دڵەڕاوکێ

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-16-01:06:00 - کۆدی بابەت: 4549
دڵەڕاوکێ

ناوه‌ڕۆك

پێناسەی دڵەڕاوکێ

حاڵەتی شڵەژانی دەروونی گشتییە لە ئەنجامی ململانێی پاڵنەرەکان و هەوڵدانی تاک بۆ گونجاندن یان حاڵەتێکی هەڵچوونیە لە ئەنجامی ترسان لە شتێکی نادیار سەر هەڵدەدات، جۆرێک لە نائارامی دەروونی دروستدەکات.

خەڵک وشەی دڵەڕاوکێ بەکاردێنن بۆ حاڵەتی هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و ترس و تۆقین بێگومان هەموومان هەستمان بە دڵەڕاوکێ کردووە، لەگەڵ ئەوەی دڵەڕاوکێ بە حاڵەتێکی نێگەتیڤ دەژمێردرێت بەڵام بوونی دڵەڕاوکێ پێویستە بۆ وروژاندنی کەسەکە بۆ ئەوەی هەوڵی بەردەوام بدات بۆ سەرکەوتن لە کارەکانی.

ئەو حاڵەتانەی مرۆڤ تێیدا دووچاری دڵەڕاوکێ دەبێتەوە

  1. قوتابی زانکۆ پێش چوونی بۆ ژووری تاقیکردنەوە بەتایبەتی کاتێک بە باشی خۆی ئامادە نەکردبێت.
  2. ئەو کەسانەی لە بواری ئابووری کار دەکەن، لە کاتی دروستبوونی قەیرانە ئابووریەکان.
  3. سەرکردە پێش جەنگ.

جۆرەکانی دڵەڕاوکێ

دڵەڕاوکێی بابەتی ئاسایی

ئەم جۆرە دڵەڕاوکێیە لە ئەنجامی ترسان لە هۆکارەکانی دەرەکی سەرهەڵدەدات وەک ترسان لە مردنی کەسێکی خۆشەویست، یان ترسان لە لەدەستدانی سەرمایە و پارە، یان ترسانی دایک لە ونبوونی منداڵەکەی.

دڵەڕاوکێی ناوەکی ئاسایی

ئەم جۆرە دڵەڕاوکێیە لە دەرئەنجامی ترسان لە هۆکارێکی ناوەوە دروستدەبێت، چونکە مرۆڤ تەنها ترسی نەخۆشی و لەدەستدانی کارەکانی نییە، بەڵکو ترسی لە ویژدانی خۆشی دەبێت بەتایبەتی کاتێک دەیەوێت کارێکی نائاکاری یان خراپ بکات.
زانای دەروونزان (فرۆید) ئاماژەی بەم جۆرە دڵەڕاوکێیە کردووە و ناوی لێنا (دڵەڕاوکێی ئاکاری) ئەویش پێی وایە ئەم جۆرە دڵەڕاوکێیە لە دەرئەنجامی (گرێی ئۆدیب) دروسدەبێت.

دڵەڕاوکێی دەماری (القلق العصابي)

هۆکاری ئەم جۆرە دڵەڕاوکێیە ترسێکی شاراوەیە، هۆیەکەی لە نەستی مرۆڤ دەبێت و کەسەکە لە حاڵەتی ترسدا دەبێت بەڵام نازانرێت هۆکاری ترسەکە چییە، لەبەر ئەوەی سەرچاوەی دڵەڕاوکێیەکە نادیارە، کەسەکە بەردەوام هەست بە نائارامی دەکات و لە هەموو شتەکانی دەوروبەری چاوەڕوانی شتی خراپ دەکات.

جیاوازی لەنێوان دڵەڕاوکێ و ترس

ترس سەرچاوەی مەترسیەکە ڕوون و ئاشکرایە. دڵەڕاوکێ مەترسیەکەی ئاشکرا نییە.
ترس دەتوانرێت پەیوەندی لەنێوان سەرچاوەی هەڕەشە و ترسەکە بدۆزێتەوە. دڵەڕاوکێ پەیوەندی نێوان سەرچاوەی هەڕەشە و ترسەکە ناتوانرێت بدۆزرێتەوە.
ترس بۆ کاتێکی کورت دەبێت و پەیوەستە بە هۆکاری ترسەکە. دڵەڕاوکێ بۆ کاتێکی درێژ خایەنە.
ترس لە سنووری دیاریکراو کۆدەبێتەوە. دڵەڕاوکێ بەربڵاوە.
ترس نامێنێت بە نەمانی سەرچاوەی ترسەکە. دڵەڕاوکێ بەردەوام دەبێت.
ترس ڕەگ و سەرچاوەی دیارە. دڵەڕاوکێ ڕەگ و سەرچاوەی نادیارە.

هۆکارەکانی دڵەڕاوکێ

  1. ئامادەباشی بۆماوەیی: واتە ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی خێزان حاڵەتی دڵەڕاوکێی هەبێت ئەگەری توشبوونی ئەندامانی خێزانەکەی زیاتر دەبێت، ئەگەر لە دووانەی یەک هێلکە (جمک) یەکێکیان تووش حاڵەتی دڵەڕاوکێ بێت ئەگەری توشبوونی ئەوەکی تریان بە ڕێژەی (٥٠٪) دەبێت.
  2. ئامادەباشی دەروونی: واتە هەستکردن بە هەڕەشەی ناوەکی و دەرەکی لە ژینگەی دەرەوە.
  3. بارودۆخی پاڵەپەستۆی ژیان: پاڵەپەستۆی کلتووری و ژینگەیی و شارستانی.
  4. جیاوازی لەنێوان خودی واقعی و خودی نمونەیی.
  5. ئەزموونی سۆزی ناخۆش (هێدمەی دەروونی و پەروەردەیی، ئابووری).

لایەنەکانی دڵەڕاوکێ

لایەنی مەعریفی

بیرکردنەوەی کەسەکان دەکەوێتە ژێر کاریگەری ڕێژەی دڵەڕاوکێ، ئەو کەسانەی بیرۆکەی ناخۆش زاڵە لەسەریان ڕێژەی دڵەڕاوکێیان زۆرتر دەبێت و ناتوانن کۆنترۆڵی پڕۆسە ئەقڵیەکان بکەن.

لایەنی ڕەفتاری

ئەم نیشانەیە زۆر شێوازی هەیە وەک دوورکەوتنەوە لە وروژێنەرەکانی دڵەڕاوکێ، بۆ نمونە ئەو کەسەی لە قسەکردن دەترسێت هەوڵ دەدات بە هەموو شێوەیەک خۆی لە پێشکەشکردنی بابەتەکە دەرباز بکات کاتێک داوای لێدەکرێت بابەتێک پێشکەش بکات، وە چەندین پاساوی جیاجیا دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەم کارە نەکات.

لایەنی جەستەیی

بریتیە لە وەڵامدانەوەی فسیۆلۆژی و بایۆلۆژی و لەسەر کەسەکە دەردەکەوێت وەک (تەنگە نەفەسی، وشک بوونەوەی دەم، سڕبوون، زیادبوونی پاڵەپەستۆی خوێن، بوورانەوە، ئارەق ڕژاندن و خراپی پڕۆسەی هەرسکردن).


سەرچاوەکان

5300 بینین