خۆر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-22-20:57:00 - کۆدی بابەت: 1493
خۆر

ناوه‌ڕۆك

خۆر

خۆر ئەو ئەستێرەیە کە پتر لە ٤٦٠٠ ملیۆن ساڵە دروست بووە و دەدرەوشێتەوە و کەوتۆتە چەقی کۆمەڵەی خۆر و هەموو هەسارە و بارستەکانی کۆمەڵەی خۆر بە دەوریدا دەسوڕێنەوە و گۆی زەوی یەکێکە لەو هەسارانە، تیرەی خۆر نزیکەی ١،٣٩٠،٠٠٠ کیلۆمەترە (یەک ملیۆن و سێسەت و نەوەد هەزار)، واتە نزیکەی ١٠٩ ئەوەندەی تیرەی گۆی زەوییە، بارستەکەی (قورساییەکەی) پترە لە ٣٣٠ هەزار ئەوەندەی بارستەی گۆی زەوی، تێکڕای دووریەکە نزیکەی ١٤٩.٦ ملیۆن کیلۆمەترە لە گۆی زەوی و تیشک بە کەمێک پتر لە ٨ خولەک لە خۆرەوە دەگاتە سەر گۆی زەوی.
زۆربەی پێکهاتەی خۆر کە دەکاتە ٧٣٪ لە هایدرۆجین پێک دێت، ئەوەی دەمێنێتەوە زۆربەی بریتییە لە هیلیۆم، کرۆکی خۆر بە گرنگترین پێکهاتەی خۆر دادەنرێت و تیرەکەی لە ٢٠٪ بۆ ٢٥٪ ی تیرەی خۆر پێک دێنێت، پلەی گەرمی دەگاتە پتر لە ١٥ ملیۆن پلەی سەدی، چڕی کرۆک پترە لە ١٥٠ گرام بۆ یەک سانتیمەتر سێ جا (واتە پتر لە ١٥٠ جار لە ئاو قورسترە)، بڕی ٩٩٪ ی کرداری لێکدانی ناوکی Necular Fusion لە ناو کرۆکی خۆر ڕوودەدات لەبەر بەرزی پلەی گەرمی و پەستان، ئەم کردارە کە بریتییە لە لێکدانی چوار گەردیلەی هایدرۆجین بۆ پێکهێنانی یەک گەردیلەی هیلیۆن گەرمی و ووزە دروست دەکات، گەرمی و ووزەکە لە ڕێگەی چینەکانی تری خۆر دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی خۆر بە شێوەی گەرمی و تیشک.
پلەی گەرمی سەر ڕووی خۆر بە بەراورد بە پلەی گەرمی کرۆکەکەی زۆر کەمترە و تەنیا ٥٨٠٠ پلەی کلڤن، پلەی گەرمی لە ناو کرۆکەکەی پترە لە ١٥ ملیۆن پلەی سەدی.
خۆر بە گەورەترین کارگەی دروست کردنی وزە دادەنرێت لە کۆمەڵەی خۆر، لە یەک چڕکەدا پڕی ٤.٢٦ ملیۆن تەن لە بارستایی هایدرۆجین دەگۆڕێت بۆ ووزە، ئەمەش لە ڕێگەی گۆڕینی ٦٠٠ ملیۆن تۆن هایدرۆجین بۆ هیلیۆن لە ڕێگەی کرداری لێکدانی ناوکی.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان چاوەڕوان دەکرێت تا دوای نزیکەی ٥ ملیار ساڵ هەموو ئەو بڕەی هایدرۆجینەکەی خۆر بگۆڕدرێت بۆ هیلیۆن، ئەو کاتە تەمەنی خۆر تەواو دەبێت و دەتەقێتەوە.
ئاژانسی ناسای ئەمەریکی لە ساڵی داهاتوو کەشتیەک بەرەو خۆر دەنێرێت، جیاوازی ئەم کەشتییە ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار ناسا ئەوەندە لە خۆر نزیک دەبێتەوە، ناسا ناوی لە کەشتییەکە ناوە (یوجین پارکەر). (ئیدت: کەشتیەکە ئێستا بەڕێوەیە).
کەشتیەکە ناوی فیزیاناس و گەردونناسێکی ئەمەریکی لێ نراوە کە ئێستا تەمەنی ٩٣ ساڵە و لە پەنجاکان کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی گرنگی ئەنجامداوە لەسەر ڕەشەباکانی خۆر.
کەشتی پارکەر ئەمجار زۆر نزیک دەبێتەوە لە خۆر و لە دووری تەنیا شەش بۆ حەوت ملیۆن کیلۆمەتر چاودێری خۆر دەکات و لێکۆڵینەوە لەسەر ڕەشەباکانی خۆر ئەنجام دەدا.
خۆر خولانەوەیەکیشی هەیە بە دەوری خۆیدا کە زۆر باسی لێوە ناکرێت و بە کەمێک پتر لە ٢٧ ڕۆژ جارێک ئەو خولانەوەیە تەواو بە دەوری خۆی.


سەرچاوەکان



6517 بینین