کیشوەری ئەمریکای باشوور

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-18-20:15:00 - کۆدی بابەت: 7998
کیشوەری ئەمریکای باشوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

ئەمریکای باشوور (بە عەرەبی: أمریکا الجنوبیة، بە ئینگلیزی: South America) چوارەم گەورەترین کیشوەرە لەڕووی ڕووبەرەوە لە جیهاندا و ڕووبەرەکەی 17,818,508 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی 3.5%ـی ڕێژەی زەوی دادەپۆشێت، هەروەها لەدوای کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەفریقا، ئەورووپا و ئەمریکای باکوور پێنجەم کیشوەرە لەڕووی ژمارەی دانشتوانی زەوییەوە.
شوێنی جوگرافی کیشوەرەکە دەکەوێتە ڕۆژئاوای هێڵی گرێنێتچ و بەشێکی زۆری ناوچەکانی کیشوەرەکە دەکەوێتە نیوەگۆی باشووری زەوی و بەشێکی کەم و دیاریکراویش دەکەونە نیوەگۆی باکووری زەوییەوەیە، لە ڕۆژهەڵاتەوە زەریای ئەتڵەسی دەوری کیشوەرەکەی داوە، لە ڕۆژئاواوە زەریای هێمن و لە باکوورەوە ئەمریکای باکوور و دەریای کاریبی هاوسنووری کیشوەرەکەن، هەروەها لە باشوورەوە کیشوەری بەستەڵەک و ناوچەی یەکگرتنی هەردوو زەریای ئەتڵەسی و زەریای هێمن دەوریان داوە.

مێژووی کیشوەرەکە

ـ ناوی ئەمریکا لە ناوی ئەو کەسە ئەورووپییە وەرگیراوە کە کیشورەکەی دۆزییەوە کە ناوی "ئەمریگۆ" بوو، بۆ یەکەمینجار ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کیشوەرەی ئەورووپییەکان دۆزییانەوە بەشێک نەبوو لە هیندستان هەروەکوو ئەوان وا نیشانیان دەدا، بەڵکو خاکێکی جوودا بوو.
ـ مێژووی بوونی دانشتوان لەم کیشوەرەدا دەگەڕێتەوە بۆ نۆ هەزار ساڵ پێش زایین.
ـ بەهۆی دەوڵەمەندی خاکی کیشوەرەکەوە، وڵاتەکانی هەمیشە ژێردەستەی داگیرکارییەکانی ئەورووپا بوونە، بە تایبەتی هێزە داگیرکارییەکانی ئیسپانیا و پورتوگال ناوچەکانیان دابەشکردووەتە سەر چەندان ناوچەی داگیرکاریی، لە ڕێگەی  داگیرکارییەکانی ئیسپانیا ئایینی مەسیحی لە ناوچەکان بڵاوبووەوە، دانشتوانەکەی کرانە کۆیلە، چەندان نەخۆشی گوێزراوە لە ناوچەکە بڵاوبووەوە نموونەی گرانەتا و دڕکەمێکووتە، هەروەها گۆڕانکاری بەرچاو لە دیمۆگرافیا و کولتووری ناوچەکان ڕوویاندا.
ـ لە ساڵی 1823ـوە چەندان ڕابەر و پێشەنگی ناوخۆیی وڵاتەکانی ژێردەستەی داگیرکارییەکان دەرکەوتن، هەوڵی تەواویان دەدا کە ناوچەکانیان لە داگیرکارییەکان ڕزگار بکەن.
ـ لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە هەموو ناوچەکانی کیشەوەرەکە بە پلەبەندیی سەربەخۆییان بەدەستهێنا.
ـ لە ناوەڕاست تاکۆ کۆتایی سەدەی بیستەم و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، چەندان حکوومەتی وڵاتانی کیشوەرەکە بەهۆی پێگەی جوگرافیی و سیاسییەوە بوونە قوربانی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت، لەوانە وڵاتی بەڕازیل، ئەرجەنتین، پاراگوای و ئۆرۆگوای، کە چەندان کودەتا لەو وڵاتانە ڕوویدا و دەسەڵاتی دیکتاتۆری وڵاتەکانیان بەڕێوەدەبرد و بارودۆخی ناوخۆی وڵاتان ئاڵۆز و ناجێگیر دەبوو.

ئابووری کیشوەرەکە

گرنگترین سەرچاوە سروشتییەکانی کیشوەرەکە بریتیین لە: نەوت، ئاسن، ئاڵتوون، مس و زیو، سەرباری ئەوەی خاکی وڵاتەکان بەو سەرچاوانە دەوڵەمەندن، بەڵام بەهۆی زۆری ڕێژەی سووی سەر قەرزەکان، وەبەرهێنان سنووردارە و ئابووریی زۆرێک لە وڵاتان ناجێگیرە، کەرتی گەشتیاریش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرەوپێشبردنی ئابووریی وڵات.
وڵاتی بەڕازیل حەوتەم گەورەترین وڵاتی کیشوەرەکەیە لەڕووی بەهێزی ئابوورییەکەوە لە جیهاندا. 

دیمۆگرافیای ئەمریکای باشوور

ناوچەکانی کیشوەرەکە دابەش دەبنە سەر سێ بەش کە بریتیین لە: "ناوچەکانی ئەندیز"، "وڵاتانی گینیاس" و "ناوچەکانی باشوور"، گەورەترین وڵاتی کیشورەکەش وڵاتی بەڕازیلە کە نیوەی دانشتوان و نیوەی ڕووبەری کیشوەرەکەی لەخۆگرتووە و وڵاتێکی فراوانە.
نزیکەی 53%ـی دانشتوانی خەڵکی ڕەسەنی کیشوەرەکەن و ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی ئەمازۆن، ژمارەیەک لە هیندییە سوورەکان لە چەند ناوچەیەک نیشتەجێن نموونەی وڵاتی پیرۆ، سپی پێستەکان کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەورووپا لە زۆرێک لەو ناوچانە بوونیان هەیە کە لە ڕابردوودا ژێردەستەی داگیرکاریی ئیسپانیا بوونە، بە تایبەتی وڵاتی بەڕازیل کە نیوەی دانشتوانەکەی ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەورووپییە سپی پێستەکان، هەروەها ڕەش پێست و چەند هۆزێکی ئەفریقیش لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی کیشوەرەکە نیشتەجێن، وڵاتی بەڕازیل گەورەترین وڵاتە کە ژمارەیەکی زۆری لە ڕەچەڵەکە جیاوازەکانی لەخۆ گرتووە.
لەڕووی ئایینی و باوەڕەووە، بەشێکی زۆری دانشتوانی کیشوەرەکە پەیڕەوی ئایینی مەسیحین، ژمارەیەک جوولەکە و کەمینەیەکی موسڵمانیش لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو نیشتەجێن، هەندێک لە دانشتوان پەیڕەوی هیچ ئایینێک نیین.
زمانی ئیسپانی پلەی یەکەمە لەو وڵاتە و زۆرینەی دانشتوان بەو زمانە قسەدەکەن، زمانی پورتوگالی لە پلەی دووەمدایە، ئەو دوو زمانە زۆرترین قسەکەری هەیە لەو کیشوەرە، لە زۆرێک لە وڵاتانی کیشوەرەکە زمانی فەرمین.

ژینگەی جوگرافی ئەمریکای باشوور

ژینگە و جوگرافیای کیشوەری ئەمریکای باشوور بە دارستانی باراناوی، زنجیرە شاخ و ڕووبار و تاڤگەی هەمەجۆر دەوڵەمەندە، گەورەترین ڕووباری جیهان لەڕووی قەبارەوە کە "ڕووباری ئەمازۆنە" لەو کیشوەرەیە، هەروەها نیشتمانی بەرزتررن تاڤگەی جیهانە کە "تاڤگەکانی ئەنجڵە" لە ڤەنزوێلا، گەورەترین دارستانی باراناوی کە "دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆنە" هەر لەو کیشوەرەیە، درێژترین زنجیرە چیاکانی جیهان دەکەوێتە ئەو کیشوەرەوە کە "زنجیرە چیاکانی ئەندیزە" درێژییەکەی نزیکەی 7100 کیلۆمەترە و لە نێوان حەوت وڵاتی کیشوەرەکەیە، هەروەها وشکترین ناوچەی جیهان کە "بیابانەکانی ئەتەکامایە" لەنێوان چوار وڵاتی کیشوەرەکەدایە، شوێنی بەرزترین پایتەختە لەسەر ئاستی دەریاوە شاری "لابازە" کە پایتەختی وڵاتی پۆلیڤیایە.
ئەمریکای باکوور نشینگە و نیشتمانی زۆرێک لە زیندەور و ئاژەڵە جیاوازەکانە نموونەی لاما، داڵ، تێترای تیشکی x، قوڵنگ، باڵندەی چەتر و چەندانی تر. 

وڵاتانی ئەمریکای باشوور

لە ڕووی کارگێڕییەوە کیشوەرێکی بچووکە و تەنها 13 وڵات لەخۆدەگرێت کە بریتیین لە:

  • بەڕازیل
  • ئەرجەنتین
  • پۆلیڤیا
  • کۆڵۆمبیا
  • ئیکوادۆر
  • پاراگوای
  • پیرۆ
  • کوبا
  • گۆیانا
  • ئۆرۆگوای
  • ڤەنزوێلا
  • چیلی
  • سۆرینام

هەرێمەکانی سەر بە ئەمریکای باشوور:

  • دوورگەکانی فۆڵکلاند
  • گۆیانای فەڕەنسی

جیاوازی نێوان ئەمریکای باشوور و ئەمریکای لاتینی

ئەمریکای باشوور کیشوەرێکی دیاریکراوە و بەشێکی سەرەکییە لە هەسارەی زەوی، بەڵام دەستەواژەی ئەمریکای لاتینی ناوچەیەکی خەیاڵی و قەوارەیەکی کولتووریی و زمانەوانییە نەوەکوو سیاسی و جوگرافی و کارگێڕی، واتا بنچینەی ئەو دەستەواژەیە پشت بە کولتوور و چەند زمانێکی دیاریکراو  دەبەستێت، بۆیە بە بەشێکی فراوانی کیشوەری ئەمریکای باشوور و بەشێکی بچووکی کیشوەری ئەمریکای باکوور دەوترێت ئەمریکای لاتینی، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی کە لە ڕابردوودا بەشێکی سەرەکی بوونە لە ئیمپڕاتۆرییەتەکان و داگیرکارییەکانی ئیسپانیا و پورتوگال.
هەروەها بە شێوەیەکی سەرەکی بەو کەسانە دەوترێت لاتینییەکان کە بە زمانی ئیسپانی، پورتوگالی و فەڕەنسی دەدوێن و پێیان دەوترێت لاتینۆسەکان، بەهەمان شێوە ژمارەیەک لەو کەسانەی کە بە زمانی هۆڵەندی قسەدەکەن لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیاریکراوی هەردوو کیشوەرە ئەمریکییەکە کە بە ئینگلیزی قسە دەکەن پێیان دەوترێت لاتینییەکان. 

جیاوازی نێوان ئەمریکای باشوور و ئەمریکای باکوور

ئەمریکای باشوور و ئەمریکای باکوور دوو کیشوەری لێکجوودان، ناوچەی پەنەما خاڵی جیاکەرەوەی نێوان هەردوو کیشوەرەکەیە، ئەمریکای باکوور لەڕووی ڕووبەر و ژمارەی دانشتوانەوە گەورەتر و فراوانترە لە ئەمریکای باشوور، هەردوو کیشوەرەکە چەندان ناوچەی پیشەسازی و کشتوکاڵی کولتووری گرنگ لەخۆدەگرن و ملیۆنان دانشتوانیان هەیە.
بەشی ئەمریکای باکوور دەکەوێتە بەشی باکووری گۆی زەوییەوە، هەروەها بەشی ئەمریکای باشووریش دەکەوێتە بەشی باشووری گۆی زەوییەوە، بەشی ئەمریکای باشوور دارستانی باراناوی و زەریا و زنجیرە چیای زیاترە بەراورد بە بەشی ئەمریکای باکوور، واتا لەڕووی جوگرافییەوە ئەو بەشەیان دەوڵەمەندتر و هەمەجۆرترە.


سەرچاوەکان



8279 بینین