ناوهڕۆك
ناساندن
بنەما سروشتییەکانی دەوڵەت (بە عەرەبی: المبادئ الطبيعية للدولة، بە ئینگلیزی: The natural principles of the state). بنەما سروشتییەکانی ھەر یەکەیەکی سیاسی (دەوڵەت) بریتین لە چەند ڕەگەزێکی گرنگ، وەکوو (ھەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی دەوڵەت و ڕووبەری دەوڵەت و شێوەی دەوڵەت) لە پاڵ ئەم بنەمایانەش ھەریەك لە (پێکھاتەی جیۆلۆجی و ئاو و ھەوا و بەرزی و نزمی و خاك و جوگرافیای زیندەگی کە بریتییە لە ڕووەکی سروشتی و سامانی کانزایی و سامانی ئاو) بە تاك و بە کۆمەڵ کاریگەریان ھەیە لەسەر توانا و ھێزی ئابووری و سیاسی دەوڵەت بەرامبەر بە دەوڵەتانی تر.
گرنگترین بنەما سروشتییەکانی دەوڵەت
شوێن (Location)
بەر لەوەی بزانین چەمکی (شوێن) چییە، پێویستە چەمکی (شوێنگە - Site) شیبکەینەوە، شوێنگە ”بریتییە لە بچووکترین خاڵ لەسەر زەوی کە ڕووبەرێکی زۆر بچووك داگیر دەکات کە لە نێوان چەند سانتیمەترێك دەستپێدەکات تاکوو دەگاتە چەند مەترێك“ یاخود بەشێکی زۆر بچووکە یان خاڵێکە لەسەر زەوی لە شوێنی جوگرافی بچووکترە، بە جۆرێك شوێنێکی جوگرافی چەندین ”شوێنگە“ لە خۆدەگرێت و بایەخ و گرنگی شوێنگە کەم و ڕەھایە. بەڵام شوێن بریتییە لە یەکگرتنی چەند شوێنگەیەك (Site) لەسەر گۆی زەوی، بەڵام بە ئەندازەی خۆی گرنگی و بایەخی بۆ دەوڵەت ھەیە.
شوێن لەسەر زەوی وەکوو ھەڵکەوتە بە درێژایی کات جێگیر و نەگۆڕە، بەڵام بە ھۆکاری گۆڕانی بارودۆخە سیاسی و تەکنەلۆجییەکان زۆبەی کات گۆڕانکاری بەسەر دادێت. ھەندێك شوێن لە سەردەمانێك یان قۆناغێك لە قۆناغەکانی مێژوو بایەخێکی زۆری ستراتیجی و ئابووریان ھەبووە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئەو شوێنانە ئەو بایەخ و ستراتیجییەیان لە دەستداوە وە ھەروەھا بە پێچەوانەشەوە ڕاستە، ھەندێك شوێن ھیچ بایەخ و ستراتیجییەکی ئابووریان نەبووە، بەڵام لە ئێستادا بایەخدارن. لەبەر گرنگی و بایەخی شوێن بۆ دەوڵەت پۆلێندەکرێت بۆ چەند جۆرێك:
١- شوێنی فەلەکی یان ئەسترۆنۆمی (Astronomical Location):
واتە شوێن بە گوێرەی (بازنەکانی پانی و ھێڵەکانی درێژی) کە گرنگییەکی زۆری ھەیە و بە ھۆکارێکی گرنگ دادەنرێت بۆ دیاریکردنی ڕەگەزە ئاو و ھەواییەکان، چونکە بەرپرسە لە جیاوازی پلەی گەرمی و دابارین و شێوەکانی (بەفر و باران و تەرزە) لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر. لەم ڕێگایەشەوە دەتوانرێت تایبەتمەندییە ئاو و ھەواییەکان و درێژی شەوانە و ڕۆژانە و وەرزەکانی ساڵ لەو ناوچەیە بزانرێت لە ماوەیەکی کورتدا.
گرنگی بازنەکانی پانی و ھێڵەکانی درێژی بریتتیە لە بازنەکانی پانی گرنگی و بایەخی زیاتریان ھەیە لە ھێڵەکانی درێژی، چونکە بازنەکانی پانی بەرپرسن لە دیاریکردنی ھەرێمە ئاو و ھەواییەکان و چالاکییەکانی مرۆڤ، بۆیە ھەرچەند ژمارەی بازنەکانی پانی کە بە دەوڵەتێکدا تێپەڕ دەبن زیاتر بن، ئەوا واتای ئەوە دەگەیەنێت ئەو دەوڵەتە ھەرێمە ئاو و ھەواییەکانی جۆراوجۆرترن و جۆراوجۆری ئاو و ھەواش وادەکات بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانی ئەو دەوڵەتە جۆراوجۆربن، ھەرچی ھێڵەکانی درێژین بۆ دیاریکردنی کات و شوێن سودیان لێ وەردەگیردرێت.
زۆربەی وڵاتە بەھێزەکانی جیھان ژمارەیەکی زۆری بازنەکانی پانیان پیادا تێپەڕدەبن و زۆرترینیان کەوتوونەتە ناوچە ئاو و ھەوای مامناوەندییەکانی زەوی کە سوود لە وەرزەکانی ساڵ وەردەگرن بۆ ئەنجامدانی چالاکییە مرۆییەکان، بۆ نموونە ئەمریکا نزیکەی (٢٠) بازنەی پانی پیادا تێپەڕ دەبێت. ئەو وڵاتانەی کەوتوونەتە نێوان ھەردوو بازنەکانی پانی (٢٠ بۆ ٣٠)° باکووری زەوی لە کۆندا بە پێشکەوتووترین شوێنەکانی جیھان ناوبراون، چونکە لانکەی سەرھەڵدانی شارستانییەتییە کۆنەکان بوونە کە لەم شوێنانە سەریانھەڵداوە، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زیاد بوونی توانا مرۆییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاو و ھەوای سارد، مرۆڤ توانی چالاکییەکانی خۆی بگوازێتەوە بۆ "ناوچە خولگەییە مامناوەندییەکان" ئەمەش بووە ھۆکاری دروستبوونی وڵاتە گەورە و پێشکەوتووەکانی وەکوو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسیا و بەریتانیا و فەڕەنسا و چین. بازنەکانی پانی و ھێڵەکانی درێژی ڕۆڵێکی گەورە و پڕ بایەخیان ھەیە بۆ پەرەپێدانی چالاکییە کشتوکاڵی و گەشت و گوزارییەکان، جگە لەوەی لە بواری فڕۆکەوانی و سەربازیش بایەخدارن.
٢- شوێنی جوگرافی (Geographical Location):
واتە شوێن بە گوێرەی ناوچەکانی دەورووبەر کە دیاردەیەکی بنچینەییە لە توێژینەوە جوگرافییەکاندا گرنگی و بایەخی زۆری پێدەدرێت، چونکە ڕەگەزێکی سەرەکی سروشتییە و مرۆڤ لەم نێوەندەدا دامەزراوەکانی ژیانی بنیات دەنێت. ناتوانرێت توێژینەوە زانستییەکان لە بواری زانستی جوگرافیا ئەنجام بدرێت ئەگەر نەبەسترێتەوە بە "شوێنی جوگرافی" چونکە شوێنی جوگرافی ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەیە لە شیکاری جوگرافی و خستنەڕووی دەرئەنجامە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەندروستییەکان. شوێنی جوگرافی بریتییە لە دیاریکردنی شوێنێك لەسەر گۆی زەوی یان دیاریکردنی شوێنێك پەیوەست بە ناوچەکانی دەورووبەر و دراوسێ یان دیاریکردنی شوێنێکی کار پەیوەست بە ئەنجامدان و پەرەپێدانی چالاکییە مرۆییەکان. شوێنی جوگرافی دیاردەیەکی جوگرافییە کە (شار و ھەرێم و دەوڵەت) دەگرێتەوە و بایەخی شوێنی جوگرافی گەورە و ڕێژەییە، واتە گرنگییەکەی (ڕەھا نییە).
٣- شوێنی ستراتیجی:
مەبەست لە شوێنی "ستراتیجی" ئەو شوێنانەن کە سیفات و تایبەتمەندی گرنگ دەدەن بەو دەوڵەتەی خاوەنداریەتی دەکات چ لە ڕووبەری ئاوی بێت وەکوو گەروو و نۆکەند و کەناڵە ئاوییەکان یان لە ڕووبەری وشکانی بێت. یان بە واتایەکی تر زیاتر لە چەند گرنگییەکی ھەیە بۆ دەوڵەت، وەکوو گرنگی (ئابووری و سیاسی و سەربازی و دوور و نزیکی لە کەرەستە خاوەکان و بازاڕ و تۆڕەکانی گواستنەوە و بازرگانی). نموونەی ئەو دەوڵەتانەی دەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست شوێنەکەیان گرنگتر و بایەخدارترە بە بەراورد بە وڵاتانی ناوەڕاستی ئەفریقا.
نموونە وەکوو شوێنی وڵاتی تورکیا کە دەکەوێتە سەر گەرووی ئاوی "بۆسفۆڕ و دەردەنیل" ئەمەش وایکردووە شوێنێکی گرنگ و ستراتیجی ھەبێت بۆ پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و سەربازی و بازرگانییەکان و گەشت و گوزار. نموونەی ئەم جۆرە شوێنانە وەکوو کەناڵە ئاوییەکانی (پەنەما) کە ماوەی دووری نێوان سان فرنسیسکۆ و نیۆڕکی لە (٢٤,٥) ھەزار کیلۆمەتر کەمکردۆتەوە بۆ (٩,٩) ھەزار کیلۆمەتر، بەم ھۆیەشەوە چەندین چالاکی بازرگانی و گواستنەوەی ئاوی و سەربازی لەم کەناڵە ئاوییە ئەنجام دەدرێت.
نۆکەندی سوێس ڕێرەوێکی ئاوی دەستکردی وڵاتی میسرە، درێژییەکەی ١٩٣ کیلۆمەترە و دەکەوێتە نێوان ھەر دوو پارێزگای پۆرت سەعید لەسەر دەریای ناوین و پارێزگای سوێس، لەسەر دەریای سوور. ئەم کەناڵە ئاوییە ڕێگەیەکی قەدبڕ و کورتە و ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتی و پاپۆڕانە دەدات کە لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا دێن بەرەو وڵاتانی ئاسیا بێ ئەوەی ڕێگای دوورودرێژی باشووری ئەفریقا بەکاربێنن بۆ گەیشتن بە ئاسیا کە لە کاتی خۆیدا و بەر لە دروستکردنی ئەم نۆکەندی سوێس دەیانگرتە بەر کە ھەم کاتێکی زۆر و ھەم خەرجییەکی زۆری دەویست تاکوو دەگەیشتن بە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا.
یان گرنگی و ستراتیجی "جەمسەری باکوور" لەوەدایە کە ناوچەکە بازنەیەکی گەورە و مەزن پێکدێنێت (Great Circle) کە ڕێگای ئاسمانی بۆ فڕۆکەوانەکان زۆر کوورتکردۆتەوە، چونکە کەوانەی (بازنەی مەزن) کوورترین ماوەیە لە نێوان دووخاڵدا لەسەر تەنێکی خرۆکی، بۆیە زۆربەی فڕۆکەوانەکان و ھێزە ئاسمانییەکان سوودی لێ وەردەگرن. بۆ نموونە فڕۆکەیەکی ئاسمانی دەتوانێت ڕێگای نێوان (ئۆسڵۆ) و (تۆکیۆ) ببڕێت بە (٢٤) کاتژمێر، ئەگەر ڕێگای (بازنەی مەزن) جەمسەری باکوور بگرێتە بەر، بەڵام ھەمان ئەم فڕۆکەیە پیویستی بە ماوەی (٥٣) کاتژمێر دەبێت ئەگەر ئەم ڕێگایە بەکار نەھێنێت و ڕێگایەکی تر بگرێتەبەر.
یان ماوەی نێوان سان فرانسیسکۆ لە (USA) (پەکین)ی پایتەختی وڵاتی چین بە ڕێگای (بازنەی مەزن) نزیکەی (٦٦٠٠) میلە⁄ (١٠٦٢١,٦٧) کیلۆمەترە، بەڵام بە ڕێگای ئاسایی (٩٦٠٠) میلە⁄ (١٥٤٤٩,٧) کیلۆمەترە.
٤- شوێن سەبارەت بە وشکانی و ئاوی یان شوێنی کیشوەری و دەریایی:
مەبەست لە شوێنی وشکانی و ئاوی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە لە ھەر چوار لاوە بە ڕووبەری ئاوی یان ڕووبەری وشکانی دەوردراون، نموونە وەکوو (ھەرێمی کوردستانی عێراق) لە بەشی باکووری بریتییە لە وڵاتی تورکیا و لە بەشی باشووری بریتییە لە وڵاتی عێراق و لە بەشی ڕۆژھەڵاتی بریتییە لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی سنووری و لە بەشی ڕۆژاوای بریتییە لە وڵاتی سوریا. بۆیە ھەرێمی کوردستان بە ھەرێمێکی داخرا و بە وشکانی دادەنرێت ئەمەش کاریگەری کردۆتە سەر چالاکییە ئابووری و سیاسییەکانی بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێ. یان ھەریەك لە (وڵاتانی سویسڕا و ھەنگاریا و نەمسا و ئەفغانستان و پۆلیڤیا و ئازربایجان) نموونەی وڵاتانی داخراون و بە ڕووبەری ئاوی نەبەستراونەتەوە.
٥- شوێن بە گوێرەی وشکانی و ئاوی:
ھەڵکەوتەی شوێنی دەوڵەت سەبارەت بە ڕووبەری وشکانی و ئاوی گرنگییەکی سیاسی و ستراتیجی و ئابووری زۆری ھەیە، چونکە ئەم شوێنە کەسایەتییەکی تایبەت دەدات بە یەکە ڕامیارییەکان. بۆ نموونە پلەی دەریایی ھەر دەوڵەتێك بەوە دیاریدەکرێت کە ڕێژەی درێژی سنووری دەریایی چەندە لە بەرامبەر سنوورە وشکانییەکە، بۆ ئەمەبەستەش ئەو وڵاتانە پۆلێندەکرێن بۆ سەر چوار کۆمەڵە:
- ئەو وڵاتانەی سنوورەکانیان دەریاین (وڵاتی دوورگەین) نموونەی ئەو وڵاتانە وەکوو (بەریتانیا و ژاپۆن و فلیپین و ئوستڕالیا).
- ئەو وڵاتانەی سیفات و تایبەتمەندی دەریایی بەسەریاندا زاڵە، واتە لە دوو لاوە بە ڕووبەری ئاوی دەوردراون نموونەی ئەو وڵاتانە وکوو (ئیسپانیا و ئیتاڵیا و نەرویج و سوید و مەکسیك).
- ئەو وڵاتانەی سیفات و تایبەتمەندی وشکانی بەسیاندا زاڵە، واتە لە سێ لاوە بە ڕووبەری وشکانی دەوردراون، نموونە ئەو وڵاتانە وەکوو (عێراق، لیبیا، ئەسیوبیا و ئەڵمانیا).
- ئەو وڵاتانەی سیفات و تایبەتمەندی ڕووبەری وشکانی بەسەریاندا زاڵە، واتە بە وڵاتی داخراو (دول الحبیس) ناسراون و چواردەوریان بە ڕووبەری وشکانی دەوردراوە، نموونەی ئەو وڵاتانە وەکوو (ئەفغانستان و پۆلیڤیا و سویسڕا).
دەوڵەتە داخراوەکان یان ناوەکییەکان کە زیاتر بە وڵاتێك دەوردراون ھەمیشە دەکەونە ژێر کاریگەر و و ڕەحمەتی وڵاتە دراوسێکانیان، لەم بارەیەوە ماھان (Mahan) لە بارەی شوێنی کیشوەری واتە ئەو وڵاتانەی نەکەوتوونەتە سەر دەریاوە لە ھیچ لایەك دەڵێت: "کەم میللەت لە توانایدایە بەرگەی بگرێت". ئەمەش دەبێتە ھۆکاری دروستبوونی کێشەی ئابووری بۆیە ئەم جۆرە وڵاتانە ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەدان کە بچنە نێو یەکێتی سیاسی یان گومرگی "ڕێکخراوی ھاوبەش"، ئەم پەرچە کردارەش بۆ دۆزینەوەی دەرفەتێکە بۆ خۆ ڕزگارکردن لە ڕەحمەت و بەزەیی وڵاتە دراوسێکانیان. ھەمیشە ئەم جۆرە وڵاتانە لە ھەوڵی بنیات نانی ھێزێکی زەمینی و ئاسمانی تۆکمەدانە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خاڵە لاوازانەی کە ھەیانە بەھۆکاری دووریان لە ڕووبەرە ئاوییەکان. بە شێوەیەکی گشتی لە جیھاندا نزیکەی (٤١) دەوڵەتی داخراوی سەربەخۆ لە کیشوەرەکان بوونیان ھەیە، نموونەی ئەو دەوڵەتانەش وەکوو:
(١٢) دەوڵەت لە کیشوەری ئاسیا
- ئەفغانستان
- مەنگۆلیا
- نیپاڵ
- بۆتان
- لاوس
- قیرغستان
- ئۆزباکستان
- ترکمانستان
- تاجاکستان
- ئازربایجان
- ئەرمینیا
(١٣) دەوڵەت لە کیشوەری ئەورووپا
- چیك
- سلۆفاکیا
- ھەنگاریا
- نەمسا
- لۆکسمبۆرگ
- ڤاتیکان
- سویسڕا
- مەکدۆنیا
- مولداڤیا
- ڕووسیای سپی
- سانماریانۆ
- ئەندورا
- لیخشتاین
(١٤) دەوڵەت لە کیشوەری ئەفریقا
- مالی
- مێجەر
- چاد
- ئەفریقای ناوەند
- بۆرکینا فاسۆ
- زیمبابۆی
- رواندا
- باسۆکۆ
- بتسوانا
- مالاوی
- زامبیا
- ئۆگەندا
- ئەسیوبیا
- بۆروند
(٢) دەوڵەت لە کیشوەری ئەمریکای باشوور
- پۆلیڤیا
- پاراگوای
لە ئەنجامی ئەو کێشە ئابووری و سیاسی و بازرگانیانەی دووچاری وڵاتانی داخراو دەبوویەوە بە بەردەوامی لە لایان وڵاتانی تری دراوسێیان ئیستیغلال دەکران، بۆ ڕزگار بوونیان لەو کێشە و گرفتانە کۆمەڵێك پەیماننامە و بەستنی گۆنگرەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە بۆ گەیشتن بە دەریا، لە گرنگترین ئەو پەیماننامانەش (پەیمانی بەرشلۆنە) بوو لە ئیسپانیا مۆرکرا لە نێوان (٣٢) دەوڵەت لە ساڵی (١٩٢١) کە لە ناوەڕۆکی پەیماننامەکە ھاتبوو "ڕێگە بە دەوڵەتە داخراوەکان بدرێت بگەنە سەر دەریا لە بەرامبەر باجێکی داشکاو جیا لە بارودۆخە جەنگییەکان".
لە ھەردوو کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ساڵانی (١٩٥٨ و ١٩٦٢) جەختکرایەوە لەوەی کە "دەوڵەتە داخراوەکان بۆیان ھەبێت شمەك و خەڵکی خۆیان لە ڕێگای دەوڵەتە دراوسێکانیانەوە بگەیەننە سەر دەریا، لە بەرامبەردا وڵاتانی دەریا بۆیان ھەیە ڕێگری بکە لە کەل و پەل و شمەکی نایاسایی و ئەو کەسانەی زیان بە بەرژەوەندی وڵاتەکانیان دەگەیەنن".
٦- شوێنی دەریایی:
لەگەڵ ئەوەی شوێن بە گوێرەی ڕووبەری ئاوی، واتە (سنووری ڕووبەری ئاوی یان دەریایی) بایەخ و گرنگی زۆری ھەیە بۆ دەوڵەت، بەڵام بێ کێشە و گرفت نییە، چونکە وەکوو شوێنێکی ستراتیجی بایەخدارە بۆیە جەنجاڵی ھاتووچۆ و بازرگانی دوور و نزیك لە ڕێگا سەرەکییەکانە. بۆ نموونە ئەو بەرە دەرییانەی "بەڕازیل و ئەرجەنتین" کە دەڕوانێتە سەر زەریای ئەتڵەسی کراوەتر و جەنجاڵترە بە بەراورد بە ھاتووچۆی بەرە ئاوییەکانی "شیلی و پیرۆ" کە دەڕوانێتە سەر زەریای ھێمن. بەڵام سنووری دەریایی بایەخ و گرنگی خۆی لە دەست نەداوە تاکوو ئێستاشی لەگەڵ بێت ھەر بایەخدار و گرنگە لەبەر کۆمەڵێك ھۆکار:
- ڕووبەری ئاوی (دەریا) بە واتای ئازادی دێت، کەواتە ئەو دەوڵەتانەی سنووری دەرییان ھەیە یان کەوتۆنەتە سەر سنووری دەریایی لە پەیوەندییەکی ئازادی ئابووری و سیاسی و سەربازی دان لەگەڵ ھەموو دەوڵەتانی جیھان.
- ئەو دەوڵەتانەی کەوتوونەتە سەر دەریا لەپاڵ ھێزی سەربازی وشکانی، ھێزی سەربازی دەریایشی دەبێت لە کاتی جەنگ دەتوانێت سوود لەم ھێزانەش وەربگرێت دژی دەوڵەتی داگیرکەر.
- سنووری دەریایی دەبێتە بەربەستێکی سروشتی بەھێز لە بەرامبەر وڵاتی ھێرشبەر.
- ئەو دەوڵەتانەی کەوتوونەتە سەر دەریا خاوەنی "ئاسوودەیی ئاوھەواین" بەھۆی دەریاوە.
- بووژانەوەی کەرتی گەشت و گوزار لە ڕێگای دابینکردنی شوێنی گەشتیاری و گەشت و گوزار کە سوودی ئابووری گەورەی ھەیە بۆ دەوڵەت.
- ئەو دەوڵەتانەی دەکەونە سەر دەریا سوود وەردەگرن لە دەریا بە مەبەستی ڕاوە ماسی و دەرھێنانی سامانی کانزایی و مرواری.
٧- شوێن بە گوێرەی وڵاتانی دراوسێ:
مەبەست لە شوێنی دراوسێیەتی یان ڕێژەیی کە شوێنی جوگرافی دەوڵەتێك یان یەکەیەکی ڕامیاری دەگرێتەوە سەبارەت بە دراوسێ ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی. شوێنی ھاوسنوور بەو واتایە دێت کە پەیوەندی دەوڵەت بەو دەوڵەتانەی کە سنوورێکی سیاسی ھاوبەشیان ھەیە دەبەستێتەوە. بوونی دوو دەوڵەتی بەھێز لەم لاو لای دەوڵەتێکەوە کە بەرەنگاری یەکتر دەبنەوە، وادەکات ئاڕاستەی بەرگریکردن بێت، بۆ نموونە پێش جەنگی جیھانی دووەم ترسی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ڕووسیا لە یەکتری بووە ھۆی دامەزراندنی کارگەکان دوور لە یەکتر، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە ئەگەر پەیوەندییەکان توند و تۆڵ بن ئارامی و ئاشتی سنووریان دەبێت.
نموونە وەکوو سنووری ئارامی ئەمریکا لەگەڵ کەنەدا و سنووری نائارامی ئەمریکا و وڵاتانی ئەمریکای باشوور. زۆر جار دەوڵەتان کاتێك بەرژەوەندییەکانیان دەکەونە مەترسییەوە ھەڵدەستن بە دروستکردنی بەربەست لە دژی وڵاتێکی تر بە بەکارھێنانی وڵاتانی دراوسێ بۆ پارێزگاریکردن لە سنووری وڵاتەکانیان، نموونە وەکوو ھەریەك لە وڵاتانی (بەلجیکا و لۆکسمبۆڕگ و هۆڵەندا) وڵاتی بەربەستن لە نێوان ئەڵمانیا و فەڕەنسا. وڵاتانی وەکوو (پۆڵەندا و چیك و سڵۆڤاکیا و ڕۆمانیا) وەکوو بەربەست دروستکراون لە نێوان یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە ئەورووپا. بەریتانیا کاتێك ھیندستانی لە سەدەی نۆزدە لەژێر دەستدابوو بەھۆی مەترسی فراوانخوازییەکانی ڕووسیای قەیسەر ئەفغانستانی وەکوو بەربەست لە نێوان خۆی و ھیندستان و ڕووسیا دروستکرد.
بەرزی و نزمی (Topography)
بەرزی و نزمی (Topography) یەکێکە لەو دیاردانەی کە لەسەر ڕووی زەوی بڵاوبۆتەوە و گۆی زەوی دابەشکردووە بۆ چەند ئاستێك کە بریتین لە ”ناوچە نزمەکان کە (دەشت و دۆڵ و بانەکان) دەگرێتەوە، ناوچە بەرزەکان کە زنجیرە چیاکان دەگرێتەوە“. یاخود مەبەست لە بەرزی و نزمی شێوە و ڕووخسارەکانی ڕووی زەوی دەوڵەتە وەکوو (دەشت و بان و دۆڵ و چیاکان). زنجیرە چیاکانیش پۆلێندەکرێن بۆ دوو جۆر:
- زنجیرە چیا پێچ سادەکان کە بەرزیان لە نێوان (١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠) مەترە.
- زنجیرە چیا پێچ ئاڵۆز و سەختەکان کە بەرزیان لە نێوان (٢٠٠٠ بۆ ٣٦٠٧) مەترە. ھەریەکێك لەم شێوانەی بە ئەندازەی پێویست ڕۆڵ و گرینگیان ھەیە بۆ دەوڵەت کە شان بە شانی ئاو و ھەوا تایبەتمەندییە ئابوورییەکانی دەوڵەت دیاریدەکات کە کاریگریان لەسەر ھێز و سەنگی دەوڵەت ھەیە.
- چیا (ناوچە شاخاوییەکان): چیا دیاردەیەکی سروشتییە و شێوەیەکە لە شێوەکانی بەرزی و نزمی دەوڵەت کە چەندین تایبەتمەندی و سیفاتی گرنگ بە دەوڵەت دەبەخشن، لە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی چیا بۆ دەوڵەت.
لایەنە ئەرێنییەکان
- ناوچە شاخاوییەکان سەرچاوەیەکی سەرەکین لە سامانی کانزایی جۆراوجۆر کە لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ دەوڵەت گرنگی زۆری ھەیە.
- ناوچە شاخاوییەکان بە ھۆکاری گونجاوی ئاو و ھەوا دەبنە بنەمایەکی گرنگی کەرتی گەشت و گوزار جگە لە دەوڵەمەندی بە ڕووەکی سروشتی (ڕووەکی خۆڕسك).
- ناوچە شاخاوییەکان بە دەوڵەمەندترین ناوچە دادەنرێن بە سامانی ئاو، چونکە جگە لە دەوڵەمەندی بە بوونی کانی و کارێزاوەکان دەوڵەمەندیشن بە زۆری داباین کە ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بووژانەوەی سەرچاوەئاوییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان.
- ناوچە شاخاوییەکان ھەمیشە بوونەتە پەناگەیەکی سروشتی بۆ ئەو کۆمەڵە مرۆڤانەی کە دەچەوسێنرێنەوە، بە جۆرێك هەندێك لەو چیایانە بە ناوی ئەم کۆمەڵانەوە ناونراون، وەکوو (چیای عەلەوییەکان و چیای دروز لە سوریا) بە ھەمان شێوە چیاکانی کوردستانیش لە مێژوو و خەباتی ڕزگاری خوازی کورد ئەم ڕۆڵەیان بینیووە.
- ناوچە شاخاوییەکانی بە ھۆکارێکی سروشتی و قەڵغانێکی بەھێز دادەنرێن بۆ پارێزگاریکردن لە دەوڵەت، چونکە لە ناوچە شاخاوییەکان زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت پارێزگاری لە دەوڵەت بکرێت و وەکوو ھێڵێکی بەرگری ڕووبەڕووی دوژمن بەکاربھێنرێن، چونکە بەھۆی پێچاوپێچی و سەختی چیاکان دوژمن ناتوانێت بە ئاسانی ناوچەی مەبەست داگیر بکات.
- واباشترە دەوڵەت لە قۆناغی دروستبوون و لە دایکبوونی لە ناوچە شاخاوییەکان بێت، بۆ پارێزاریکردن لە دەوڵەت، دوای بڕینی قۆناغی لاوییەتی ئینجا بێتە ناوچە دەشتاییەکان، نموونە وەکوو دروستبوونی دەوڵەتی تورکیای ئێستا سەرەتای دروستبوونی لە سەردەمی عوسمانییەکان لە ناوچەکانی ئاسیای بچووك دروستبوو، دواتر بەرەو ئاڕاستەی کەنارەکانی دەریای ڕەش و دەریای ئیجە فراوان بوو. دروستبوونی دەوڵەتی ئێرانیش لە سەردەمی سەفەوییەکان بە ھەمان قۆناغی دەوڵەتی تورکیا تێپەڕبوو.
لایەنە نەرێنییەکانی چیا بۆ دەوڵەت
زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان کێشەی کەمی ژمارەی دانیشتوان و کەمی خزمەتگوزارییەکانیان ھەیە بەھۆی سەختی و ئاڵۆزیان، بۆیە زۆبەی دانیشتوان لە ناوچە دۆڵ و دەشتاییەکان و نێوان زنجیرە چیاکان نیشتەجێبوونە.
- پڕۆژەی گەشەپێدان و بنیاتنانی دامەزراوە ئابوورییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان لە ڕووی ئابوورییەوە تێچوویەکی زۆری پێویستە، ھەروەھا ڕاکێشانی ھێڵەکانی ئاو و کارەبا و تۆڕی ڕێگاوبان تێچوویەکی بەرز و کاتێکی زۆری دەوێت لە ناوچە شاخاوییەکان.
- ناوچە شاخاوییەکان ھەمیشە ڕووبەرێکی کەمتری کشتوکاڵیان ھەیە بە بەراورد بە ناوچە دەشتاییەکان.
- زۆربەی کات بە ھۆکاری "لاوازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان" ھەر کۆمەڵە و ناوچەیەك لەو ناوچانە دەبنە خاوەن کلتوور و داب و نەریتێکی جیاواز لەسەر خاکی یەك دەوڵەت، دروستبوونی ئەم بارودۆخەش زۆر جار دەبێتە ھۆکاری ئەوەی کە بەشێك لەم بەش و کۆمەڵانە داوای مافی سیاسی خۆیان بکەن ئەم پەرچە کردارەش دەبێتە ھۆکاری نائارامی بۆ دەوڵەت، نموونە وەکوو ڤێتنام.
- ناوچە شاخاوییەکان بە ھۆی سەختی و ئاڵۆزییەکەیانەوە ھەمیشە دەبنە پەناگەیەك بۆ حەشارگەی گروپە ھەڵگەڕاوەکان لە دەسەڵات و یاخیبووەکان، چونکە ئەم ناوچانە کەش و ھەوایەکی جەنگی پارتیزانی فەراھەم دەکات بۆ گرووپە ھەڵگەڕاوەکان دوور لە دەسەڵاتی ناوەند.
دەشتەکان
دەشت "بریتییە لە پارچە زەوییەکی تەخت کە بەرزی و نزمی زۆر نییە لە ئاست دەوروبەرەکی ڕێکترە". بۆیە ھەڵکەوتنی دەشت لە نێو جەستەی دەوڵەتدا لە ڕووی جوگرافیای سیاسییەوە چەندین لایەنی باش و خراپی ھەیە.
لایەنە باشەکانی دەشتەکان لە جەستەی دەوڵەت
- دەشتەکان ھەمیشە دەبنە مەڵبەندێکی گرنگ بۆ کۆبوونەوە و نیشتەجێبوونی دانیشتوان و دروستبوونی شارە گەورەکان، بەھۆی ئەوەی ناوچەیەکی تەختن ئاسان و بۆ جووڵە و گواستنەوە و ئەنجامدانی چالاکییە مرۆییەکان.
- ھاتووچۆکردن و ڕاکێشانی تۆڕکانی ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرخانی و ژێر خانییەکان و دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان لە ناوچە دەشتاییەکان کاتێکی کەمتر و تێچوویەکی کەمتر پێویستە بە بەراورد بە ناوچە شاخاوییەکان.
- ناوچە دەشتاییەکان بەھۆکاری تەختایی خاکەکەیانەوە بە گونجاوترین و باشترین شوێن دادەنرێن بۆ ئەنجامدانی چالاکییە کشتوکاڵییەکان و بەکارھێنانی ئامێرە کشتوکاڵییەکان تیایدا ئاسانترە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر باری ئابووری دەوڵەت لە دابینکردنی ”ئاسایشی خۆراك“ بۆ دانیشتوان.
- چالاکییە بازرگانی و ڕۆشنبیرییەکان لە ناوچە دەشتاییەکان فراوانترە، ئەم ناوچانەش ھانی یەکە سیاسییەکان دەدەن کە گەشە بکەن و فراوانتر بن.
- یەکێتی سیاسی (ڕامیاری) لە ناوچە دەشتاییەکان ئاسانتر بەدی دێت و دەوڵەت دەتوانێت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی ھەموو بەشەکانی وڵات بکات و سەرکوتی تاقم و گروپە ھەڵگەڕاوەکانیش بکات کە دەبنە مایەی نائارامی سیاسی و ئەمنی بۆ دەوڵەت.
- بەھۆی ئاسانی لە پەیوەندیکردن و ھاتووچۆوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان لە ناوچە دەشتاییەکان بەھێزترن بە بەراورد بە ناوچە شاخاوییەکان، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر یەك پارچەی خاکی وڵات ھەیە.
لایەنە خراپەکانی دەشتەکان لە جەستەی دەوڵەت
- لە ڕووی سەربازییەوە بەرگریکردن لە دەوڵەت لە ناوچە دەشتاییەکان و وەستان بە ڕووی دوژمن کارێکی سەخت و قوڕسە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ھێز و توانای بەرگریکردنی دەوڵەت دەبێت لە خاکەکەی لە ناوچە دەشتاییەکان، ئەگەر چی لە ئێستادا بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا چەك و تەقەمەنییەکان زۆر پێشکەوتوون بۆ بەرگرکردن و بەکارھێنانیان دژی داگیرکەران.
- لە ھەندێك بارودۆخدا ناوچە دەشتاییەکان بە ھۆکاری بوونی (بیابان و زۆنگ و زەلکاوەکان) بە کەڵکی ئەنجامدانی چالاکییە کشتوکاڵییەکان نایەن.
- سەرەڕای ھەموو ئەو پێشکەوتنە گەورانەی کە ئەمڕۆ لە بواری تەکنەلۆجیا و سەربازی و چەکەوە ھاتۆنەتە ئاراوە کە تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەرییەکانی بەرزی و نزمی کەمکردۆتەوە، بەڵام ئەم شێوازانە وەکوو دیاردەیەکی سروشتی کاریگەری گەورەیان ھەیە لەسەر دیاریکردنی ھێز و تواناکانی دەوڵەت.
ئاو و ھەوا
”ئاو و هەوا زانستێكە باس لە بارودۆخی بەشی ژێرەوەی بەرگی گازی (چینی ترۆپۆسفیر) و دیاردەكانی وەكوو (پلەی گەرمی، شێ، با، پەستانی هەوا، تیشكی خۆر) دەكات لە ماوەیەكی درێژدا“. ئاو و ھەوا بەیەکێك لە گرنگترین ڕەگەزە سروشتییەکان دادەنرێت کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر بەھای ھەرێم و یەکە سیاسییەکان، چونکە ئاو و ھەوا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ھەموو ئەو چالاکییانەوە ھەیە کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات. ئەمەش بە ھۆکاری ئەوەی مرۆڤ سەرەڕای ھەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە بەخۆیەوە بینیووە لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا، بەڵام تاکوو ئێستاش نەیتوانیوە بە تەواوەتی بەسەر ھەموو دیاردەکانی ئاو و ھەوا زال بێت.
گرنگی ئاو و ھەوا بۆ دەوڵەت:
- گرنگی ئاو و ھەوا لەوەدا بە دیاردەکەوێت کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە بە بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان و ڕووەکە خۆڕسکەکان کە لە ڕووی ئابوورییەوە بایەخی زۆری ھەیە بۆ دەوڵەت، بە جۆرێك جۆراوجۆربوونی ئاو و ھەوا کاریگەری گەورە دەکاتە سەر جۆراوجۆربوونی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فەراھەمکردنی ئاسایشی خۆراکەوە ھەیە بۆ دەوڵەت.
- لەکاتی بوونی قەیرانە ئابووری ناوخۆییەکان ئاو و ھەوا وەکوو فاکتەرێکی سروشتی ڕۆڵ و کاریگەر بۆ دەوڵەت بە دیاردەکەوێت، بە تایبەتی ئەو دەوڵەتانەی ئاو و ھەوایەکی گونجاویان ھەیە ھەمیشە پشت بە بەرھەمە ناوخۆییەکان دەبەستن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ھەندێك لەو بەرووبوومە کشتوکاڵیانە بە تایبەتی بەرووبوومی دانەوێڵەی "گەنم" دەبێتە بەرووبوومێکی سیاسی و ئاسەواری سیاسی دوای خۆی جێدێڵێت بەسەر دەوڵەتانی ھاوردەکراو.
- ئاو و ھەوا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو چالاکییانەوە ھەیە کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات، چونکە لەشی مرۆڤ لە پلەیەکی گەرمی دیاریکراودا دەتوانێت ئەو پەڕی چالاکی پێشکەش بکات کە لە نێوان (٢٠ بۆ ٣٠)° پلەی سیلیزییە، بە پێچەوانەشەوە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی یان بە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمی ئەوا گۆڕانکاری گەورە بەسەر چالاکییەکانی مرۆڤ دادێت، چونکە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتە ھۆی تەمبەڵی و خاوبوونەوەی چالاکییەکانی مرۆڤ، لە بەرامبەردا ناوچە سەردەکان دەبنە ھۆکارێکی گرنگ بۆ گورج و گۆڵی چالاکییە مرۆییەکان. جگە لە ھەموو ئەمانەش ئاو و ھەوا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و بەھێزی ھەیە بە بواری "سەربازی و جەنگییەوە" چ لە ڕووی ھێرشکردن بێت یان لە ڕووی بەرگریکردن بێت کاریگەری گەورەی دەبێت لە جەستەی سیاسی دەوڵەتدا. بۆ نموونە ئاو و ھەوای ساردی (ڕووسیا) بەرگرییەکی زۆر چاکی ڕەخساند بۆ خەڵکی ڕووسیا دژی ھێرشەکانی "ناپلیۆن" لە سەدەی نۆزدەم لە ساڵی (١٨١٢) لە کۆی گشتی (٦٧٨) ھەزار جەنگاوەری ھێرشبەری فەڕەنسی بەھۆی سەختی ئاو و ھەوا و سەرماوە تەنھا (٤٠) ھەزار جەنگاوەر گەڕانەوە، ئەوانی تر گشتیان لە ناوچوون، ھێرشی ھیتلەریش بە ھەمان شێوەی ناپلیۆن ھەمان چارەنووسی ھەبوو. لە ساڵی (١٩٣٥) کاتێك ئیتاڵیا ھێرشی کردە سەر حەبەشە وەرزی زستانی ھەڵبژارد بۆ دەستپێك و سەرەتای هێرشەکەی، چونکە ھاوینی حەبەشە (ئەسیوبیا) گەرم و باراناوییە.