مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-09-09-14:56:00 - کۆدی بابەت: 14569
مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان (بە عەرەبی: الأقمار الصناعية السماوية، بە ئینگلیزی: space satellites). مانگ تەنێکە بەدەوری بارستەیەکی گەورەتر لە خۆی دەخولێتەوە، بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆر مانگ هەن کە بریتین لە مانگی سروشتی کە بەدەوری هەسارەی زەویدا دەخولێتەوە و مانگی دەستکرد وەکوو وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی (ISS) کە ھاوشێوەی مانگی سروشتی بەدەوری زەویدا دەخولێتەوە، بەڵام دەستکردی مرۆڤە.

تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم شتێک بە ناوی مانگی دەستکرد نەبوو، پشکنەری بۆشایی ئاسمانی سپۆتنیک یەکەم مانگی دەستکرد بوو کە بەرگەهەوای زەوی شکاند لە ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧. ئەم پێکهاتە ڕووسییە کە قەبارەی تۆپێکی کەنار دەریا بوو، لە سەردەمی خۆیدا شۆکێکی گەورەی بۆ کۆمەڵگەی زانستی دروست کرد، چونکە وابیر دەکرایەوە کە یەکێتی سۆڤیەت بەم زووانە ناتوانێت مانگە دەستکردەکەی بخاتە بۆشایی ئاسمانەوە.

تەکنیکی ھەستکردن لە دوورەوە لە ئێستادا بووە بە بابەتێک کە ڕۆژانە بۆ چاودێریکردنی زەوی لە ئاسمانەوە بۆ چەندین بواری زانستی و ژینگەیی لەلایەن کەرتە حکوومی و ناحکوومییەکان بەکاردێت بە ئامانجی پلاندانان بۆ ڕێکخستنی گەشەی شارەکان و ئامادەکاری بۆ کارەساتە سروشتییەکان و ئاڕاستەکردنی ھاتووچۆی کەشتی و فڕۆکە و ئۆتۆمبێل و چەندەھا بواری تر.

کلیلی مانەوەی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان بریتیبوو لە پڕۆگرامێکی لاندساتی ئەمریکی کە یەکەمین پڕۆگرامی بۆ توێژینەوە بەردەستکرا بۆ خەڵکی سڤیل بە سیکەڵی جیھانی کە لەلایەن دەزگای ناسا و وەزاڕەتی ناوخۆیی ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرا.

کورتەیەك لە مێژووی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان

دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت مانگێکی دەستکردی بە ناوی سپۆتنیک ٢ لەگەڵ سەگێک بە ناوی لیکا لە ڕێکەوتی (٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٧) ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، ئەمریکا یەکەم مانگی دەستکردی خۆی بە ناوی (ئێکسپلۆرەر ١) لە ٣١ - ١ - ١٩٥٨ ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد.

هەڵدانی ئەم سێ مانگە دەستکردە ئاسمانییە سەرەتای سەردەمی کێبڕکێی بۆشایی ئاسمانی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت دەستیپێکرد پێشبڕکێیەک کە لانیکەم تا کۆتاییەکانی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بەردەوام بوو. گرنگیدان بە مانگە دەستکردەکان وەکوو ئامرازێکی سیاسی و چڕبوونەوەی ئەم کێبڕکێیە دواجار گەیشتە ئەو ئاستەی کە هەردوو وڵات توانیان لە ساڵی ١٩٦١دا مرۆڤ بنێرن بۆ دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی.

لەم کاتەوە ئامانجی ئەو دوو وڵاتە وەکوو یەک نەما لەکاتێکدا ئەمریکا هەوڵی نیشتنەوەی مرۆڤی لەسەر مانگ و دروستکردنی شاتل بۆشایی ئاسمانی دەدا، یەکێتی سۆڤیەت سەرقاڵی دیزاینکردنی یەکەم وێستگەی بۆشایی ئاسمانی جیهان بوو کە (سالیوت 1) بوو و توانی لە ساڵی ١٩٧١دا بە سەرکەوتوویی لە بۆشایی ئاسمان جێگیری بکات.

وڵاتانی دیکەش نەوەستان و دەستیان کرد بە ناردنی مانگە دەستکردەکانیان بۆ بۆشایی ئاسمان، مانگە دەستکردەکانی کەشناسی وردە وردە پێشبینی وردتریان پێشکەش دەکرد، بە تایبەتی بۆ ناوچە دوورەکان هەروەها مانگە دەستکردەکانی وەکوو لاندسات بە تێپەڕبوونی کات بەتواناتر بوون لە چاودێریکردنی گۆڕانکارییەکانی قەبارەی دارستانەکان و ئاوی زەریاکان و تایبەتمەندییەکانی تری ڕووی زەوی.

هەروەها مانگە دەستکردەکانی پەیوەندیکردن وردە وردە پەیوەندی تەلەفۆنی و پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی لە سەرانسەری جیهاندا کردە بەشێکی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤایەتی نەوەکانی داهاتووی مانگە دەستکردەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ئینتەرنێتدا هەبوو.

هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی قەبارەی کۆمپیوتەر و ڕەقەکاڵاکانی تر، قەبارەی ئەو مانگە دەستکردانەی کە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی زانستی نێردراون و لەگەڵ فراوانبوون و باشترکردنی پەیوەندییەکان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بچووکتر دەبوونەوە، ئەو مانگە دەستکردانەی شێوە کوبیان هەیە کە بەشێکی زۆری مانگە دەستکردەکانی خولگەی نزیک زەوی پێکدەهێنن

لە ساڵی ١٩٧٢ مانگی دەستکردی (Landsat 1) ڕەوانەی بۆشایی ئاسمانکرا و تاکوو ئێستاش پڕۆگرامەکەی بەردەوامە، کۆتا مانگی دەستکردی ئاسمانی لاندسات لە ڕێکەوتی (٢٧ - ٩ - ٢٠٢١) ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا کە بریتیبوو لە (Landsat 9) ھۆکاری سەرەکی کە بووە ھۆی بڕیاردان کە مانگی دەستکرد لاندسات ڕەوانەی ئاسمان بکرێت، سەرکەوتنی (TIROS 1) بوو کە مانگی دەستکردی چاودێریکردنی کەش و ھەوابوو کە لە ساڵی ١٩٦٠ ڕەوانەی بۆشایی ئاسمانکرا.

دوای ھەموو ئەو پێشکەوتن و سەرکەوتنانەی ھاتنە کایەوە لە ھەڵدانی چەندین جۆری مانگی دەستکردی ئاسمانی لەلایەن دەوڵەتە زلھێزەکان و دەزگا تایبەت و بەناوبانگاکانی ئەم بوارە، بۆیە لە ئێستادا وێنەی ھەموو دیاردە سروشتی و مرۆییەکانی زەوی لە ئینتەرنێت بەردەستە بۆ ھەموو کەسێک کە زانستی ھەستکردن لە دوورەوە دوونیای ئەمڕۆی خستۆتە ئاستێکی جیاوازتر لە پێشوو، ھەموو ئەم مانگە دەستکردانەش لە ڕێگای تیشکی کارۆموگناتیسییەوە داتا و زانیاری ھەموو دیاردەکانی سەر ڕووی زەوی کۆدەکەنەوە.

خولگەی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان

یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان بریتییە لەو خولگەیەی کە تیایدا بە دەوری زەویدا دەخولێنەوە، بە شێوەیەکی گشتی خولگەکانیش لە شێوەی ھێلکەیی دادەبن پێکھێنەرە سەرەکییەکانی خولگەکانیش بریتین لە (بەرزی و لاری و خێرایی مانگە دەستکردەکان و ھێزی کێشکردنی زەوی) خولگەی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان بۆیە گرنگن، چونکە بنەمایەکی سەرەکین بۆ دیاریکردنی کاتی گەڕانەوەی مانگە دەستکردییەکان بۆ خاڵی دیاریکراو و بڕی ڕووبەر و پێوانەکردنی لەلایەن مانگە دەستکردەکەوە.

لە گرنگترین خولگەکانی مانگە دەستکردە ئاسامانییەکان

ھەریەک لە خولگەکانی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان گرنگی و تایبەتمەندی خۆیان ھەیە لەسەر بنەمای پێویستی ھەڵبژێردراون لە زانستی ھەستکردن لە دوورەوە، ھەڵبژاردنی خولگەی دیاریکراو کاریگەری ھەیە لەسەر کاتی دووبارە تێپەڕینی مانگە دەستکردەکان بەھەمان خاڵدا لەگەڵ وردی زانیارییەکان و ڕووبەری تۆمارکراو، بۆیە ھەڵبژاردنی خولگە یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مانگە دەستکردەکان. لە گرنگترین ئەو خولگانەش بریتین لە: 

  • Sun - Synchronous Orbit (SSO): یەکێکە لە خولگە گرنگەکان بۆ بوارەکانی چاودێریکردنی زەوی بەکاردێت، تایبەتمەندی مانگە دەستکردەکانی ئەم خولگەیە بەپێی خۆر دەخولێنەوە، بە جۆرێک کە تیشکی خۆر ڕووناکییەکەی بەرکوێ بکەوێت ئەو مانگە دەستکردانە وێنەی ئەو شوێنە دەگرن، بە شێوەیەکی گشتی ئەم جۆرە خولگەیە بازنەیین و لە نزیک جەمسەرەکانەوەن.
  • Geostationary Orbit (GEO): ئەم خولگەیە کەوتۆتە سەر (ئیکوەیتەر) بە دووری ٣٥ ھەزار کیلۆمەتر لە زەوی، تایبەتمەندی مانگە دەستکردەکانی ئەم خولگەیە بەم جۆرەیە کە ھەمان خێرایی و خولانەوەی زەویان ھەیە، بۆیە بەردەوام ڕوویان لە یەک شوێنی زەوییە.
    بە شێوەیەکی گشتی مانگە دەستکردەکانی ئەم خولگەیە بۆ چاودێریکردنی کەش و ھەوا و پەیوەندی و پەخشی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیی و چاودێریکردنی بەردەوامی یەک شوێن بەکاردێن.
  • Low Earth Orbit (LEO): ئەم جۆرە خولگەیە زۆر نزیکە لە زەوی بە دووری چەند سەد کیلۆمەترێکەوە لە زەوی دوورە، مانگە دەستکردەکانی ئەم خولگەیە زۆر بە خێرایی دەخولێنەوە دێنەوە خاڵی سەرەتا، ئەمەش جگە لەوەی کە (Spatial Resolution) یان بەرزە، بە شێوەیەکی گشتی مانگە دەستکردەکانی ئەم خولگەیە بۆ وێنەگرتنی کواڵیتی بەرز و توێژینەوە زانستییەکان بەکاردێن، نموونەی ئەم جۆرە مانگە دەستکردانەی ئەم خولگەیە بریتین لە مانگی دەستکردی لاندساتی ئەمریکی و سێنتینێڵی ئەوڕووپییە.
  • Polar Orbits (PO): خولگە جەمسەرییەکان ئەم خولگەیە بە لارییەکەی دەناسرتەوە و مانگە دەستکردەکانی بە جەمسەرەکان دەخولێنەوە و وێنەی تەواوی زەوی تۆماردەکەن.
  • Molniha Orbit (MO): ئەم خولگەیە لاریەکەی زۆرە زۆربەی کاتەکان لە نزیک جەمسەرەکانەوەیە، مانگە دەستکردەکانی ئەم خولگەیە زۆر گونجاون بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و پەیوەندی لە جەمسەرەکانەوە کە سیگناڵی مانگە دەستکردەکانی تری پێناگات.
  • Heliostationary Orbit (HEO): ئەم خولگەیە نزیکە لە خولگەی (Geo Stationary)، بەڵام ئەم خولگەیە جیاوازیەکەی لەوەدایە کە لە (ئیکوەیتەرەوە) نییە، تایبەتمەندی مانگە دەستکردەکانی ئەم خولگەیە بەپێی شوێنی خۆر دەخولێنەوە، ئەمەش وادەکات بەپێی خۆر شوێنیان نەگۆڕێت مانگە دەستکردەکانی ئەم خولگەیە لە بواری چاودێریکردنی چالاکییەکانی خۆر بەکاردێن.

گرنگترین مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان

بە شێوەیەکی گشتی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان پۆلێندەکرێن بۆ سێ جۆر بە گوێرەی (Spatial Resolution) و (Spectral Resolution) کە بریتین لە:

  • ئەو مانگە دەستکردانەی وردی وێنەکانیان لە نێوان (٤ بۆ ٨٠) مەترە، واتە ھەر پیکسڵێکی وێنەکانیان لە نێوان (٤ بۆ ٨٠) مەترە.
  • ئەو مانگە دەستکردانەی وردی وێنەکانیان بەرزە، واتە لە (٤ مەتر بەرەوخوارەوەیە).
  • مانگە دەستکردە ھایپەرشەبەنگەکان.

لە گرنگترین ئەو مانگە دەستکردانە

١- لاندسات 
لە زنجیرەیەک مانگی دەستکردی ئاسمانی پێکھاتووە کە ژمارەیان ٩ دانەیە و لەلایەن ئەمریکاوە خاوەندایەتی دەکرێن، تاکوو ئێستا تەنھا (Landsat 6) شکستی ھێناوە و ٨ دانەکەی تر بەسەرکەوتووی چوونەتە خولگەکانیانەوە. یەکەمین مانگی دەستکردی لاندسات تایبەتکرا بە چاودێریکردنی ڕووی زەوی کە بریتیبوو لە (Landsat 1) لە ساڵی ١٩٧٢ لەلایەن دەزگای ناساوە دروستکرا.

زنجیرەی مانگی دەستکردی ئاسمانی لاندسات توانی بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ داتای زۆر گرنگی زەوی بەبێ پچران کۆبکاتەوە و ئەرشیفی بکات، بەم جۆرەش خزمەتێکی بێ وێنەی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد. بە شێوەیەکی گشتی وێنەی مانگی دەستکردی لاندسات وردی وێنەکانی (٣٠ مەترە) و وێنەکانی بە خۆڕایی بەردەستن بۆ ھەموو بەکارھێنەران لەسەر ڕووی زەوی بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.  ڕووبەری وێنەکانی لاندسات (١٨٥ کیلۆمەتر × ١٨٥ کیلۆمترە) و خولی خولانەوەی بۆ ھەر سەتەلایتێک (١٦ بۆ ١٨) ڕۆژی پێویستە و ھەموو مانگە دەستکردەکانی لاندسات لە (خولگەی نزیک جەمسەری) و (خولگەی خۆری ھاودەم) جێگیرکراون.

لە ئێستادا ئەم زنجیرە مانگە دەستکردە ئاسمانییە لەلایەن (NASA) و (USGS) بەڕێوەدەبرێت و تاکوو ئێستاش چەندین ئامێری پێوانەکردنیان ڕەوانەی ئاسمانکردووە بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان لە پڕۆگرامی لاندسات لە گرنگترین ئەو ھەستەوەرانە بریتین لە (MSS , ETM+ , TM , OLI). سەرکەوتنی زنجیرەی مانگی دەستکردی لاندسات گرێدراوە بە چەند ھۆکارێکەوە کە بریتین لە: 

  • تایبەتمەندی شوێنی و دیقەی بەرزی وێنەکانی
  • چاودێریکردنی درێژخایەن و تۆمارە مێژووییەکان و بەکارھێنانی لە توێژینەوە زانستییەکان
  • داپۆشینی ڕووبەرێکی فراوانی ئاسمان (پانی وێنەکان و ماوەی دوبارەکردنەوەی وێنەگرتنەکە)
  • تێکەڵەیەک لە ھەستەوەرەکان لەگەڵ باندە شەبەنگییەکان لە مانگی دەستکردی لاندسات بەکاردێن بۆ چاودێریکردنی زەوی.

وێنەی مانگی دەستکردی لاندسات بەکاردێت لە بواری نەخشەکێشانی دارستانەکان و جیاکاری ڕووەکی و دیاریکردنی جۆرەکانی ڕووەک و جیاکاری ڕووەکەکان، جیاکاری جۆری کانزاکان و ڕووبەری سەوزایی و دیاریکردنی شێی خاک و زانینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و تایبەتمەندییە کلتوورییەکان.

٢- پڕۆگرامی کۆپەرنیکۆس (Sentinel)
پڕۆگرامی کۆپەرنیکۆس لەلایەن یەکێتی ئەورووپا و ئاژانسی بۆشایی ئەورووپییەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ دروستکراوە کە ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی بریتیبوو لە دەرخستنی زانیاری ورد لەسەر ژینگە و گۆڕانکارییەکانی زەوی و بە دەستخستنی ئەم زانیارییانە بە ئاسانی و بێ بەرامبەر بۆ بەکارھێنەرانی، گرنگترینیان بریتیبوو لە زنجیرەی مانگە دەستکردەکانی (Sentinel).

یەکەمین مانگی دەستکردی لەم زنجیرەیە لە ساڵی ٢٠١٤ ھەڵدرایە بۆشایی ئاسمان بە ناونیشانی (Sentinel 1-A) بە بەکارھێنانی شەپۆلی ڕادار، دواتر (Sentinel 2-B) دووەمین درێژە پێدەری زنجیرەی مانگە دەستکردەکانی سێنتینێڵ بوو کە لە ساڵی ٢٠١٦ ھەڵدرایە بۆشایی ئاسمان، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢ کۆتایی بە ئەرکەکەی ھات بەھۆی کێشەی تەکنیکییەوە.

لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مانگی دەستکردی سێنتینێڵ بە شێوەیەکی بەردەوام زانیاری سەر ڕووی زەوی کۆدەکەنەوە بە شەو و بە ڕۆژ لە ژێر کاریگەری ھەر بارودۆخێکی کەش و ھەوا دابێت و داتاکانی بێ بەرامبەرن بۆ بەکارھێنەرانی بەبێ جیاوازی. ھەستەوەرەکانی (SAR) و شەپۆلی (Microwave) دەنێرێت بۆ ڕووی زەوی و پاشان شەپۆلە گەڕاوەکان تۆماردەکات.

لە ڕێگای ئەم جۆرە داتایانەش زانیاری زۆر گرنگ سەبارەت بە ڕووی زەوی بە دەست دەھێنرێن کە دەتوانرێت بەھۆی ئەم داتا و زانیارییانەوە چاودێری گۆڕانکارییەکان بکرێت، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی بە بەردەوامی ھەوری لەسەرە یان لە کاتی شەودا، چونکە تایبەتمەندی ڕادار بەو جۆرەیە بەھۆی بەکارھێنانی شەپۆلەکانی Microwave ھەورەکان نابنە ڕێگر و پیایاندا تێپەڕدەبێت، بەم جۆرەش لە بواری جیاجیا سوود لە ڕادار (SAR) وەردەگیردرێت بە تایبەتی بۆ زانینی ڕووچوونی زەوی و بوومەلەرزە و لافا و گۆڕنکارییە ژینگەییەکان و بواری سەربازی.

وردی وێنەی مانگە دەستکردییەکانی سێنتینێڵ دەگۆڕێت بەپێی مۆدەکانی کە چوار جۆری جیاوازی مۆدی ھەیە بەم شێوەیەی خوارەوە: 

  • مۆدی (Strip) وردی وێنەکانی ٥ مەترە و پانی وێنەکانی ٨٠ کیلۆمەترە.
  • مۆدی (IW) وردی وێنەکانی ٢٥ مەترە و پانی وێنەکانی ٢٥٠ کیلۆمەترە.
  • مۆدی (Wave) وردی وێنەکانی ٤٠ مەترە و پانی وێنەکانی ٤٠٠ کیلۆمەترە.
  • مۆدی (EHR) وردی وێنەکانی ١٠ مەترە و پانیەکەشی ٤٠ کیلۆمەترە.

٣- مانگە دەستکردە وردی بەرزەکان (لە ٤ مەتر بەرەوخوارەوە)

  • مانگی دەستکردی World View: ئەم زنجیرە مانگە دەستکردییە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆگرامە بازرگانییەکانی جیھان لەلایەن (Maxar) بەڕێوەدەبرێن یەکەم دانەی لە ساڵی ٢٠٠٧ ھەڵدراوەتە بۆشایی ئاسمان وردی وێنەکانی ٥٠ سانیمەتر بوو، یەکەمین مانگی دەستکردی ئاسمانی بوو کە وێنەکانی بەم وردییە بەردەست بن، بەڵام وێنەکانیان بێ بەرامبەر نین، دووەمین دانەی ئەم زنجیرە مانگە دەستکردە ئاسمانییە بە ناوی (World View3) ھەڵدرایە ئاسمان کە یەکەمین مانگی دەستکردی ئاسمانی بوو وێنەکانی بە وردی بەرز لە ھەشت باند تۆماردەکرد. دوای ئەم مانگە دەستکردە ئاسمانییە (World View4) ھەڵدرایە ئاسمان لە ساڵی ٢٠١٦، باندی (Panchromatic) ی بەکاردەھێنا بە وردی ٣٠ مەتر و لە (Multispectral) بە وردی ١,٣ مەتر وێنەی زەوی تۆماردەکرد، مانگی دەستکردی (Geoye 1) بەشێک بوو لەم زنجیرە مانگە دەستکردە ئاسمانیانە کە بە وردی ١ مەتر وێنەی زەوی تۆماردەکرد لە ماوەی یەک ڕۆژدا دەگەڕایەوە ھەمان شوێن بۆ وێنەگرتن.
  • مانگی دەستکردی Quickbird: ئەم مانگە دەستکردە بازرگانییە لەلایەن Digital Globe ھەڵدرایە ئاسمان لە ساڵی ٢٠٠١ کە وردی (Panchromatic) ٠,٦ مەتر بوو و Multispectural ی ٢ مەتر بوو، پانی ھەر وێنەیەکی ١٦ کیلۆمەتر بوو، بەرزیەکەشی ٣٠٠ کیلۆمەتر بوو، ئەم مانگە دەستکردە ئاسمانییە توانی بە درێژایی ١٤ ساڵ وێنەی زەوی بگرێت تاکوو ساڵی ٢٠١٥.
  • مانگی دەستکردی IKONOS: لە ساڵی ١٩٩٩ یەکێک لە مانگە دەستکردە ھەرە دیارەکانی بواری وێنەگرتنی ئاسمانی ھەڵدرایە ئاسمان کە وردی خواروو یەک مەتر وێنەی زەوی تۆماردەکرد، کە بریتیبوو لە مانگی دەستکردی (ئیکۆنۆس) تاکوو ساڵی ٢٠١٥ بەردەوام بوو لە وێنەگرتنی ڕووی زەوی. وردی Panchromatic ی ٨,٠ بوو Multispectural ٣ مەتر بوو کە پێکھاتبوو لە ٤ باندی (شین و سەوز و سوور و نزیک ژێر سوور) لە بەرزی ٦٨١ کیلۆمەتر بە دەوری زەوی دەخولایەوە، شایەنی باسە ئەم مانگە دەستکردە ئاسمانییە یەکەمین مانگی دەستکردی ئاسمانی بوو کە بە شێوەیەکی بازرگانی وێنەی نزیک یەک مەتری بەردەستکرد بۆ بەکارھێنەرانی، چونکە پێشتر وێنەی زۆر ورد تەنھا بۆ بوای سەربازی و دەزگا حکوومییەکان بەردەست بوو.
  • مانگی دەستکردی Pleides: ئەم زنجیرە مانگە دەستکردییە پێکھاتووە لە دوو مانگی دەستکردی ئاسمانی بەناوی (1A و 2B) کە لەلایەن ADS بەڕێوە دەبرێت و لە ساڵانی (٢٠١١ و ٢٠١٢) ھەڵدراونەتە بۆشایی ئاسمان، تایبەتمەندییەکانی ئەم دوو مانگە دەستکردییە ئەوەیە کە وردی (Panchromatic) ی ٠,٥ مەترە و (Multispectural) ی ٢ مەترە لە چوار باند پێکھاتووە، لە ماوەی تەنھا یەک ڕۆژ دەگەنەوە ھەمان شوێن بۆ دووبارە وێنەگرتنەوەی ھەمان ڕووبەری زەوی.

زنجیرە مانگی دەستکردی Spot

لە ساڵی ١٩٨٥ وێنەی زەوی دەگرێت بە شێوەیەکی ورد لە ساڵی (١٩٨٦ تاکوو ٢٠١٣) وێنە ڕەش و سپییەکەی (Panchromatic) ی ١٠ مەترە و (Multispectural) ی ٢٠ مەترە کە وێنەی زەوی ئەرشیفکردووە. ھەموو مانگە دەستکردییەکانی ئەم زنجیرەیە لە خولگەی ھاودەمی خۆر و خولگەی نزیک جەمسەری لە بەرزایی ٨٣٠ کیلۆمەتر جێگیر کراون، لە ئەنجامدا ٢٦ ڕۆژ جارێک خولێک خولانەوە بە دەوری زەوی تەواو دەکات.

مانگی دەستکردی (Spot - 5) لە ساڵی (٢٠٠٢ تاکوو ٢٠١٥) بە وردی (Panchromatic) ی ٢,٥ مەتر و (Multispectural) ی ٥ مەتر وێنەی ڕووی زەوی تۆمارکردووە. لە ساڵی ٢٠١٢ بە دواوە ھەدوو مانگی دەستکردی ئاسمانی (Spot - 6 و Spot - 7) بە وردی (Panchromatic) ١,٥ مەتر و (Multispectural) ٦ مەتر وێنەی زەویان تۆمارکردووە. وێنەکانی ئەم زنجیرە مانگە دەستکردە ئاسمانییە بە خۆڕایی نییە، بەڵکوو بەکارھێنەران دەتوانن پێشەکی بڕە پارەیەک بدەن و وێنەی ھەر شوێنێکی ڕووی زەویان بوێت تۆماری بکەن بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.

٤- مانگە دەستکردە ھایپەرشەبەنگییەکان

کاتێک تەنھا چەند باندێک یاخود شەپۆلێک بەکاردەھێنرێت بۆ ئەوەی سیفەت و تایبەتمەندی و زانیاری ڕووبەرێکی دیاریکراوی زەوی پێ تۆماربکرێت بەم جۆرە دەگووترێت (Multispectural) بۆ نموونە مانگە دەستکردەکانی (Landsat و Sentinel) نزیکەی (٨ بۆ ١٣) باندیان ھەیە کە زانیاری و داتای جیاواز و جۆراوجۆر لەسەر ڕووی زەوی و ھەوا کۆدەکەنەوە، بەڵام ئەگەر ژمارەی ئەو باندانە بگەینرێنە (١٠٠ باند یان ١٠٠٠ باند) ئەوکات داتا و زانیاری زۆر وردتر و جیاوازتر لەسەر ڕووی زەوی تۆماردەکرێت کە بە تەکنیکەکانی تر ناتوانرێت ئەم کارە ئەنجام بدرێت، ئەم ڕێگایەش لە زانستی ھەستکردن لە دوورەوە پێی دەگووترێت (Hyperspectral Remote Sensing). 

گرنگی و تایبەتمەندی ئەم ڕێگایە لەوەدایە کە زۆر بە وردی جۆرە جیاوازەکانی ڕووکاری زەوی جیادەکاتەوە بۆ نموونە دەتوانرێت بەکاربنھێنرێت بۆ دۆزینەوەی کانزاکان یان جیاکاری جۆرەکانی خاک و دۆزینەوەی نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان و کواڵیتی ئاو و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، ئەم تەکنیکە لە زانستی ھەستکردن لە دوورەوە زۆر کاریگەرتر و باشرە لە (Multispectural)، بەڵام پێویستی بە تێچوویەکی زۆر و لێھاتوویی و کۆمپیوتەری بەھێز ھەیە بۆ شیکردنەوەی داتا و زانیارییەکان، ئەمەش جگە لەوەی کە بەھۆی زۆری ئەو شەبەنگانەی بەکاریان دەھێنێت، گازەکانی ناو ئەتمۆسفێر کاریگەری دەخەنە سەر شەپۆلەکان و دەبنە ھۆی کەمکردنەوەی کواڵیتی داتاکان.

لە گرنگترین ئەو مانگە دەستکردە ئاسمانی و فڕۆکانەی لە بواری (Hyperspectral) بەکاردێن

  • مانگی دەستکردی (ENMAP) لە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن ESA ھەڵدرایە بۆشایی ئاسمان کە لە ٢٣٤ باندی جیاواز پێکھاتووە بە وردی ٣٠ مەتر.
  • مانگی دەستکردی (Hyperison) لە ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن دەزگای ناساوە ھەڵداریە بۆشایی ئاسمان، یەکەمین مانگی دەستکردی ئاسمانی بوو کە تەکنیکی (Hyperspectral) ی بەکارھێنا و لە ٢١٠ باند پێکھاتبوو بە وردی ٣٠ مەتر لە ساڵی ٢٠١١ کۆتایی بە کۆکردنەوەی داتاکان ھات، بەڵام تاکوو ئێستاش ئەرشیفی داتاکانی بەردەستن.
  • دەزگای ناسا فڕۆکەیەکی تایبەتی دروستکردووە کە بەپێی پێویست بەکاردێت بۆ کۆکردنەوەی داتاکان لە ٢٤٢ باند جیاواز بەناوی (AVIRIS - NG) پێکھاتووە بە وردی ٥ مەتر، کە زیاتر لە بواری توێژینەوە زانستییەکان بەکاردێت.
  • دەزگای (DLR) ی ئەڵمانی لەگەڵ دەزگای ناسا ڕێککەوتوون کە بە ھاوبەشی (Hyspex Curiosity) ھەڵبدەنە بۆشایی ئاسمان کە دیزاینەکەی پێکھاتووە لە ٢٠٠ باندی جیاواز بە وردی ٥ مەتر، ئامانجی سەرەکیشی بریتییە لە نەخشەکێشانی کانزاکان.
  • ئاژانسی ئاسمانی فەڕەنسی لە پلانیدایە لە ساڵی ٢٠٢٤ (PRISMA) ھەڵبداتە بۆشایی ئاسمان کە دوو ئامێری تۆمارکردن بە ناوی (Pangaea) کە ٢٤٠ باندی جیاواز لە خۆدەگرێت بە وردی ٥ مەتر و (CASS) کە ١٧٦ باندی جیاواز لە خۆدەگرێت بە وردی ١٠ مەتر، ئامانجی سەرەکیشی بریتییە لە کۆکردنەوە و تۆمارکردنی زانیاری بۆ شیکردنەوە و چاودێریکردنی چالاکییە کشتوکاڵییەکان و کواڵیتی ئاوی دەریاکان.

تیشکی مایکرۆوەیڤ (Microwave Remote Sensing)

تیشکی مایکرۆوەیڤ ھەردوو شێوەی چالاک و ناچالاک (Passive , Active) لە تەکنیکی ھەستکردن لە دوورەوە لە خۆدەگرێت، شەپۆلە درێژەکانی تیشکی مایکرۆوەیڤ دەتوانن بچنە نێو ھەور و تۆز جگە لە کاتی بارانی بەخوڕ. کار و بەرنامەکانی مایکرۆوەیڤی ناچالاک بوارەکانی (کەشناسی و ھایدرۆلۆجی و زانستی دەریا و زەریاکان) لە خۆدەگرێت. تەکنیکی ھەستکردنی لە دوورەوە بە شێوەیەکی ناچاڵاک وزە لە سەرچاوەی دەرەکی (وزەی خۆر) وەردەگرێت، بەڵام ھەستەوەرەکانی مایکرۆوەیڤی ناچاڵاک ڕووناککەرەوە لە خۆیەوە دروستدەکات، نموونە وەکوو لەیزەر و ھەستەوەری دەستکرد و دابەش دەبن بۆ دوو جۆری جیاواز کە بریتین لە: 

  • وێناکردن
  • ناوێناکردن

باوترین شێوە لە وێناکردنی ھەستەوەری مایکرۆوەیڤی چاڵاک ڕادارە

ڕادار 
زاراوەی ڕادار کورتکراوەی (Radio Detection and Ranging) یە، یەکەمین تاقیکردنەوەی بۆ ناردی ڕادار بۆ بۆشایی ئاسمان لە ساڵی ١٨٨٦ دەستیپێکرد، سەرەتا ھەستەوەری ڕادار لەلایەنی سەربازییەوە بەکارھێنراوە لە گرنگترین بنەماکانی وێنەگرتنی ڕادار بریتین لە: 

  • گواستنەوە 
  • وەرگر
  • تۆمارکەر 
  • ئاریەل

دەتوانێت وزەی وەرگیراو لە ڕووی زەوییەوە لەسەر ھەر پیکسڵێک تۆماربکرێت لە ڕێگای وێنەی ڕادارەوە ئەم پڕۆسەیەش پێی دەگووترێت ژمارەی دیجیتاڵی. بوارەکانی بەکارھێنانی ڕادار بریتین لە: 

  • داتاکانی ڕادار بەکاردێن بۆ چاودێریکردنی پاراستنی ژینگە و نەوت.
  • بەکاردێت لە بوای جیۆلۆجی و جیۆمۆرفۆلۆجی و زانیاری ورد دەدات بە دەستەوە لەسەر پێکھاتەکانی ڕووی زەوی و نەخشە جیۆلۆجییەکان.
  • بەکاردێت بۆ جیاکاری ڕووپۆشی ڕووەکی ڕووی زەوی، وەکوو جیاکردنەوەی ناوچەی نیشتەجێبوون و کێڵگە کشتوکاڵییەکان و ڕووبەرە ئاوییەکان.
  • بەکاردێت لە بواری چاودێریکردنی دارستانەکان و بواری سەربازی و ھەواڵگری.

بەکارھێنانی وێنەی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان و ھەستکردن لە دوورەوە لە بواری کشتوکاڵ خۆی دەبینێتەوە لە

  • پۆلێنکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان
  • ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی بەرھەم 
  • خەمڵاندنی ژمارەی بەرھەم یاخود چڕی بەرھەم
  • چاودێریکردنی گەشەی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان
  • دەسنیشانکردنی نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان
  • نەخشەکێشانی تایبەتمەندییەکانی خاک
  • نەخشەکێشانی شێوازەکانی بەڕێوەبردنی خاک

بەکارھێنانی وێنەی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان و ھەستکردن لە دوورەوە لە بواری جیۆلۆجی خۆی دەبینێتەوە لە

  • نەخشەکێشانی ڕووی زەوی، بەتایبەتی چینەکانی سەرەوەی خاک
  • نەخشەکێشانی جۆری بەردەکان
  • نەخشەکێشانی جۆری کانزاکان
  • نەخشەکێشانی ژێرخانی بنەڕەتی
  • نەخشەکێشان و چاودێریکردنی نیشتەنییەکان
  • نەخشەکێشان و چاودێریکردنی ڕووداوە جیۆلۆجییەکان
  • نەخشەکێشان بۆ مەترسییە جیۆلۆجییەکان وەکوو (بوومەلەرزە و تەقینەوەی گرکانەکان)
  • گەڕان بەدوای کانزاکان
  • گەڕان بەدوای سووتەمەنییەکان وەکوو (نەوت و خەڵووز و گازی سروشتی)
  • گەڕان لە بواری جیاکاری خۆڵ و لم
  • جیۆلۆجی ژینگەیی


سەرچاوەکان



58 بینین