زانیاری لەسەر پەڵەی مەنگۆلی

له‌لایه‌ن: - محمد بهرام محمد بهرام - به‌روار: 2024-08-18-13:20:00 - کۆدی بابەت: 14192
زانیاری لەسەر پەڵەی مەنگۆلی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەڵەی شینی مەنگۆلی (بە ئینگلیزی: Mongolian blue spot) جۆرێکی نیشانەی زگماکییە، بریتین لە پەڵەی شین یان ڕەساسی تەختن کە شێوەیەکی ناڕێک و پێکیان هەیە، بەهۆی گیرانی خانە بەرهەمهێنەرەکانی ڕەنگەوە (ڕەنگی میلانین) لە کاتی گەشەکردنی کۆرپەلەدا دروست دەبێت. لە کاتێکدا بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ گەشەکردنی منداڵدا کاڵ دەبنەوە، بێ زیانن.

لەدوای لەدایکبوونی منداڵ دەرئەکەوێت کە وەکو پارچەی تەخت یان خۆڵەمێشی شین یان سەوز لەسەر پێست دەردەکەوێت بەزۆری لە ناوچەی سمت یان بەشی خوارەوەی پشتە، قەبارەی لە نێوان ٢-٨ سانتیمە. دوای ماوەیەکی کەم لە لەدایکبوون دەردەکەوێت. کەمتر لە بەشەکانی دیکەی جەستەدا دەردەکەون زیاتر لە سمت و پشتە. پەڵەی مەنگۆلی پێوست ناکات دکتۆر بیبینێت مەگەر هەست بکەی  زیاتر پەرە ئەسەنێ لەوکاتدا پێوستە دکتۆر بیبینێ.

نیشانەکان

پەڵەی شینی مەنگۆلی پەڵەی شین یان ڕەساسی تەختن، لەو پەڵەیە دەچن کە لە کاتی شینبوونەوەی پێست لەسەر پێست دروست دەبێت. لە کاتی دەست لێداندا، ئەو شوێنەی پەڵەکەی لێ دروستبووە بەهەمان شێوەی پێستێکی ئاساییە. دەکرێت لە زۆربەی بەشەکانی لەشدا دروست ببێت، بەڵام لە شانەکاندا کەمتر دروست دەبن. 

ئایا پەڵەی شینی مەنگۆلی مەترسیدارە؟

دروستبوونی ئەم حاڵەتە لە منداڵدا جێی مەترسی نییە و نیشانە نییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی، هەروەها پەڵەی بێ ئازارن لە کاتی دەست لێدانیدا منداڵ هەست بە ئازار ناکات. بەڵام کاتێک نیشانەکە بەتایبەتی لە نزیکی دەمدا گەورەتر بوو، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت. هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن لە هەندێک لە حاڵەتەکاندا ڕەنگە دروستبوونی ئەم پەڵانە پەیوەندییان بە نەخۆشیی کۆبوونەوەی لایسۆسۆمەوە هەبێت، کە بریتییە لە کۆبوونەوەی ماددەی وەک ژەهر لەنێوان خانەکانی لەش بەهۆی کەمی ئەنزیم.

ئایا ئەم پەڵانە لادەچن؟

لە هەندێک منداڵدا ئەم پەڵانە تاکوو تەمەنی ٣-٥ ساڵی خۆیان لادەچن، بەڵام لە هەندێک کەسیشدا ڕەنگە تاکوو تەمەنی ٢٠-٢١ ساڵی بەردەوام بن. ئەگەر لە تەمەنی گەورەیدا پەڵەکان کاڵ نەبوونەوە یان لانەچوون دەکرێت بە بەکارهێنانی لەیزەر لاببرێن.


سەرچاوەکان



76 بینین