی ھەورەکان

١- کەمی بڕی دابارین و جیاوازی لە بڕی دابارین لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان دادەنرێت لە جیھاندا، بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە پڕۆسەی تۆکردنی ھەورەکان وەردەگیردرێت بۆ (ھاوسەنگردن و بەرزکردنەوەی) ئاستی دابارین لەو شوێنانەی کە بڕی دابارینیان کەمە.

٢- کەمکردنەوەی زیانە کشتوکاڵییەکان: یەکێکی تر لە بوارەکانی بەکارھێنانی ئەم پڕۆسەیە بریتییە لە کەمکردنەوەی زیانە کشتوکاڵییەکان، بە جۆرێک تۆکردنی ھەورەکان ھۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی زیانە کشتوکاڵییەکان، بە تایبەتی لە کاتی دروستبوونی کەشێکی سارد و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمی بۆ سفری سیلیزی لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان و لە ناو نەچوونیان یاخود زۆر بەی کات پێشبینی بارینی بڕێکی زۆری باران دەکرێت لە ناوچە کشتوکاڵییەکان، بۆیە ئەم پڕۆسەیە لە ناوچەیەکی تر ئەنجامدەدرێت بۆ ئەوەی کاریگەری ئەو بڕە بارانە زۆرە نەگاتە ناوچە کشتوکاڵییەکان و زیان بە بەرووبوومەکان نەگەیەنێت.

٣- کەمکردنەوەی کاریگەری (تەم و مژ) لە فڕۆکە خانەکان بە تایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوو، بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆسەی تۆکردنی ھەورەکان ئەنجامدەدرێت بۆ پەرتوو بڵاوکردنی ئەم تەمەی لە نزیک فڕۆکە خانەکان کۆبۆتەوە، کە ئامانج لێی پەک نەخستنی کار و چالاکییەکانی فڕۆکەخانەکانە.

لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی تۆکردنی ھەورەکان

لایەنە ئەرێنییەکان 

  • گۆڕانی پلەی گەرمی
  • زیادبوونی بڕی ئاو
  • کەمبوونەوەی زیان و مەترسییە کشتوکاڵییەکان
  • کەمکردنەوەی ڕێژەی وشکەساڵی لەو وڵاتانەی ئەم پڕۆسەیە ئەنجامدەدەن و دووچاری دیاردەی وشکەساڵی بوونەتەوە.

لایەنە نەرێنییەکان

  • شێوازی ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە کێشەیان ھەیە لە بڕی دابارین، بە تایبەتی لە نێوان وڵاتانی دراوسێ ئەم کردارەش زۆربەی کات ئیستیغلاکردنی ھەموو ئەو گەردیلە ئاوانەی لێدەکەوێتەوە کە لە وڵاتێکی ترەوە بە ھەواوە ھەڵواسراون، نموونەی وەکوو دزینی ھەورەکانی وڵاتی ئێران لەلایەن وڵاتی تورکیاوە لە ماوەی ساڵانی (٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤) ئەم کردارەش زۆبەی کات کێشەی ھەرێمایەتی و درواسێیەتی وڵاتانی لێ دەکەوێتەوە.
  • ئەو ماددانەی بەکاردێن لەم پڕۆسەیە ماددەی کیمیایین ھەربۆیە زیانی ھەیە بۆ (مرۆڤ و ڕووەک و ئاژەڵان) بە تایبەتی ماددەی (Silver Iodide و Aluminum Oxide) پێکھاتەیەکی ژینگە دۆست نین.
  • کەش و ھەوا دیاردەیەکی سروشتییە و کاتێک مرۆڤ دەستی بۆ دەبات بە ئامانجی گۆڕانکاری یان داھێنانێکی نوێ، کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕوودەدەن وەکوو (گۆڕانی پلەی گەرمی و گۆڕانی ڕادەی شێو بەرزبوونەوەی بڕی شێ لە ناوچەیەک کە کاریگەر لەسەر ناوچەیەکەی تر دەبێت).
  • ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە لە ڕووی ئابوورییەوە تێچوویەکی زۆری پێویستە و پێویستی بە کاسانی پسپۆڕ و کارامە و چاودێریکردنی بارودۆخەکە ھەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە، بۆیە ئەمەش لە توانای ھەموو وڵاتێکدا نییە بۆ ئەنجامدانی، ھەربۆیە زۆرێک لەو وڵاتانەی پێویستیان بە ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە ھەیە بە ھۆکاری زۆری تێچووی ئابووری و نەبوونی کەسانی پسپۆڕ و کارامە لەم پڕۆسەدا بێبەش دەبن و زۆرجایش لە ئەنجام نەدانی ئەم کردارە زیانیان بەردەکەوێت.
  • تۆکردنی هەورەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پیسبوونی هەوا، لە ئێستادا وڵاتی پاکستان پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە ئەم پڕۆسەیە جێبەجێ دەکات، ئەگەر چی پسپۆڕانی بواری ژینگە و کەش و ھەوا تێبینیان کردووە ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی ئەم پڕۆسەیە ئەنجام نەدرێت، ڕەنگە کارەساتی مرۆیی لێ بکەوێتەوە.


سەرچاوەکان



78 بینین