پۆلێنەکانی ئاو و ھەوا

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-09-14-14:54:00 - کۆدی بابەت: 14628
پۆلێنەکانی ئاو و ھەوا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پۆلێنەکانی ئاو و ھەوا (بە عەرەبی: تصنيفات المناخ، بە ئینگلیزی: Climate classifications). ئاو و هەوا بریتییە لەو زانستەی کە لە بارودۆخی بەشی ژێرەوەی بەرگی گازی (چینی ترۆپۆسفێر) و دیاردەکانی دەکۆڵێتەوە لە ماوەیەکی درێژدا لە ڕێگای توخمەکانییەوە وەکوو (پلەی گەرمی و دابارین و شێوەکانی و پەستانی ھەوا و با و شێ). یان بریتییە لەو زانستەی کە لێکۆڵینەوە لە بەرگە ھەوا و پشتێنەکەشییەکان دەکات بە تێپەڕبوونی کات لە ڕێگای توخمەکانییەوە. بۆ ئەم مەبەستەش جیھان پۆلێنکراوە بۆ چەند ھەرێمێکی ئاو و ھەوایی کە لە ڕووی تایبەتمەندی و خاسییەتەوە جیاوازن، لە گرنگترین و بەناوبانگترین ئەو پۆلێنانەش پۆلێنی کۆپنە.

پۆلێنە بنچینەییەکان (Genetic Classification)

ئەم جۆرە پۆلێنە پشت دەبەستێت بە ھۆکارەکانی دروستبوونی گۆڕانکاری ئاو و ھەوایی. بۆ ئەم مەبەستەش یۆنانییەکان جیھانیان دابەشکردووە بۆ سێ ھەرێمی ئاو و ھەوایی لەسەر بنەمای بازنەکانی پانی و پلەی گەرمی، بەم شێوەیە: 
١- نێوان ھەردوو خولگەکە واتە (خولگەی قرژاڵ لە نیوە گۆی باکووری زەوی و خولگەی کارژۆلە لە نیوە گۆی باشووری زەوی) بریتییە لە ھەرێمی گەرم کە یۆنانییەکان بۆچوونیان وابوو ژیان تیایدا ئاڵۆز و سەختە.
٢- نێوان ھەردوو خولگە و بازنە جەمسەرییەکانی باکوور و باشوور بریتییە لە ھەرێمی فێنک کە یۆنانییەکان بۆچوونیان وابوو مرۆڤی شارستانی لەم ناوچانە کۆبوونەتەوە.
٣- ھەرێمی ساردی جەمسەری کە یۆنانییەکان پێیان وابوو مرۆڤی دڕندەی تیادا دەژیت.
جگە لە یۆنانییەکان موسڵمانەکانیش جیھانیان دابەشکردووە بەسەر چواردە ھەرێمی ئاو و ھەوایی و ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوایان بۆ ھەرێمەکان زیادکردووە لەسەر بنەمای بازنەکانی پانی.

● پۆلێنی بنچینەیی سەردەمی

١- سوپان (Alexander Supan) لەسەر بنچینەی پلەی گەرمی ڕاستەقینە ھەرێمە ئاو و ھەواییەکانی دابەشکردووە بۆ (ھەرێمێکی گەرم و دوو ھەرێمی فێنک و دوو ھەرێمی سارد) بەم شێوەیە: 

  • ھەرێمی گەرم ئەگەر تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی لە (٢٠)°پلەی سیلیزی زیاتر بوو.
  • ھەرێمی فێنك ئەگەر تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی لە (٢٠)°پلەی سیلیزی کەمتر بوو، بەڵام ساردترین مانگی لە (١٠)°پلەی سیلیزی زیاتر بێت.
  • ھەرێمی سارد ئەگەر پلەی گەرمی ساردترین مانگی لە (١٠)°پلەی سیلیزی کەمتر بوو.
    لە سەدەی نۆزدە (Alexander Supan) جیھانی دابەشی ٣٤ ھەرێمی ئاو و ھەوایی کردووە لەسەر بنەمای (پلەی گەرمی و باران) بە پلەیەك و بڕێکی کەمتر بەپێی با و بەرزی و نزمی.

٢- ڕافنشتین (Rafnstein) لە سەردەمی خۆیدا جیھانی دابەشی چواردە ھەرێمی گەرمی و چواردە ھەرێمی شێی ڕێژەیی کرد، بە کۆکردنەوەی ھەردوو سیفەتی گەرمی و شێ ڕێژە، سەبارەت بە ھەرێمەکانی گەرمی: 

  • ئاو و ھەوای گەرم تێکڕای پلەی گەرمی لە (٣٠)°پلەی سیلیزی بەرزترە.
  • ئاو و ھەوای مەیلە و گەرم تێکڕای پلەی گەرمی لە نێوان (١٥ بۆ ٣٠)°پلەی سیلیزی دایە.
  • ئاو و ھەوای مەیلە و سارد تێکڕای پلەی گەرمی لە نێوان (سفر بۆ ١٥)°پلەی  سیلیزی دایە.
  • ئاو و ھەوای سارد پلەی گەرمی لە (سفر)°پلەی سیلیزی کەمترە.

سەبارەت بە ھەرێمەکانی شێی ڕێژە: 

  • شێی بەرز لە نێوان (٨٠٪ بۆ ١٠٠٪) دایە
  • شێدار لە نێوان (٦٥٪ بۆ ٨٠٪) دایە
  • شێی ناوەند لە نێوان (٥٠٪ بۆ ٦٥٪) دایە
  • شێی کەم کەمترە لە (٥٠٪)

پۆلێنە مرۆییەکان (Human Classification)

ئەم جۆرە پۆلێنە بە پلەی یەکەم لە ئاو و ھەواییەکی نموونەیی دەگەڕێت کە مرۆڤ تیایدا ھەست بە ئاسوودەیی (راحة) بکات، بۆ نموونە پلەی گەرمی جەستەی مرۆڤ (٣٧)°پلەی سیلیزییە بە بەرزبوونەوە یان نزمبوونەوەی پلەی گەرمی دەرەوەی جەستەی مرۆڤ واتە (پلەی گەرمی ھەوا) مرۆڤ ھەست بە گەرمی یان ساردی ھەوا دەکات ئەم جۆرە پلە گەرمییەش پێی دەگووترێت (گەرمی ھەستپێکراو - Sensible Heat).

گەرمی ھەستپێکراو بریتییە لەو پلە گەرمییەی کەوا جەستەی مرۆڤ ھەستی پێدەکات، ئەم جۆرە گەرمییە جیاوازە لەو پلە گەرمییەی بە ئامێرەکانی گەرمی پێو تۆماردەکرێت. بۆیە ئەم پلە گەرمییە جێگیر نییە لە جەستەی مرۆڤ، چونکە زۆر بە خێرایی دەکەوێتە ژێر کاریگەری پلەی گەرمی ھەوا بۆیە مرۆڤ پێویستی بە ئامێری پێوانەکردنی گەرمی ھەیە بۆ زانینی گەرمی ھەستپێکراو، چونکە مرۆڤ پێوەرێکی دروست نییە بۆ پێوانەکردنی پلەی گەرمی.

پۆلێنە ئەزموونییەکان (Empirical Classification)

ئەم پۆلێنە لەسەر بنەمای ئاماری و جێبەجێکاری دەوەستێت وەکوو پێکھاتەکانی سیستمی ژینگەیی لە شێوی ڕووەکی سروشتی و خاک، زۆر جار ئەم پۆلێنە لەسەر ناوەندی مانگانە و ساڵانەی دوو ڕەگەز یان سێ ڕەگەزی ئاو و ھەوایی دەوەستێت، گرنگترینینان بریتین لە (پلەی گەرمی و شێی خاك و بە ھەڵمبوون (نتح). ھەرێمە ئاو و ھەواییەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر ڕوونن، نموونە وەکوو پۆلێنی کۆپن و ثۆرن و ثوایت و ئیڤانۆف.

پۆلێنی کۆپن (Koppen Classification)

کۆپن پسپۆڕی زانستی ئاو و ھەوا و ڕووەك بووە، ئامانجی سەرەکی لە دانانی ئەم پۆلێنە دۆزینەوەی سنوورێکی ئاو و ھەوایی بووە کە بگونجێت لەگەڵ سنووری جۆرە سەرەکییەکانی ڕووەك. پۆلێنی کۆپن لە ساڵی (١٩١٨) لە بەناوبانگترین سیستمەکانی دابەشکردنی ئاو و ھەوا بووە، ئەم پۆلێنە چاکسازی زۆری تیادا کراوە تا وایلێھات بە شێوەیەکی فراوان لەلایەن جوگرافیا ناسان پەسند بکرێت. کۆپن لەم پۆلێنەدا ناوەندەکانی مانگانە و ساڵانەی پلەی گەرمی و بارانی بەکارھێناوە، کە ھەموو ناوچەکانی لە ڕێگای ھێمایەکی تایبەت دیاریکردووە کە لە دوو بۆ سێ پیتی ئینگلیزی پێکدێن.

پیتی یەکەم

پیتی یەکەم لە سەرەتاوە بە کەپیتەڵ دەنووسرێت بۆ جیاکردنەوەی ناوچەی ئاو و ھەوای (وشك و شێدار) لە یەکتری، پاشان لەسەر بنەمای پلەی گەرمی و ئاو و ھەوای شێدارەکانی پۆلێنکردووە بۆ: 

  • ئاو و ھەوای خولگەیی (A)
  • ئاو و ھەوای وشك (B)
  • ئاو و ھەوای بازنەی ناوەند (C)
  • ئاو و ھەوای کیشوەری (D
  • ئاو و ھەوای جەمسەری (E

پیتی دووەم

پیتی دووەمی تایبەتە بە دابەشکردنی وەرزی بارانی ناوچە شێدارەکان بەم شێوەیە: 

  • بارانەکەی بە درێژایی ساڵە (f)
  • وەرزی زستانی وشکە و باران بارینی ھاوینەیە (w
  • وەرزی ھاوینی وشکە و باران بارینی زستانەیە (s)
  • بارانی وەرزییە (مۆنسون) شێداریشی پێ دەگووترێت (m)

پیتی سێیەم

پیتی سێیەم تایبەتە بە دیاریکردنی تایبەتمەندی جیاوازی وەرزی ئاو و ھەوای پشتێنەی ناوەند و سەروو.

ھەرێمە ئاو و ھەواییەکان بەپێی پۆلێنکارییەکەی کۆپن

١- ھەرێمی ئاو و ھەوای شێدار (A
ئەم ھەرێمە ئاو و ھەواییە لە بازنەی کەمەرەییەوە درێژ دەبێتەوە بەرەو باکوور و باشوور لە نێوان بازنەی پانی (١٥ بۆ ٢٥)°. تێکڕای پلەی گەرمی مانگانەی دەبێت زیاتر بێت لە (١٨)°پلەی سەدی، تێکڕای بارانی ساڵانەی لە (١٥٠٠ ملیم) زیاتر بێت. ئەم ھەرێمە بەپێی وەرزی باران بارین پۆلێندەکرێت بۆ سێ جۆری ئاو و ھەوا کە بریتین لە: 

  • ئاو و ھەوای دارستانە باراناوییەکان (Af)
  • ئاو و ھەوای وەرزی یان مۆنسون (Am)
  • ئاو و ھەوای ساڤانای خولگەیی (Aw)

٢- ھەرێمی ئاو و ھەوای بیابانی (B)
ھەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە ڕێژەی دابارینی لە بە ھەڵمبوون کەمترە، واتە بڕی بە ھەڵمبوون زیاترە لەو بڕە بارانەی کە دادەبارێت و تێکڕای دابارینی لە (٢٥٠ ملیم کەمترە)، ئەم ھەرێمە پۆلێندەکرێت بۆ شەش جۆری ئاو و ھەوای جیاواز کە بریتین لە: 

  • ئاو و ھەوای بیابانی گەرم (BWh)
  • ئاو و ھەوای بیابانی تەماوی (BWn)
  • ئاو و ھەوای گەرم و نیمچە وشك (BSk)
  • ئاو و ھەوی نیمچە وشکی تەماوی (BSn
  • ئاو و ھەوای بیابانی سارد (BWk) وەکوو شاری ئەریکا لە باکووری شیلی
  • ئاو و ھەوای بیابانی نیمچە ئەستێپس (BSh) وەکوو وێستگەی ناو جەرگەی شاری ھەولێر

٣- ھەرێمی ئاو و ھەوای بازنەی ناوەند (C)
ئەم ھەرێمە پۆلێندەکرێت بۆ سێ جۆری ئاو و ھەوای جیاواز کە بریتین لە: 

  • ئاو و ھەوای بازنەی ناوەند کە بارانی بە درێژایی ساڵە (Cf
  • ئاو و ھەوای بازنەی ناوەند کە وەرزی زستانی وشکە (Cw
  • ئاو و ھەوای بازنەی ناوەند کە وەرزی ھاوینی وشکە (Cs)

٤- ھەرێمی ئاو و ھەوای کیشوەری شێدار (D
ئەم ھەرێمە پۆلێندەکرێت بۆ سێ جۆری ئاو و ھەوای جیاواز کە بریتین لە: 

  • ئاو و ھەوای کیشوەری شێداری باراناوی کە بارانی بە درێژایی ساڵە (Df)
  • ئاو و ھەوای کیشوەری شێدار کە وەرزی زستانی وشکە (Dw)
  • ئاو و ھەوای کیشوەری شێدار کە وەرزی ھاوینی وشکە (Ds)

٥- ھەرێمی ئاو و ھەوای جەمسەری (E
ئەم ھەرێمە ئاو و ھەواییە پۆلێندەکرێت بۆ دوو جۆری جیاوازی ئاو و ھەوا کە بریتین لە: 

  • ئاو و ھەوای تەندرا (ET
  • ئاو و ھەوای ھەمیشە بەستوو کە تێکڕای پلەی گەرمی مانگانەی لە (سفر)° پلەی سیلیزی کەمترە و ناوچە جەمسەرییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرز و سەختەکان دەگرێتەوە (EF).

لە ڕێگای ئەم بەستەرەیەوە بینەری نەخشەی جیھان بن بە گوێرەی پۆلێنەکەی کۆپن: Word Map of Koppen - Geiger Climate Classification

ھاوکۆڵکەکانی کیشوەری وشکی

ئاو و ھەوای کیشوەری و ئاو و ھەوای دەریایی بە گوێرەی پۆلێنەکەی (Alexander Supan) لە ڕێگای ئەم ھاوکێشەیە: نمرەی کیشوەری = تێکڕای گەرمی گەرمترین مانگ - تێکڕای گەرمی ساردترین مانگ

  • ئاو و ھەوای کیشوەری بریتییە لەو جۆرە ئاو و ھەوایەی کە مەودای گەرمی (المدی الحراري) زۆرە.
  • ئاو و ھەوای دەریایی بریتییە لەو جۆرە ئاو و ھەوایەی کە مەودای گەرمی (المدی الحراري) کەمە.

مەرجی ھاوکۆڵکەکانی ئاو و ھەوای کیشوەری وشکی: 

١- ئەگەر دەرئەنجامی ھاوکۆڵکەکە (٢,٥)° پلەی سیلیزی بوو ھێڵی یەکسانە
٢- ئەگەر دەرئەنجامی ھاوکۆڵکەکە لە نێوان (٢,٥ بۆ ١٠)°پلەی سیلیزی بوو  زەریاییە.
٣- ئەگەر دەرئەنجامی ھاوکێشەکە لە نێوان (١٠ بۆ ٢٥)°پلەی سیلیزی بوو  ناوچەی دەریایی گوێزەرەوەیە.
٤- ئەگەر دەرئەنجامی ھاوکۆڵکەکە لە نێوان (٢٥ بۆ ٤٠)°پلە بوو کیشوەرییە.
٥- ئەگەر دەرئەنجامی ھاوکۆڵکەکە لە (٤٠)°پلەی سیلیزی زیاتر بوو کیشوەری سەختە.

ھاوکۆڵکەی کۆنڕاد یاخود جۆنسۆن: 

بۆ دیاریکردنی نمرەی کیشوەری ئەم ھاوکێشەیە بەکاردێت: C = 1.7A/Sin (θ + 10) - 14

  • نمرەی کیشوەری= C
  • بازنەی پانی (Phi) = θ
  • مەودای گەرمی ساڵانە بە پلەی سەدی = A

بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٠ مەودای گەرمی ساڵانەی شاری ھەولێر (٢٦,٥)°پلەی سەدی بووە و بازنەی پانی (٣٦)°پلە بووە، ئەگەر نمرەی کیشوەری بۆ شاری ھەولێر بدۆزینەوە لە ڕێگای هاوکۆڵکەی کۆنڕاد (جۆنسۆن) بەم جۆرە دەبێت: 

  • C = 1.7A/Sin (θ + 10) - 14
  • C = 1.7 × 26.5/Sin (36 + 10) - 14
  • C = 45.05/0.72 - 14
  • C = 62.57 - 14
  • C = 48.57

کەواتە نمرەی کیشوەری بۆ شاری ھەولێر بەپێی ھاوکۆڵکای کۆنڕاد (کیشوەری سەختە)، چونکە پلەی گەرمی لە (٤٠)°پلەی سیلیزی زیاترە.

ھاوکۆڵکەی بۆریسۆف

K = A/L × 100

  • مەودای گەرمی = A
  • بازنەی پانی = L

بۆ نموونە ئەگەر مەودای گەرمی شوێنێك (٢٦,٥)°پلەی سەدی بوو، بازنەی پانی (٣٦,٢٣)°پلە بوو، بەپێی ھاوکۆڵکەی بۆریسۆف نمرەی کیشوەرییەکەی چەندە؟ K = A/L × 100

  • K = (26.5/36.23) × 100
  • K = 73.14

کەواتە نمرەی کیشوەری بەپێی ھاوکۆڵکەی بۆریسۆف (کیشوەری سەختە)، چونکە مەودای گەرمی لە (٤٠)°پلەی سیلیزی زیاترە.

دیاریکردنی ھەرێمی وشك لە ڕێگای ئەم ھاوکێشەیە

١- ب = کۆی باران بە سانتیمەتر
٢- گ = تێکڕای ساڵانەی پلەی گەرمی بە پلەی سەدی
٣- ئەگەر ڕێژەی باران بارینەکە (٧٠٪) بوو  لە وەرزی زستان ئەم ڕێژەیە ببارێت و  ئەگەر بارانی ھەمیشەیی بوو.
٤- ئەگەر ڕێژەی باران بارینەکە (٧٠٪) بوو باران بارینەکە لە وەرزی ھاوین بوو. 

  • ب = ٢گ
  • ب = (٢گ + ٧)
  • ب = ٢ (گ + ١٤)

ئەگەر لای ڕاستی ھاوکێشەکە گەورەتر بوو لەلای چەپ، ئەوا وێستگەکە شێدارە، بەڵام ئەگەر لای چەپی ھاوکێشەکە گەورەتر بوو لەلای ڕاست ئەوا وێستگەکە وشکە. بۆ نموونە ئەگەر بڕی باران بارینەکە بە (ملیم) بوو بیگۆڕین بۆ سانتیمەتر بەم جۆرە دەبێت: بۆ نموونە ئەگەر سەرجەمی باران بارینی ساڵانەی شاری ھەولێر (٤٤٠ ملیم) بێت و تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی (٢٦)°پلەی سەدی بێت، ئایە وێستگەکە وشکە یان شێدارە؟ 

  • 10/Cm = Mm
  • 10/440 = 44 Mm
  • ب = 2گ
  • 44 = 2 × 26 = 52
  • 44 = 52

کەواتە لای چەپی ھاوکێشەکە گەورەترە بۆیە وێستگەکە وشکە.

بۆ نموونە ئەگەر بڕی بارانەکە بە سانتیمەتر بوو بەم جۆرە دەبێت: ئەگەر سەرجەمی باران بارینی ساڵانەی شاری سلێمانی (٨٠ سانتیمەتر) بێت، بارانەکەی ھاوینە بێت، تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی (١٨)°پلەی سەدی بێت، ئایە وێستگەکە وشکە یان شێدارە؟ 

  • ب = 2 (گ + 14)
  • 80 = 2 × (18 + 14) = 32
  • 80 = 2 (32) = 64
  • 80 = 64

کەواتە لای ڕاستی ھاوکێشەکە گەورەترە لەلای چەپ بۆیە وێستگەکە شێدارە.


سەرچاوەکان



27 بینین