هەڵچوون

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-10-21:54:00 - کۆدی بابەت: 13143
هەڵچوون

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەڵچوون بە ئینگلیزی (comotion) بە عەرەبی (الأنفعالئەزموون یا دۆخێکە کە سیمایەکی ویژدانی هەیە و لە بنچینەدا دەروونییە و لە ڕەفتارو ئەرکە فیسیۆلۆجیەکان دەردەکەوێت. وشەی ویژدانی ئاماژەیە بۆ لایەنی چێژ و خۆشی و ئازار و ژان، بەڵام دەستەواژەی لە بنچینەدا دەروونییە واتا لە دەروونەوە سەرچاوە دەگرێت و لایەنی فیسیۆلۆجی ناگرێتەوە(وەک برسێتی). ئەستەمە لە هەڵچووندا گۆڕانکاری لە ڕەفتار و لە ئەرکە فیسیۆلۆجیەکان (هەناسەدان، لێدانی دڵ و سوڕانی خوێن و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما) جیابکرێنەوە و هەریەکان لە سنووری خۆیاندا دابنرێن چونکە جەستە وەک یەکەیەکی سەربەخۆ گشتگیرە وەڵام بە هەڵچوونەکان دەداتەوە و تەنها لە ڕووی تیۆرییەوە ئەو کردارە ئەنجام دەدرێت.

بیردۆزەکانی هەڵچوون

١- بیردۆزی جێیمس – لانج: ئەو بیردۆزەیە لەلایەن ولیەم جێـمس، دەروونزانی ئەمریکی، کارڵ لانج زانای فیسیۆلۆجی دانیمارکی دانراوە. بە پێی ئەو بیردۆزە وریاکەرەوەی هەڵچوون بە ڕێگای لانک دا دەچێت بۆ ئەندامەکان کە کاردانەوەی ترس بەرهەم دەهێنێن. پاشان ئەو هەستەی کە لە ئەندامەکان دروست بووە دەگوازرێتەوە بۆ توێکڵی مێشک و ئینجا هەست کردن بە ترس پەیدا دەبێت. جێمس دەڵێت: ئێمە هەست بە غەم دەکەین چوونکە دەگرین، دەست بە توڕەیی دەکەین پاش لێدان لە یەکێک و هەست بە ترس دەکەین پاش لەرزین، دیارە ئەو بیردۆزە گەلێک ڕەخنەی لێ گیرا بەڵام کارۆڵ ئیزارد هەڵسا بە وەڵامدانەوەی ئەو ڕەخنانە و هەندێک گۆڕانی بەسەر ئەو بیردۆزەدا هێنا. بەپێی بۆچوونی ئیزارد، کاردانەوەی ڕوو، نیشانە بۆ مێشک دەنێرێت بۆ ئەوەی هەڵچوونی دیاریکراو بەرهەم بهێنێت، نەک ئەندامەکان وەک پێشتر جێمیس و لانج بۆیچوون. ئەوەی ڕاستی بێت ژمارەیەکی زۆر لە تاقیکردنەوەکان پاڵپشتی ئەو بۆچوونەی ئیزارد دەکەن.

٢- بیردۆزی کانۆن- بارد: واڵتەر کانون ڕەخنەی لە بیردۆزی جێمس- لانج گرت، بیردۆزێکی تری پێشنیار کرد بۆ ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی هەڵچوون. پاشان فلیپ بارد کەمێک گۆڕانی بەسەر ئەو بیردۆزەدا هێنا و بیردۆزەکە بەو شێوەیە دیاردەکە لێکدەداتەوە: زانیاری لە وریاکەرەوە هەڵچووەکە یەکەمجار دەچێت بۆ بەشی لانک، لە هەمان کاتدا زانیاریەکە دەچێت بۆ توێکڵی مێشک، کە هەڵچوون بەرهەم دەهێنێت، دواتر دەچێت بۆ ژێر لانک و کۆئەندامی دەماری سەربەخۆ بۆ بەرهەم هێنانی وروژاندنی جەستەیی پێویست کە یارمەتی زیندەوەر دەدات بە شێوەیەک لە شێوەکان کاربداتەوە. بەپێی ئەو بۆچوونە و هەستکردن بە هەڵچوون و کاردانەوەی لەش لەهەمان کاتدا ڕوودەدەن.

٣- بیردۆزی مەعریفی: ئەو بیردۆزە هاوچەرخە زادەی بیر و بۆچوون و تاقیکردنەوەی کۆمەڵێک دەروونزانەکانە وەک مەگدا ئارنۆڵدا و ئەلبێرت ئەلیس و کەسانی تر. ئەو بیردۆزە جەخت دەکات لەسەر ڕاڤەکردنی هەڵچوون کە بە دوو هەنگاو تێدەپەڕێت: هەنگاوی یەکەم بریتییە لە ڕاڤەکردنی وریاکەرەوە وەک لە ژینگە و دەووروبەردا هەیە و هەنگاوی دووەم بریتییە لە ڕاڤەکردنی ئەو وریاکەرەوەی کە لە لەش سەرچاوە دەگرێت لە ئەنجامی وروژاندنی دەماری سەربەخۆ.

دەستینیشانکردنی هەڵچوونەکانی دەروون 

هەڵچوونەکان یان هەست یان کاریگەرییەکانی دەروونن و بە شێوەیەکی تایبەت دەدرێنە پاڵ دەروون نەک شتێکی تر، هەروەها جووڵەی دیاریکراوی رۆحەکان، هۆکاری خودی دەرونن و دەروون بەهێز و تێر دەکەن.

هەڵچوونە خۆش و ناخۆشەکان

هەڵچوونە خۆشەکان

ئەو هەڵچوونانەن کە ئەرێنیانە کار لە جەستە دەکەن، چالاکی مۆخیی دەوروژێنن و دەرفەتی بۆ دەرخسێنن و هانیدەدەن هەوڵی زیاتر بدات بۆ بەزاندنی ئەو دژوارییانەی لە ڕەوتی ژیانی گشتی و پیشەییدا، بەرەنگاری مرۆڤ دەبنەوە. کاتێکیش ڕوودەدەن کە تاکەکەس لە تەنگەژەی هزریدا بێت و وا پێویست بکات سەرجەم توانا جەستەییەکانی بۆ بەدیهێنانی هیواکانی وەگەڕ بخات و تەواوی لەمپەرەکانی بەردەمی تێپەڕێنێت. ئەم هەست و نەستە ئەرێنیانەش هەندێک گۆڕانکاری جەستەیی بەرچاو بەدوای خۆیدا دەهێنن وەک: کەمی میز و دابەزینی بڕی فۆسفات و کلۆریدی سۆدیۆم لە جەستەدا، درێژبوونەوەی ماوەی ئەم حاڵەتە و بەردەوام بوونی، دەبێتە هۆی قەڵەوبوون. دیارترین هەڵچوونیش خۆشی و شادی و گەشبینی و هیواو و گەرمو گوڕی و سەرگەرمییە.

هەڵچوونە ناخۆشەکان

ئەو هەڵچوونانەن کە چالاکی زەینی دەچەسپێنن و کەسەکە بڕوای بەخۆی نامێنێت و ملکەچی سەختی و دژوارییەکانی دەبێت، دیارترین هەڵچوونیش ترس و تۆقین و دڵەڕاوکێیە. ئەم هەڵچوونە نەرێنیانەش هەندێک گۆڕانکاری جەستەیی بەرچاو بەدوای خۆیدا دەهێنن کە پێچەوانەی گۆڕانکارییە جەستەییەکانی هەڵچوونە پۆزەتیڤە خۆشەکانە، بریتین لە زیادبوونی بڕی میز و بەرزبوونەوەی بڕی فۆسفات و کلۆریدی سۆدیۆم لە جەستەدا، درێژبوونەوەی ماوەی ئەم حاڵەتە و بەردەوام بوونی، دەبێتە هۆی لاوازی.

نموونە لەسەر شێوەی وروژاندنی هەڵچوونەکان لە دەرووندا

ئەو وێنەیە ئەگەر ئاسا و ترسێنەر بێت، واتا ئەگەر پەیوەندی بەو شتانەوە هەبێت، کە پێشتر ئازاریان بە جەستە گەیاندووە، ئەوە لە دەرووندا هەڵچوونی ترس دەوروژێنێت. دوای ئەوە هەڵچوونی ئازایەتی، یان هەڵچوونی ترس و تۆقین دروست دەکات، ئەوەش بە گوێرەی جۆری سروشتی جەستە، یان هێزی دەروون، یان بە گوێرەی ئەوەی پێشوتر کردوومانە. چ بەرگری لە خۆکردن، یان ڕاکردن و هەڵاهاتن بێ، کاتێک خۆمان لەبەرامبەر شتێکی زیانمەند و مەترسیدار بینیوەتەوە، ئەو شتەش وا لە مێشکی هەموو کەس دەکات ئامادە بێت، تا بەشێکی وێنە گەڕەوەکانی ناو ڕژێنەکە، بنێرێ بۆ ئەو دەمارانەی، کە بۆ وەچەرخان و جووڵاندنی قاچەکان بۆ ڕاکردن بەکاردێت، بەڵام بەشی دووەمی دەنێردرێت بۆ ئەو دەمارانەی کە کونەکانی دڵ فراوان یان تەسک دەکەنەوە یان ئەو بەشانەی دیکەی جەستە دەوروژێنێت، کە خوێن دەنێرێت بۆ دڵ.

ئینجا ئەو خوێنەی پتر لە ئاسایی شل بوەتەوە ئەو ڕۆحانە بۆ مێشک دەنێرێت، کە دەتوانن  هەڵچوونەکانی ترس تێر و بەهێز بکەن، ئەو ڕۆحانە  توانای ئەوەی هەیە کونەکانی مێشک بە کراوەیی جێبهێڵن  یان سەر لە نوێ بیکەنەوە، ئەو کونانەش ڕۆحەکان دەگوێزنەوە بۆ هەمان دەمار. ئینجا چوونی ئەو ڕۆحانە بۆ ئەو کونانە، جوڵەیەکی تایبەت لای ڕژێنەکە دەوروژێنێت، ئەو جوڵەیەش بە سروشت وا لە دەروونی مرۆڤ دەکات هەست بەو ترسە بکات. هەروەها لەبەر ئەوەی ئەو کونانە بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستن بەو دەمارە بچوکانەی کە دەموانەی دڵ دادەخەن، یان دەیکەنەوە، بۆیە دەروون هەست بە هەڵچونێک دەکات، بەر لە هەموو شتێکیش وەکو ئەوەی لە دڵدا بێت.

چۆن هەمان هۆکار دەتوانێ هەڵچوونی هەمەجۆر لای خەڵکی بوروژێنێ؟

هەمان ئەو وێنەی، کە شتی ترسێنەر لەسەر ڕژێنەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی ترساندنی هەندێ کەس، دەتوانێ لەلای هەندێک کەسی تر ئازایەتی و بوێری بوروژێنێ، هۆکاری پشت ئەمەش ئەوەیە هەموو مێشکێک هەمان ئامادەباشی نیە، جوڵەی ئەو ڕژێنەی، کە لەلای هەندێ کەس ترس دەوروژێنێ، لەلای هەندێ کەسی تر دەبێتە هۆی ئەوەی ڕۆحەکان بچنە کونی مێشکەوە، کە بەشێکی ئەو ڕۆحانە دەگواێزرێتەوە بۆ ئەو دەمارانەی، کە بۆ جوڵاندنی دەست بۆ بەرگری لە خۆکردن بەکاردێن.بەشێکی تری رۆحەکانیش بەرەو ئەو دەمارانە دەچن، کە خوێن دەخروشێنن و بەرەو دڵ پاڵیان پێوە دەنێت، ئەوەش بە شێوەیەک  ڕێگە بە ڕۆحەکان دەدات درێژە بە پڕۆسەی بەرگری هێشتنەوەی ئیرادەی بەرگری بدەن.

هاودژییەکانی هەڵچوون و بیرکردنەوە لە هەڵچوون

لە کردارە میتاپۆلیزمینی دەروونزانیدا زۆر پڕۆسەی دژ بەیەک لە کات و ژینگەی دیاریکراودا هەن بۆ ڕێکخستنی هاوسەنگی تاک. کاتێک کۆئەندامە ئاڵۆزەکانی دەروونی دەکەوێتە کارکردن هەمیشە ڕەوشتە کردارێک پەرچە کردارێکی هەیە، هەموو ئاخاوتنێک نواندن و گوزارشتکردنی ڕەوشتێکی دیاریکراوی مرۆڤە لە پاڵ ئەو ئاخاوتنە ڕەوشتیەوە دوو دیوی ئاشکرا و نهێنی هەیە لە یەک کاتدا، خەمۆکی و ناخەمۆکی لە مرۆڤدا دژی یەکتر زۆرانبازی دەکەن بۆ سەرکەوتن  وژێر کەوتنی ڕەوشتە دیاریکراوەکان، بۆیە پێوەر بۆ ڕەوشت هەیە، بەڵام نەگۆڕ لە دەروونزانیدا نییە، یەکێک لەو پڕۆسە ئاڵۆزەکانی کرداری مێشک بیرکردنەوە لە دوای کرداری هەستکردن و زاناندن و بیردان و کرداری بیرکردنەوە دێت، کرداری بیرکردنەوە، چالاکی باڵای مێشکە کە ڕەنگدانەوەی بابەتی دەبێت بە ڕێگای جیاوازی، لە هەستدا، دیاردە دەرەکییەکان، کاردەکەنە  سەر ئەندامەکانی هەست بەپێی ڕەنگ و قەبارە و جوڵانەوە کە ئەو دیاردەی پێ جیادەکرێتەوە.

ئەو کاتە مرۆڤ بیر لە دیارە دەرەکییەکان دەکاتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەیە لە وشیاری ئەو کەسە نەک لە تایبەتمەندییە دیارەکان، واتا دروستکردنی پێوەندی نێوان فاکتەری دیاردەکان و ڕووداوەکان لە هۆشیاری مرۆڤ و لێکدانەوەی زانسییانە. دەتوانین شتەکان وەکو خۆیان بناسین و وەریان بگرین، بەڵام پێکهاتە و دروست بوون  وئاوێتەی ماددی و ژینگەیەکان، پەیوەندییان لەگەڵ بەشەکانی تردا دەوەستێتە سەر بیرکردنەوە، بیرکردنەوە لە مرۆڤ و ئاژەڵدا دوای کرداری هەست و زانین دێت ئەم بەیەکەوە بەستنی بەشە پێکهاتەکانی ئەو ڕوودا و دیاردەیە کە سایکۆلۆژستەکان بەشی کردنەوە و لێکدانەوەی ڕەوشتە گۆڕاوەکانی دادەنێن.

بیرکردنەوە لە هەموو پڕۆسەکانی مێشک زیاتر کاریگەر دەبێت بەسەر ڕەوشتە گۆڕاوەکانی تاک. کرداری بیرکردنەوە بە دوو قۆناغ تەواو دەبێت، رەنگدانەوەی دیاردەکان و ڕووداوەکان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یان لە ڕووی پێوەندی ئاڵوگۆڕی ئایتمەکانی ئەو دیاردەیە و قۆناغی دووەم، تێڕوانینی دیاردە و ڕووداوەکان و لێکدانەوە و بیرکردنەوەیە لەو دیاردانە، بەڵام تایبەتمەندییەکانی پڕۆسەی بیرکردنەوە لە تاک لە کەمترین فشاری مێشک بریتییە  لە:

  • چالاکی نا راستەوخۆی مێشک واتا بیرکردنەوە لەو دیاردە و حاڵەتێکی هەبوو لە ژێر ڕۆشنایی زانیاری و بیرهاتنەوەی ڕابردوو و بەکارهێنانی بۆ لێکدانەوەی کرداری ئێستا.
  • جێگیربوونی زانیاری لە بیری مرۆڤ.
  • هزری هەستەوەرە زیندووەکان، بە گشتگیرکردن و تایبەتکردنی پەیوەندییەکان، لە ڕێگای هەستەوەرەکانەوە دەتوانین بە ئەنجامی بیرکردنەوەی زانستی بگەین و ڕواڵەتەکان و بەرجەستەکان لەگەڵ هەموو بەشەکاندا جیا بکەینەوە.
  • بیرکردنەوە ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکانە لە شێوەی زمان، زمان واقعی راستەوخۆی بیرکردنەوە لە ڕێگای وشە و قسەکردنەوە دەتوانین هێما و سمبولی ڕووداوەکان دەربڕین کە بونێکی سەربەخۆیان هەیە وروژاندنێکی تایبەتن بۆ ڕووداوە گشتیەکان.

دەرئەنجامە سەرەکییەکانی هەڵچوون

پێویستە تێبینی ئەوە بکەین، دەرئەنجامی سەرەکی هەڵچوونەکان بەسەر مرۆڤدا ئەوەیە، دەروون هاندەدات و ئامادەی دەکات تا ئەو شتانە وەربگرێ، کە جەستە بۆی ئامادەکردووە، بۆ نموونە هەستکردن بە ئازایەتی هانی دەروون دەدات، تا بەرەنگار ببێتەوە، لەگەڵ ‌هەڵچوونەکانی دیکەش بەهەمان شێوە.

هۆکارە سەرەتاییەکانی هەڵچوون چین؟

دەشێت هەندێک کات هەڵچوون کاری دەروون بێت کە مکوڕ بێت لەسەر هێنانە پێش چاوی ئەم شتە، یان ئەو شتە یان میزاجێکی تایبەت بە شتێکی دیاریکراو، یان ئەو وێنانەی کە بێ مەبەست لە مێشکدا پێدەگەن، هەروەک ئەوەی کاتێك هەستدەکەین غەمبارین یان دڵخۆشین بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانین، ئەو شت و بابەتانەی دەتوانن هەستەکانمان.

لەبارەی ئیرەییەوە 

ئیرەیی جۆرێکە لە جۆرەکانی ترس، پەیوەستە بە خواستی پارێزگاریکردن لە خاوەندارێتی چاکەیەکی دیاریکراو، ئیرەیی لە هێزی ئەو هۆکارانەوە سەرچاوە ناگرێت، کە وامان لێ دەکەن وا بیربکەینەوە ئەو چاکەیە لەدەست دەدەین، بە زادەیی ئەو ڕێزەیە، کە بۆ ئەو چاکە هەمانە. هەرئەمەش وامان لێدەکات بچوکترین بابەتی جێی نیگەرانیش ببپشکنین و وەکو هۆکارێکی گەورەی لەدەستچوونی چاکە لەبەرچاوی بگرین.

لەبارەی هیواو و ترسەوە

هیوا ئامادەباشیەکی دەروونە، تا خۆی قایل بکات بەوەی ئەو شتانەی ئەو ئارەزووی دەکات بۆی دێتە دی. هۆکاری ئەو ئامادەباشییە جوڵەیەکی تایبەتری ڕۆحەکانە، ئەویش جووڵەیەکی دڵخۆشی و خواستە، کە تێکەڵی یەکتر بوون، بەڵام ترس ئامادەباشیەکی دیکەی دەروونە، دەروون دێنێتە سەر ئەو باوەڕەی ئەو شتەی ئەو دەیەوێ بۆی نایەتە دی.ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە وێڕای ئەوەی دوو هەڵچوون دژی یەکترن بەڵام دەتوانین پێکەوە ڕێکەوتیان بکەین.

لە بارەی شکۆوە

شکۆمەندی مەیلێکە لە دەرووندا، نەک تەنیا بۆ رێزگرتن لەو بابەتەی کە ڕێزی لێدەنێت بەڵکو مەیلێکە بۆ ئەوەی لەگەڵ وردە ترسێکیشدا ملکەچی ئەو شتە بێت بۆ ئەوەی وای لێبکات لە بەرژەوەندی خۆیدا بێت.

لە بارەی بەزەییەوە

بەزەیی جۆرێکە لە جۆرەکانی دڵتەنگی ئاوێتە بە خۆشەویستی، یان چاکەخوازی بەرامبەر بەوانەی دووچاری دەرد و ئازارێک بوونە و ئێمە بە شیاوی ئەو دەرد و ئازارەیان نازانین، بۆیە بەزایی پێچەوانەیی ئیرەییە لە ڕووی بابەتەکەیانەوە. هەروەها لە گاڵتەپێکردنیش جیاوازە، چوونکە بە شێوەی جیاواز سەیری مەسەلەکە دەکەن.

لە بارەی سوپاسگوزارییەوە

سوپاسگوزاری جۆرێکە لە جۆرەکانی خۆشەویستی کە وروژاندنەکەی بەهۆی ئەنجامدانی کارێکی دیاریکراوەوەیە لەلایەن ئەو کەسانەی کە خۆشماندەوێن، ئێمە پێمان وایە بە ئەنجامدانی ئەو کارە چاکەیەکی بەرامبەر بە ئێمە کردووە، یان بە لایەنی کەمەوە نیازی چاکە گەیاندنی بە ئێمە هەبووە، بەوشێوەیە سوپاسگوزاری هەڵگری هەمان شتی چاکەخوازییە. وێڕای ئەوەش سوپاسگوزاری لەسەر کارێک هەڵدەچنرێ، کە تایبەتە بە ئێمە و حەزدەکەین چاکەی بەرانبەر بدەینەوە، بۆیە بە زۆری لە دەروونی ئەو کەسانەدا دروست دەبێت کە خانەدان و بەخشندەن.

شڵەژان و تێکچوونی هەڵچوونەکان

ئەگەر هەڵچوونەکان لە سنوری ئاسای خۆیان دەربچن ئەو کاتە دەبێتە هۆی تێکچوونی هەڵچوونەکە کە لە ئەنجامی کۆمەڵێک فاکتەری ناوەکی و دەرەکییەوە هەڵچوونەکان تووشی تێکچوون و شڵەژان دەبن ئەو کات زیانی گەورە بە دەروونی مرۆڤ دەگەیەنێت تاک بەهۆی ئەو شڵەژانەوە تووشی کۆمەڵێک گیر و گرفت و نەخۆشی دەروونی دێت.

قۆناغەکانی هەڵچوون

  • قۆناغی پەیپردن: لەم قۆناغەدا تاک درک بە وروژێنەری هەڵچوونەکە دەکات.
  • قۆناغی نرخاندن: لەم قۆناغەدا تاک هەڵدەستێت بە بڕیاردان لەسەر وروژێنەرەکە، بەوەی کە وروژێنەرەکە خۆشە و جێگای دڵنیاییە.
  • قۆناغی هەڵچوون: لە ئەنجامی پەیبردنی تاک بە وروژێنەرەکە و نرخاندن هەڵسەنگاندنییەوە، حەزێک دروست دەبێت بۆ چوونە پێش و نزیکبوونەوە یان چوونە پاش و دوورکەوتنەوە لە وورژێنەرەکە.
  • قۆناغی دەربڕین: لەم قۆناغەدا گۆڕانکارییە فیسیۆلۆژییە ناوەکییەکان ڕوودەدەن. ئەمەش ئامادەسازییە بۆ کارکردن بەوەی کە گونجاو بێت لەگەڵ هەڵوێستی وروژێنەرەکە.
  • قۆناغی کارکردن: لەم قۆناغەدا تاک هەڵدەستێ بە کارکردن و وەڵامدانەوە ، وەک هێرشکردن، هەڵهاتن، یان دڵخۆش بوون و چوونە پێش لە کەسێک یان ترسان و کشانەوە لە شتێک.

ئەرکەکانی هەڵچوون

  • مانەوە: ملیۆنان ساڵە سروشت گەشە بە هەڵچوونەکانمان دەدات لە ئەنجامی ئەوەوە دەبینین هەڵچوونەکان وزەیەکی شاراوەییان هەڵگرتووە و ئاگادارمان دەکەنەوە لە کاتی گرژی و تێپەڕنەبوونی پێداویستییەکانمان ئەمەش بە سیستەمی ئاڕاستەکەر ناودەبرێت، ئەم سیستەمە بوونەوەران (مرۆڤ-ئاژەڵ) لە کاتی گرژی و مەترسییەکان ئاگادار دەکاتەوە یارمەتیان دەدات بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ داواکاری هەڵوێستەکەدا.
  • وەرگرتنی بڕیار: وروژاندنی هەڵچوونی بە ڕێژە و بڕی پێویست یارمەتیمان دەدات لە بڕیارداندا.
  • پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر


سەرچاوەکان



60 بینین