ناوهڕۆك
ناساندن
زیندە بەرگ یان بەرگی زیندەگی (بە عەرەبی: غلاف الحياة، بە ئینگلیزی: Biosphere). بەرگی زیندەگی لە دوو وشەی یۆنانییە لێکدراو پێکھاتووە (Bio) بە واتای زیندەیی دێت، (Sphere) بە واتای بەرگ دێت، کەواتە زیندە بەرگ یان بەرگی زیندەگی بە واتای بەرگێکی زیندوو دێت. یەکەم کەس کە بیرۆکەی ئەوەی خستەڕوو کە زیندە بەرگ بەرگێکی زیندووە زانا لاماڕک بوو لە ساڵی ١٨٠٢، یەکەمین کەس کە چەمکی زیندەبەرگی بە شێوەیەکی زانستی بەکارھێناوە زانای نەمساوی (ئی سیوس) بوو لە ساڵی ١٨٧٥ کە ئەم بەرگەی بە بەرگێکی زیندوو و نیمچە ئەستوور وەسفکردووە، ئەستووریەکەی بە شێوەی ڕووی زەوی بەستۆتەوە. کەواتە، زیندە بەرگ یان بەرگی زیندەگی ھەموو شوێنێک دەگرێتەوە کە شێوەیەک لە شێوەکانی ژیانی تێدا بێت ئەگەر ئەو شێوە ژیانە زۆر سادەش بێت یاخود بریتییە لە پشتێنەی سەر ڕووی زەوی و ھاوسنوورەکەی لە بەرگی گازی کە ژیانی (ئۆڕگانی - ئەندامی) تیادا دامەزراوە.
توخمەکانی بەرگی زیندەگی
لە تێڕوانینی زانایانی نوێ خوازەوە بەرگی زیندەگی پێکدێت لە سێ توخمی سەرەکی کە بریتین لە:
١- تەنە زیندووەکان: ھەموو زیندەوەرە زیندووەکان دەگرێتەوە کە تۆپەڵەیەکن لە ژیان.
٢- پاشماوەی تەنە زیندووەکان: ھەموو ئەو تەنانە دەگرێتەوە کە بە کاریگەری زیندەوەرە زیندووەکان دروستبوونە وەکوو (خەڵووز و بیوتومین و نەوت).
٣- تەنە گۆڕاوە ئۆڕگانی و نا ئۆڕگانییەکا: پێکدێن لە ئەنجامی یەکگرتنی تەنە ئۆڕگانییە زیندووەکان لەگەڵ تەنە ئۆڕگانییە نازیندووەکان (مردووەکان).
ڕواڵەتەکانی بەرگی زیندەگی
١- جۆراوجۆری زیندەوەرە زیندووە ئۆڕگانییەکان.
٢- دابەشبوونی زیندەوەرە زیندووەکان لە سەرجەم بەشەکانی ڕووی زەوی.
٣- پێکھێنانی تۆڕێکی ئاڵۆز کە بە بەردەوامی لە گۆڕان دایە لەسەر ڕووی زەوی.
سنوور و پێکھاتەی بەرگی زیندەگی
سنووری بەرگی زیندەگی لەو شوێنانەی کە زیندەوەرە زیندووەکانی تێیادا دەژین لە قوڵایی دەریا و زەریاکان درێژ دەبێتەوە کە بە ١٣ کیلۆمەتر مەزندە دەکرێت، تاکوو دەگاتە بەرزترین خاڵ لە لوتکەی چیا بەرزەکان کە بە ١١ کیلۆمەتر مەزندە دەکرێت، لە ئەنجامدا ڕوواڵەتەکانی ژیان دووچاری دابەزینی پەستانی ھەوا و کەمی ڕێژەی ئۆکسجین دەبنەوە. لەلایەک بە ھۆکاری نەگەیشتنی تیشکی خۆر بە قوڵایی دەریا و زەریاکان کە پێویستە بۆ بەرھەمھێنانی خۆراک لەلایەن زیندەوەرانەوە و لەلایەکی تر لە قوڵایی و توێژاڵ و بنکی دەریا و زەریاکان پلەکانی گەرمی بەرز دەبنەوە، ئەم کردارەش ڕێگری دەکات لە پێکھێنانی ژیان بۆ زیندەوەران لە قوڵایی دەریا و زەریاکان. بەم شێوەیەش ئەستووری و سنووری بەرگی زیندەگی لە ٢٤ کیلۆمەتر تێپەڕناکات، قوڵایی بەرگی زیندەگی لە ناخی زەویدا لە قوڵی ئەو ناوچانە تێپەڕناکات کە (ڕەگی ڕووەکەکان) پێی دەگەن، ھەربۆیە ئەم ناوچەیە بە ١.٦ کیلۆمەتر مەزندە دەکرێت.
بەرگی زیندەگیش لە ڕووی پێکھاتەوە پێکدێت لە
- سەرجەم زیندەوەرە زیندووەکان Biospere
- بەشی سەرەوەی توێکڵی زەوی Lithosphere
- بەشەکانی خوارەوەی بەرگی گازی (بەرگە ھەوا) Atmosphere
- قوڵایی دەریا و زەریاکان (بەرگی ئاوی) Hydrosphere
پێکھاتەی بەرگی زیندەگی
١- پێکھاتە زیندووەکانی ژینگە: خۆی لە ژمارەیەکی زۆری زیندەوەرە زیندووەکان و شێوە و قەبارەی جۆراوجۆر و جیاواز دەبینێتەوە، سەرجەم ئەم زیندەوەرە زیندوانەش ھاوبەشن لە چەند تایبەتمەندییەک کە بە ڕواڵەتەکانی ژیان دەناسرێن، وەکوو (ھەستکردن، گەشەکردن، جوڵە، خۆراک، ھەناسەدان و دەرکردن). لە گرنگترین ئەو زیندەوەرە زیندوانەش بریتین لە:
- مرۆڤ زیندەوەرێکی زیندووی بەکاربەرە بۆ دەستکەوتنی خۆراک پشت دەبەستێت بە ڕووەک و ئاژەڵ.
- ئاژەڵ زیندەوەرێکی زیندووی بەکاربەرە بۆ دەستکەوتنی خۆراک پشت دەبەستێت بە ڕووەک و ئاژەڵەکانی تر.
- بەکتریا و زیندەوەرە ئۆڕگانییە وردەکان زیندەوەرێکی زیندوون کە کاریگەریان ھەیە لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ.
- ڕووەک زیندەوەرێکی زیندووی بەرھەمھێنە، بۆ دەستکەوتنی خۆراک پشت دەبەستێت بە ماددە ئەندامییەکانی خاک.
٢- پێکھاتە نازیندووەکانی ژینگە: سەرجەم ئەو پێکھاتانە دەگرێتەوە کە تایبەتمەندییەکانی ژیانیان تیادا نابینرێت و پێکدێن لە (بەرگی ئاوی و بەرگی بەردین و بەرگی گازی) ئەم سێ بەرگە گرنگن بۆ بەردەوامبوونی ژیانی مرۆڤ و ڕووەک و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان.
تایبەتمەندییەکانی زیندەوەرە زیندووەکان:
زیندەوەرە زیندووەکان کۆمەڵە تایبەتمەندییەکیان ھەیە کە جیایان دەکاتەوە لە زیندەوەرە نازیندووەکان، لە گرنگترین ئەو تایبەتمەندیانەش بریتین لە:
١- توانای جوڵە و گواستنەوە
یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی زیندەوەرە زیندووەکان بەگشتی و ئاژەڵەکان بە تایبەتی، بەڵام ڕووەکەکان بە جێگیری و نەجوڵاو بەدیار دەکەون بە شێوەیەکی ستوونی گەشە دەکەن کە بەچاو نابینرێن، ھەروەھا پێکھاتە نا زیندووەکان وەکوو (ئاو یان لافاو و خزینی خاک و ھەوا) لە جوڵە دانە، ھەربۆیە بە تەنھا ناتوانرێت پشت بەم پێوەرە ببەسترێت بۆ جیاکردنەوە پێکھاتە زیندووەکان لە پێکھاتە نا زیندووەکان.
٢- گەشەی سروشتی
بریتییە لە گەشەکردن و گەورەبوونی قەبارەی زیندەوەرەکان، ئەم تایبەتمەندییەش زیندەوەرە زیندووەکان لە زیندەوەرە نا زیندووەکان جیادەکاتەوە، بەڵام ئەم تایبەت مەندییەش بە تەنھا پشتی پێ نابەسترێت بۆ جیاکردنەوەی زیندەوەرە زیندووەکان لە زیندەوەرە نا زیندووەکان، چونکە ھەندێک لە زیندەوەرە نا زیندووەکان گەردیلە کانزاییەکانیان گەشە دەکەن و قەبارەیان گەورە دەبێت کاتێک دەخرێنە نێو گیراوەیەکی دیاریکراو، نموونە وەکوو دیاردەی (ئەستەلەکتایت و ئەستەلەگمایت) لە ئەشکەوتەکان لە گەشەکردن دانە و قەبارەشیان گەورە دەبێت.
٣- توانای زیادبوون و زاوزێکردن
یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی زیندەوەرە زیندووەکان، ئەم تایبەتمەندییە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە زیندەوەرە زیندووەکان دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن لەم قۆناغەدا زیادبوون و زاوزێکردن دەستپێدەکات، ھەربۆیە ئەم تایبەتمەندییە تەنھا لە زیندەوەرە زیندووەکان بوونی ھەیە.
٤- دیاردەی مردن
یەکێکە لەو تایبەتمەندییانەی کە زیندەوەرە زیندووەکان لە پێکھاتە نا زیندووەکان جیادەکاتەوە، چونکە مردن دەبێتە ھۆی وەستانی سەرجەم چالاکییە جەستەییەکانی زیندەوەرە زیندووەکان، بەڵام تەنە نا زیندووەکان نامرن بەڵکوو شی دەبنەوە یان تێکدەشکێن و ورد و خاش دەبن.
٥- ھەستکردن بە کاریگەرییە دەرەکییەکان
وەکوو (ڕووناکی و شێ و گەرمی) ڕووەک ھەستی نییە، بەڵام بە دەنگ ئەو کاریگەرییانەوە دێت، بۆ نموونە (گولە بەڕۆژە) بە ئاڕاستەی تیشکی خۆرەوە دەسوڕێت، ھەندێک لە ڕووەکەکان لە کاتی دەست لێدانیان یان کاتێک مێرولە و مێشولەکان لەسەریان دەوەستن گەڵاکانیان دادەخەن.
٦- تایبەتمەندی ڕێکخستنی ئەندامانی زیندەوەرە زیندووەکان
ھەر ئەندامێک بە کارێکی تایبەت ھەڵدەستێت بۆ ھاوبەشیکردن لە بنیاتنانی کۆمەڵگاکەیان، بە تایبەتی زیندەوەرە زیندووەکان، بەڵام زیندەوەرە نا زیندووەکان گەردیلەکانیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار دەکەن بەبێ ئەوەی لەلایەن گەردیلەیەکی ترەوە پاڵپشتی بکرێت.
خولەکانی بەرگی زیندەگی
- خولی ئاو water cycle
- خولی وزە energy cycle
- خولی توخمە کیمیاییەکان Cycle of Chemical Elements