جیاوازی کەسی یەکەم و دووەم و سێیەم چییە لە شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکی یارییەکان؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-11-21:55:00 - کۆدی بابەت: 12868
جیاوازی کەسی یەکەم و دووەم و سێیەم چییە لە شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکی یارییەکان؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جیاوازی کەسی یەکەم و دووەم و سێیەم چییە لە شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکی یارییەکان؟ (بە عەرەبی: ما هي وجهات نظر الشخص الأول ، الشخص الثاني ، منظور الشخص الثالث؟، بە ئینگلیزی: What are first-person, second person, third-person perspectives?).

جیاوازی کەسایەتییەکان

کەسی یەکەم: ئەمە واتا تۆ لە چاوی کەسایەتی یەکەم و پاڵەوانی چیرۆک ئەزموونی یارییەکە دەکەیت. دەچیتە ناو جەستەی کەسایتییەکەوە و ناتوانی بیبینیت. لەم جۆرە گێڕانەوەی چیرۆک بۆ یارییەکە کەسایەتی سەرەکی جێناوی "من" بەکاردێنێت لە چیرۆکی یارییەکە واتا کەسایەتییەکە وا باسی دەکات کە باسی خودی خۆی دەکات. باشترین نموونەش بۆ ئەم جۆرە یارییەکانی (کال ئۆف دیوتی)ین کە هەمیشە دەبیتە کەسایەتی یارییەکە و ناتوانی بیبینی و تەواو یارییەکە لە چاوی ئەوەوە ئەزموون دەکەیت.  ئەم جۆرە ڕێک وەک ئەوەیە کە تۆ جیهان دەبینی و ئەزموونی ژیان دەکەیت لە ژیانی ڕاستەقینەدا.

کەسی دووەم: ئەمەیان زۆر وردە، تا بتوانی هەستی پێبکەی دەبێت زۆر قوڵ ببیتەوە. بە گشتی، ئەگەر تۆ لە چاوی کەسایەتییەکی تری ناو یارییەکە پاڵەوانی یارییەکە ببینی واتا ئەو کەسەی کە یاری پێدەکەی. لەو کاتەدا چیرۆکی یارییەکە بە جێناوی (تۆ) دەگێڕدرێتەوە. نموونەی ئەمە زۆر دەگمەنە، بەڵام نموونەیەک هەیە لە یاری (drive: San Francisco) لە بەشی ٦ و کۆتا ئەرکەکانە ئەرکیک هەیە بە ناوی (The target) کە لەو ئەرکە بە کەسایەتییەکی تری ناو یارییەکە بە دوای خۆت دەکەوێت کە پاڵەوانی یارییەکەیە بە ئۆتۆمبێل، لەو کاتەدا کە تۆ لە چاوی کەسایەتی دووەم یاریەکە دەبینی وا دەزانیت ئۆتۆمبێلی کەسی دووەم لێدەخوڕیت، بەڵام لە ڕاستیدا تۆ ئۆتۆمبێلی پاڵەوانی یارییەکە لێدەخوڕیت، تەنها ئەوەیە لە چاوی کەسی دووەم یارییەکە دەبینی.

کەسی سێیەم: ئەمەیان تۆ لە چاوی کامێرای یارییەکە دەبینیت واتا کامێرا دەبێتە کەسی سێیەم. ئەگەر دوو کەس دانیشتبوون گفتوگۆ بکەن ئەوە تۆ هەردووکیان دەبینی،  ئەوەی تۆ لێیەوە دەبینی کامێرایە یاخود  بونەوەرێکی سەیرە کە ڕووداوەکان نیشان دەدات و دەگەڕێتەوە. جێناوەکان لەم جۆرە یاریانەدا (ئەو)ە. کەسایەتی و پاڵەوانی یارییەکە بە ئاسانی دەبینیت وەک ئەوەیە تۆ دەبیتە بونەوەرێک لەناو یارییەکە کە هەمووان دەبینی، بەڵام ئەوان تۆ نابینن. نموونەی ئەو جۆرە یارییانەن یەکجار زۆرە وەک یاری (Batman arkham Knight) بۆ نموونە و یارییەکانی Grand theft auto و چەندانی تر.

بێگومان دەکرێت لە یارییەکدا هەر سێ جۆر یاخود دوو یان تەنها یەک دانە بەکاربێت، زۆربەی یارییەکانی ئەم سەردەمە زیاتر لە یەک دانەیان تێدایە وەکو (ڕێد دێد رێدمپشن ٢)، (ستارفیڵد)، (drive San Francisco)، چەندانی تر بە پێی شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکی یارییەکە دەگۆڕێت.


سەرچاوەکان



1905 بینین