جوگرافیای دانیشتوان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-10-15-15:47:00 - کۆدی بابەت: 14830
جوگرافیای دانیشتوان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جوگرافیای دانیشتوان (بە عەرەبی: الجغرافيا السكانية، بە ئینگلیزی: Population Geography). لقێکە لە لقەکانی جوگرافیای مرۆیی کە بایەخ بە دابەشبوون و لێکۆڵینەوە لە جوڵە و تایبەتمەندییە ژینگەییەکانی دانیشتوان دەدات یاخود بریتییە لە توێژینەوە لە دیاردەکانی پەیوەست بە دانیشتوان و شیکردنەوەی ئەو ھۆکارە سروشتی و مرۆییانەی کە دەبنە جیاوازیان لە شوێنکەوە بۆ شوێنێکی تر. لەم بارەیەوە (Bijou Gharniyeh)ی فەڕەنسی جوگرافیای دانیشتوانی وەسفکردووە بەوەی کە ”بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە دیاردە دیمۆگرافییەکان لە شوێنی خۆیاندا، ھەروەھا شیکردنەوەی ھۆکار و ئەو تایبەتمەندی و ئەنجامەکانی کە لە نێوان ئەو شوێنانە بەرچاودەکەوێت“. (کڵاڕك - جوگرافیایزانی ئینگلیز) لەم بارەیەوە دەڵێت: ”جوگرافیای دانیشتوان بریتییە لە زانستی شیکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان دابەشبوون و پێکھاتە و جوڵەی دانیشتوان و تایبەتمەندییە ژینگەییەکان“.

مێژووی سەرھەڵدان و گەشەکردنی جوگرافیای دانیشتوان

ھەریەك لە ژینگەی سروشتی و بەرزی و نزمی و ڕووەکی سروشتی و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان چۆنییەتیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر مەڵبەندی سەرەکی بیرکردنەوەی جوگرافیا زانەکان بوونە لە ڕابردوودا، بەڵام ھیچ کام لە جوگرافیا ناسە بەراییەکان دوور و نزیك باسی دانیشتوانیان نەکردووە وەکوو دیاردەیەکی جوڵاو لە نێو دیاردە جوگرافییەکاندا. دواتر بۆچوونێکی تر ھاتە کایەوە کە باسی لە مرۆڤ دەکرد بەپێی ئەم بۆچوونە بێت "مرۆڤ نیشتەجێبووی سەرەکی سەر زەمینە کە بیر لە شێوە و ڕووخسارەکانی ڕووی زەوی دەرامەتەکانی دەکاتەوە و شیکردنەوەیان بۆ دەکات". ئەم بیرۆکەیە بووە ھۆی پیلکێشکردنی جوگرافیا زانانی فەڕەنسی دواتر بووە ھۆکارێکی گرنگ بۆ پەیدابوونی قوتابخانەی جوگرافیای مرۆیی.

جوگرافیای مرۆیی باس لە پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و چالاکییەکانی لەلایەك و ژینگەی سروشتی کە ژیانی تیادا بەسەر دەبات لەلایەکی تر دەکات، ھەڵگرانی ئەم بیرۆکەیە چەند جوگرافیا زانێکی فەڕەنسی ئەو سەردەم بوونە وەکوو (فیدیل دی لابلاش و بڕونھیز و سوور) ئەگەر چی ئەم جوگرافیا زانە فەڕەنسییانە سەد لە سەد وەکوو یەك لە پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و سروشت نەگەیشتوونە، بەڵام لە دەستنیشانکردنی ھەندێك بنەمای سەرەکی بۆ دابەشبوونی دانیشتوان یەکیان دەگرتەوە.

جوگرافیای دانیشتوان لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیستەم پێشکەوتنێکی زۆر گەورەی بەخۆیەوە بینیووە لە ڕووی پێناسە و دەستنیشانکردنی بابەتەکانی، ئەمەش لە ئەنجامی بڵاوکردنەوەی ژمارەیەك توێژینەوە بوو کە لە گۆڤارەکانی تایبەت بە جوگرافیا بڵاوکراونەتەوە، لە گرنگترینیشیان "موقەرەری یەکێتی جوگرافی" (تریورسا گت) بوو، کە توێژینەوەیەکی بە ناونیشانی "بنەماکانی جوگرافیای دانیشتوان" لە گۆڤاری جوگرافیای ئەمریکییەکان لە ساڵی (١٩٥٣) بڵاوکردەوە.

لە وتارەکەیدا سنووری گشتی جوگرافیای دانیشتوانی دەستنیشانکردووە، ھەروەھا شتێکی نوێی ھێنایە کایەوە لە جوگرافیای دانیشتوان کە بریتیبوو لە (ژمارە و چڕی و جۆرەکانی دانیشتوان بنەما سەرەکییەکانی جوگرافیای دانیشتوان پێکدێنن). لە ھەمان کاتدا بە گوێرەی پێناسەی ئەو بێت، جوگرافیای دانیشتوان بریتییە لە شیکردنەوەی جیاوازی نێوان دانیشتوان لە ھەرێمێك بۆ هەرێمێکی تر لەگەڵ ئەو ھۆکارانەی کە کاردەکەنە سەر ئەو جیاوازیانە. لەلایەك پسپۆڕان و شارەزایان لە بواری جوگرافیای دانیشتوان چۆن لە ڕابردوودا بە ھەمان شێوەش لە ئێستادا یەك پێناسەیان بۆ ئەم لقە زانستییە نەبووە! 

بەڵکوو ھەر یەکێکیان بە بۆچوونی خۆی لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشت تێگەیشتووە، لەلەیەکی ترەوە زانستی جوگرافیای دانیشتوان بە بەردەوامی لە گۆڕانکاری دابووە لە ئەنجامی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای و تێکەڵبوونی لەگەڵ ئەم لقە زانستییە چەندین لقی تری لێبوونەتەوە. بۆیە تاکوو ئێستاشی لەگەڵ بێت پێناسەیەکی تەواو جێگیر بۆ ئەم لقە زانستییە نەکراوە.

پەیوەندی جوگرافیای دانیشتوان بە لقە زانستییەکانی ترەوە

جوگرافیای دانیشتوان دوور و نزیك لە پەیوەندی دایە لەگەڵ زۆربەی زانستەکانی تر، بە تایبەتی ئەو لقە زانستییانەی بابەتی دانیشتوان کاری سەرەکی و مەیدانی و کارکردنیانە، نموونە وەکوو (زانستی یاسا و زانستی بیرکاری و زانستی ئامار و ژینگە و زانستی نەخشە)، بەڵام پەیوەندی نێوان "جوگرافیای دانیشتوان و زانستی ئامار" پێویستی بە کێشانی سنوورێك ھەیە بۆ جیاکردنەوەیان.

ھەریەك لەم دوو لقە زانستییانە بۆ شیکردنەوەی زانیارییە ئامارییەکان ڕێگا و شێوازی تایبەت بەخۆیان ھەیە، بۆ نموونە زانستی دیمۆگرافیا بایەخدەدات بە ژمارە (اعداد) و لێکۆڵینەوەش لە دانیشتوان دەکات لە ڕووی دابەشبوونی دانیشتوان و پێکھاتەی دانیشتوان و بزوتنەوە (کۆچکردن)ی دانیشتوان، لەسەر بنەمای ڕێگاکانی ئاماری، بەڵام ھەرچی جوگرافیای دانیشتوانە زانیارییە ئامارییەکان بە "شوێنەوە" گرێدەدات بۆ ئەوەی بە دیاریبخات کە (ژمارەی دانیشتوان لە شوێنێکدا چەندە و لە شوێنێکی تر چەندە) لە ڕێگای کێشانی نەخشەوە زانیارییەکان بەرجەستەدەکات.

کەواتە لێرەدا ھەردوو لقە زانستییەکان بایەخ دەدەن بە دانیشتوان، بە جۆرێك بابەتی "دانیشتوان" دەبێتە دەستپێك و پردی پەیوەندی نێوان ھەردوو لقە زانستییەکە، بەڵام ئەوەی لە یەکتریان جیا دەکاتەوە بریتییە لە (شوێن - الموقع).

ھەڵسەنگاندنی زانیارییەکانی دانیشتوان

زانیارییەکانی دانیشتوان بریتییە لە ژمارەی گشتی دانیشتوان لە ڕووی (توخم، تەمەن، لە دایکبوون و مردن، کار و بێکاری، کۆچکردن و گوندنشینان و شارنشینان) ئەم زانیارییانەش دوابەدوای ئەنجامدانی سەرژمێری یان کێوماڵکردنی نموونەیی یان خەمڵاندنی دانیشتوان لە فەرمانگەکانی دەوڵەت بە شێوەی (پەرتووك یان نووسراوی ئەلکتڕۆنی) دەست دەکەون. ڕادەی ڕاست و دروستی زانیارییەکانی دانیشتوان کە لە ڕێگای سەرژمێری گشتی دانیشتوان بە دەست دێن لە وڵاتانی جیھاندا زۆر جیاوازە، بە ھۆکاری جیاوازی  بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر.

بۆ نموونە لە وڵاتانی "پێشکەوتوو" زانیارییەکانی دانیشتوان ئەگەر (١٠٠٪) ڕاست نەبێت ئەوا (٩٩٪) ڕاستە، چونکە ھیچ ھۆکارێك و پاساوێك بۆ نەدانی زانیاری ڕاست و دروست لەسەر کەسێك یان خێزانێك لە ئارادا نییە. کەس نییە لە وڵاتێکی پێشکەوتوو بژیت و ڕێکەوتی لە دایکبوونی نەزانێت یان لەوە بترسێت زانیارییە کەسییەکانی وەکوو ئاین و باری نەتەوەیی ئاشکرا بکات، چونکە لە بارودۆخێکی تەواو ئارام دادەژین، بەڵام لە وڵاتانی "دواکەوتوو" زانیارییەکانی دانیشتوان ناتەوان و جێگای متمانە نیین، بە ھۆکاری ئاڵۆزی ژیان و سەقامگیر نەبوونی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ئەو وڵاتانە و کەمی ئاستی ڕۆشنبیری و نەخوێندەواری و نەبوونی فەرمانگە و کارمەند لە ھەموو شوێنێکی دەوڵەتدا. لەلایەکی تریشەوە ترس و تۆقاندن و حکوومی دیکتاتۆری و بە زۆر خۆسەپێن و دواخستنی سەرژمێری دانیشتوان و ئەنجام نەدانی ھۆکارێکی ترن بۆ بوونی ئەم بارودۆخە لە وڵاتانی دواکەوتوو.

دابەشبوونی چڕی دانیشتوان 

مرۆڤ ھەر لە سەرەتای پەیدابوون و نیشتەجێبوونی لەسەر زەوی بە شێوەیەکی "ناڕێك" لەسەر زەوی بڵاوبۆتەوە بە جۆرێك ھەندێك ناوچە ھەن لە زەوی خەڵکێکی زۆری تیادا دەژیت و ھەندێك ناوچەش خەڵکی کەمی تیادا دەژین، ئەمەش دیاردەیەکی گشتییە و لە سەرتاسەری جیھان باوە. بۆ نموونە ھەندێك وڵات ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە وەکوو (ژاپۆن)، بەڵام ڕووپێوی زەوییەکەی بچووکە و ھەندێك وڵاتیش ژمارەی دانیشتوانیان کەمە وەکوو (کەنەدا)، کەچی ڕووپێوی زەوییەکەی گەورە و فراوانە.

ئەگەر "شیکردنەوەیەکی جوگرافی" بۆ دانیشتوانی جیھان بکەین بە گوێرەی بازنەکانی پانی بۆمان دەردەکەوێت کە پانتاییە گەورەکەی ڕووبەری وشکانی بەر نیوە گۆی بەکووری زەوی و بازنە جەمسەری باکوور دەکەوێت، بە تایبەتی کیشوەری (ئاسیا و ئەمریکای باکوور)، بەڵام بە ھۆکاری سەختی ئاو و ھەوا ژمارەی دانیشتوان لەم ناوچەیەدا بە بەراورد بە بەشەکانی تری گۆی زەوی زۆر کەمە. گەورەترین و فراوانترین مەڵبەندی  کۆبوونەوەی دانیشتوان دەکەوێتە نێوان ھەردوو بازنەی پانی (٢٠ بۆ ٦٠)° باکووری گۆی زەوی کە بە ناوچەی سازگار (المعتدل) ناسراوە.

لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا زۆرترین ژمارەی دانیشتوان لە کیشوەری ئاسیایە ھۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە سەردەمانێکی زوو لەم کیشوەرە و سەرھەڵدانی چەندین شارستانیەتی پێشکەوتوو لە ڕابردوودا، ھەروەھا بوونی دوو وڵاتی ھەرە گەورەی جیھان کە بریتین لە (چین و ھیندستان) لەم کیشوەرە کە زۆرترین ژمارەی دانیشتوان لەسەر ئاستی کیشوەرەکە لە خۆدەگرن. ھەریەك لە کیشوەرەکانی (ئەفریقا و ئەورووپا و ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور و ئۆقیانوسیا) لە ڕیزبەندی پلەی دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم دێن دوای کیشوەری ئاسیا لە ڕووی زۆری نیشتەجێبوونی دانیشتوان.

چڕی دانێشتوان

چڕی دانیشتوان لە ناوچەیەکدا بە دوو شێواز دەخرێتەڕوو و پێوانە دەکرێت: 

١- چڕی گشتی دانیشتوان: بریتییە لە تێکڕایی ژمارەی تاك لە یەکەیەکی ڕووبە، میلی چوارگۆشە یان کیلۆمەتر چوارگۆشە یان مەتر چوار گۆشە، لە ڕێگای ئەم ھاوکێشەیەوە پێوانەکەی دەدۆزرێتەوە: چڕی گشتی دانیشتوان = ژمارەی دانیشتوانی ناوچەیەك ÷ ڕووبەری گشتی ناوچەکە

بۆ نموونە: ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی جیھان بۆ ساڵی (٢٠١٨) (٧٤٦٧) ملیۆن کەس بێت و ڕووپێوی گۆی زەویش (٢٣٠٠٩٤) کیلۆمەتر دووجابێت، چڕی گشتی دانیشتوان چەندە؟ 
چڕی گشتی دانیشتوان= ٧٤٦٧٠٠٠٠٠٠ ÷ ٢٣٠٠٩٤٠٠ = ٣٢,٤٥ کەس لە کیلۆمەترێك دووجا.

٢- ڕێژەی دانیشتوان: بریتییە لە ڕێژەی دانیشتوانی وڵاتێك لە سەرجەمی دانیشتوانی جیھان لە وڵاتێکدا، کە لە ڕێگای ھاوکێشەیەکی تایبەتەوە پێوانە دەکرێت: ڕێژەی دانیشتوان = ژمارەی دانیشتوانی وڵاتێك ÷ ژمارەی گشتی جیھان × ١٠٠

بۆ نموونە: ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ساڵی (٢٠٢٠) (٣٢٣,١٢٨) ھەزار کەس بێت و ڕێژەی دانیشتوانی جیھان لە ھەمان ساڵدا (٧٤٦,٧٠٠٠) ھەزار کەس بێت، ئەوا ڕێژەی دانیشتوانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرجەمی دانیشتوانی جیھان چەندە؟ 
ڕێژەی دانیشتوان= ٣٢٣,١٢٨ ÷ ٧٤٦,٧٠٠٠ × ١٠٠ = ٤,٣٣

٣- چڕی فیزیۆلۆژی یان بەرھەمی: بریتییە لە دابەشکردنی ژمارەی دانیشتوان بەسەر زەوی شیاو بۆ ئەنجامدانی چالاکییە کشتوکاڵییەکان یان زەوی چندراو لە ماوەی ساڵێکدا، بە جۆرێك "چڕی فیزیۆلۆژی" پەیوەستە بە ڕووپێوی زەوی چێندراو. ئەگەر ڕووپێوییەکە زۆر بوو چڕییەکە نزم دەبێت، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ڕووپێوییەکە کەم بوو چڕییەکە بەرز دەبێت.

٤- چڕی کشتوکاڵی: بریتییە لە دابەشکردنی دانیشتوان کە بە شێوەیەکی کرداری چالاکییە کشتوکاڵییەکان ئەنجام دەدەن بەسەر ڕوو پێوی زەوی شیاو بۆ کشتوکاڵ. کەواتە ھەرچەند ژمارەی دانیشتوان زیاتر بێت ئەوە چڕی دانێشتوان بەرزتر دەبێت، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە ھەرچەند ژمارەی دانیشتوان کەمتر بێت چڕی دانیشتوان نزمتر دەبێت.

ھۆکارەکانی دابەشبوونی دانیشتوان 

ئەو ھۆکارانەی کار لە دابەشبوونی دانیشتوان دەکەن جۆراوجۆرن، بەڵام ڕادەی کارتێکردنی ھەریەکێك لەم ھۆکارانە لە قۆناغێك بۆ قۆناغێکی تر ژیان جیاوازە و ھەمیشە لە گۆڕانکاری بەردەوام دانە، بە جۆرێك ئەوەی ئەمڕۆ ھۆکاری سەرەکییە بۆ دابەشبوونی دانیشتوان بەیانی یان دوو بەیانی بە ھۆکاری پێشکەوتنی تەکنیك و کۆمەڵگا و گۆڕانی بارودۆخی ئابوووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەچیێتە خانەی دووەم. بۆیە لێرەدا ھۆکارەکان پۆلێن دەکرێن بۆ دوو کۆمەڵە، ھەر کۆمەڵەیەکیش لەم دوو کۆمەڵە دەبێتە چەند لقێکی جیاواز.

١- ھۆکارە سروشتییەکان: 
ھۆکارە سروشتییەکان لە ڕووی کارتێکردنی دانیشتوانەوە دوو جۆرە، (جۆری یەکەمیان نەگۆڕە مرۆڤ ناچار دەکات خۆی لەگەڵ بگونجێنێت)، نموونە وەکوو "ڕەگەزە ئاو و ھەواییەکان" کە مرۆڤ دەتوانێت خۆی لە سەرما و سۆڵەی زستان و گەرمای ھاوین بپارێزێت، بەڵام ناتوانێت وای لێبکات کە بە ھیچ جۆرێك کاری تێبکات. (جۆری دووەم گۆڕاوە لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤ و شارستانییەت دەگۆڕێت)، بۆ نموونە ئەگەر ڕووبارێك لە ڕابردوودا ڕێگر بووبێت لە بەردەم بەیەك گەیشتنی دوو ناوچە یان دوو گوند یان دوو شار، ئەوە لە ئێستادا بە ئاسانی دەتوانرێت ھاتووچۆکردن ھەبێت لە نێوان ناوچەکان لە ڕێگای دروستکردنی پرد یان ئامرازەکانی گواستنەوەی ئاوی وەکوو کەشتی و بەلەم. لە گرنگترین ڕەگەزە سروشتییەکانیش بریتین لە: 

  • ئاو و ھەوا: ئاو و ھەوا لە ڕێگای ڕەگەزەکانییەوە وەکوو (پلەی گەرمی و با و پەستانی ھەوا و دابارین و شێوەکانی) کاریگەری دەکاتە سەر دابەشبوونی دانشتوان بە دوو شێوە: بۆ نموونە ناوچە ساردەکانی (ڕووسیا و سیبیریا و بەشەکانی باکووری ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای کەنەدا و ناوچە جەمسەرییەکان و ناوچە شاخاوییەکان) بەھۆی نزمی پلەکانی گەرمی و سەختی و پێچاوپێچی ناوچەکان کەمترین ژمارەی دانیشتوانی تیادا کۆبۆتەوە، وە لە ناوچە گەرمەکانیش وکوو (بیابانەکان)  بە ھەمان شێوە بەھۆکاری بەرزی پلەی گرمی و کەمی سامانی ئاوی کەمترین مرۆڤ تیایدا نیشتەجێبووە زۆربەی ئەوانەی لە ناوچە سارد و گەرمەکانیش دەژین زۆر بە ئەستەم خۆیان لەگەڵ بارودۆخی سەختی ناوچەکە ڕاھێناوە. کەچی زۆرترین ژمارەی دانشتوان لە ناوچەکانی ھێڵی یەکسان و دەوروبەری و ناوچە خولگەییەکان و ناوچە شێدارەکان واتە لێواری ناوچە دەشتاییەکان و دۆڵ و قەراغ ڕووبار و دەریاچەکان زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی تیادا کۆبوونەتەوە، چونکە ئەم ناوچانە شیاوترن بۆ ژیان و ئەنجامدانی چالاکییە کشتوکاڵییەکان. 
  • بەرزی و نزمی: شیکردنەوی نەخشەی سروشتی ناوچەیەك لە ڕووی زۆری و کەمی ژمارەی دانیشتوان دەری دەخات کە ئەو ناوچانەی بەرزن لە ئاست ڕووی دەریاوە ژمارەیەکی کەمی دانیشتوانی تیادا کۆبوونەتەوە بەھۆی بەرزی و سەختی ئاو و ھەوا و کەمی ڕووبەری زەوی تەخت بۆ چالاکییە کشتوکاڵییەکان و کەمی خزمەتگوزاری و دامەزاروە حکوومییەکان. بە پێچەوانەشەوە ناوچە دەشتاییەکان زۆر شیاوتر و لە بارترن بۆ ئەنجامدانی چالاکییە کشتوکاڵییەکان بە تایبەتی ئەگەر ئاو و ھەوای ناوچە دەشتاییەکان گونجا و لەباربێت، چونکە زەوی ناوچە دەشتاییەکان تەختە و ئاسانە بۆ جوڵانەوە و بەکارھێنانی ئامێرە کشتوکاڵییەکان و ڕاکێشانی تۆڕەکانی ڕێگا و بان و خزمەتگوزارییە ژێر خانی و سەر خانییەکان و دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان. جوگرافی زانە ئەوڕووپییەکان کاری زۆریان لەسەر ڕۆڵی (Topography) لەسەر ھەبوونی دانیشتوان کردووە، لە دەرئەنجامدا گەیشتوونە ئەو ئەنجامەی کە (٩٠٪) دانیشتوان لە بەرزایی (١٥٠٠) پێ کەمتر دەژین، ژمارەکەش لەگەڵ نزمبوونی بەرزایی زیاد دەکات و لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرزایی کەم دەکات.
  • خاك: بوونی خاکێکی شیاو و بەپیت ڕاستەوخۆ کاریگەر دەبێت لەسەر زیاد بوونی قەبارەی بەرھەم لە ناوچەیەکدا، بۆیە ھەرچەند سەرچاوەکانی بەرھەم زیاتر بێت لە ناوچەیەك ئەوا ئەو ناوچەیە سەرچاوەی زیاتری ژیانی تیادا بەدی دەکرێت، بە پێچەوانەشەوە ھەرچەندە بڕی بەرھەم لە ناوچەیەکدا کەمتر بێت ئەوا سەرچاوەی ژیان لەو ناوچەیەدا کەمتر دەبێت و بەم جۆرەش کەمی ژمارەی دانیشتوانی لێ دێتە کایەوە. بۆ نموونە ھەریەك لە وڵاتانی (ھیندستان و چین و ژاپۆن و فلیپین و ئەندەنوسیا) بەھۆی بەپیتی خاکەکەیان ژمارەیەکی یەکجار زۆری دانیشتوان پێکدێنن، ئەگەر چی شێوازی کشتوکاڵی بازرگانیان نییە، بەڵکوو شێوازی کشتوکاڵی خۆبژێوییە واتە بڕی بەرھەمەکە تەنھا بەشی خۆیان دەکات، بەڵام لێرەدا خاکی بەپیت بووە بە ھۆکارێکی سروشتی گرنگ کە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی تیادا کۆببێتەوە بە بەراورد بە وڵاتانی تر.
  • سەرچاوە ئاوییەکان: لە نێو ڕەگەزە سروشتییەکان "ئاو" بە سەرچاوەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ بەردەوامبوونی ژیان و ھیچ کامێك لە مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەك بەبێ بوونی ئاو ژیانی تا سەر نییە! دوابەدوای ئەوەی مرۆڤ لە ئەشکەوت و پاڵ بەردەکان دابەزی بە ئاڕاستە ناوچە دەشتاییەکان لە نزیك ڕووبارەکان گیرسایەوە و شارستانییەتیان پێکھێنا، نموونە وەکوو شارستانیەتی میسڕی کۆن لەسەر ڕووباری نیل و شارستانییەتی ھیندییە سوورەکان لەسەر ڕووباری گانج و شارستانییەتی میسۆپۆتامیا لە نێوان ڕووباری دیجلە و فوڕات بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە ئاوی ڕووبارەکان چ بۆ ئەنامدانی چالاکییە کشتوکاڵییەکان بێت یان بۆ کاروباری ژیانی ڕۆژانەبێت یان بۆ ئەنجامدانی چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکان بێت کە تاکوو ئێستاشی لەگەڵ بێت ژیان لەم ناوچانەدا بە بوونی ئەم چالاکییانەوە بەردەوامە.
  • سەرچاوەکانی وزە و کانزا خاوەکان: بوونی سەرچاوەکانی وزە و کانزا جۆراوجۆرەکانی وەکوو (نەوت و گازی سروشتی و خەڵووز و کانزاکانی وەکوو ئاسن و مس و ئەلەمنیۆم و گۆگرد و بەردە بەنرخەکان) لە ناوچەیەکدا ھۆکارێکی گرنگ بۆ کۆبوونەوەی دانیشتوان لەو ناوچەیەدا، چونکە بەرھەمھێنان لە سەرچاوەکانی وزە و کانزاکان پێویستی بە دەستی کار و بەڕێوەبردنیان ھەیە، بۆیە زۆربەی ئەو ناوچانەش دوور لە ناوچەکانی ئاوەدانی ھەڵکەوتوون لە شوێنە سەختەکانی وەکوو چیا و دارستان و بیابان و زۆنگ و ناوچە بەستەڵەکەکان. بۆیە پێویستە دەستی کاری شارەزا لە ناوچەیەکی تر بھێنرێت بۆ ئەم ناوچەیە بە مەبەستی وەبەرھێنانی سەرچاوەکانی کانزا و سووتەمەنییەکان، ئەم کردارەش دەبێتە ئاوەدانکردنەوەی شوێنێکی چۆڵ کە پێشووتر مرۆڤی تیادا نیشتەجێ نەبووە. بێگوومان ھەموو ئەمانە و چەندان ھۆکاری تری سروشتیش ھەن کە کەم تا زۆر کاریگەریان ھەیە لەسەر دابەشبوونی دانیشتوان بە شێوەیەکی گشتی لە جیھاندا، بەڵام ھەموو ئەو ھۆکارە سروشتییانە بە تەنھا یەکلاکەرەوە نیین بۆ دابەشبوونی دانیشتوان، ئەگەر چی ئەم ھۆکارە سروشتییانە لەگەڵ پێشکەوتنی مەعریفەی مرۆڤ و تەکنەلۆجیا کاریگەریان تا ڕادەیەك کەم دەبێتەوە، ئەگەر ٧٠ ساڵ بەر لە ئێستا گەیشتنی مرۆڤ بە ناوچە جەمسەرییەکانی باکوور و باشوور کارێکی قوڕس و سەخت بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ بە ئاسانی و بە کاتێکی کەمتر مرۆڤ دەتوانێت بگاتە ناوچەی مەبەست. بۆیە لێرەدا "ھۆکارە مرۆییەکانیش" ھیچیان کەمتر نییە لە ھۆکارە سروشتییەکان بۆ دابەشبوونی دانیشتوان لە ھەموو جیھان.

٢- ھۆکارە مرۆییەکان
ھەموو ئەو کردە و چالاکییانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ ھۆکارێکە بۆ ئەنجامدانیان بە مەبەستی ئاسانکاری زیاتر لە ژیانی ڕۆژانەی، وەکوو چالاکییە (کشتوکاڵی و پیشەسازی و بازرگانی و خزمەتگوزارییەکان) ھەریەکێك لەم چالاکییانەش کاریگەری ڕۆڵی خۆی ھەیە لە دابەشبوونی دانیشتوان بەپێی تێپەڕبوونی کات. لە گرنگترین و سەرەکی ترین ھۆکارە مرۆییەکان بریتین لە: 

  • ھۆکارە دیمۆگرافییەکان: بریتییە لە گۆڕانکاری لە دابەشبوونی دانیشتوان لە ئەنجامی جیاوازی لە تێکڕای ژمارەی "لەدایکبوون و مردن و کۆچکردن" لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر. بۆ نموونە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بۆ ژیانکردن ڕوو لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا (سوید، نەرویج، فیلند، دانیماڕك، ئایسلەندا) و ڕۆژاوای ئەورووپا دەکەن.
  • ھۆکارە مێژووییەکان: مرۆڤ ھەر لە کۆنەوە لەو ناوچانە گیرساوەتەوە و ژیاوە کە بە کەمترین ماندووبوون و تێچوو خۆراکی خۆی و خێزانەکەی دەستکەوتووە، ئەو شوێنانەش بوونەتە شوێنی ھەمیشەیی بۆ ژیانکردنی تەنانەت بۆ نەوەکانی دوای خۆشی. وە بەھۆکاری زاوزێکردن و وەچە نانەوە ژمارەی دانیشتوان لەو شوێنانەدا زیادی کردووە و خەڵکیش لە شوێنەکانی ترەوە ڕووی لەم جۆرە شوێنانە کردووە، بەم جۆرەش ژماەیەکی زۆری دانیشتوان لەو شوێنانە بەسەر یەکتریەوە کەڵەکە بوونە تاکوو وای لێھاتووە بووە بە شوێنێکی بەرچاو.
  • ھۆکارە ئابوورییەکان: ھۆکارە ئابوورییەکانی وەکوو بێکاری و دەستنەکەوتنی کار و پیشە و نەبوونی مووچەیەکی شایستە بۆ ژیانکردن و دەست بەتاڵی گەنجان ھۆکارێکی سەرەکین بۆ کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی دەستکەوتنی کار و پیشە و ژیانێکی بەختەوەر، ئەمەش لە ڕووی نەخشەی دابەشبوونی دانیشتوان کەم و کووڕی گەورە دروستدەکات، بە جۆرێك ئەو شوێنەی گەنجان کۆچی لێدەکەن ژمارەی دانیشتوانی کەم دەبێتەوە بە تایبەتی ڕەگەزی نێرینە و ئەو شوێنەی کۆچی بۆ دەکەن و زۆر جار وەکوو پەنابەر بۆ ماوەیەکی چەندین ساڵ دەمێنەوە تاکوو ڕەگەز نامەی ئەو وڵاتەیان پێدەدرێت ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتەش زیاد دەکات. بۆ نموونە کۆچکردنی بە لێشاوی گەنجانی کوردستان بە تایبەتی "ئیدارەی ڕاپەڕین" لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ وڵاتانی ئەورووپی بەھۆی بێکاری و کەمی خزمەتگوزاری کاریگەری گەورەی لە دوای خۆی بۆ نەخشەی دیمۆگرافی ناوچەکە جێھێشتووە.
  • ھۆکارە جەنگییەکان: زۆربەی کات جەنگ و ململانێ ھەرێمی و نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لێکەوتەی خراپی ئابووری و مرۆیی دوای خۆیان جێ دێڵن، لێرەشدا زەرەر مەندی یەکەم دانیشتوانن لە ترسی جەنگ و پاراستنی گیانی خۆیان و زیندوو مانەوەیان بە ناچاری دەستبەرداری موڵك و خانوو و ماڵەکانیان دەبن و کۆچ دەکەن بۆ ئەو ناوچە وڵاتانەی کە ئاسایشی نیشتیمانیان پارێزراوە. ئەم کردارەش لێکەوتەی زۆر خراپ و گەورەی دەبێت بەسەر ڕەھەندی دیمۆگرافی ناوچەکە لە ڕووی دانیشتوانەوە.


سەرچاوەکان



35 بینین