بیردۆزی تیشکدانی ھاوکینگ

له‌لایه‌ن: - محەمەد دادکوش محەمەد دادکوش - به‌روار: 2024-08-23-14:52:00 - کۆدی بابەت: 14268
بیردۆزی تیشکدانی ھاوکینگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تیشکدانی ھاوکینگ (بە ئینگلیزی: Hawking radiation) بریتییە لە تیشکدانی کونە ڕەشەکان، کە لەلایەن فیزیازانی بەڕیتانی (ستیڤن ھاوکینگ)ەوە لە ساڵی ١٩٧٣ بۆ ١٩٧٥ پێشبینی کراوە، کە لە چەمکەکانی تیۆری مەیدانی کوانتەم و ڕێژەیی گشتی وەرگیراوە.ھەروەھا ئەو پڕۆسەیەیە کە کونێکی ڕەش تیشکی گەرمی دەردەدات بەھۆی کاریگەرییە کوانتەمییەکان لە نزیک ئاسۆی ڕووداوەکان، کە بەپێی تێپەڕبوونی کات وردە وردە دەبێتە ھۆی بەھەڵم بوونی کونە ڕەشەکە.

مێژووی سەرھەڵدان 

هاوکینگ لە ساڵی ١٩٧٤دا نیشانیدا کە کونە ڕەشەکان دەتوانن ئەنترۆپییان هەبێت و تیشک دەربکەن لە ماوەیەکی زۆردا ئەگەر ڕەچاوی کاریگەرییە کوانتەمییەکانیان بکرێت ئەم دیاردەیە ناوی لێنرا "تیشکدانی هاوکینگ" و تا ئێستاش یەکێکە لە دۆزینەوە و گریمانەیەکی بنەڕەتی سەبارەت بە کونە ڕەشەکان.

بنەمای سەرەکی تیشکدانی ھاوکینگ

ستیڤن ھاوکینگ لە یەکێک لە چاوپێککەوتنەکان باسی ئەم ھاوکێشەیە دەکات کە دڵخوازترین ھاوکێشەیەتی کە لەبارەی ئینترۆپی(Entropy) کونە ڕەشەکانە؛ کە لە ساڵی ١٩٧٣ بۆ ١٩٧٤ کاری تێداکردووە، دواتر بە "تیشکدانی ھاوکینگ"(Hawking Radiation) ناسرا؛ کەدەڵێت بەپێی هاوکێشەکەی ئالبێرت ئاینشتاین (E=mc^2) کونە ڕەشەکانیش لەکۆتاییدا بارستەکەیان لەدەست دەدەن و بەھەڵم دەبن و ھیچیان نامێننەوە لەنێو گەردووندا.
ھەروەھا ستیڤن ھاوکینگ پێشنیاری کرد کە جووتە تەنۆلکە ژێر گەردیلەییەکان[فۆتۆن، نیوتڕۆن و چەند دانەیەکی تریش] بە شێوەیەکی گشتی لە نزیک ئاسۆی کونە ڕەشەکان سەرھەڵدەدەن؛ ھەروەھا بەپێی تیشکدانی ھاوکینگ کونە ڕەشەکان وزە دەردەن و بەم ھۆیەوە قەبارەیان بچووک دەبێتەوە، ئەمەش لەوانەیە ببێتە ھۆی دەربازبوونی تەنۆلکەیەک لە دەوروبەری کونە ڕەشەکە لە کاتێکدا تەنۆلکەکەی تر وزەی نەرێنی ھەیە لە ناو کونە ڕەشەکەدا دەمێنێتەوە؛ چوونی تەنۆلکە وزە نەرێنییەکان بۆ ناو کونە ڕەشەکە بارستایی کەمدەکاتەوە، تاوەکوو لە پلەیەکی گەرمی زۆر بەرزدا دەتەقنەوە و ھێواش ھێواش لە ماوەی چەندین ساڵدا لە ھەوای سارددا بە ھەڵم دەبن.

دەربڕینی ھاوکێشەکە بە بیرکارییانە

ھاوکێشە بەناوبانگ و دڵخوازەکەی ھاوکینگ

                    S=πkBc^3A / 2Gh

S = ئینترۆپی
π = پای کە یەکسانە بە 3.14 بە نزیککراوەیی
A = ناوچەی ئاسۆی ڕووداوەکان
kB = (1.380649×10−23 J/K) نەگۆڕی بۆڵتزمان
c = خێرایی ڕووناکی
G = (6.67 x 10^-11 N.m^2/kg^2) نەگۆڕی کێشکردنی نیوتن
h = (6.626 x 10^-34 J.s) نەگۆڕی پلانک

ھاوکێشە بۆ بیردۆزی تیشکدانی کونە ڕەشەکان

                     T=ℏc3 / 8πGMkB

T = پلەی گەرمی کونە ڕەشەکە
= نەگۆڕی کەمبوونەوەی پلانک
c = خێرایی ڕووناکی
G = نەگۆڕی کێشکردن
π = پای (3.14)
M = بارستایی کونە ڕەشەکە
kB = نەگۆڕی بۆڵتزمان

ئێستای ئەم بیردۆزە

لە ئێستادا بەشێوەی گریمانەیی و بیردۆز ماوەتەوە، ھەروەھا ھەرگیز بە ڕاستەوخۆ چاودێری نەکراوە ئەم بیردۆزە تا ڕاددەیەک لاوازە، ھیچ بەڵگە و دۆزراوەیەکی تەواو ڕوون و بەھێزمان نییە تاوەکوو بە تەواوی بیسەلمێنێت؛ بەڵام گروپێکی لێکۆڵینەوە لە ئەورووپا بۆیان دەرکەوتووە، کە بیردۆزی تیشکدانی ھاوکینگ دەبێت لەڕێگەی تەلیسکۆپەکانی سەردەمەوە چاودێری بکرێت، کە ئەم تەلیسکۆپانە توانای تەنۆلکەکانی وزەی زۆر بەرزی ڕووناکییان ھەیە؛ ئەمەش لە داھاتوودا دەمانگەیەنێت بە سەرئەنجام و بە ئەگەری زۆر بەڵگەی یەکلاییکەرەوەمان دەست دەکەوێت.

کێشەی بیردۆزی تیشکدانی ھاوکینگ و پارادۆکسی زانیاری

بەپێی زۆرینەی لێکۆڵینەوەکان ئەم هاوکێشەیە کاری پێناکرێت لە فیزیادا، چونکە کێشەی هەیە لەگەڵ پلەی گەرمی؛ کێشەکە لێرەدایە کە باسی بەرزی ئینترۆپی دەکات کە دەبێت پلەی گەرمی بەرزبێت بەڵام کە ھاوکێشەی پێ شیکار دەکەیت پلەی گەرمی بە نەرێنی دەردەچێت.

ھەروەھا کێشەی هەیە بۆ بە ھەڵمبوون (تۆز) کاتێ کە شیکاری دەکەیت ئەنجام حەوت ئەوەندەی تەمەنی گەردوونی دەبێت بۆیە کاری پێناکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا زانیاری نییە کە ئایە لە کونی ڕەشدا چی ڕوودەدات بۆیە دەکرێت یاساکە دەستکاری بکرێت؛ بەڵام ئەم یاسایە کاتێک ڕاست دەبێ کە هەر کونێکی ڕەش بارستایی نزیکی چەند ملیۆن ئەوەندەی خۆر زیاتر بێت، بەڵام نزیکترین کونی ڕەش لە زەوییەوە دە ئەوەندەی خۆر دەبێ بۆیە پاڕادۆکس دروست دەکات، لە ھەمان کاتدا ئەو گریمانەیە پوچەڵ دەکاتەوە کە خۆر ببێت بە کونی ڕەش.

"پاڕادۆکسی زانیاری" کونە ڕەشەکان چییە

بە هەڵمبوونی بارستە لە کونێکی ڕەشەوە بەهۆی تیشکدانی هاوکینگەوە دەبێتە هۆی کێشەیەک کە بە "پاڕادۆکسی زانیاری" ناسراوە، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی میکانیکی کوانتەم دەڵێت کە "زانیاری" ناتوانرێت لەناوببرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە کە بۆ نموونە ئەگەر زانیاری تەواومان هەبێت لەسەر سیستمێکی تەنۆلکەکان، دەتوانین پێشبینی داهاتوو و دۆخی ڕابردووی ئەو سیستمە بکەین.ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن تەنۆلکەکانەوە هەڵگیراون کە ئاسۆی ڕووداوەکانی کونێکی ڕەش دەبڕن بۆ هەمیشە لەدەست دەچن بۆ ئێمە، چونکە هەرگیز ناتوانێت بگەڕێتەوە.ئەوە کێشە نییە ئەگەر زانیارییەکان لەناو کونە ڕەشەکەدا وەک خۆیان بمێننەوە، بەڵکوو کێشەکە لەوەدایە کە کونە ڕەشەکە لە ڕێگەی تیشکی هاوکینگەوە بارستە لەدەست دەدات، بەڵام ئەو زانیارییانە ناگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بەشە دەستڕاگەیشتنەی گەردوون؛ لە کۆتاییدا کونە ڕەشەکە بەتەواوی نامێنێت لەگەڵ ئەو زانیارییەی ھەڵی لووشیوە، ئەمەش یاساکانی میکانیکی کوانتەم پێشێل دەکات.

کورتەیەک دەربارەی ئینترۆپی (Entropy)

Entropy: بارودۆخی تێکچوون یان نادڵنیایییە لە سیستمێکدا. یاخود دەتوانین بڵێین بەگشتی ئینترۆپی وەک پێوەرێک بۆ هەڕەمەکی یان تێکچوونی سیستمێک پێناسە دەکرێت ئەم چەمکە لەلایەن فیزیازانێکی ئەڵمانی بە ناوی [ڕودۆلف کلاوزیوس] لە ساڵی ١٨٥٠ خرایەڕوو.


سەرچاوەکان



189 بینین