گرنگی وزەی خۆر

له‌لایه‌ن: - سۆزیار یاسین سۆزیار یاسین - به‌روار: 2024-08-25-19:43:00 - کۆدی بابەت: 14337
گرنگی وزەی خۆر

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی بابەت

گرنگی وزەی خۆر (بە عەرەبی: أهمية الطاقة الشمسية، بە ئینگلیزی: The importance of solar energy

زەوی

زەوی یەکێکە لە هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر بەوە ناسراوە کە ژیان لە سەر ڕووەکەیدا ھەیە، ئەمەش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، کە گرنگترینیان وزەی خۆرە کە بە ڕێژەیەکی دیاریکراو دەگاتە ڕووی زەوی، خۆر سەرچاوەی سەرەکی وزەیە لەسەر زەوی ھەر بۆیە چەندین دیاردەی جیاواز لێیەوە سەرهەڵدەدەن. 

گرنگی وزەی خۆر لە بوونی ژیاندا

بوونی ژیان لەسەر ڕووی زەوی و کاریگەری وزەی خۆر لەسەری گرنگترین سوودەکانن کە خۆر بۆ زەوی و دانیشتوانەکەی دابینی دەکات، وزەی  گەرمی خۆر یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بەرگە ھەوای زەوی بە گەرمی ڕابگرێت، ئەو بەرگە هەوایەش کە دەوری زەوی دەدات یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ئەم وزەیە بە بڕێکی گونجاو.

وزەی خۆریش فاکتەرێکی گرنگە بۆ ئاژەڵ و ڕووەکەکان، بە تایبەت بۆ پرۆسەی فۆتۆسینتیس (کە بریتیە لەو پرۆسەیەی کە ڕووەکی سەوز و هەندێک زیندەوەری تر تیایدا وزەی ڕووناکی دەگۆڕن بۆ وزەی کیمیایی) لە ڕووەکەکاندا تەنها لە کاتی بوونی ئەم وزەی خۆرە ڕوودەدات، بەبێ ئەو پرۆسەیە ئەو ئۆکسجینەی کە هەموو زیندەوەرانی سەر زەوی هەڵیدەمژن بە ڕێژەیەکی هاوسەنگ نامێنێتەوە، چونکە فۆتۆسینتیس دووبارە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەگۆڕێت بۆ ئۆکسجین بۆ ئەوەی زیندەوەران بتوانن ھەناسە بدەن.

سەبارەت بەو ڕووناکیەی کە تیشکی خۆر دابینی دەکات، ئایا دەتوانیت ژیان لەسەر زەوی بەبێ ئەو ڕووناکییە وێنا بکەیت؟ تەنانەت ئەو ڕووناکیە لاوازەی کە لە شەودا لە مانگەوە پێمان دەگات بەهۆی ڕەنگدانەوەی تیشکی خۆر لەسەر ڕووی مانگ، ئەگەر ئەو ڕووناکیە بوونی نەبێت زەوی بە تەواوی تاریک دەبێت، سەڕەڕای گرنگی وزەی خۆر کە هۆکاری سەرەکییە لە سووڕی ئاو لە سروشتدا وە زۆر شتی تریشدا.

ھەروەھا زۆرێک لەو مادانەی کە پێویستن بۆ مانەوەی مرۆڤ لە ژیان بەھۆی تیشکی خۆرەوە دروست دەکرێن، بۆ نموونە ڤیتامین D، کە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ. 

گرنگی وزەی خۆر وەک وزەیەکی نوێبووەوە

مرۆڤ لەو کاتەوەی چاوی لەسەر زەوی کردۆتەوە دەستی کردووە بە سوود وەرگرتن لە هەموو شتێکی دەوروبەری خۆی، بە ھەمان شێوەش وزەی خۆر هەیە بۆتە جێگەی سەرنج بۆ گەشەپێدانی مرۆڤایەتی لە بواری وزەی پاک و نوێبووەوە، لەدوای شۆڕشی پیشەسازیەوە خواست لەسەر شێوە جۆراوجۆرەکانی وزە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، سووتەمەنی فۆسیلی بووە بە یەکەم هەڵبژاردەی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەشدا، زیانەکانی ئەم سووتەمەنییە و نەبوونی بەردەوامی وای کرد کە بەدوای سەرچاوەکانی تری وزەدا بگەڕێن، بۆیە وزەی خۆر یەکەم سەرچاوە بوو، وەک چۆن وزەی نوێبووەوەیە کە تەواو نابێت، هەروەها وزەیەکی پاکیشە.

تەنانەت  ئەگەر سەیری شێوەکانی تری وزەی نوێبوونەوە بکەین سەرچاوەی سەرەکیان وزەی خۆرە، بۆ نمونە وزەی با لە وزەی خۆر دروست دەبێت، کاتێک تیشکی خۆر دەگاتە ناوچە جیاوازەکانی سەر ڕووی زەوی بە ڕێژەیەکی نایەکسان، ئەو هێڵی یەکسانی زیاتر گەرم دەبێت لە جەمسەرەکان، کە دەبێتە هۆی جیاوازی لە پەستانی بەرگە هەوا، بەم شێوەیە دەبێتە هۆی جوڵەی با لەسەر ڕووی زەوی، بۆیە هۆکاری سەرەکی جوڵەی با کە وەک وزەی تازە بەکار دەهێنرێت وزەی خۆرە.

هەمان شت لە بەکارهێنانی ڕووبار و تاڤگەکان وەک سەرچاوەی وزەی نوێبوونەوە جێبەجێ دەکرێت، چونکە زۆربەی ڕووبارەکان بەردەوام دەبن لە ڕۆشتنی بە لێشاویان بە ھۆی سووڕی ئاو لە سروشت و باران بارین لە سەرچاوەکانی ڕووبارەکان، بارانەکەش ڕووی نەدەدا ئەگەر تیشکی خۆر لە سەرەتاوە لەسەر ڕووی زەوی نەیکردایە بە ھەڵم.


سەرچاوەکان



128 بینین