تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی

له‌لایه‌ن: - چیا طیب چیا طیب - به‌روار: 2024-10-05-15:58:00 - کۆدی بابەت: 14813
تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی (بە عەرەبی: اضطراب ما بعد الصدمة، بە ئینگلیزی: Post-traumatic stress disorder)، تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی حاڵەتێکی تەندروستی دەروونییە کە بەهۆی ئەزموون کردنی ڕووداوێکی پڕ لەتەنگەژە، تۆقێنەر یاخود جەرگبڕ دروست دەبێت.

نیشانەکانی تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی 

کەسانی تووشبوو زۆرجار ئەزموونی ڕووداوەکە دەکەنەوە لە ڕێگەی کابوس و گەڕانەوە بۆ ڕوداوەکە، هاوکات لەوانەیە هەست بە دابڕان، توڕەیی و تاوان بکەن. هەروەها لەوانەیە کێشەی خەوتنیان هەبێت وەک بێخەوی و بە ئەستەم تەرکیز کردن. زۆرجار ئەم نیشانانە هێندە توند و بەردەوامن کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی کەسەکە دەبێت.

هۆکارەکانی تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی 

هەر بارودۆخێک کە کەسێک بە زەبراوی بزانێت دەتوانێت ببێتە هۆی تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی، کە دەکرێت ئەم هۆکارانە لەخۆبگرێت: 

  • ڕووداوی هاتوچۆی مەترسیدار.
  • دەستدرێژی و توندوتیژی کەسی، وەک دەستدرێژی سێکسی، دزی یاخود تاڵانکردن. 
  • کێشەی تەندروستی مەترسیدار.
  • ئەزموونی منداڵبوون.

ئەم حاڵەتە دەروونییە دەکرێت راستەوخۆ دوای ڕووداوێکی دڵتەزێن دروست ببێت و سەرهەڵبدات، یاخود لەوانەیە چەند هەفتەیەک، چەند مانگێک و تەنانەت ساڵانێک دوای ڕووداوەکە سەرهەڵبدات و گەشە بکات. مەزەندە دەکرێت کە ئەم حاڵەتە کاریگەری لەسەر نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو کەسانە هەبێت کە تووشی ڕووداوێکی زەبربەخش بوون، بەڵام ڕوون نییە بۆچی هەندێک کەس تووشی ئەو حاڵەتە دەبن و هەندێکی دیکە تووشی نابن.

تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی ئاڵۆز

ئەو کەسانەی کە بە بەردەوامی تووشی دۆخی زەبربەخش دەبن، وەک فەرامۆشکردنی تووند، ئازاردان و سووکایەتی پێکردن یاخود توندوتیژی، لەوانەیە تووشی تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی ئاڵۆز ببن. ئەم تەنگەژە ئاڵۆزە دەتوانێت نیشانەکانی هاوشێوەی تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی نیشان بدات و هەروەها لەوانەیە تا چەند ساڵێک دوای ڕووداوەکە دەرنەکەوێت. ئەگەر ڕووداوە زەبربەخشەکە لە سەرەتای ژیاندا ڕوویدا، زۆر جار سەختتر دەبێت، چونکە کاریگەری لەسەر گەشەی منداڵ دەبێت.

کەی ئامۆژگاری و چارەسەری پزیشکی وەربگیرێت

ئاساییە دوای ڕووداوێکی زەبربەخش هەست بە بیرکردنەوەی ناڕەحەتکەر و پەشۆکێنەر بکەیت، بەڵام زۆربەی خەڵک بە شێوەیەکی سروشتی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا باشتر دەبن. ئەگەر خۆت یاخود منداڵەکەت دوای چوار هەفتە لە ڕووداوەکە هێشتا کێشەتان هەبوو یاخوت نیشانەکان بەتایبەتی جێگەی سەرنج و نیگەرانی بوو، دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت. ئەگەر پێویست بوو، پزیشک دەتوانێت بۆ هەڵسەنگاندن و چارەسەری زیاتر بتنێرێت بۆ لای پسپۆڕانی تەندروستی دەروونی.

چۆنیەتی چارەسەرکردنی تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی

تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی دەتوانرێت بە سەرکەوتوویی چارەسەر بکرێت، تەنانەت ئەگەر ساڵانێکی زۆر دوای ڕووداوە زەبربەخشەکە سەرهەڵبدات. هەروەها شێوازی چارەسەر بەندە بە گوێرەی چڕی نیشانەکان و خێرایی سەرهەڵدانیان دوای ئەو ئەزموونە زەبربەخشە. دەکرێت هەر یەکێک لەم چارەسەرانەی خوارەوە پێشنیار بکرێت:

  • چاوەڕوانی هۆشیارانە، بریتییە لە چاودێریکردنی نیشانەکان بۆ ئەوەی بزانین بەبێ هیچ چارەسەرێک باشتر دەبن یاخود خراپتر دەبن.
  • دەرمانەکانی دژە خەمۆکی، هەروەک پارۆکستین (بە ئینگلیزی: paroxetine) یاخود سێرترالین (بە ئینگلیزی: sertraline).
  • چارەسەر لەڕێی قسەکردن، هەروەک چارەسەری هزری-ڕەفتاری (CBT) جەخت لەسەر ڕووداوی زەبربەخش و کەمکردنەوەی هەستیاری و دووبارە پرۆسەکردنی جوڵەی چاو (EMDR) لەخۆ دەگرێت.


سەرچاوەکان



10 بینین