شیکاری هۆرمۆنەکانی گەشەکردن

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-10-08-22:00:00 - کۆدی بابەت: 14822
شیکاری هۆرمۆنەکانی گەشەکردن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شیکاری هۆرمۆنەکانی گەشەکردن (بە ئینگلیزی: Growth Hormone Analysis، بە عەرەبی: تحليل هرمون النمو) ئەو ڕێگایانەی کە بۆ پشکنینی هۆرمۆنی گەشە بەکاردێن جیاوازن، هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هۆرمۆنی گەشە لە دوای دروست بوونی لە جەستەدا بە شێوەی پرتەکان دەردرێت، هەروەها قەبارە و ماوەی هەر پرتەیەکیش بەپێی کاتەکانی ڕۆژ، ڕەگەزی تاکەکەسەکە، و تەمەنییەتی، هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمە هۆکاری پشتەوەیە بەزۆری پشت بە پێوانەکردنی پشکنینی هەڕەمەکی ئاستی هۆرمۆنی گەشە نەبەسترێت، چونکە ئاساییە ئاستی هۆرمۆنەکە بەرز بێت ئەگەر نموونەی خوێن وەربگیرێت لەو کاتەی هۆرمۆنەکەدا پرتەی دەردراوە، لەکاتێکدا ئاساییە ئاستی هۆرمۆنەکە نزم بێت ئەگەر نموونەی خوێنەکە نزیک بێت لە کۆتایی پرتەی دەردانی هۆرمۆنەکە لە جەستەدا، و بەو پێیەش پێوانی ئاستی هۆرمۆنی گەشەکردن بەسوودترە لەکاتی پێوانەکردنیدا وەک بەشێک لە پشکنینەکانی هاندان یان ڕێگریکردن.

لەم چوارچێوەیەدا شایەنی ڕوونکردنەوە ئەوەیە کە پشکنینی ڕێگریکردن بڕی ئەو هۆرمۆنی گەشەکردنە دەپێوێت کە لە جەستەدا بەرهەمدەهێنرێت کاتێک کاری ژێر مێشکە ڕژێن ڕێگری لێدەکرێت بەجۆرێک هۆرمۆنی گەشەکردن بەرهەم نەهێنێت، لەکاتێکدا پشکنینی هاندانی بڕی هۆرمۆنی گەشەکردن بەرهەم دێت کاتێک ژێر مێشکە ڕژێن هاندەدرێت بۆ بەرهەمهێنانی ئەم هۆرمۆنە. لە ڕاستیدا زۆرن لەنێو ئەو هۆکارانەی کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر پشکنینی ئاستی هۆرمۆنی گەشەکردن هەبێت، دەکرێت کاریگەرییان لەسەر بێت چ بە زیادکردن یان کەمکردنەوەی ئاستی هۆرمۆنەکە، وەک: سترێس، گرژی، وەرزشکردن، و بەکارهێنانی هەندێک دەرمان، جگە لە ئاستی گلوکۆز لە خوێندا، بۆیە زۆرجار پشکنینی هۆرمۆنی گەشەکردن بە بەکارهێنانی هۆرمۆنەکانی تری وەک هۆکاری گەشەکردنی هاوشێوەی ئەنسۆلین- ١ (بە ئینگلیزی: Insulin-like growth factor-1) دەپێورێت.

جۆرەکانی شیکاری هۆرمۆنی گەشە

پشکنینی هاندانی هۆرمۆنی گەشە

پشکنینی هاندانی هۆرمۆنی گەشە (بە ئینگلیزی: Growth hormone stimulation test) بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی توانای جەستە بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی گەشە. بەزۆری پزیشک پشکنینی هاندانی هۆرمۆنی گەشەی گونجاو بۆ تاکەکەسەکە دیاری دەکات، و ژێر مێشکە ڕژێن هاندەدرێت بۆ دەردان و ئازادکردنی هۆرمۆنی گەشە لەم ڕژێنە بۆ ناو خوێن بە پێدانی دەرمانێکی تایبەت بە نەخۆشەکە بۆ ئەمە، و پاشان وەڵامدانەوە بۆ ئەم هاندەرە تۆمار دەکرێت بە پێوانی چەند ئاستێکی هۆرمۆنی گەشەکردن لە خوێندا لە کاتە جیاوازەکاندا و دوای خواردنی دەرمانەکە.

ئامادەکارییەکانی پشکنینەکە

پێش دەستپێکردنی پشکنینەکە هەندێک ڕێکاری ئامادەکاری هەیە، ڕەنگە دیارترینیان بریتی بن لە: ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێر پێش پشکنینەکە واز لە خواردن بێنن؛ خواردنی خۆراک ڕەنگە هەندێکجار کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە هەبێت، هەروەها پێویستە تاکەکە ڕاوێژ بە پزیشک یان دابینکەری خزمەتگوزاری پزیشکی بکات سەبارەت بەو دەرمانانەی کە دەیخوات، چونکە هەندێک دەرمان هەیە دەکرێت کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە هەبێت و دەبێت پێش ئەوەی پشکنینەکە بکرێت بوەستێنرێت. ئاماژە بەوەشکراوە ئەنجامدانی پشكنینەکە بۆ منداڵ پێویستی بە هەنگاوێکی ئامادەکاری زیادە هەیە، کە پێکدێت لە ڕوونکردنەوەی میکانیزمی ئەنجامدانی پشکنینەکە هەنگاو بە هەنگاو و ڕوونکردنەوەی ئامانجەکەی، بە مەبەستی ئەوەی بیرۆکەی پشکنینەکە ئاشنا و قبوڵکراو بێت بۆ منداڵەکە، و ئەو دڵەڕاوکێیە کەم بکاتەوە کە لەو کاتەدا هەستی پێدەکات.

ڕوونکردنەوەی ئەنجامی پشکنینەکان 

دەتوانرێت ئەنجامی پشکنینەکان بەم شێوەیە لێکبدرێتەوە:

بەها ئاساییەکان: بەها ئاساییەکانی پشکنینەکە ڕەنگە کەمێک جیاواز بن کاتێک لە تاقیگە پزیشکییە جیاوازەکاندا ئەنجام دەدرێن، بەهۆی بەکارهێنانی ئامێری پێوانەکردنی جیاواز یان پشکنینی نموونەی جیاواز.

بەها نزمەکان لە ئاستی ئاسایی: بەهای ٥ نانوگرەم/میلی لیتر بەهایەکی کەمتر لە ئاسایی دەرئەبڕێت، چونکە بەها نزمەکانی پشکنین ئاماژە بەوە دەکەن کە یەدەگێکی باشی هۆرمۆنی گەشەکردن لە ژێر مێشکە ڕژێنەکانی پێشەوەدا نییە.

بەهاکانی نێوان: بەهاکانی نێوان لە نێوان ٥ و ١٠ نانوگرەم/میلی لیتر نوێنەرایەتی بەها نادیارەکان دەکەن، واتا بە بووی ئەم ئەنجامانە ناتوانین بڵێین ئاستی هۆرمۆنەکە ئاساییە ناشتونین بڵێین کەمە.

پشکنینی ڕێگریکردن لە هۆرمۆنی گەشە

پشکنینی ڕێگریکردن یان سەرکوتکردنی هۆرمۆنی گەشە بەکاردێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە بەرزبوونەوەی شەکر لە خوێندا چۆن کاریگەری لەسەر هۆرمۆنی گەشەکردن هەیە. وەک چۆن سروشتییە ئاستی هۆرمۆنی گەشە لە جەستەدا کەم ببێتەوە لەکاتی خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە شەکر، لەکاتێکدا هۆرمۆنەکە بە بەرزی دەمێنێتەوە ئەگەر تاکەکەس تووشی کێشەی ئەکرۆمێگالی (گەورەبوونی ئێسکەکانی جەستە) بووبێت، و لە کاتی ئەم پشکنینەدا ئاستی هۆرمۆنی گەشە دەپێورێت لە پێش و لە دوای خواردنەوەی خواردنەوەیەک کە لە شەکری گلوکۆز ئامادە کراوە.

ئامادەکارییەکانی پشکنینەکە

ئامادەکارییەکان بۆ پشکنینی سەرکوتکردنی هۆرمۆنی گەشەکردن بریتین لە وەستاندنی خواردن و سنووردارکردنی چالاکییە جەستەییەکان ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێر پێش دەستپێکردنی پشکنینەکە. لە ڕاستیدا، دەبێت لەگەڵ پێشکەشکاری خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان قسە بکەیت سەبارەت بە خواردنی دەرمانە چارەسەرییە ئاساییەکانی نەخۆشەکە. وەک چۆن ڕەنگە هەندێک دەرمان کە ڕەنگە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە هەبێت بوەستێنرێت، گرنگترینیان گلوکۆکۆرتیکۆیدەکانن وەک؛ پرێدنیسۆن، هایدرۆکۆرتیزۆن و دیکسامیتازون جگە لەوەش، تاکەکەس دەبێت نزیکەی ٩٠ خولەک پێش دەستپێکردنی پشکنینەکە ئارام بێت و واز لە ئەنجامدانی هەر هەوڵێکی جەستەیی بهێنێت، چونکە ئەم چالاکییانە ڕەنگە کاریگەرییان هەبێت لەسەر گەشەی هۆرمۆنەکان لە جەستەدا.

ڕوونکردنەوەی ئەنجامی پشکنینەکان

ئاستی ئاسایی هۆرمۆنی گەشەکردن لە کاتی ئەنجامدانی پشکنینی ڕێگریکردن لە هۆڕمۆنی گەشەکردن لە تاقیگە جیاوازەکاندا ڕەنگە جیاواز بێت، ئەمەش بەندە بە ئامێری پێوانەکردن و نموونەکانی بەکارهێنراو بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە بۆیە پێویستە بەردەوام بێت لە شیکردنەوەی ئەنجامی پشکنینەکە بە هاوکاری تاکەکەسەکە بەگشتی، ئەنجامی ئاسایی ئەم پشکنینە ئەوەیە کە ئاستی هۆرمۆنی گەشەکردن کەمترە لە یەک نانوگرەم/میلی لیتر، و پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئاستی هۆرمۆنی گەشەکردن لە منداڵاندا لەوانەیە لەمە زیاتر بێت لە ئەنجامی حاڵەتێک کە پێی دەوترێت دابەزینی شەکری خوێنی کاردانەوە.

پشکنینی هۆکاری گەشەی هاوشێوەی ئەنسۆلین-١

هەندێک جار پزیشک پشت بە ئەنجامدانی پشکنینی سۆماتۆمێدین سی دەبەستێت کە بە پشکنینی هۆکاری گەشەی هاوشێوەی ئەنسۆلین-١ ناسراوە، بۆ خەمڵاندنی دۆخی ئاسایی ئاستی هۆرمۆنی گەشەی تاک. لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاستی هۆڕمۆنی گەشەکردن لە گۆڕان و گۆڕانکاری بەدرێژایی ڕۆژ لەگەڵ گۆڕانکاری لە خۆراک و ئاستی چالاکیی جەستەیی، لە کاتێکدا ئاستی هۆکاری گەشەکردنی هاوشێوەی ئەنسۆلین-١ بە بەردەوامی و جێگیرتر دادەنرێت بە درێژایی ڕۆژ، ئەمەش دەبێتە هۆی بەکارهێنانی لە پشکنینی هۆکاری گەشەی هاوشێوەی ئەنسۆلین-١ وەک نیشاندەرێکی پراکتیکی و لۆژیکی بۆ خەمڵاندنی بڕی هۆرمۆنی گەشەکردن کە بەگشتی بەرهەمدەهێنرێت، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هۆکاری گەشەی هاوشێوەی ئەنسۆلین-١ لەلایەن جگەر و ماسولکەکانی ئێسکەپەیکەر و زۆرێک لە شانەکانی جەستە وەک جۆرێک لە وەڵامدانەوە بۆ هاندانی هۆرمۆنی گەشەیە، و لە ڕاستیدا هۆکاری گەشەکردنی ئەنسۆلین-١ بەشدارە لە زۆرێک لە چالاکییەکانی هۆرمۆنی گەشەکردن، گرنگترینیان بریتین لە: هاندانی گەشەی ئێسک و شانە جۆراوجۆرەکان، و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی بارستەی ماسولکەی لاواز.

ئامادەکارییەکانی تاقیکردنەوە

بەگشتی ئەم پشکنینە پێویستی بە هیچ جۆرە ئامادەکارییەکی پێشوەختە نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە پزیشک یان پێشکەشکاری خزمەتگوزاری پزیشکی لەوانەیە داوای لە کەسی پەیوەندیدار بکات کە لە هەندێک حاڵەتدا بەڕۆژوو بێت. واتە وازهێنان لە خواردن پێش ماوەیەکی دیاریکراو پێش ئەنجامدانی پشکنین.

ڕوونکردنەوەی ئەنجامی پشکنینەکە

ئەنجامی پشکنینەکان بە پشتبەستن بە چەند هۆکارێک دەگۆڕێت، گرنگترینیان بریتین لە: تەمەن، ڕەگەز، مێژووی تەندروستی تاکەکەسەکە، میکانیزمی ئەنجامدانی پشکنینەکە و هۆکارەکانی تر لە ڕاستیدا، تاکەکەسەکە پێویستە ئەنجامی پشکنینەکان لەگەڵ پێشکەشکاری خزمەتگوزاری پزیشکی تاوتوێ بکات بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بە دروستی لێکبداتەوە و شیکاری بکات. 


سەرچاوەکان



120 بینین