ئامادەکردنی پلانی توێژینەوە

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-10-01-13:05:00 - کۆدی بابەت: 14782
ئامادەکردنی پلانی توێژینەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئامادەکردنی پلانی توێژینەوە (بە عەرەبی: إعداد خطة البحث، بە ئینگلیزی: Preparation of a research plan). پلانی توێژینەوە بریتییە لە دەرخستنی پێکھاتە و پەیکەربەندی توێژینەوە، بە جۆرێک لە پلانی توێژینەوە ئاماژە دەکرێت بەوەی کە توێژینەوەکە لە چەند بەش پێکھاتووە و ھەربەشێک چەند تەوەرە (باس) لە خۆدەگرێت لەگەڵ ئاماژەدان بە پێشەکی و پوختەی توێژینەوە و دەرئەنجام و ڕاسپارەدە (پێشنیار) و لیستی سەرچاوەکان.

ھێڵە سەرەکییەکانی پلانی توێژینەوە

دوای ھەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی بابەتی توێژینەوە لەلایەن توێژەر یاخود سەرپەرشتیار، دەستدەکرێت بە دانانی پلانی توێژینەوە کە ھەنگاوی بنچینەیی و پەیکەری ڕێکخراوی توێژینەوەکەیە، ھێڵە سەرەکییەکانی پلانی توێژینەوەش بریتین لە:

١- ناونیشانی توێژینەوە: ناونیشانی توێژێنەوە پێویستە ئەم چەند تایبەتمەندییە لە خۆبگرێت: 

  • دیاردەکە ڕووبەرێکی گونجاو داگیربکات و دابەشبوونێکی جوگرافی ھەبێت.
  • بابەتەکە پێشتر دیراسە نەکرابێت، واتە توێژینەوەی لە بارەوە نەکرابێت.
  • دیارەدەکە گرفت بێت و پێویستی بە چارەسەرکردن ھەبێت.
  • سوودی بۆ کۆمەڵگا و وڵات ھەبێت.
  • ناونیشانی توێژینەوە لەگەڵ ئامانج و جۆری باسەکە گونجاوبێت.
  • جۆری ناونیشان گونجاوبێت لەگەڵ تواناکانی توێژەر.
  • دیاردەکە بتوانرێت لەسەری بنووسرێت و زنیاری و سەرچاوەی لەسەر ھەبێت.
  • جۆری ناونیشانەکە بگونجێت لەگەڵ ئاستی دووری شوێنی نیشتەجێبوونی توێژەر، بۆ ئەوەی توێژەر بتوانێت کاری مەیدانی بۆ ناوچەی توێژینەوە ئەنجام بدات و دیاردەکان بە چاوی خۆی ببینێت بە مەبەستی کۆکردنەوەی داتا و زانیاری.

٢- پێشەکی: بریتییە لە وەسفکردنی ناونیشان و جۆری ئەو دیاردەیەی کە توێژینەوەی لە بارەوە کراوە بە مەبەستی زیاتر ئاشنابوونی توێژەر و خوێنەر بە جۆری دیاردەکە، سەرەتا پێویستە توێژەر بە شێوەیەکی گشتی وەسفی دیاردەکە بکات کە چییە و چۆنە و گرنگی چییە لە ئێستا و داھاتوودا، واباشترە پێشەکی توێژینەوە لە لاپەڕەیەک کەمتر نەبێت و بە تەواوەتی وەسفی ناونیشان و ناوەڕۆکی توێژینەوەکە بکات لە گشتییەوە بۆ تایبەتی.

نموونەی پێشەکی توێژینەوەیەکی زانستی بە ناونیشانی: 
شیکردنەوەیەکی جوگرافی بۆ بنکەکانی دابەشکردنی خۆراک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ ساڵی ٢٠٢٣. ڕوون و ئاشکرایە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کۆمەڵێک خۆراک لەلایەن دەوڵەتانەوە بۆ دانیشتوان دابین دەکرێت وەکوو ھاوکاری و یارمەتیەک بو دانیشتوان، بێگومان ئەم بەشە یاخود ئەم بڕە خۆراکەی کە دابینکراوە پێویستی بە میکانیزم و سیستمێکی ڕێکخراوە ھەیە تاکوو بگات بە دەستی دانیشتوان بە ئاسانترین شێوە.

بۆ ئەم مەبەستەش بنکەکانی دابەشکردنی خۆراک لەسەر ئاستی گەڕەکەکان لە شارە و ناحیە و گوندەکان  بڵاوبوونەتەوە، ئەو بڕە خۆراکەی کە دابینکراوە لە ڕێگای بنکەکانی خۆراک بەسەر دانیشتوان دابەشدەکرێت. ئەمەش کارئاسانیەکی زۆری کردووە بۆ دانیشتوان بۆ ئەوەی بە کەمترین کات و ئاسانترین شێوە دەستیان بگات بە بەشە خۆراکەکەیان، لەم توێژینەوەیەدا ھەوڵدراوە کە شوێنی بنکەکانی خۆراک و شێوازی دابەشبوونیان و گرفت و چارەسەرییەکانیان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بخرێتەڕوو بۆ ساڵی ٢٠٢٣.

٣- پوختەی توێژینەوە: گرنگترین بەشی توێژینەوەی زانستی بریتییە لە پوختەی توێژینەوە، بەڵام ناکرێت توێژەر ھەموو بۆچوون و کاری توێژینەوەکەی لە پوختەی توێژینەوەی بخاتەڕوو، نووسینی پوختەی توێژینەوە دەبێت ئەم تایبەتمەندییانە بگرێتە خۆیی: 

  • کورتە باسێک لە بارەی بابەتەکە وەکوو ناساندنێکی سەرەتایی، بەو مەرجەی کورتە باسەکە لە پێشەکی باس نەکرابێت.
  • ئامانجی گشتی توێژینەوەکە کە توێژەر چی دەرخستووە و بۆچی؟ 
  • وەسفکردنی ڕێبازی توێژینەوەکە کە توێژەر پشتی بە چ ڕێبازێک بەستووە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجام.
  • کورتە باسێک لە بارەی گرنگی دەرئەنجامی چەندییەتی و جۆراییەتی، بە جۆرێک کە (لە ماوەی ئەنجامدانی توێژینەوەکە چیت دەرخستووە).
  • کورتکراوەیەک لە بارەی کۆتایی توێژینەوەکە (Conclusions) مەبەست لە دەرئەنجامی توێژینەوەکەت چییە؟ 
  • نابێت لە پوختەی توێژینەوە سەرچاوە و وێنە و نەخشە بەکاربێت.
  • نابێت ئەو زانیاریانە بخرێنە ڕوو کە لە چوارچێوەی توێژینەوەکە نین و لە ناوەڕۆکی توێژینەوەکە باس نەکراون.
  • نابێت پەڕەگرافی دووبارە بەکاربێت لە کە پێشتر لە پێشەکی و بەش و تەوەرەکانی تری توێژینەوەکە ئاماژەیان پێدراوە لە پوختەی توێژینەوە دووبارە بکرێتەوە.
  • دوورکەوتنەوە لە درێژی پوختە، بە جۆرێک کە بەپێی جۆری دیاردە و ناونیشانی توێژینەوەکە پوختەی توێژینەوە بنووسرێت کە لە (٥٠ وشە دەستپێدەکات تاکوو ٣٠٠) وشە.

نموونەی پوختەی توێژینەوەیەکی زانستی بە ناونیشانی

شیکاری شوێنی بۆ چارەخوازەکانی نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری لە شاری سۆران بۆ ساڵی ٢٠٢٣.
بابەتە تەندروستییەکان بە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان دادەنرێن لەکاتی ئێستادا، بەھۆی زیادبوونی ڕێژەی نەخۆشییەکان و خێرایی گەشەکردن و بڵاوبوونەوەیان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، ئەم کردارەش دەبێتە ھۆکاری دروستبوونی خواستی بەردەوام لەسەر پێداویستییە تەندروستییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردن بەتایبەتی لەلایەن چارەخوازەکان، ئەم بارودۆخەش بۆتە ناوهاوسەنگی لە نێوان ئەو پێداویستییە تەندروستییانەی لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری پێشکەش دەکرێن بە چارەخوزان لەگەل خێرای گەشەی دانیشتوان و فراوانبوونی ناوچەکە.

جگە لەمە بوونی گرفت لە سیستمی وەرگرتنی سەردانیکەرە چارەخوازەکان لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری، بۆ ئەم مەبەستە ئامانجی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە ئەنجامدانی شیکاری شوێنی بۆ چارەخوازەکان و زانینی ڕێژەیان، لەگەڵ دەستنیشانکردنی گرفتی چارەخوازەکان بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری. لەم توێژینەوەیەدا بەمەبستی گەیشتن بە ئامانجی توێژینەوە پشت بەستراوە بە ڕێبازی (شیکاری و ئیستقڕائي)، کە هەریەك لە داتای چارەخوازەکان لەسەر بنەمای (رۆژانە، مانگانە و وەرزانە) بەپشت بەستن بە ئاستی (تەمەن و ڕەگەز) شیکردنەوەیان بۆدەکرێت.

بەمەبەستی دۆزینەوەی گرنگی ڕێژەیی داتاکان، لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئاڕاستەی چارەخوازەکان بەپێی ڕۆژانە، مانگانە و وەرزانە، هەروەها سوود لە تەکنیکەکانی سیستەمی زانیاری جوگرافی (GIS) بینراوە بەمەبستی شیکردنەوەی شوێنی و بۆ چارەخوازەکان، ئەم بابەتەش ڕاستەوخۆ بابەتی هەنوکەییەو خزمەت بە کەرتی تەندروستی و ناوچەی توێژینەوەدەکات. لەکۆتای توێژینەوەکە بە چەند دەرئەنجامێک گەیشتووە لەوانە: زۆرترین ژمارەی چارەخوازانی سەردانیکەر بەپێی ئاستی تەمەن و مانگانە و وەرزانە و ڕۆژانە بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی فیرکاری لە ساڵی ٢٠٢٣ز (٩٧٤٤٧) چارەخواز بوونە وە هەروەها زۆرترین ژمارەی چارەخوازانی سەردانیکەر بەپێی ڕەگەز و وەرزانە بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری لە ڕەگەزی مێ بوونە، بەرزترین ئاستیش لە مانگی ئایار تۆمارکراوە کە (٥٩٣٠) چارەخواز بوونە بەپێی مانگانە و (١٤٥١٧) چارەخواز بەپێی وەرزانە تۆمارکراوە، لەگەڵ بوونی کەم و کوورتی لە دابینکردنی ژمارەی پەرستار بۆ پزیشكان و بوونی کەم و کوورتی لە شوێنی دامەزراوەی نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری کە لەگەڵ (پێوەری شوێنی دامەزراوەی) تەندروستی ناگونجێت، چونکە کەوتۆتە نزیك ناوچەی پیشەسازی.

٤- کێشەی توێژینەوە: ھەستکردن بە کێشەیەک یاخود گرفتێک لە بوارێک لە بوارەکانی ژیان بە خاڵی سەرەتای توێژینەوەی زانستی دادەنرێت، گرنگە توێژەر جیاوازی بکات لە نێوان کێشەی توێژینەوە و کێشەی ژیانی ئاسایی، بۆیە کێشەی توێژینەوە بریتییە لەو پرسیارانەی کە لە خەیاڵ و ھزری توێژەر سەرچاوەدەگرن لە بارەی بابەتێکی دیاریکراو، بۆ نموونە پرسیار لە بارەی (پەیوەندی نێوان دابارین و ھەڵکێش و داکێش لە بەرھەمھێنانی کشتوکاڵ لە شوێنێکی دیاریکراو یاخود توێژەر بیردەکاتەوە دەربارەی چڕبوونەوەی دانیشتوان لە پایتەختی وڵاتان). لە دیدگای توێژەر کێشەی توێژینەوە پرسیارێکە پێویستی بە وەڵامدانەوە و ڕوونکردنەوە ھەیە یان ڕوودانی دیاردەیەکە ڕەنگە ڕوون نەبێت و پێویستی بە ڕوونکردنەوە ھەبێت، بۆیە توێژەر دەیەوێت لە ھۆکارەکانی ڕوودانی ئەو کێشەیە بکۆڵێتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردن.

ئەو پێوەرانەی پێویستە ڕەچاوبکرێن لەکاتی ھەڵبژاردنی کێشەی توێژینەوە

  • پێویستە کێشەکە ڕاستەقینەبێت و ھەستپێکراوبێت لەلایەن توێژەر کە درک بە گرنگی توێژینەوەکەی بکات.
  • پێویستە کێشەی توێژینەوە نەبێتە ھۆی دروستبوونی ھەستیاری لەلایەن ڕەگەز و ڕەوشت و ئاین و نەتەوەی بەرامبەر.
  • پێویستە کێشەی توێژینەوە شیاوی چارەسەرکردن بێت بەو کەرەستە و دەرامەتانەی لەبەر دەستی توێژەردانە.
  • پێویستە کێشەی توێژینەوە بەسترابێتەوە بە لایەنی لێھاتووی و بڕوانامەکانی توێژەر و لایەنی کەسی و دارایی.
  • ئایە کێشەی توێژینەوەکە ھیچی نوێ زیاد دەکاتە سەر ئاو زانیارییانەی کە ھەن لەو بوارەدا.

ئەو ڕێگایانەی ھاوکاری توێژەر دەکەن لە دەسنیشانکردنی کێشەی توێژینەوە

  • گواستنەوە لە گشتییەوە بەرەو تایبەت: لە ھەنگاوی یەکەمدا توێژەر کێشەیەک ھەڵدەبژێرێت لە چوارچێوە و پسپۆرییەکەی خۆیدا و لێی ورد دەبێتەوە، پاشان سنووری کێشەکە و کات و جۆرەکەی بچووکتر دەکاتەوە، بەم جۆرەش سنووری توێژینەوە لە گشتییەوە بەرەو تایبەت ئاڕاستە دەکرێت.
  • کارکردن بە شێوەی تیم: توێژەر دەتوانێت کاربکات لەژێر چاودێری سەرپەشتیارەکەی بۆ ئەوەی ھاوکاری بێت لە دیاریکردنی کێشەی توێژینەوە.
  • ئامادەبوون لە کۆنفڕانس و سمینار و وۆڕک شۆپە زانستییەکان: لەم جۆرە چالاکیانەدا نوێترین ئەو بابەتانە دەخرێنە بەر باس کە توێژەران پێیان گەیشتوون، زۆر جاری لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی لەم چالاکییە زانستییانە ئەنجام دەدرێن کێشەی لێکۆڵینەوەیەک سەرھەڵدەدات.
  • خوێندنەوەیەکی ڕێکخراو: دوای ئەوەی توێژەر بابەتێکی گشتی ھەڵدەبژێرێت ھەڵدەستێت بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک خوێندنەوەی ڕێکخراو بە مەبەستی ئاشنابوون بەوەی کە ئەنجام دراوە لەو بابەتە گشتییەدا بە ئومێدی ئەوەی بگات بە کێشەیەکی دیاریکراو، بۆیە زۆربەی کات سەرپەشتیارەکان پێشنیاری ئەوە بۆ توێژەران دەکەن کە سەیری گۆڤارە زانستییەکان و سەرچاوە و کتێبخانەکان بکەن بۆ دەستنیشانکردنی کێشەی توێژینەوە.

گرنگی توێژینەوەی زانستی

گرنگی توێژینەوەی زانستەی لە بنەڕەتدا لە گرنگی بابەتەکان و کێشە و کەمی توێژێنەوەکان سەرچاوە دەگرێت، ھەربۆیە لەکاتی ئاماژەدان بە گرنگی توێژینەوە پێویستە توێژەر ڕەچاوی ئەم تایبەتمەندیانە بکات: 

  • ئەم توێژینەوەیە چ سوودێکی ھەیە لەلایەنی کرادری و پڕاکتیکی بۆ کۆمەڵگا و وڵات.
  • چی شتێکی نوێی زیادکردۆتە سەر زانست و بوار و پسپۆڕییەکەی توێژەر.
  • گرنگی توێژینەوە ڕادەی پێویستی کتێبخانەکانە بۆی.


سەرچاوەکان



129 بینین