ناوهڕۆك
ناساندن
سەرژمێری گشتی دانیشتوان (بە عەرەبی: التعداد العام للسكان، بە ئینگلیزی: General Population Census). سەرژمێریی گشتی (التعداد - Census) بریتییە لە پرۆسەیەكی گشتی بۆ كۆكردنەوە و ئامادەكردن و هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی داتا دیمۆگرافی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان لە دەوڵەتێكدا یان لە بەشێك (هەرێمێك)ی ئەو دەوڵەتەدا، هەمیشە پرۆسەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و چالاكییە كارگێڕی و سیاسی و جوگرفی و توێژینەوە زانستییەكان پشت بە داتا ورد و زانستییەكانی دەبەستن، لەبەرئەوە سەرژمێرییە خولییەكان (دوەری)ی دانیشتوان سەرچاوە و سەرمایەیەكی گەورەن بۆ دەستكەوتنی زانیاری دەربارەی بارودۆخی دانیشتوان.
یان مەبەست لە سەرژمێری گشتی دانیشتوان بریتییە لە ژماردنی سەرجەم تاكەكانی دانیشتوان، جا ئەو تاكانە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو دەوڵەتە بن، یان بیانی بن، بە مەرجێك ئەو كەسانەی سەرژمێری دەكرێن لەژیاندابن، لەكاتی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێرییەكەدا و لە چوارچێوەی ئەو سنوورە جوگرافییە دیارییكراوە (سنووری دەوڵەت)دا بن، لەگەڵ كۆكردنەوەی داتاكانی تایبەت بە تایبەتمەندییە دیمۆگرافی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی ئەو تاكانە، جا ئەگەر لە چوارچێوەی خێزانی خۆیاندا بژین یان لە شوێنە گشتییەكانی وەكوو نەخۆشخانە و بەندینخانە و خانەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی. ھۆبەی دانیشتوان لە ئەنجوومەنی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN - United Nation) سەرژمێری گشتی دانیشتوانی بەم جۆرە پێناسەکردووە:
"بریتییە لە تۆمارکردنی زانیارییە ئامارییەکانی ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە لەسەر ھەر تاکێکی کۆمەڵگا و تاوتوێکردنیان و بڵاوکردنەوەیان بە شێوەی کتێب یان ئەلکتڕۆنی".
كەواتە، سەرژمێری گشتی دانیشتوان بریتییە لە پرۆسەیەكی گشتگیر بۆ كۆكردنەوە و پۆلێنكردن و بڵاوكردنەوەی داتا و زانیارییە دیمۆگرافی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی سەرجەم تاكەكانی دانیشتوانی دەوڵەت یان هەرێمێكی دیاریكراوی ئەو دەوڵەتە لە كاتێكی دیاریكراودا.
مێژووی سەرژمێری گشتی دانیشتوان
ڕیشە و بنچینەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە جیھاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی زوو لە ژیانی مرۆڤایەتییدا، بە تایبەتی دوای پەیدابوونی دەوڵەت و هۆز و نەتەوە جیاوازەکان و دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەسەر خاك و ئاو و جێگۆڕکێ کردنی مرۆڤ بە کۆمەڵ و نیشتەجێبوونیان لە شوێنە دوورە دەستەکان. پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان (Census)، پرۆسەیەكی دێرین و لەمێژینەیە و دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییەتە كۆنەكانی میسر و چین و ڕۆما و بابل، كە مەبەستی سەرەكی لەو سەرژمێرییانە بۆ سوود وەرگرتن بووە بە مەبەستی كاروباری سەربازی و کۆکردنەوە و وەگرتنی باج و سەرانە و دەستنیشانكردنی ژمارەی كرێكارانی كەرتی كشتوكاڵ و لە زۆربەی سەرژمێرییە كۆنەكاندا.
تەنیا زانیاری سەرەكی لەسەر سەرۆك خێزانەكان و ئەو منداڵە نێرینانەی كە دەگەیشتنە تەمەنی سەربازی كۆدەكرانەوە و منداڵان و ژنان و كچان بەدەردەكران و ناونووس نەدەكران، وەكوو سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژەی پێدەكەن، لە شارستانی میسڕی كۆندا و لەپێش زیاتر لە (٥٠٠٠ ساڵ) پێش ئێستا پاشای میسڕ (مینای یەكەم) هەموو دوو ساڵ جارێك سەرژمێری گشتی ئەنجامداوە و پاشان فەرمانی ئەوەی كردووە هەموو ساڵێك ئەم پڕۆسەیە ئەنجام بدرێت، هەروەها لە ساڵی (٢٢٣٨ پێش زایین) سەرژمێری گشتی لە چین و لە هەردوو سەدەی هەشتەم و چوارەمی پێش زاینیشدا لە ژاپۆن و ڕۆما ئەنجامدراوە.
لە دوای سەردەمی بابلیشدا كە بە سەردەمی زێڕینی شارستانیی كۆن ناسراوە، لە دەوروبەری (٣٣٥ ساڵ پێش زایین) و لە پەرستگاكانی بابلدا باس لە سەرژمێریكردنی دانیشتوان كراوە، بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە دانیشتوان بۆ كاروباری كشتوكاڵی و ئابووری و ژمارەی ئەندامانی سوپا. ئەوەی دەردەكەوێت لە پڕۆسەی سەرژمێری لە شارستانییە كۆنەكاندا، ئامانجی سەرەكی بریتی بووە لە زانینی ژمارەی گەنجان، تا لە بواری سەربازیدا سوودیان لێوەربگیرێت، هەروەها لە بواری ئابووری و باجیشدا سوود لە زانینی ژمارەی خێزان و جووتیار و پیشەوەران وەرگیراوە، تا دەسەڵات باجی پێویستیان لێوەربگرێت، بەم پێیەش بەردەوام پرۆژەی سەرژمێری لای دانیشتوان جۆرە ترس و بێزارییەكی هێناوەتە ئاراوە و هاووڵاتیان تا بۆیان كرابێت خۆیان لە سەرژمێری دزیوەتەوە.
تەنانەت لە ئەورووپاش لەنێو چینی ڕۆشنبیر و پەرلەمانی بەریتانیادا وایان لێكدەدایەوە كە سەرژمێریكردنی دانیشتوان دەبێتە هۆی تووڕەبوونی خودا و كارەساتی ئاسمانی گەورەی لێدەكەوێتەوە، ئەم بیركردنەوەیەش پەیوەست بوو بەو سەرژمێرییەی كە پێغەمبەر داود کە ئەنجامیداوە و دەرەنجامیش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتایەكی سەرتاسەری و (٧٠) هەزار پیاوی لەناوبردووە. بیرۆكەی وەستانەوە دژی سەرژمێری گشتی تا ساڵی (١٧٥٣) لە بەریتانیا لەئارادا بووە، بەڵام ماوەی نزیكەی نیو سەدەی ویست تا پەرلەمانی بەریتانیا بتوانێت (یاسای یەكەم)ی سەرژمێری پەسەند بكات و بتوانێت بەشێوەیەكی ڕەسمی و لە ساڵی (١٨٠١) یەكەم سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە بەریتانیادا ئەنجام بدات.
سەبارەت بە دەوڵەتە ئەورووپییەكانی دیكەش زۆربەیان سەرژمێری گشتی دانیشتوانیان بە چەمكە نوێیەكەی لە سەدەی هەژدەدا ئەنجامداوە و وڵاتی ئایسلەنداش پێشەنگی وڵاتانی ئەورووپا و جیهانیش بووە. تەنانەت وڵاتێكی وەكوو ئەمریكا پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی تیایدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٧٩٠)، لە وڵاتە عەرەبییەكانیشدا میسڕ پێشەنگە و لەساڵی (١٨٨٢) یەكەم سەرژمێری گشتی دانیشتوانی تێدا ئەنجامدراوە. لە دوای جەنگی جیهانی دووەم زۆربەی وڵاتان سەرژمێری گشتی دانیشتوانیان ئەنجامداوە، بۆ نموونە لە ماوەی ساڵانی (١٩٤٥ بۆ ١٩٥٤) زیاتر لە (١٥٠ وڵات و هەرێم) سەرژمێری دانیشتوانیان ئەنجامداوە و دەتوانرێت ئەم ماوەیە بە ماوەی (سەرژمێری جیهانی) ناوببرێت.
لەبەر بایەخ و پێزانینی وڵاتان بەسەرژمێری گشتی دانیشتوان، نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی (١٩٧٤)یان بە ساڵی نێودەوڵەتی سەرژمێری دانیشتوان ناساند و لە مانگی ئابی (١٩٧٤) سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ چالاكییەكانی دانیشتوان دامەزراند، بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی زانیاری و شارەزایی پەیداكردنی زیاتر لەبارەی ئاراستەكانی جوڵەی دانیشتوان و كێشەكانیان و بەرفراوانكردنی هاوکاری نێودەوڵەتی و ئامادەكردنی پرۆگرامی زانستی پەیوەست بە بابەتەكانی دانیشتوان و خێزانەوە. لەسەر ئەم بنەمایە مێژووی سەرژمێری دانیشتوان پۆلێندەکرێت بۆ سێ قۆناغ کە ھەر قۆناغێك کۆمەڵێك سیفات و تایبەتمەندی خۆی ھەیە:
قۆناغی یەکەم - سەرژمێری بە شێوازی کۆن
مرۆڤ لەم قۆناغەدا بە مەبەستی زانینی ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێویستبوو (پیتاك - باج) بە دەوڵەت بدەن لەسەر کێڵانی زەوی و پاوان و ئاو یان دەبوایە لەکاتی ھەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان وڵاتەکەیان دەست بدەنە چەك بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن بۆ تێکشکاندنی دووژمنەکانیان یاخود بۆ یەکلایکردنەوەی دەسەڵاتی دوو بنەماڵە، بۆ نموونە لە میسزۆپۆتامیا و دۆڵی نیل دواتر لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی یۆنانی و ڕۆمانی ئەم جۆرە سەرژمێریانە ئەنجامدراون.
سەرژمێرییەکان لە ھەندێك شوێن و سەردەمدا زۆر بە وردی ئەنجامدراون، بۆ نموونە لە زۆرینەی لاپەڕەکانی تەوڕات'دا باس لە ژمارەی لەشکری پیادە و سوارچاك و کوژراو و بریندار و بەدیل گیراو و ژمارەی کۆچکەر لە ژنان و پیاوان کراوە، تەنانەت سەرژمێری بۆ ئەو کەسانەش ئەنجامدراوە کە پێویستیان بە خۆراك بووە لەگەڵ ژمارەی ئەو ئاژەڵ و پەلەوەرانەی کە دەستیان بەسەرداگیراوە.
قۆناغی دووەم - سەرژمێری بە شێوازی زانستی تازە
سەرچاوە مێژوویی و دیمۆگرافییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە یەکەمین سەرژمێری لە جیھاندا بە شێوازی زانستی تازە لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا (سوید و نەرویج و دانیماڕك و فینلەندا) ئەنجامدراوە، لە نێویشیاندا ناوی وڵاتی "فینلەندا" وەکوو یەکەمین وڵات دێت کە سەرژمێری لە ساڵی (١٧٠٣) ئەنجامداوە و وڵاتی سوید لە ساڵی (١٧٤٨) و وڵاتی نەرویج لە ساڵی (١٧٦٠) و وڵاتی دانیماڕك لە ساڵی (١٧٦٥) ئەنجامداوە. دوای وڵاتانی ئەسەکەندەناڤیا ھەریەك لە وڵاتانی تری ئەورووپا و ئەمریکا دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان. لە کوردستاندا یەکەمین سەرژمێری لە ساڵی (١٨٣١)، لە باکووری کوردستان لە ساڵی (١٨٣١) و لە باشووری کوردستان لە ساڵی (١٩٢٧) و لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان (١٩٥٦) و لە ڕۆژاوای کوردستان لە ساڵی (١٩٦٠) ئەنجامدراوە.
قۆناغی سێیەم - سەرژمێری بە شێوازی ئەلکتڕۆنی
بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا و پەیدابوونی کۆمپیوتەر و پڕۆگرامەکانی تایبەت بە تۆمارکردن و ناردن و وەرگرتن و شیکردنەوەی داتا و زانیارییەکان بە شێوازی ئەلکتڕۆنی لە بارەی زانیارییە کەسییەکان وەکوو (ناو و تەمەن و ڕەگەز و شوێنی نیشتەجێبوون و پیشە و ژمارەی ئەندامانی خێزان). ڕێگە خۆشکەر بوو کە زۆبەی دەوڵەتانی جیھان بیر لەوەبکەنەوە ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی ئەلکتڕۆنی ئەنجام بدەن، ئەمەش وایکرد کاتی زیاتر و ماندووبوونی کەمتر و تێچووی کەمتر بێت و ئەرکی ئەو کارمەندانەشی لەو فەرمانگانە کار دەکەن کەم بکاتەوە.
لەم قۆناغەدا ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان بە شێوەی سەردانیکردنی مەیدانی بۆ ماڵان و تۆمارکردنی زانیارییەکان و پرسیار و پڕکردنەوەی فۆڕمی سەرژمێری و ڕێکخستن و تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی بەشێوازی کلاسیکی کۆتایی ھات و شێوازی ئەلکتڕۆنی شوێنی گرتەوە کە ھەر کەسێك لە ماڵی خۆی دەتوانێت لە ڕێگای ئەپڵی کەیشنێك یان بەستەرەیەکەوە زانیارییە کەسییەکانی لە فۆڕمی سەرژمێری تۆمار بکات بەبێ ئەوەی کەسانی تر بینەری بن، بۆ نموونە وڵاتی تورکیا لە ساڵی دووھەزار دەستی بەو شێوازە ئەلکتڕۆنییە کرد.
پڕۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان بە گوێرەی ھەموو یان بەشێك لە دانیشتوان بە چەندین ناونیشانی جیاواز ناودەنرێت، بۆ نموونە ئەگەر سەرژمێرییەکە لە کاتێکی دیاریکراو ئەنجام درا و ھەموو دانیشتوانی وڵات بەژداربوون و تۆمارکران پێی دەگووترێت سەرژمێری گشتی (التعداد العام)، بەڵام ئەگەر ئەگەر لە سەرژمێرییەکەدا تەنھا بەشێك لە دانیشتوان تۆمارکران ئەوە پێی دەگووترێت سەرژمێری بەشی (التعداد الجزئی). بەڵام ئەگەر سەر ژمێرییەکە تەنھا بریتیبوو لە دەستنیشانکردنی شارێك یان گوندێك یان گەڕەکێك ئەوە پێی دەگوترێت توێژینەوەی نموونەیی (البحث بالعینة). کەواتە، سەرژمێری گشتی دانیشتوان گشتگیرە، بەڵام توێژینەوەی نموونەیی گشتگیر نییە.
جۆرەکانی سەرژمێری دانیشتوان
سەرژمێری دانیشتوان بە گوێرەی ھەژمارکردنی کە هەرکەسێك کە لە ڕۆژی سەرژمێریدا لە شوێنی ھەمیشەیی خۆی نەبێت کە ژیانی تیادا دەباتە سەر، ئەوا لە فۆڕمی سەرژمێریدا ھەژمارناکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش دوو ڕێگا دەگیردرێتە بەر کە بریتین لە:
١- جۆری ھەنووکەیی یان کارایی (De Facto): مەبەست لێی تۆمارکردنی گشت دانیشتوانی شوێنێکە بە دانیشتوانی ئەو شوێنەی کە لە ڕۆژی سەرژمێرییەکەدا لەو شوێنە تۆمارکراون، جا چ ئەوکەسانە وەکوو میوان ڕوویان لەو شوێنەکردبێت یان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەی تەندروستی بێت یان بە مەرامی سەربازی ھێنرابن یان بۆ ھەر مەبەستێکی تر لە شوێنی ھەمیشەییانەوە گواسترابنەوە بۆ شوێنێکی تر. لایەنی ئەرێنی لەم جۆرە سەرژمێرییەدا خۆی لە "کەمتر ڕوودانی ناتەوای لە سەرژمێریدا" دەبینێتەوە، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی خاوەن ئابوورییەکی دواکەوتوون، بەڵام لایەنی نەرێنی لەم جۆرە سەرژمێرییەدا خۆی لە "بەرچاوخستنی نەخشەیەکی ناتەواو لە دابەشبوونی دانیشتوان" دەبینێتەوە سەرەنجام دەبێتە ھۆکاری دروستبوونی لاسەنگی لە ژمارەی ڕەگەزی (نێرینە و مێینە).
٢- جۆری نەزەری یان فەرەزی (De Jure): مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە سەرژمێرییە، دوای پڕکردنەوەی فۆڕمی سەرژمێری لەلایەن کارمەندانی تایبەت بەم پڕۆسەیە ھەر لە ڕۆژی سەرژمێریدا گشت فۆڕمەکان کۆدەکرێنەوە و ڕادەستی فەرمانگەی ناونووسکردنی شوێنی ھەمیشەیی ژیانی ئەو کەسە دەکرێن، تەنانەت ئەگەر کەسەکە لەو ڕۆژەدا بە ھەر ھۆکارێک لە شوێنی ھەمیشەیی خۆی ئامادە نەبێت. لایەنی ئەرێنی لەم جۆرە سەرژمێرییەدا خۆی لە "بەرچاوخستنی نەخشەیەکی ڕاست لە بارەی دابەشبوونی دانیشتوان و پێکھاتەی دانیشتوان" دەبینێتەوە، بەڵام لایەنی نەرێنی ئەم جۆرە سەرژمێرییە خۆی دەبینێتەوە لە "بەرچاوڕوونی شوێنی ھەمیشەیی ژیان و کەمی ئەزموونی کارمەندانی پڕۆسەکە" دەبینێتەوە.
ئامارە زیندەگییەکان
ئاماری زیندەگی یان ئامارە زیندەگییەکان بریتییە لە زانینی ژمارەی لە دایکبوون و مردن و ھاوسەرگیر (ژن ھێنان یان شووکردن) لە نێوان کچان و کوڕان یان جیابوونەوەی ژن و مێرد لە یەکتری. لە بنەڕەتدا "ژیان" لەسەر ئەم چوار دیاردە دیمۆگرافییە وەستاوە و بەردەوامە، بۆیە ناوزەندە دەکرێت بە (چوار پایەی ژیان).
تۆماری زیندەگی
بریتییە لە تۆمارکردنی یاسایی و ئاماری گشت زانیارییەکانی پەیوەست بە ڕووداوە زیندەگییەکان.
تۆماری لە دایکبووان
بریتییە لە پڕۆسەی تۆمارکردنی گشت ڕووداوە زیندەگییەکان. جیاوازی نێوان "تۆماری زیندەگی و سەرژمێری گشتی دانیشتوان" لەوە دایە کە تۆماری زیندەگی پڕۆسەیەکی ڕۆژانەیە و بەردەوامە، بەو واتایەی کە لە ھەر خولەکێك و کاتژمێرکدا ئەو دیاردە دیمۆگرافییانە ڕوودەدەن پێویستیان بە تۆمارکردن ھەیە، دواتر گشت ئەو داتا و زانیارییانە بە شێوەی (ڕاسپاردە) کۆدەکرێنەوە و بە گوێرەی ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە بڵاودەکرێنەوە، بەڵام سەرژمێری گشتی دانیشتوان باس لە بارودۆخی مرۆڤ دەکات لەو کاتژمێرەی کە زانیارییە کەسییەکانی تیادا تۆماردەکرێت، بەو واتایەی کە سەرژمێری گشتی پڕۆسەیەکی بەردەوام نییە، بەڵکوو پێنج ساڵ جارێك یان دە ساڵ جارێك ئەنجامدەدرێت.
مێژووی ئامارە زیندەگییەکان
ئامارە زیندەگییەکان بە گوێرەی شوێنی تۆمارکردنی ڕووداوە زیندەگییەکان و جۆری ڕووداوەکان و ئەوکەسانەی کە زانیارییەکانی تۆمارکردووە پۆلێندەکرێت بۆ دوو قۆناغ:
قۆناغە یەکەم - سەردەمی کەنیسە: سەرەتای دەستپێکردن بۆ تۆمارکردنی ئامارە زیندەگییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست، لەو سەرەدەمەدا تۆمارکردنی (لە دایکبوون و مردن و ھاوسەرگیری و جیابوونەوە) بە دەستی شارەزایەکی ئاینی مەسیحی (مەتران یان خوری یان قەشە) لە کەنیسە ئەنجام دەدرا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە کەس و کاری ئەوکەسەی کە لە دایك دەبوو یان مردبوو یان ھاوسەگیری دەکرد یان جیا دەبوویەوە.
قۆناغی دووەم - سەردەمی فەرمانگەکان: تۆمارکردنی ئامارە زیندەگییەکانی وەکوو لە دایکبوون و مردن و ھاوسەرگیرکردن و جیابوونەوا لە زۆرینەی وڵاتانی جیھان چەندین ساڵ پێش ئێستا بووە بە پیشەی سەرەکی فەرمانگە حکوومییەکان. بۆ نموونە: ئەنجامدانی پڕۆسەی ھاوسەرگیری یان جیابوونەوە کە لە ڕێگای فەرمانگە حکوومییەکانی وەکوو (دادگا و داد نووسەکان) ئەنجام دەدرێت. پڕۆسەی لە دایکبوونی منداڵ لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە (لە دایکبوونی منداڵان) ئەنجام دەدرێت. ھەریەکێك لەم چوار دیاردە دیمۆگرافییە فۆڕمێکی تایبەتی ھەیە و کۆمەڵێك پرسیار تیایدا خراوەتە ڕوو، بۆ نموونە فۆڕمی منداڵی تازە لە دایکبوو بەم شێوەیە:
- ڕێکەوتی لە دایکبوون
- ڕەگەز یان توخم (نێر یان مێ)
- شوێنی لە دایکبوون
- شوێنی نیشتەجێبوون (شار یان گوند)
- جۆری لە دایکبوون (سروشتی یان نەشتەرگەری)
- مێژووی ھاوسەرگیری باوان (دایکی و باوکی)
- باری خوێندەواری (خوێندەوار یان نەخوێندەوار)
ھەڵسەنگاندنی زانیارییەکانی دانیشتوان
زانیارییەکانی دانیشتوان بریتییە لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێك زانیاری کەسی لەسەر ھەر تاکێك لە تاکەکانی کۆمەڵگا کە لە وڵاتێك یان ھەرێمێك نیشتەجێبووە، وەکوو (ناوی سیانی، پیشە، ڕەگەز، ڕێکەوتی لە دایکبوون یان مردن، ئایین، نەتەوە، ڕەگەز، شوێنی نیشتەجێبوون، ژمارەی ئەندامانی خێزان). دوای ئەنجامدانی سەرژمێری یان کێوماڵی نموونەیی یان خەمڵاندنی ئەم زانیارییانە لە فەرمانگە حکوومییەکان بە شێوەی پەرتووك یان نووسراوی ئەلکتڕۆنی لەسەر ئاستی ناحیە و قەزا و شار و پارێزگا و ھەرێم و دەوڵەت بڵاودەکرێنەوە. ڕادەی ڕاستی و دروستی زانیارییە کەسییەکان لە وڵاتانی جیھاندا زۆر جیاوازە، بە ھۆکاری جیاوازی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەمنی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر.
بۆ نموونە: لە وڵاتانی پێشکەوتوودا زانیارییەکانی دانیشتوان ئەگەر (١٠٠٪) ڕاست نەبن، ئەوا (٩٩٪) ڕاستە، چونکە ھیچ ھۆکارێك بوونی نییە بۆ بەدەست نەدانی زانیاری دروست لەسەر کەسێك یان خێزانێك بەبێ بوونی ھیچ پاساوێك. چونکە کەس نییە کە ڕێکەوتی لە دایکبوونی خۆی نەزانێت بەھۆی بەرزی ئاستی ڕۆشنبیری لە وڵاتانی پێشکەوتوو و کەسیش نییە لەوە بترسێت کە خستنەڕوو و ئاشکراکردنی جۆری ئایین و نەتەوە کێشەی بۆ دروست بکات، جگە لەمەش بوونی کەشێکی ئارام و سەقامگیری بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەمنی ئەو وڵاتانە ڕێگا خۆشکەر دەبێت بۆ درکاندنی ھەموو زانیارییە کەسییەکان بە شێوەیەکی ڕاست و دروستی.
بەڵام لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا زانیارییە کەسییەکانی دانیشتوان زۆرینەیان ناتەواون و جێگای متمانە نیین، بە ھۆکای ئاڵۆزی ژیان و ناسەقامگیری بارودۆخی ئابووری و سیاسی و بوونی ترس لای دانیشتوان و و ترس و تۆقان لەلایەن دەستەیەکی دیاریکراو و کەمی ئاستی ڕۆشنبیری و نەخوێندەواری و نەبوونی فەرمانگە و کارمەند لە ھەموو شوێنێکی وڵاتدا و دواخستنی پڕۆسەی سەرژمێری بڵاونەکردنەوەی زانیارییەکانی پەیوەست بە نەتەوە، ھۆکارێکی سەرەکین بۆ ئەوەی دانیشتوان زانیارییە کەسییەکانیان بە شێوەیەکی ڕاست بە دەستەوە نەدەن.
عێراق و سەرژمێری گشتی دانیشتوان
ژمارەی دانیشتوان عێراق لە سەردەمی (عەباسییەکان) بە گوێرەی گێڕانەوە مێژووی و سەرچاوە دیمۆگرافییەکان لە نێوان (٢٥ بۆ ٣٠) ملیۆن کەس بووە، بەڵام بەھۆی ئەنجامدانی ھێرشی مەغۆلەکان بۆسەر عێراق و ڕووخانی دەوڵەتی عەباسی و ڕەشەکوژی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی وەکوو (پەتا و ڤایرۆسی کوشندە) و ڕوودانی کارەساتە سروشتییەکان وەکوو لافاو و دروستبوونی جەنگ و جێگیر نەبوونی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە ژمارەی دانیشتوانی عێراق زۆر کەمی کردووە بۆ چەند سەدھەزار کەسێك.
هەندێك ڕاپۆرتی بازرگان و كونسوڵە بەریتانییەكان لەماوەی نێوان ساڵانی (١٨٦٦ بۆ ١٨٦٧) بەردەستە سەبارەت بە خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەكانی عیراق، هەروەها ئەو خەمڵاندنانەی كە دوڵەتی عوسمانی لەساڵی (١٨٩٠) سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەكانی عیراق ئەنجامیداون، دەردەكەوێت كە عیراق بە هەر سێ ویلایەتەكەیەوە لەماوەی نێوان (١٨٦٧ بۆ ١٩١٩) بەگوێرەی خەمڵاندنەكان ژمارەی دانیشتوانەكەی نەگەیشتۆتە سێ ملیۆن كەس و هەر ویلایەتێكیش لەو سێ ویلایەتەی كە عیراقی لێ پێكهاتووە، خاوەنی تایبەتمەندی دیمۆگرافی خۆی بووە.
لە وڵاتی عێراق'دا کۆمەڵێك سەرژمێری ئەنجامدراون پێش ساڵی (١٩٤٧) کە بە شێوەی "خەمڵاندن" بووە لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٨٦٧ و ١٨٩٠ و ١٩٠٥ و ١٩١٩ و ١٩٢٧ و ١٩٣٥)، بەڵام ئەو سەرژمێرییەی دوای ساڵی (١٩٤٧) ئەنجامدرا کەموکھرتی زۆری تیابوو بە بۆچوونی کورد و سەرکردایەتی کورد. بەڵام ئەو سەرژمێرییە لە ساڵی (١٩٥٧) ئەنجامدرا بە بەراورد بە سەرژمێرییەکانی پێشووتر لە ھەموویان ڕاست و دروستر بوو لەگەڵ بوونی کۆمەڵێك کەموکورتی، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ھەموو ئەو کەم و کورتیانەی لە سەرژمێرییەکانی پێشتر بوونیان ھەبوو لەم سەرژمێرییەدا کۆتایان پێ ھێنرا و بارودۆخی ئەمنی و ئارامی ناوچەکە لەم کاتەدا لە تەواوی ھەرێمی و کوردستان و عێراق دەستەبەرکرابوو.
لە جیاتی ئەوەی لە ساڵی (١٩٦٧) سەرژمێری دانیشتوان ئەنجام بدرێت، سەرژمێرییەکە دوو ساڵ ھاتە پێشەوە بە بیانووی ئەوەی یەکگرتن لە ئارادایە لە نێوان سوریا و عێراق و کەمکردنەوەی ڕۆڵی سیاسی کورد بەھۆی شۆڕشی ئەیلول کە زۆربەی ھەرە زۆری کوردستان لە ژێر دەستی پێشەمەرگەدابوو، بۆیە ئەو ناوچانە سەرژمێری کردنیان بۆ ئەنجام نەدرا، بەڵکوو بە شێوەی "خەمڵاندن" بوو. سەرژمێرییەکەی ساڵی (١٩٧٧)یش ئەنجامەکانی زۆر ورد و ڕاست نەبوون، چونکە کورد بەشی زۆری ئاوارەی وڵاتڤنی دراوسێ بوون و بەشێکیشیان بۆ ھەندەران کۆچیان کردبوو و جگە لەوەی کە بەشێکیان خۆیان ڕادەستی حکوومەتی عێراق کردبوو زۆرینەیان لە بەشەکانی باشووری عێراق نیشتەجێکرابوون.
بۆیە ئەم سەرژمێرییەش بە ھەمان شێوەی سەرژمێرییەکانی ساڵانی پێشووتر سەبارەت بە کورد کەموکورتی زۆری لە خۆگرتبوو لەگەڵ ئەوەش ئەم سەرژمێرییە پێکھاتبوو لە (٦٠ فێڵد و ٩٥ خشتە) لەگەڵ ھاتنی سوپایەکی زۆری عێراقی سیخوری و ڕێکخراوەکانی ڕژێمی بەعسی بۆسەر ھەرێم. سەرژمێرییەکەی ساڵی (١٩٨٧)یش لە سەرژمێرییەکانی پێشتر باشتر نەبوو، چونکە لەو کاتەدا عێراق لە جەنگی حەوت ساڵە دابوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سەرژمێرییە پێکھاتبوو لە (٧٥ حەقل و ١٢٦ خشتە)، بەڵام بوونی جەنگی نێوان عێراق و ئێران وایکرد کە سەرژمێرییەکە پڕ بێت لە کەموکورتی. ئەم سەرژمێرییە جیاواز لە سەرژمێرییەکانی تر بە شێوەیەکی زۆر ڕەگەز پەرستانە ئەنجامدرا کە کوردیان بە عەرەب تۆماردەکرد جگە لە بە عەرەب کردنی یەزیدی و شەبەك و مەسیحییەکان.
مەرجەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان
ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان چەندین تایبەتمەندی گرنگ لە خۆدەگرێت بۆیە پێویستە لەكاتی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەم مەرجانە فەراهەم بکرێ بۆ ئەوەی پرۆسەكە ئەو ئامانجانە بەدیبهێنێت كە پرۆسەكەی بۆ ئەنجامدەدرێت، گرنگترین ئەو مەرجانەس بریتین لە:
١- پێویستە ئەم پرۆسەیە لەژێر چاودێری حكوومەت و بەگوێرەی یاسای تایبەت رێكبخرێت و ئەنجامبدرێت، چونکە سەرژمێری گشتی دانیشتوان پرۆسەیەكی ئاسان و بچووك نییە، كە رێكخراوێك یان دامەزراوەیەكی ناحکوومی ئەنجامی بدات، بەڵكو بریتییە لە پرۆسەیەكی ئاماری گەورەی گشتگیر، كە پێویستی بە پلان و رێكخستن و دابینكردنی تێچووی زۆر هەیە، هەروەها پێویستە هەندێك جار هەندێك داتا و زانیاری بە نهێنی بهێڵرێتەوە و هەڵبگیرێت.
٢- دەبێت پرۆسەیەكی گشتگیر (Universality) بێت، بەشێوەیەك سەرجەم تاكەكانی دانیشتوانی ئەو دەوڵەتە یان هەر هەرێمێكی دیاریكراوی دەوڵەت بگرێتەوە بە دانیشتوانی رەسەن و بیانیشەوە.
٣- پێویستە لەكاتی كۆكردنەوەی داتاكاندا بە تەواوی گەمارۆ (الحصر الفردي)ی تەواوی دانیشتوانی هەموو هەرێم و یەكە كارگێڕییەكانی دەوڵەت بدرێت، هەمیشە وەك یاسایەكی گشتی پێویست بەوە دەكات یەك رۆژی تەواو بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكرابێت، چونكە لە هەموو ساتێكدا ئەگەری ڕوودانی گۆڕانكاری هەیە لە داتاكانی تایبەت بە دانیشتوان، بەهۆی لە دایكبوونی كەسێكەوە یان مردنی کەسێك، یان گواستنەوە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر، بۆیە وا باشترە رۆژێكی دیاریكراو لەتەواوی وڵاتدا بۆ ئەو مەبەستە دیاریبكرێت.
٤- پێویستە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەكی خولی (Periodicity) رێكوپێك بێت، (واتە هەموو پێنج یان دە ساڵ جارێك)، چونكە پرۆسەی بەراوردكاری لە نێوان كات و شوێنە جیاوازەكاندا ئاساندەكات، هەروەها لەرێگایەوە دەتوانرێت ئاراستە دیمۆگرافییە جیاوازەكانی دانیشتوانی وڵات بزانرێت، جگە لەمەش دەبێت گرنگی بدرێت بە دەستنیشانکردنی کاتێکی دیاریکراو، بە جۆرێك کاتژمێرەکانی دەستپێکردن و کۆتایی ھێنان بەم پڕۆسەیە لە ماوەی ڕۆژێکدا یان دوو ڕۆژدا دیاریکراو بن، ئەگەر بەم جۆرە نەبێت زانیارییە کەسییەکانی پەیوەست بە (لە دایکبوون و مردن و تەمەن و کۆچکردن و ھاوسەرگیری و جیابوونەوە) ھاوسەنگ نابن.
٥- گەمارۆی تاكی (الحصر الفردي) (Personal Enumeration) لەرێگای تەرخانكردنی فۆرمی تایبەت بۆ هەر كەسێك (تاكێك)و تەواوی زانیارییە داواكراوەكانی تێدا تۆمار بكرێت.
٦- دەستنیشانكردنی سنووری جوگرافی ناوچەكە بەتەواوی، واتە پێویستە سنووری ئەو ناوچانەی پرۆسەكەیان تێدا ئەنجام دەرێت بە وردی دەستنیشان بكرێت، لەسەر بنەمای كارگێڕی و جوگرافی ناوچەکە، بە مەبەستی ئاسانكاری و خێراتركردنی كارەكان و پاشان ئامادەكردن و بڵاوكردنەوەی داتاكان.
٧- کۆکردنەوەی زانیاری تەواو لەسەر ھەموو ئەو کەسانەی لەسەر خاکی ئەو وڵاتە دەژین نەك تەنھا ئەو کەسانەی لە ناو ئەھ وڵاتە دەژین، بەڵکوو پێویستە ئەوانەش ھەژمار بکرێن کە خەڵکی ئەو وڵاتەن، بەڵام بە ھۆکارێك لە ھۆکارەکان لە دەرەوەی گوند و شار و وڵاتن لەو ڕۆژەی سەرژمێری تیادا ئەنجام دەدرێت.
٨- خۆ ئامادەکردن و ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە پێویسی بە تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت ھەیە، لەلایەن حکوومەتەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی خێرا و دروست بەڕێوە بچێت لەلایەن کارمەندانی فەرمانگە حکوومییەکان.
٩- ڕەخساندنی کەش و ھەوایەکی ئارام و دوور لە سیاسەتی ڕەگەز پەرستی و ترس و تۆقان لەو ڕۆژەی سەرژمێری تیادا ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی ھەر تاکێك بتوانێت بە ئازادی و بەبێ بوونی ھیچ گرفتێك وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە ئاڕاستەی دەکرێن.
١٠- کۆکردنەوە و شیکردنەوەی و تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی سەرژمێری دانیشتوان تاکوو بکرێت زووتر ئەنجامەکان ڕابگەیەنرێن و بڵاوبکرێنەوە، بۆ ئەوەی نووسەران و توێژەران لە نووسینەکانیان و توێژینەوە زانستییەکانیان ئاماژەیان پێ بدەن، ئەگەر پڕۆسەکە ئەم مەرجەی تیانەبوو ئەوا ئەنجامەکانی سەرژمێری دانیشتوان دەبێت بە ژمارە و باس لە بارودۆخی ڕابردووی دانیشتوان دەکات.
گرنگی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان
هەموو پڕۆسەیەكی ئەنجامدراو بایەخدارە و چەندین گرنگی لەپشت ئەنجامدانییەوەن، لەوانەش پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتوانە:
١- سەرژمێری گشتی دانیشتوان بە سەرچاوەیەكی سەرەكی دادەنرێت بۆ دەستكەوتنی زانیاری دەربارەی ژمارەی دانیشتوانی (وڵات یان هەرێم) و مەبەستە كارگێڕی و جوگرافییەکان و پڕۆسەی توێژینەوەی جۆراوجۆرەکان و پلاندانانی ئابووری و كۆمەڵایەتی، چونکە فەراهەمبوونی زانیاییە ڕاستییە سەبارەت بە تایبەتمەندییە دیمۆگرافییەكان ڕێگا بۆ حکوومەت ڕووناك دەكاتەوە و لەكاتی داڕشتنی پلان و بڕیاری سیاسی و كارگێڕیدا سوودیان لێوەردەگرێت.
٢- ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان پێنج ساڵ جارێك یان دە ساڵ جارێك دەستەبەری داتا و زانیاری لە بارەی لایەنی ئابووری (پیشەسازی، كشتوكاڵی، بازرگانی، گەشتوگوزاری، رێگاوبان و گواستنەوە) لە وڵاتدا دەكات، هەروەها داتا و زانیاری ورد سەبارەت بە پێكهاتەی (تەمەن و ڕەگەز)ی دانیشتوان دەخاتەڕوو، كە لە رێگایانەوە دەوڵەت دەتوانێت خەمڵاندنی پێویست بۆ ئایندەی وڵات بكات لەڕووی ئاستی پێداویستیەكان لە خواستی ئابووری و خزمەتگوزاری لە ئێستا و ئایندەدا.
٣- لە ڕێگای ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان دەوڵەت دەتوانێت ئەو زانیارییانە بەدەست بخاتە کە ڕێژەی بێکاری و پیشەوەری لە وڵاتدا چەندە، ئەمەش ڕێگا خۆشکەر دەبێت لە بەردەم حکوومەت بۆ ئەوەی بتوانێت زۆرترین ھەلی کار و پیشە بۆ چینی گەنجان بڕەخسێنێت و ڕێژەی بێکاری کەم بکاتەوە.
سەرژمێری چاوەڕوانكراوی ساڵی 2024
لە عێراقدا لە ساڵی (١٩٩٧)ەوە سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامدراوە، واتە (٢٧ ساڵە) ئەم وڵاتە بەبێ داتا و زانیاری دیمۆگرافی دەڕوات بەڕێوە و بەشی هەرەزۆری ئەو ئامار و زانیارییانەی كە حكوومەتی عێراق تاکوو ساڵی (٢٠٢٤) پشتی پێدەبەستێت بریتین لە ژمارە و زانیاری كە لە رێگای خەمڵاندنەوە بەدەستهاتوون، سەبارەت بە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (سلێمانی و هەولێر و دهۆك) لە ساڵی (١٩٧٨)ەوە سەرژمێریی گشتی دانیشتوانیان تێدا ئەنجام نەدراوە، واتە ماوەی (٣٧) ساڵە هەرێمی كوردستانیش بێ سەرژمێرییە و زیاتر لەرێگەی خەمڵاندنەوە داتا و زانیاری سەبارەت بە دانیشتوان بەدەستدەكەوێت.
بۆیە چاوی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خودی دەوڵەتی عێراق و پسپۆڕان و توێژەرانی بواری دانیشتوان و پسپۆرانی بواری ئابووری لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێری ساڵی (٢٠٢٤) و ئەنجامەكانییەتی، وڵاتێكی دەوڵەمەند و فرە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی بێ سەرژمێری و داتای ڕاست و دروستە و بە خەمڵاندن پلان و بودجە و بڕیاری هەستیاری ئابووری و سیاسی و سەربازی لێوەدەدرێت. لەبەر نەبوونی ئەنجامی سەرژمێری گشتی لە ساڵی (١٩٩٧) لە عێراقدا تەنانەت لەدوای ساڵی (٢٠٠٣) عێراق بەگوێرەی خەمڵاندنەوە داتا و زانیاری سەبارەت بە دانیشتوانی عێراق دەخاتەڕوو.
بۆ نموونە: لە بڵاوكراوەیەكی وەزارەتی پلاندانانی عێراقدا كە لەلایەن دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، خەمڵاندن بۆ ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەكات لە ماوەی نێوان ساڵانی (٢٠١٥ بۆ ٢٠٣٠) و ژمارەی دانیشتوان لەساڵی (٢٠١٥) دا بە (٣٥,٢١٢,٦٠٠ کەس) دەخەمڵێنێت و لە ساڵی (٢٠٣٠) بە (٥١,٢١١,٧٠٠ کەس) دەخەمڵێنێت بەم شێوەیە:
- لە ساڵی (٢٠١٥) (٣٥,٢١٢,٦٠٠)
- لە ساڵی (٢٠١٦) (٣٦,١٦٩,١٢٣)
- لە ساڵی (٢٠١٧) (٣٧,١٣٩,٥١٩)
- لە ساڵی (٢٠١٨) (٣٨,١٢٤,١٨٢)
- لە ساڵی (٢٠١٩) (٣٩,١٢٧,٩٠٠)
- لە ساڵی (٢٠٢٠) (٤٠,١٥٠,١٧٤)
- لە ساڵی (٢٠٢١) (٤١,١٩٠,٦٥٨)
- لە ساڵی (٢٠٢٢) (٤٢,٢٤٨,٩٠٠)
- لە ساڵی (٢٠٢٣) (٤٣,٣٢٤,٠٠٠)
- لە ساڵی (٢٠٢٤) (٤٤,٤١٤,٨٠٠)
- لە ساڵی (٢٠٢٥) (٤٥,٥٢٠,٥٠٠)
- لە ساڵی (٢٠٢٦) (٤٦,٦٣٩,٩٠٠)
- لە ساڵی (٢٠٢٧) (٤٧,٧٧١,٦٠٠)
- لە ساڵی (٢٠٢٨) (٤٨,٩١٤,١٠٠)
- لە ساڵی (٢٠٢٩) (٥٠,٠٦١,٥٠٠)
- لە ساڵی (٢٠٣٠) (٥١,٢١١,٧٠٠)
عێراق تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت (٢٠٢٤) هەر لە رێگەی خەمڵاندنەوە كۆی ژمارەی دانیشتوان و داتا گرنگەكانی دیكە ئامادە دەكات و حكوومەتیش لەژێر ڕۆشنایی ئەو ژمارە خەمڵێنراوانەدا پلان و بودجە و بڕیارە ستراتیژییەكان دەدات. بۆیە حكوومەتی ئێستای عێراقی هەموو توانا دارایی و هونەری و لۆجیستییەكانی خۆی خستۆتەگەڕ تا لە ئەمساڵدا (٢٠٢٤) دا سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجام بدات و لە دەستپێكی ئەم پرۆسەیەشدا هەر ئەمساڵ لە ڕێکەوتی (٣١ - ٥ - ٢٠٢٤)دا سەرژمێری ئەزموونی (تجریبي) لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشەوە لەماوەی (١٤ رۆژدا) و لە (٨٦ ناوچە)دا ئەنجامدا.
كورد و سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٤
وا بڕیارە سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە ڕێکەوتی (٢٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤)دا ئەنجامبدرێت و لە ئێستادا عێراق هەموو پێداویستییەكانی ئەم سەرژمێرییەی ئامادەكردووە، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان و كوردەوە تا ئێستا ئەوەی ئاشكرایە ئامادەیی هەرێمە وەكوو پارێزگاكانی دیكە پڕۆسەی سەرژمێرییەكەی تێدا ئەنجامبدرێت بە تایبەتی لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە بە بارودۆخێکی هەستیار تێدەپەڕێت بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا ئەم هەڵوێستانە بابەتێكی ڕەسمی و كاری ئاسایی و ڕۆتینە، بەڵام ئەوەی كە خاڵی گرنگ و پەیوەستداری ستراتیجییە بە كوردەوە لەم سەرژمێرییەدا بریتین لە:
١- دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان ئەوەی كە ناسراوە بە (ناوچەكانی ماددەی ١٤٠)، تائێستا نازانرێت و ئاشكرانییە كە میكانیزمی سەرژمێری لەم ناوچانەدا چۆنە؟ و كێ دەگرێتەوە؟ و كێ ناگرێتەوە؟ و ئایا چۆن ناوی ئەو لێشاوە عەرەبە هاوردە و ئاوارانە ناونووس دەكرێن؟ وەكوو دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو ناوچانە سەرژمێر دەكرێن یان تەنها لەو كاتەدا بوونیان هەبووە؟ چەندین پرسیاری دیكەی لەم شێوەیە لەئارادایە، بەڵام تائێستا نازانرێت ئەم پرسیار و گومانانە لەنێو سەرژمێریكردنەكەدا بە چ شێوازێك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و لەنێو پڕۆسەكەدا پراكتیزە دەكرێت.
٢- خشتەی پێكهاتەی (نەتەوەیی) و (ئایینی) لەسەرژمێرەكەدا هەیە یان نا، لە ڕاستیدا ئەم دوو خشتەیە لای دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و كورد و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان جێگای بایەخە و نازانرێت لەم سەرژمێرییەدا ئاماژەی پێدەكرێت یان نا؟ چونکە لە سەرژمێری ساڵی (١٩٥٧) بەشێوەیەكی زانستی و دروست ئاماژە بە پێكهاتەی (نەتەوەیی) و (ئایینی) درابوو، بەڵام لە سەرژمێرییەكانی دیكەدا بەتایبەتیش هەردوو سەرژمێری ساڵی (١٩٧٧ و ١٩٨٧) بابەتی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی لەخۆنەگرتبوو.
لای كورد ئەم دوو بڕگەیە بایەخی تایبەتی هەیە، لەبەرئەوەی زانینی ڕێژەی نەتەوەكان لە پارێزگا و شوێنە جێناكۆكەكاندا چەندین ڕاستی نەتەوەیی و ئایینی و جوگرافیمان بۆ دەردەخەن كە دەكرێت زۆر كێشە و ململانێی سیاسی و یاسایی یەكلابكاتەوە، بەڵام پێدەچێت لە ئێستادا (٢٠٢٤) حكوومەتی عێراق نەیەوێت بڕگەكانی (نەتەوە) و لانیكەم ئایینزاكان لە سەرژمێرییەكەدا جێگە بكاتەوە، بەمەش جارێكی دیكە جۆرە گشتگیرییەك بە سەرژمێرییەكەوە دەردەكەوێت و تایبەتمەندییە ئەسنۆگرافی و تایبەتمەندیدارەكانی دانیشتوانی عێراق دەشارێتەوە و ون دەبن. ئەوەی لەم سەرژمێرییەوە چاوەڕواندەكرێت زیاتر دەرخستنی ژمارە و زانیاری ڕەها بێت سەبارەت بە دانیشتوانی عێراق بە گشتی و دانیشتوانی پارێزگا و یەكە كارگێڕییەكان بەتایبەتی.
بۆ نموونە: كاتێك باس لە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، تەنها كۆی ژمارەی دانیشتوانی هەر سێ پارێزگای (سلێمانی و هەولێر و دهۆك)مان لە كۆی ژمارەی گشتی دانیشتوانی عێراق بەڕێژە و ژمارەی ڕەها پێشكەش دەكەن، لێرەوە ئەم ژمارە و ڕێژانە دەكەنە پێوەرێكی سەرەكی و كاری بودجە و پلانی ئابووری ئایندەی عێراقی پێ بەڕێوەدەبەن و دادەڕێژن.
٣- سەبارەت بە چاودێری پڕۆسەی سەرژمێرییەكە لەلایەن لایەنێكی بێلایەنی نێودەوڵەتییەوە كە دەكرێت نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بێت یان یەكێتی ئەورووپا یان هەر لایەنێكی نێودەوڵەتی و هەرێمی دیكە، تائێستا دیارنییە كە ئایا ئەو چاودێرییە لەئارادا دەبێت یان نا؟ بەتایبەتی لە ناوچەكانی ماددەی (١٤٠)دا، تاکوو ئێستاشی لەگەڵ بێت (٢٠٢٤) نازانین نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان و كورد لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق و فەرمانگەی ناوەندی ئامار لە چ ئاستێكدایە و رۆڵیان چییە؟