تیشکی کارۆموگناتیسی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-08-12-18:43:00 - کۆدی بابەت: 13999
تیشکی کارۆموگناتیسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تیشکی کارۆموگناتیسی (بە عەرەبی: الاشعاع الكهرومغناطيسي، بە ئینگلیزی: Electromagnetic Spectrum). بریتییە لە گواستنەوەی وزە بەھۆی شەپۆلی کارۆموگناتیسییەوە، خۆر سەرچاوەی سەرەکی تیشکی سروشتییە بۆ ھەموو جۆرە وزەیەکی کارۆموگناتیسی. تیشکی کارۆموگناتیسی لەرینەوەی کەمترە بە بەراورد بەو لەرینەوەی کە چاوی مرۆڤ ھەستی پێدەکات، لەبەر ئەم ھۆکارە مرۆڤ ناتوانێت ئەم تیشکە ببینێت، بەڵام دەتوانێت ھەستی پێبکات لە ڕێگەی گەرمییەوە لە کۆتایی شەبەنگی کارۆموگناتیسی بینرودایە کە درێژی شەپۆلی لە نێوان (٠,٧ بۆ ١) مایکڕۆمەترە. ئەو تیشکەی لە خۆرەوە دەردەچێت بە شێوەی شەپۆلی کارۆموگناتیسی لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە: 

١- تیشکی سوور و وەنەوشەیی بە ڕێژەی (٢٪) تیشکی خۆر پێکدێنێت.
٢- تیشکی بینراو بە ڕێژەی (٤٧٪) تیشکی خۆر پێکدێنێت.
٣- تیشکی ژێر سوور بە ڕێژەی (٥١٪) تیشکی خۆر پێکدێنێت کە تیشکێکی گەرمیدارە و نەبینراوە.
تایبەتمەندییەکانی تیشکی کارۆموگناتیسی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دیزاینکردنی ئامێر و سێنسەرەکانی ھەستکردن لە دوورەوە، ناتوانین لە زانستی (ھەستکردن لە دوورەوە Remote Sensing) تێبگەین تاکوو بە تەواوەتی لە شەپۆلەکانی کارۆموگناتیسی نەگەین.

مێژووی دۆزینەوە و بەکارھێنانی تیشکی کارۆموگناتیسی

بەکارھێنانی تیشکی کارۆموگناتیسی بابەتێکی نوێ نییە، بەڵکوو مرۆڤ ھەر لەکۆنەوە پێش چەندین سەدە بەکاریھێناوە، بۆ نموونە (ئەرستۆ ٤٠٠ ساڵ پێش زایین) کاری لەسەر بەرکەوتەی ڕووناکی کردووە لەگەڵ شووشە و لێنسدا، یەکەمین کەس کە باسی بەرپەچدانەوە و گۆڕانی ئاڕاستەی ڕووناکی کردووە (Reflection and Refraction) ئوکلید بوو (٣٠٠ ساڵ پێش زایین). لە سەدەی پازدە ھەندێک لە فەیلەسوفان بۆچوونیان وابوو کە ڕووناکی دەمەودەستە و لە ھەمان کاتدا بەر دیاردەکان  و ماددەکان دەکەوێت، بە مانای ئەوەی کە ڕووناکی خێرایی نییە!

بەڵام لە سەدەی شازدە زانایەک بە ناوی (ڕۆیمەر) بەھۆی چاودێریکردی مانگی موشتەری توانی خێرایی ڕووناکی بدۆزێتەوە و ئەم بۆچوونە ھەڵەیە ڕاست بکاتەوە کە دەگوترا ڕووناکی خێرایی نییە. ئەمەش وایکرد کە نیوتن خواستی کارکردنی لەسەر ڕووناکی زیاتر بێت ھەربۆیە لە نێوان سەدەی (١٧ بۆ ١٨) گۆڕانکاری گەورە ھاتە کایەوە لەسەر دەستی ئایزیک نیوتنەوە کە ھەڵسا بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لەسەر ڕووناکی و شەپۆلەکانی ڕووناکی خۆری خستە (ئاوێزە - پوازک)، لە ئەنجامدا بۆی دەرکەوت کە ئەو ڕووناکییە سپییەی کە ڕۆژانە بەرکەوتنمان لەگەڵی ھەیە دەتوانین بەش بەش بکرێت بۆ چەندین ڕەنگی جیاواز، بۆیە نیوتن ڕەنگەکانی کرد بە ٧ ڕەنگی سەرەکی، چونکە سەرسامی ژمارە حەوت بوو.

ئەم دۆزینەوەیە بوو بە ڕێچکەیەکی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە ڕووناکی بینراو لە شەپۆلی کارۆموگناتیسی، بەڵام لە ڕوانگەی زانستییەوە زۆری مابوو لە سیفات و تایبەتمەندییەکانی ڕووناکی تێبگەین تاکوو لە سەدەی ١٩ ھەریەک لە (تۆماس یەنگ و ئۆگستین فرێسنێڵ) تیۆرێکیان پێشنیارکرد کە ”ڕووناکی بریتییە لە شەپۆلی کارەبا و موگناتیس (کارۆموگناتیس)“. جۆن ماکسوێڵ پەرەی بەم تیۆرەدا و ھاوکێشەیەکی ماکسوێڵی بیرکاری بۆ داڕشت کە پێناسەی ڕەوشتی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان دەکات.

بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩ ولیام ھێرچڵ شەپۆلی ژێر سووری دۆزییەوە و تێڕوانینێکی نوێ دروستبوو کە شەبەنگی کارۆموگناتیسی تەنھا ڕووناکی نییە، بەڵکوو شەپۆلی تریش ھەن کە مرۆڤ ناتوانێت بە چاو بیان بینێت. لە سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ لە ئەنجامی دروستبوونی ئامێرە ئەلکتڕۆنییەکان ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ بەرھەمھێنانی شەپۆلی لەرینەوە (لەرەلەر) بەرز بوو بەھۆی بەرھەمھێنانی شەپۆلی ڕادیۆیی و دروستکردنی پەیوەندی و ناردنی زانیارییەکان لە ناوچە دوورمەوداکان. لە ناوەڕاستی سەدەی ٢٠ دۆزینەوەی تیشکی (X) لەلایەن ویلیام کۆنرادەوە بە ھەمان شێوەی دۆزینەوەی تیشکی (Gamma) وایکرد پەرەی پێبدرێت و لە چەندین بوار بەکاربھێنرێت، بە تایبەتی لە بواری پزیشکی.

لە کۆتاییەکانی سەدەی ٢٠ دوای ھەڵدانی یەکەمین مانگی دەستکردی ئاسمانی لە ساڵی ١٩٥٧ بە ناوی (Sputnik - 1) لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە بەرفراوانی زانستی ھەستکردن لە دوورەوە دەستی پێکرد، دواتر بەھۆی ناردنی مانگەدەستکردەکانی وەکوو (Landsat) زانیاری زۆر بایخداری لەسەر زەوی کۆکردەوە و لە چەندین بواری جۆراوجۆر ڕێچکە شکێنی کرد وەکوو بوارەکانی (کەش و ھەوا و نەخشەسازی و پلاندانان و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان).

ھەموو ئەم ڕووداوە مێژوویانە تەنھا دەستپێکێکی بچووک بوون بۆ پێشکەوتنی ئەم تەکنەلۆجیایە، تاکوو لە ساڵی ٢٠٢٢ کۆی گشتی ژمارەی ئەو مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان کە ھەڵدراونەتە بۆشایی ئاسمان گەیشتە (٨٢٦١)، لە کۆی گشتی ئەمانەش ئێستا (٤٨٥٢) دانەیان چاڵاکن و بەکاردێن بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، کە بەشی زۆریان بۆ بواری پەیوەندی (Communication) بەکاردێن و ڕێژەیەکی زۆریشیان لە بواری زانستی ھەستکردن لە دوورەوە (Remote Sensing) بەکاردێن.

کەواتە، تیشکی کارۆموگناتیسی مەودای تەواوی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکانە بە ھەموو لەرە لەرە کانیانەوە یان درێژی شەپۆلەکانیەوە. ھەموو شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان لە بۆشاییدا بە ھەمان خێرایی دەگوێزرێنەوە واتا بە خێرایی ( ٣٠٠،٠٠٠ کم/چرکە). پەیوەندی خێرایی شەپۆل بە درێژی شەپۆل و لەرینەوەی دەکاتە: v= λ × f، خێرایی شەپۆل = درێژی شەپۆل × لەرینەوە.

جۆرەکانی تیشکی کارۆموگناتیسی

  • تیشکی گاما - Gamma radiation
  • تیشکی سینی - X-ray radiation
  • تیشکی ژوور وەنەوشەیی - Ultraviolet radiation
  • تیشکی بینراو - Visible radiation
  • تیشکی ژێر سوور - Infrared radiation
  • شەپۆلی مایکرۆیی - Microwave radiation
  • شەپۆلی ڕادیۆیی - Radio waves

بوارەکانی بەکارھێنانی تیشکی کارۆموگناتیسی

١- شەپۆڵی ڕادیۆیی: شەپۆلە ڕادیۆیەکانی AM و FM وە شەپۆڵی تەلەفزیۆنی.
٢- شەپۆڵە مایکڕۆییەکان: لە ڕاداردا و لێکۆڵینەوەی لە گەردیلەو گەردی ماددەکان و بواری فڕۆکەوانی و کەشتیوانی.
٣- شەپۆلی ژێر سوور (IR): لە شەبەنگە گەردییە لەرەوەکان و وێنەگرتنی فۆتۆگرافی و وچارەسەری سروشتی ماسوولکەکان بەکاردێت.
٤- ڕووناکی بینراو: وردبینی ڕووناکی و زانستی گەردوونی بینایی.
٥- تیشکی سەروبنەوشەیی (UV):  بۆ پاکردنەوەی ئامێرە پزیشکییەکان و  جیاکردنەوەی کانزا فلۆرییەکان بەکاردێت.
٦- تیشکی X: بەکاردێت بۆ پشکنینی پزیشکی و ئەشیعەی ئێسقان و ددان و شانەکان و  چارەسەرکردنی شانە شێرپەنجەییەکان.
٧- تیشکی گاما: بەکاردێت لە لێکۆڵینەوەی لە کەلێنەکان لە پێکهاتەی ماددە ئەستوورەکان و چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە و دروستکردنی چەکی ئەتۆم.

تایبەتمەندییەکانی تیشکی کارۆموگناتیسی

١- درێژی شەپۆل
تیشکی کارۆموگناتیسی بە درێژی شەپۆلەکەی دەناسرێتەوە کە بریتییە لە مەودای نێوان لوتکەیەک لەڵدوای یەکەکانی شەپۆلەکە، ناوچە جیاوازەکانی کارۆموگناتیسی درێژی شەپۆلەکانیان جیاوازە وەکوو شەپۆلی (ڕادیۆیی و مایکرۆوەیڤ و تیشکی ژێر سوور و ڕووناکی بینراو و سەروو وەنەوشەیی و تیشکی (X) و تیشکی (Gamma). لە کۆندا واباوبووە کە تیشکی ڕادیۆیی و تیشکی (X) و تیشکی (Gamma) سێ ماددەی جیاوازبن، بەڵام دواتر ڕوون بووەوە کە ھەمان تیشک و پێکھاتەن تەنھا لە درێژی شەپۆلەکانیان جیاوازن.

٢- لەرینەوە (لەرەلەر یان فریکوێنسی)
بریتییە لە ژمارەی خولەکانی شەپۆل کە بە خاڵێکی دیاریکراودا تێدەپەڕن بۆ ھەر یەکەیەکی کات، شەپۆلە فریکوێنسییە بەرزەکان (درێژی شەپۆلەکانیان کورترە) لە کاتێکدا شەپۆلە فریکوێنسییە نزمەکا (درێژی شەپۆلەکانیان درێژترە)، بۆ نموونە شەپۆلی ڕادیۆیی درێژی شەپۆلی زۆرە، بەڵام لەرینەوەی کەم، کەچی شەپۆلی گاما درێژی شەپۆلی کەمە و لەرینەوەی زۆرترە.

٣- وزە
ھەرتیشکێکی کارۆموگناتیسی وزەی لەگەل خۆیدا ھەڵگرتووە، بڕی وزەی ڕاشتەوخۆ زیاد دەبێت لەگەڵ زیادبوونی لەرینەوەی تیشکەکە، بەواتای ئەو شەپۆلانەی لەرینەوەیان بەرزە وزەی زیاتریان تیایە، بەڵام ئەو شەپۆلانەی لەرینەوەیان نزمە وزەی کەمتریان تیایە.

٤- خێرایی
تاکە خاڵی ھاوبەشی ھەموو تیشکەکانی کارۆموگناتیسی کە تیایدا وەکوو یەکەن درێژی شەپۆلی کەم یان زۆر نییە، بەڵکوو خێرایی و ڕووناکییە کە ڕوناکییەکەی نزیکەی (٨ × ١٠ ^٨ مەترە لە چرکەیەکدا) بە بۆشایی ئاسماندا دەڕوات، بەڵام خێرایی ڕووناکی تیشکەکان لەکاتی تێپەڕبوونیان بە ئاودا جیاوازە بە بەراورد بە خێرایی و ڕووناکی لەکاتی تێپەڕبوونیان بە بەرگەھەوای زەویدا.

٥- کارلێکردن لەگەڵ ماددەکان
تیشکی کارۆموگناتیسی بە شێوازی جۆراوجۆر کارلێک لەگەڵ ماددەکان دەکات، بۆ نموونە ئەو تیشکەی ھەڵدەمژڕێت لەلایەن ماددەیەکەوە بگوازرێتەوە بە نێوماددەکە وە ڕووی ماددەکە ڕۆڵ دەبینێت لە شێوازی بەرکەوتن و دانەوەی تیشکەکان، بۆ نموونە درەختێک کە پەرشووبڵاوە تیشکەکان بە پەرشووبڵاوی وەردەگرێت و دەیداتەوە، بەڵام ڕووی ڕێگایەک کە تەختە تیشکەکان بە چ گۆشەیەک وەربگرێت بە ھەمان ئەو گۆشەیە تیشکەکان دەداتەوە، جگە لەمانەش ڕووی ساف و زبڵی ماددەکان ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەیان ھەیە لە ھەڵمژینی تیشکەکان بە جۆرێک کاتێک تیشک بەر ماددەیەک دەکەوێت کە ڕووەکەی سافە بڕێکی زۆری ئەو تیشکە ھەڵدەمژێت، بە پێچەوانەوە کاتێک تیشک بەر ڕوویەکی زبڵ دەکەوێت بڕێکی کەمتری تیشک ھەڵدەمژێت.

تایبەتمەندییەکانی تیشکی سەروو وەنەوشەیی

تیشکی سەروو وەنەوشەیی ئه‌م تیشكه‌ جۆرێکە لە تیشکی کارۆموگناتیسی کە لە خۆرەوە دەردەچێت و دەکەوێتە دەرەوەی مەودای رووناکی بینراو "چاوی مرۆڤ" و بۆ سێ جۆری سەرەکی "UVA, UVB, UVC" پۆلێندەکرێت و توانای هه‌یه‌ کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر زیندەوەران دروست بكات.

تیشکی سەروو بنەوشەیی بە ڕێژەیەکی مامناوەند یارمەتی پێست دەدات بۆ بەرهەمهێنانی ڤیتامین "D"، کە گرنگە بۆ تەندروستی ئێسک، بەڵام زۆر بەرکەوتنی تیشکی سەروو وه‌نەوشەیی دەبێتە هۆی سووتانی چینی سەرەوەی پێست و خانەکانی و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست. به‌ پێویست زانراوه‌، مرۆڤ له‌و بارودۆخه‌دا به‌ به‌كارهێنانی دژه‌خۆر و پۆشینی جلوبه‌رگی پێویست و دۆزینه‌وه‌ی سێبه‌ر خۆی لە بەرکەوتنی زۆر لە تیشکی سەروووه‌نه‌وشەیی بپارێزێت.
بە شێوەیەکی گشتی سێ پێوەر بۆ دەستنیشانکردنی بڕی گەیشتنی ئەو تیشکە بۆ خۆر دیاری کراوە، ئه‌وانیش بریتین لە: 

١- پلەی ٣ بۆ ٥  بە مەترسی بۆ سه‌ر مرۆڤ دانانرێت و ئاساییه‌ به‌ر مرۆڤ بكه‌وێت.
٢- پلەی ٦ بۆ ٧ مەترسییەکی کەمی لەسەر تەندروستی هەیە و باشتر وایه‌ مرۆڤ خۆی لێ بپارێزێت.
٣- پله‌ی ٨ بۆ ١٠ مەترسیەکی زۆری هەیە و پێویسته‌ مرۆڤ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆی لێ بپارێزێت.
٤- پله‌ی ١١ به‌سه‌ره‌وه‌ مه‌ترسیدارترین پله‌یه‌ و هه‌ر به‌ركه‌وتنێكی مرۆڤ دووچاری سووتانه‌وه‌ی پێست ده‌كات، كه‌ مایه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ولێر پله‌كه‌ی ١١ بوو، كه‌ له‌ جۆره‌ هه‌ره‌ مه‌ترسیداره‌كانی تیشكی سه‌روو وه‌نه‌وشه‌یی بوو. ئاستی تیشکی سەروو وه‌نه‌وشەیی لە خۆرەوە بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت بەهۆی هۆکاری جۆراوجۆر، ئەم هۆکارانەش بریتین لە شوێنی خۆر لە ئاسمان و گۆشەی بەرکەوتنی تیشکی خۆر بە زەوی، ئەستووری بەرگەهەوای زەوی کە تیشکی خۆر پێیدا تێدەپەڕێت و گۆڕانکاری سروشتی لە دەرچوونی تیشکی سەروو وه‌نه‌وشەیی خۆر.


سەرچاوەکان



94 بینین